کۆبوونەوەی شۆڕای ناوەندی جەماعەت، بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی و سەرجەم ئەندامان، ڕۆژی پێجشەممە 7ی پووشپەڕی 1397ی هەتاوی، لە دەفتەری ناوەندی جەماعەت لە تاران بەڕێوە چوو. 

بە پێێ هەواڵی ئیسلاح وێب، دکتۆر عەبدوڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتی جەماعەت لە سەرتای دانیشتنەکە، وێڕای ئاماژە بە سی و یەکەمین ساڵی بۆردوومانی کمیایی شاری سەردەشت، ئەم ڕووداوە نامرۆڤانە و دڕندانەیەی ئیدانە کرد و بۆ زیان پێگەیشتووان و بەرکەوتووانی ڕووداوەکە تەندرۆستی و شەفا و بۆ شەهیدان و کۆچکردووان ڕێز و پلەبەرزی، لە خودا داوا کرد.

لە درێژەدا، ئاماژەی بە پرسی تازەگەری و نوێ بوونەوەی لە ژیاندا کرد و به یەکێک لە نیشانە و چاوگەکانی ژیانی هێنایە ئەژمار و گوتی: ڕانەوەستان و نوێ بوونەوە لە تایبەتمەندییەکانی ژیان و بوونەوەرەکانه. کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش زیاتر لە هەموو بوونەوەرێک بە بەردەوامی لەم ئاڵوگۆڕ و تازەگەرییە بەهرەمەند دەبێت و ئەزموونی دەکات. ئەم ئایەتە ئاماژە بەو ڕاستەقینەیە دەکات کە سەرجەم ئەو شتانە و ئەو کەسانەی لە زەوی و ئاسماندا هەن هەر هەموویان بۆ مانەوە و درێژەدان بە ژیان پێویستیان بە خودایە و ویستەکانیان لەو دەخوازن، خوداوەندی مەزیش لە هەموو کاتێکدا خەریکی داهێنان و تازەگەرییە و بەردەوام کار و ئاسەواری نوێ ئاراستە دەکات. حەول بۆ باشترکردنی بەردەوامی ژیانی مرۆڤ بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە یەکێک لەو گرینگانەیە کە دینی پیرۆزی ئیسلام جەختی لەسەر دەکاتەوە. «الَّذِی خَلَقَ الْمَوْتَ وَ الْحَیاةَ لِیبْلُوَکُمْ أَیکُمْ أَحْسَنُ عَمَلاً».

مامۆستا پیرانی وێڕای ئاماژە به سوننەتی بەردەوامی(سنت تدوام)-که یەکێک لە سوننەتەکانی ژیانە- ئەو سوننەتەی وەک سوننەتی  ئومێد و هیوا هێنایە ئەژمار و گوتی: بەردەوامی سوننەت و یاسای تایبەت بە ئەو هەڵکەوت و ڕووداو و دەرفەتانەیە که ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە و ئاماژە بە سروشت و ناوەڕۆکی ژیان دەکەن، ئەم بەردەوامییە حاکم و سەرۆک و دەسەڵاتدارانیش دەگرێتەوە و جەخت لەسەر ڕاگواستنی سڵامەت و بێ گێرە و قەڕقەشی دەسەڵاتی سیاسی و ڕامیاری دەکاتەوە.  

لە سەردەمی ئێستادا ڕادەی هێز و توانست و پێشکەوتی زانستی و ئابووری و تەکنۆلۆژی و گەشە و نەشە هی ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەیە کە لە گرێ و داوی زۆرداری و گومانی مانەوەی هەمیشەیی ڕزگار بوون و باوەڕیان به دەستاودەستکردنی دەسەڵات وەکوو یەکێک لە ئامێرەکانی دێمۆکڕاسی هەیە و دانیان بە دەسەڵاتی ئیرادە و خواستی خەڵک داناوە.  

ئەمینداری گشتی لە درێژەدا گوتی: هەر گەل و نەتەوەیەک کاتێک دەتوانێ  گەشە بکا و بەرەو پێش بچێت کە بە تەواوی خۆی ئامادە بکا و شایان و شیاوی ئەو گەشە و پێشکەوتنە بێ، کە ئەگەر وا نەکا هیچکات ڕۆژی سەرکەوتن و بە ئاوات گەیشتن نابینێ، دەسا ئۆمەتی ئیسلامی و گەلی موسڵمانان کە بڕێارە سەرکاروانی مرۆڤایەتی بن دەبێ لەم ڕێگایەدا حەول و تێکۆشانەکانیان چڕوپڕ بێ و زێدەتری بکەنەوە. هەروەها گوتی: بە پێی ئەم سوننەت و یاسا خوداوەندییە هەر نەتەوە یا دەستە و ڕەوتێک گەرەکی بێت دەرگاکانی گەشە و پێشکەوت بۆ خزمەت بە هاووڵاتیان و گەلەکەی بکاتەوە، بەو مەرجەی گرینگی بدات بە یاسا و سوننەتەکانی خوداوەند و کەرەستە و پێداویستی و حەولی شیاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بخاتە گەڕ، خودا پشتیوانی دەبێ و یارمەتی دەدات. بەڵام ئەوانەی هەنگاو هەڵناهێننەوە و دەبنە دیل و یەخسیری دۆخەکە و لە هەمان کاتدا چاوڕێی ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی و باش دەکەن، ئەوانە سەر ناکەون و خوداوەند بە یاسا و سوننەتێکی تر بە نێوی گۆڕێنەوە(استبدال) هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات. خودا خەڵکانی کارنەکەر و تەوەزەل و لێکبڵاو سەرکەوتوو ناکات و تەنانەت دەفەرموێ: :( وَإِنْ تَتَوَلَّوْا يَسْتَبْدِلْ قَوْمًا غَيْرَكُمْ ثُمَّ لَا يَكُونُوا أَمْثَالَكُمْ) محمد/۳۷)، گەل و نەتەوەیەک کە متمانەی بە خۆی نەبێت و  بێ بەرنامە و بێ هیوا بێت و یەکڕیز و هەماهەنگ نەبێت، هیچکات لە یارمەتی و پشتیوانی خودا بەهرەمەند نابێت. گەلۆ؛ ئۆمەتی ئیسلامیش کە بڕێارە پێشەنگ و ڕێبەری ڕێگای بەختەوەری و سەربەرزی بێت، ئەگەر بێت و بەستێنەکانی گەشە و پێشکەوت دابین نەکات، بە بەردەوامی دەستبەتاڵ و بێدەسەڵات دەمێنێتەوە. ئۆمەتی ئیسلام کە بڕیارە ببێتە (خیر امت اخرجت للناس)، دەبێ لە حەولی دابینکردنی کەرەستە و ئەسبابەکانی گەشە و پێشکەوتدا بن.  

ئەندامی شۆڕای ناوەندی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، وێڕای ئاماژە بە دەستکەوتەکانی جەماعەتە دینییەکان، ڕەخنەیەکی لە بەستێنی دابڕان لە دونیا و کەمترخەمی سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژ ئاراستەی ئەو جەماعەت و دەستانە کرد و لەم بارەوەیەوە گوتی: شایانی باسە زانایان و بانگخوازانی موسڵمان بۆ وێنە ڕاغبی ئیسفەهانی و کەسانێک لە ڕێبەڕانی بێداری ئیسلامی لە مەودای مێژوودا، جەختیان کردۆتە سەر ئەم سێ تەوەرە: بەندایەتی خودا، ئاوەدانکردنەوەی زەوی و حەول و تێکۆشان بۆ بەرپاکردنی عەداڵەت و دادپەروەری و ئەم سێ تەوەرەیان وەک ئەرک و بەرپرسایەتی مرۆڤ دەستینشان کردووە. بزاوتە ئیسلامییەکانیش پێویسته کاردانەوەکانیان بەم شێوەیە بێت، ئەوەی کە هێندێکیان تەنیا گرینگی بە ڕاهێنانی ئەخلاقی و بانگخوازی و ڕەهەند و باری ڕوحی و مەعنەوەی دەدەن و هێندێک لە ڕەوتەکانی تریش زیاتری چالاکییەکانیان لە چوراچێوەی عەقیدە و باوەڕ و یەکتاپەرستی و شەریکدانان بۆ خودا و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکانی دین، تەسک کردۆتەوە، ئەگەرچی پێویستە بەڵام بەس نییە؛ لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە وێنایەکی ڕوون و  وردبینانە لەمەڕ ئاڵوگۆڕە هەنووکەییەکان کە بەها و پێوندییە کۆمەڵایەتییەکان و قالب و شێوازەکانی ژیان و هەروەها ڕەوتە فکرییەکان و بنچینەی دینداری خستۆتە ژێر کاریگەرییەوە و جیهانی ئێستای کردۆتە لادێیەک، کەمترخەمییان کردووە و لێی غافڵ بوون.