ئەگەر سەیری قوڕئان بكەین، دەبینین مرۆڤ وەك یەكێك لە بەڕێزترین دروستكراوەكانی خۆی سەیر دەكات و ڕێزێكی تایبەتی بۆ كەرامەت و ویست و عەقڵی دادەنێت، لەبەر ئەوە پارێزگاری لە سامان و كەرامەت و نەوەی مرۆڤ دەخاتە ڕیزی ئامانجە بەرزەكانی شەریعەت، بەڵام ئەگەر سەیری دید و تێڕوانینی موسوڵمانان بكەین، دەبینین لەم رووەوە زۆر بەڕووكەشی سەیری ئەم مەسەلەیە دەكەن، بۆ نموونە چەمكی (دەستدرێژی بۆ سەر سامان) زۆربەی موسوڵمانان وای لێك دەدەنەوە كە ئەمە تایبەتە بە بردنی ماڵی بەرامبەر بەتاڵان، واتە تەنها لە سنووری تایبەتی سامان و داراییدا لێكی دەدەنەوە، واتە تەنها زیان گەیاندنە بە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی مرۆڤ.

بەڵام لەڕاستیدا ئەم بۆچوونانە هەڵەن و لە ئاست ئەو ئامانجە گەورانەدا نین كە قوڕئان باسیان دەكا، چونكە قوڕئان و فەرموودە ئەوەی كە دەربارەی مرۆڤ باسی دەكا، گشتگیرە، لەلایەك هەموو مرۆڤایەتی دەگرێتەوە بەبێ باسی ڕەگەز و مەزهەب، چونكە هەمووان دروستكراوی خوان، دووەمیان تێڕوانینەكانی قوڕئان لە سنوورێكی بەرفراواندایە و هەردوو بواری ماددی و مەعنەوی دەگرێتەوە، لەكاتێكدا كە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت (كل مسلم علی المسلم حرام) ئەم فەرموودەیە موسوڵمانان و ناموسوڵمانیش دەگرێتەوە، واتە چۆن ڕشتنی خوێنی موسوڵمان حەرامە، بەهەمان شێوە بۆ ناموسوڵمانیش حەرامە.

لەو فەرموودەیەدا پێغەمبەری خوا سێ شت حەرام دەكا لەسەر موسوڵمان، خوێن و ماڵ و نامووس، واتە تۆ نابێ دەستدرێژی بكەیتە سەر موسوڵمان لەو سێ لایەنەوە، بەڵام ئەگەر سەیری هەندێك فەرموودەی سەحیحی تر بكەین، دەبینین كە جەخت لەسەر چەند مافێكی تر دەكەنەوە كە ئەوانیش پاراستنی ئازادی و كەرامەتی مرۆڤە، كەرامەتی مرۆڤیش چەمكێكی قوڕئانیەو خوای گەورە جەخت لەسەر پاراستنی دەكاتەوە، لەهەمان كاتدا سنوورێكی فراوان هەیە بۆ ڕاڤەكردنی، چونكە كەرامەتی مرۆڤ دەگرێتەوە، كە ئەمانیش كۆمەڵێك بنەمای گرینگن بۆ پاراستنی مافەكان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە مرۆڤ.

لەئیسلامدا دەستدرێژی بۆ سەر ئەم مافانە دەستدرێژییە بۆسەر گەورەترین بەهای مرۆڤایەتی كە كەرامەتی مرۆڤە، چونكە ئەم مرۆڤە پیرۆزە. ئەو گیانەی كە تیایەتی بەشێكە لەگیانی خوا [ونفخنا فيه من روحنا] ئەو گیانەش سەرچاوەی ژیان و بوونی مرۆڤە، هەربەهۆی ئەویشەوەیە كە مرۆڤ جەستە و عەقڵ و ئیڕادەی دەكەوێتە كار و دەست بە جموجۆڵ دەكا.

خوای گەورە چوار جۆر لە دەستدرێژی حەرام دەكا كە ئەوانیش یەكەم دەستدرێژیكردنە بەشێوەی نهێنی بۆسەر ماڵی كەسانی تر كە پێی دەوترێ دزی.

خوای گەورە دەفەرموێت (السارق والسارقة فاقطعوا أيديهما) زۆربەی ڕاڤەكاران و توێژەران و زانایانی فیقهـ لەو بڕوایەدان كە دزیكردن دوو بوار دەگرێتەوە، لەلایەك بریتییە لە بردنی ماڵ و سامان، لەلایەكی تریشەوە دەستدرێژییە بۆسەر مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە تاكی و گشتییەكان.

هەروەها ئەگەر سەیری قوڕئان و فەرموودە بكەین، باس لە سزای زۆر سەخت دەكا لە دنیا و دوارۆژدا بۆ ئەو كەسانەی كە ئازادی مرۆڤ زەوت دەكەن و مافەكانی پێشێل دەكەن و مافێك كە خوا پێی داوە، ئەوان پێشێلی دەكەن و دەستدرێژی دەكەنە سەر، ئەگەر بۆ ئەم مەبەستەش عەقڵ بەكار بهێنین و بپرسین ئایا ئەگەر خوای گەورە لە بەرامبەر دزینی بەشێكی كەم لە سامان و دارایی، باس لە سزای قورسی وەك دەست‌بڕین بكات، یان پێغەمبەری خوا لەسەر دزینی هێلكەیەك نەفرەت لە بكەرەكەی بكات، ئەی ئایا ئەگەر كەسێك بێت و دەستدرێژی بكاتە سەر مافەكانی گەلێك و ئازادییان لێ زەوت بكا و هەموو سامانی وڵات بەرێ و بیدزێ، دەبێ سزاكەی چی بێت؟

دەستدرێژی لە ئیسلامدا زۆر لایەن دەگرێتەوە، لەوانەش ئەوەی لە زمانەوانیدا پێی دەوترێ دزی یان خیانەت یان غەشكردن یان لەڕێگەی دەست بەسەراگرتن و بەكارهێنانی هێز وەك لەقوڕئاندا باسی دەكا كە نانەوەی خراپەكاری لەسەر زەوی و شەوكوتی و ڕێگری و دزیە. خوای گەورە لەبەرامبەر ئەو كەسانەی كە دزی لە مافەكانی مرۆڤ دەكه‌ن و هێز و توندوتیژی بەكار دەهێنن، ئەگەر ئەم هێزە ماددی بێ یان مەعنەوی، هەڕەشەی توندترین سزایان لێ دەكا: [إِنَّمَا جَزَاءُ الَّذِينَ يُحَارِبُونَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَيَسْعَوْنَ فِي الْأَرْضِ فَسَادًا أَنْ يُقَتَّلُوا أَوْ يُصَلَّبُوا أَوْ تُقَطَّعَ أَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُمْ مِنْ خِلَافٍ أَوْ يُنْفَوْا مِنَ الْأَرْضِ] زۆر لە زانایان و بانگخوازان جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو سزایانە تەنها دزینی ماڵی تایبەت دەگرێتەوە، بەڵام ئاوڕێك بەلای ماڵی گشتیدا ناكەنەوە.

لەڕاستیدا ئەمەش هەڵەیەكە نەتوانراوە بەشێوەیەكی بەرفراوان و بەشێوەیەكی (مقاصد) باس لە گەورەیی شەریعەت بكرێت، چونكە لەڕاستیدا دزی لە ماڵی گشتی و دەستدرێژی بۆ بوارە مەعنەوییەكان زۆر خراپتر و تاوانێكی زۆر گەورەترە، ئەگەر كەسێك دزی لە ماڵی تایبەتی كەسێك بكا، لەكاتێكدا كە پەشیمان دەبێتەوە، دەتوانێ بڕوا بۆلای كەسەكە و ماڵەكەی بۆ بگەڕێنێتەوە یان گەردنی خۆی پێ ئازاد بكات، بەڵام ئەگەر دزیەكە لە ماڵی گەل و حكومەت بێت، چۆن دەتوانێ بیگەڕێنیتەوە بۆ گەل و مافەكانیان بۆ بگەڕێنیتەوە یان یەكە یەكە گەردنی ئازاد بكەن.