پێغەمبەرمان(د.خ) ئەفەرموێ: کەسێک بەچاکەی خەڵک نەزانێ بە چاکەی خواش نازانێ.

پێشەکیی ڕێز و سپاسی هەمو بەشدار بووان و خزمانی خۆشەویستی کۆڕی ماتەمین دەکەم.

 

جێی خۆیەتی سپاس و رێزی خۆم و بنەماڵەی ساداتی واژی سەبارەت بە لوتف و بەسەرکردنەوەی مامۆستایانی ئایینی، خەڵکی پیرانشار،نوێنەری پیرانشار و سەردەشت، فەرمانداری بەڕێز و گەورە پیاوان و کەسایەتیەکانی پیرانشار دەرببڕین. هەروەها ئەو خۆشەویستانەی کە لە شارەکانی دەوروبەر وەک: ورمێ، مەهاباد، بۆکان، شنۆ، سەردەشت، بانە بە خەمڕەوێنی و سێبووریی دان، بەسەریان کردینەوە. هەر وەها تێکڕای ئەندامانی بیرۆکەی سەوز، ڕێگای بەختەوەری، بنکەی ئەدەبی موکریان و بنکەی ئەدەبی کاژە، دەستەی بەڕێوەبەرایەتی سۆزی میحڕاب، خانەقای: شێخ هاشمی زەنبیل، شێخی بوڕهان،شێخ ئیسماعیلی بەرزەنجی، شێخ کەماڵی، نەهریەی شەمزینان، شێخ حیسامەددیننی.

لەڕاستی دا زبانێک بۆ سپاسی ئەم هەمو مەحەببەتە نامێنێ، جگە لەوە کە بڵێم: خوای گەورەو و دڵۆڤان خێر و جەزای دنیا و دوارۆژتان بداتەوە.

لە دەست دانی کاکم، گەلێ سەختە؛ بەڵام دەبێ بەکاری خوا ڕازیبین.

بەداخەوە تا کەسێکمان لە دەست نەچی ناپەرژێینه سەر ژیانی ڕابردوی. جێی خۆیەتی ئاوڕێکی کورت لە ژیانی خوالێخۆشبو سەیید موحەممەد خالید بدەینەوە.

بەڕێزیان لە ساڵی ۱۳۳٤ی هەتاوی لە ئاوایی شارەدێی ئەندێزەی پیرانشار چاوی بە دنیا هەڵێناوە. خوالێخۆشبو هەر سەرەتای منداڵی دەخرێتە بەر خوێندنی فەرمیی و هەتا پۆلی پێنجومی سەرەتایی دڕێژە بە خوێندن دەدات. پاشان باوکی بەڕێزی(حاجی مامۆستا سەیید موحەممەدی واژی) وەبەر خوێندنی فەقێیایەتی دەنێ؛ وادیارە سەرەتای خۆێندنی لە لای باوکی دەبێ. پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە ئاویی "سینگان"ی شنۆ و لەخزمەت مامۆستایانێک وەک: مامۆستا مەلا سەیید ڕەزا حوسەینی(سەردەشت) خواڵێخۆشبوو مامۆستا مەلا موحەممەدی سەباتی(سەردەشت)، مامۆستا مەلا موحەممەدی ڕەحمەت پور(پیرانشار) وانە سەرەتاییەکانی وەک عەوامیل و تەسریفی زەنجانی و ئونموزەج دەخوێنێ. پاشان دەچێتە ئاوایی "نەرزیوە"ی شنۆ و وەک فەقێی سەرەتایی کە بە زمانی حوجرە بە "سوختە"ی نێو دەبەن، لە لای مامۆستا مەلا ئەبوبەکری موحەممەد کەریمی(مەهاباد)دەرس دەخوێنێ. پاشان لە مزگەوتی "زەرگەتەن"ی پیرانشار، لە خزمەت مامۆستا مەلا موحەممەدی داوەری، کتێبی "جامی" لە زانستی نەحو دەخوێنێ و ئەوسا لە شارەدێی پەسوێ بە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا سەیید نورەددینی واژی دەگا و خوێندنەکەی دڕێژە پێ دەدا. بە پێی دەست نوسەکانی خۆی لە دو ئاوایی "بێمزورتێ" و "شنۆزەنگ" خوێندووەیەتی. ئەوەندەی بزانم تا کتێبی "شەرحە نیزام" لە زانستی سەرف، درێژە بە خوێندن دەدا. لە دوایی لە بەر گیروگرفتی ژیانی هاوبەشی، نەیتوانی دڕێژە بە خوێندن بدات.

 ماموستا ملا صادق شەریفی، ماموستا مەلا سەیید موستەفا خاتەمی و مامۆستا مەلا محمدامین عبدالله پور پێشنوێژی مزگەوتی حسن زادەی ژمارە ۲ی مەهاباد لە دۆستانی سەردەمی فەقێیەتی وی بوون.

 

لە کۆتایی‌دا وەک کارمەندی شەبەکە بێهداشتی شاری پیرانشار دامەزرا. بەداخەوە ۲۴ ڕەشەممەی ساڵی ۱۳٨۹ تووشی رووداوی پێک‌دادانی ماشێن بوو و بۆ ماوەی ۵۹ ڕۆژ دەکۆما دابوو و چەند جار نەشتەرگەری بۆ کرا. تا ڕاددەیەک هاتەوە سەرەخۆ، بەڵام شوێنەواری ئەم ڕوداوە هەرمابوو. خۆی کە فەرمانبەری نەخۆشخانەی پیرانشار بوو لە لایان شەبەکە بێهداشتی پیرانشار  خانەنشین کرا.

خوالێخۆشبوو ساڵی ۱۳۹۱ توانی زیارەتی ماڵی خوا بکا.

بەداخەوە ئەوساڵ بەهۆی ناڕەحەتی پێشوی، لە ڕێکەوتی ۳۱خاکەلێوەی ساڵی ۱۴۰۱ جارێ تر تۆشی جەڵتەی مێشک بوو کە بۆ ماوەی دو مانگ و حەوت ڕۆژ کەوتە کۆما و ئیدی وەهۆش نەهاتەوە و شەوی سێ‌شەممە و کاتژمێڕ دە و بیست خولەکی شەو  بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بەرەو رەحمەتی خودای گەورە گەڕایەوە.

 

تایبەتمەندیەکانی ئەو خوالێخۆشبوە:

۱ـ زۆر هەستیار بوو. نەیدەتوانی سەبارەت بە دەوروبەری بێلایەن بێ، بەردەوام هەنگاوی ئەرێنی بۆ داکووژاندن و چارەسەریی گرفتەکان هەڵدێناوە.

۲ـ لەم دە دوازە ساڵەی دوایی کە خانەنشین بوو، بەردەوام خەریکی زیکر و قوڕئان خوێندن بوو.

۳ـ شاخەوانێکی باش بوو، کە وەسەر زۆربەی دوندەکانی وڵات کەوتبوو. 

٤ـ هەستێکی شاعیرانەی هەبوو جار جار شیعری بۆخۆی دەگوت، نەک وەک شاعیرێک شیعری گوتبێ.

۵- خۆش‌نووسێکی بە توانا بوو. ساڵی ۱۳۵۱ و ۱۳۵۲ چەند کتێبی نوسیبۆوە کە بەختەوەرانە پاڕێزراون، وەک: 

ٲ.ـ الاستعاره لە زانستی بەلاغە، 

ب ـ کتێبی شمایل النبی(ص) نوسراوەی عەللامە ملا سید حسن واژی، 

ج ـ تەجوید لە زانستی قوڕئان خوێندن‌دا، نوسراوەی عەللامە واژی

د ـ الوضع لەزانستی دانانی وشە لە جێی خۆی دا. وە چەند نامیلکەی تر.

 

 

۱۱ی پوشپەری ۱٤۰۱ هەتاوی

۲۰۲۲/۷/۲۲زاینی

۱٤٤۳/۱۲/۲ مانگی