ئایا بیرمان کردۆتەوە بۆچی خوای پەروەردگار کاتێک له ئایەتە پیرۆزەکانی قوڕئاندا باسی حوزن و خەم و پەژارە دەکات، له هەموویاندا مەنعی مرۆڤ و بەتایبەت مەنعی ئافرەتان دەکات له خەمخواردن؟ له سووڕەتی قەسەسدا خوای گەورە ئاوا دڵخۆشی دایکی موسا(ع) دەداتەوە و هێوری دەکاتەوە تاکوو خەم نەخوات:

«وَأَوْحَيْنَا إِلَىٰ أُمِّ مُوسَىٰ أَنْ أَرْضِعِيهِ ۖ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي ۖ إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِ وَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ» (قه‌سه‌س/۷) ئێمه دایكی موسامان ئاگادار كرد كه شیری بداتێ و پێمان وت جا كاتێك مه‌ترسیت پەیدا كرد له‌وه‌ی كه پێی بزانرێت، فڕێی بده‌ره ڕووباری (نیله‌وه‌) نه بترسه (له‌وه‌ی تووشی به‌ڵا ببێت) نه خه‌فه‌تیشی بۆ بخۆ، چونكه ئێمه به‌ڕاستی ده‌یگێڕینه‌وه بۆ لات و له‌ئاینده‌شدا ده‌یكه‌ین به‌یه‌كێك له پێغه‌مبه‌ره په‌یامداره‌كان.

دیسان دەفەرموێت: «فَرَدَدْنَاهُ إِلَىٰ أُمِّهِ كَيْ تَقَرَّ عَيْنُهَا وَلَا تَحْزَنَ وَلِتَعْلَمَ أَنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ وَلَٰكِنَّ أَكْثَرَهُمْ لَا يَعْلَمُونَ» (قه‌سه‌س/١٣) به‌و شێوه‌یه گێڕامانه‌وه بۆ لای دایكی تا دڵنیا‌ و دڵ ئارام بێت و چاوی به‌دیتنی ئاسووده ببێت، ئیتر خه‌فه‌ت نه‌خوات و لای ڕوون بێت كه به‌ڵێنی خوا حه‌ق و ڕاسته‌، به‌ڵام زۆربه‌ی (ئه‌و خه‌ڵكه‌) نازانن و هه‌ستی پێ ناكه‌ن.

یان کاتێک حەزرەتی مەریەم له شوێنێکی دوور له ماڵ و خزم و کەس منداڵی دەبێت و زۆر خەمبارە و دڵی ناڕەحەتە خوای گەورە دڵخۆشی دەکات. ( فَنَادَاهَا مِن تَحْتِهَا أَلَّا تَحْزَنِي قَدْ جَعَلَ رَبُّكِ تَحْتَكِ سَرِيًّا ) مریم (24) ( ئەو منداڵەی که له‌ داوێنی بەر بۆوە له ژێر پێیه‌وە بانگی کرد و وتی: دایە گیان خه‌فه‌ت مه‌خۆ، ئه‌وه‌ته په‌روه‌ردگارت به به‌رده‌متدا جۆگه‌ڵه‌یه‌کی جاری کردووه‌. ( وَهُزِّي إِلَيْكِ بِجِذْعِ النَّخْلَةِ تُسَاقِطْ عَلَيْكِ رُطَبًا جَنِيًّا ) مریم (25) ئه‌و دارخورمایه‌ش که (پاڵت پێوه‌داوه‌) که‌مێک ڕابوه‌شێنه خورمای گه‌ییوت به‌سه‌ردا ده‌بارێنێت.

ئافرەتان چی دایکتان بن و چی هاوژین و چ خوشک و کچتان، دڵێکی ناسک و بێگەردیان هەیە که تەژی له هەست و سۆز و میهرەبانییە، له کاتی کێشە و ڕووداوە تاڵەکاندا تەنانەت به دیتنی دیمەنێکی خەمگین له دراماکاندا فرمێسک له چاویان دێتە خوارێ.

به پێی توێژینەوەیەکی بەریتانی دڵی ژنان له دڵی پیاوان لاوازتره و لێدانی دڵی ژن له هی پیاو خێراتره و ژنان زیاتر به ڕووداوە سەختەکان کاریگەر دەبن و زۆرتر تووشی جەڵتەی دڵ دەبن.

(پێشەوای مرۆڤایەتی: ﷺ) دڵی ئافرەتان مەشکێنن و خەمباریان مه‌کەن چونکه ئەوان خەمڕەوێنن و قەدریان گرانه. باشترینتان ئەو کە‌سەیه بۆ خێزانەکەی باشترینە (خیرکم خیرکم لأهله). لەگەڵ ئافرەتان نەرم و نیان بن (و رفقاً بالقواریر) لەگەڵ ئافرەتان چاک بن و زوڵمیان لێ مەکەن (واستوصوا بالنساء خيرا) تەنیا ئەو کەسەی بەڕێزە، ڕێز لە ئافرەت دەگرێت و کەسانی بێ ڕەوشت ئیهانەی ئافرەت دەکەن.

پێغەمبەری خۆشەویستمان چاک دەیزانی ئافرەت چه‌ن ناسک و به هەست و شکەنەندەیە بۆیه شووبهاندویەتی به شووشەوە، شووشه کاتێک بشکێ چاک نابێتەوە، دڵی ژنیش کە شکا هیچ شتێک ناتوانێ ئەو دەرد و برینەی تیمار کات، خەم و دڵەڕاوکێ له‌سەر هۆرمۆنی ژنانه کاریگەری نەرێنی زۆری هەیه و جوانی ڕوومەتیان تێک دەدات و قژیان سپی دەکات و زوو پیریان دەکات.

لەوانەیه به دەم پێبکەنێ بەڵام له ناخەوە برینەکەی هەر تازەیه و قەت له بیری ناکات، ئافرەت له جوانی و ناسکی و هەستۆکی و دڵ نەرمیدا ڕێک له گوڵ دەچێ، کاتێک به قسەی تاڵ و ناخۆش ئازار بدرێت و هەستی بریندار بکرێت سیس دەبێ و دەژاکێ. کاتێکیش به ڕەوشتی جوان و ڕێز و حورمەت هەڵسوکەوتی له گەڵدا بکرێ، دایمه لێو بهخەندە و ڕووخۆش و جوانه و زیاتر گەشە دەکات.

شکاندنی دڵی ئافرەت واتا شکاندنی هەموو جوانییەکان، واتا ناشیرین کردنی مرۆڤایەتی...

شه‌هلا ئه‌حمه‌دی