لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا تەمبەڵی یەكێكە لەو نەخۆشییە درمانەی كەڕووی كردۆتە گەلانی موسوڵمان، بۆ ئەم مەبەستەش موسوڵمانان نابێ تەنها پشت بە وتار ببەستن، بەڵكوو پێویستیان بە كردەوەیە، كرداریش دەبێ بە پلان بێت، چونكە پلاندانان ڕەگەزێكی سەرەكی و بنەمایەكی بەهێزی ئیسلامە.

ئەگەر سەرنج بدەن نوێژ ڕەگەزێكی گرنگە لە بنەما سەرەكییەكانی عیبادەت، ئەگەر چەند خولەكێك نوێژ بكەیت پێش بانگ وەرناگیرێت، لەدوای تەواوبوونی كاتەكەش دروست نیە و دەبێ قەزا بكرێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین هەموو عیبادەتەكانی تریش هەڵبسەنگێنین، چونكە ئەم بنەمایانە پێشەنگ و سەرمەشقن بۆ ئێمە و ڕێنمایین بۆ ڕێزی كات و پلاندانان.

خوای گەورە وەسفی ئەهلی بەهەشت دەكات، ئەوانەی كە شایەنی فیردەوسن دەربارەیان دەفەرموێت: (اولئك یسارعون فی الخیرات) (وهم لها سابقون) لەكاری چاكەدا لەنێوان خۆیاندا پێشبڕكێ دەكەن و لەگەڵ خەڵكی تریشدا لە پێشبڕكێ دان.

ئەگەر سەیری قوڕئان و فەرموودە بكەین دەربارەی ڕەوشت و هەڵسوكەوتی مرۆڤی باوەڕدار، دەبینین زۆر جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە مرۆڤی باوەڕدار دەبێ دڵسۆز بێ لە كارەكانیدا، كراوە و خاوەن هیواو ڕووگەش بێت، بەتەواوی بڕوای بەخوا هەبێـ و هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیەكانی بدات.

دوور بكەوێتـەوە لە تەمبەڵی و پاڵدانەوە و دەست پانكردنەوە، جێبەجێكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانی بەباشی ئەنجام بدات، دنیایی بێت یان ئایینی.

چونكە تەمبەڵی لە سیفاتی دووڕووەكانە و ئیسلام زۆر بەرەو ڕووی بۆتەوە، جا ئەم تەمبەڵیە لەعیبادەتەكاندا بێ یان كاری خێرو چاكەكردن، خوای گەورە لە قوڕئاندا باسی دووڕووەكان دەكا و پێیان دەڵێ: (واذا الى الصلاة قاموا كسالى) پاشان وەسفێكی تریان دەكا و دەفەرموێت: [ولا يذكرون الله الا قليلا]

پاشان دەربارەی خەرج و سامان و ماڵ لەكاری چاكەخوازی و لەپێناوی خوادا دەربارەیان دەفەرموێت: [ولا ينفقون الا وهم كارهون] ئەمە لەكاتێكدایە كە دەبێ مرۆڤی موسوڵمان مرۆڤێكی چالاكی گورج و گۆڵ بێ لەكاردا، چونكە مرۆڤی باوەڕدار بڕوای وایە هەموو ئەو ئەركانەی كە دەیانكات بۆ خزمەتی خێزان و كۆمەڵگە و نیشتیمانەكەی لە مزگەوت بێ یان دەرەوەی مزگەوت، لەسەری پاداشت وەردەگرێ و بەعیبادەت بۆی ئەژمار دەكرێـت.

لەبەرئەوە تەمبەڵی نابێ لە سیفەتی مرۆڤی باوەڕدار بێت، پێغەمبەری خواش دەفەرموێت: «خوای گەورە باوەڕدارێكی خۆش دەوێ كە كارێكی كرد بە دڵسۆزی و  بە باشی ئەنجامی بدات».

پێغەمبەری خوا لە وەسفی ئەوانەی كە شەونوێژ دەكەن و پاشان نوێژی بەیانی دەكەن دەفەرموێت گرێ كوێرەكانیان بۆ دەكرێتەوە، هەروەك لە فەرموودەی سەحیحدا هاتووە ئەگەر موسوڵمانێك شەونوێژ بكا و پاشان نوێژی بەیانی بكات، ئەوا گرێ كوێرەكانی بۆ دەكرێتەوە. واتە هەست بە تەمبەڵی ناكات، چالاك دەبێ لە هەڵسوكەوتەكانیدا، بەڵام ئەگەر گوێ بۆ بانگی خوا نەگرێ و گوێ بۆ بانگی شەیتان بگرێت و نوێژەكەی بچوێنێـت، ئەو كاتە دەبێتە كەسێكی تەمبەڵی دەروون سست، هەست بە گرفت و ناڕەحەتی دەكا، چونكە مافی خوای بەجێ نەهێناوە، لەبەرئەوەی سەرەتاكەی بەخێر نەبووە، هەتا ئێوارە هەست بە تەمبەڵی دەكا، باوەڕدار دەبێ خاوەن دەروونێكی كراوە و بەهیوا و دڵی بەخواوە بەسترابێـت، داوای لێخۆشبوون و سەلامەتی و خۆشبەختی لێ بكات، باوەڕدار هەرچەند ئازارەكان زۆربن، بەڵام هاوار ناكا، مرۆڤی باوەڕدار دەبێ بەردەوام لەسەر دڵسۆزی و لێبووردەیی و خەمخۆری لە كارەكانیدا، ئەمەش بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ و چاوەڕوانی پاداشت تەنها لەخوا دەكات و ئەگەر حكومەت و خاوەن كارەكەش هەست بەم دڵسۆزییە نەكات ئەو دڵ سارد نەكاتەوە.

 

نووسینی: دكتۆر عەلی مه‌حیه‌ددین قەرەداغی

ئەمینداری گشتیی یەكیه‌تی جیهانی زانایانی موسوڵمان 

سەرۆكی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی