به ئامادەبوونی دکتۆر عەبدوڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتی و باقی ئەندامان، کۆبوونەوەی شۆڕای ناوەندی جەماعەت، ڕۆژی پێجشەممە 15ی خەرمانان، لە دەفتەری ناوەندی جەماعەت لە تاران بەڕێوە چوو کە لەودا جەخت کرایە سەر گرینگی ڕوانینێکی ئامانجدار بۆ دین.

بە پێێ هەواڵی ئیسلاح وێب، لەو کۆبوونەوەیەدا، مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر گرینگی سێ تەوەری بەندایەتی خودا و ئاوەدانکردنەوەی زەوی و بەرپاکردنی عەدڵ، هەروەها پێگەی کۆمەڵگا مرۆڤییەکان و وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەریعەتی خستە بەرباس.  

لە درێژەی ئەم دەقەدا شرۆڤەی لێدوانەکە بەم شێوەیە دەخرێتە بەردەستی بەردەنگان: 

 بسم‌الله ‌الرّحمن‌ الرّحیم

لەسەر ئیزنتان دەمهەوەێ لەم کۆبوونەوە پیرۆزەدا چەند بابەت ئاراستەی ئێوەی بەڕێز بکەم.

کۆتا مەبەست و ئامانجی سەرجەم ئایین و پەیامە ئاسمانییەکان لە مەودای مێژوودا لەسەر سێ تەوەری بنەڕەتی بەندایەتی خودا، ئاوەدانکرنەوەی زەوی و دابینکردنی عەداڵەت دامەزراوە. ئەم ئامانج و مەبەستە بەرزانە، بەردەوام لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزامەندی جۆراوجۆر ڕووبەڕوو بوونەوتەوە و لە ئاکامدا لەگەڵ ئەوەیکە شوێنکەوتووان و هاوڕێ و پشتیوانی زۆریان هەبووه، دژبەران و  ڕێگرانێکی زۆر ڕاستەقینەش لە بەرانبەریدا ڕاوەستاون. 

لە لایەکی ترەوە تاقمێک کارەسات و ڕووداوی گرینگ، لەسەر باوەڕ و ئاکار و نەریتی کۆمەڵگاکان کاریگەری هەبووە. ئاڵوگۆڕە مەزن و بێ وێنەکانی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوو لە جیهاندا گەلێک کارتێکردنی گەورەی لە پاش خۆی بەجێ هێشتووە و بەداخەوە دونیای ئیسلام زیاتر لە بەشی نەرێنی دەستکەوتەکان خەسارەتمەند بووە و لە دەستکەوتی ئەرێنی و باش کەمتر بەهرەی وەرگرتووە کە ئێستاش ئەم دۆخە بەردەوامە. 

ململانێی نەریت و مۆدێرنیتە و ئیستیعماری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و هەندێک جار سەربازیی تێکدەر و ڕووخێنەر، بۆتە هۆی ئەوەی جۆرێک له هاڵۆزی و پاڕادۆکس کە بیر و کردەوەی مسوڵماناندا بێتە سەرهەڵدان. لەم نێوەدا لانیکەم دوو جۆره کاردانەوە لە لایان زانایان و هەڵکەوتووانی جیهانی ئیسلام دەبیندرێ.

لە لایەکەوە تاقمێک لە ئاوەزمەندان( بە عەڕەبی = فقها) و کارگێڕانی ڕەوت و بزاڤەکان، لەبری حەولدان بۆ ئیجتیهاد و ڕاڤەی دەق و پەیامەکانی قورئان و سوننەت بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم، حەولیان داوە بۆ ڕووداو و ئەو دۆخەی زاڵە و هەروەها بۆ ئامێر و میکانیزمەکانی پاساو بێننەوە و بە بەرگ و پۆشاکی مەشرووعییەت دایپۆشن و لە بایەخدان بە بنەما و فەلسەفەی سەرچاوە و لۆژیک و ژێربێژی و ڕابردووی ئەم کەرەستانە غافڵ بن و دەسەڵات و بەرنامە و یاسا و ئامێرەکانیان ئیسلامی و هاوسانی شەریعەت لەقەڵەم دەن. 

لە لایەکی تریشەوە تاقمێک لە بیرمەندان و زانایانی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤی و چالاکوانە سیاسییەکان، بە مەبەستی پاراستنی پێگەی مسوڵمانان وەک «خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ»، هەموو حەولی خۆیان خستۆتە گەڕ تاکوو پێشەکی زانستە ئیسلامی و بیر و لێکۆڵینەوەکان بە یارمەتی هەندێک لە ئایات و واتا قورئانییەکان بنەخشینن و بەم شێوەیە بەرگ و پۆشاکێکی سەردەمیانەی لەبەر بکەن. لە ڕاستیدا حەولی ئەوان بە مەبەستی گونجاندنی ئیسلام لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخانەکانی سەردەم بووە تا بە گومانی خۆیان مسوڵمانان لە کاروانی شارستانێی و پێشکەوتوویی بەجێ نەمێنن.

لە ئاوەها هەلومەرجێکدا گومان دەکرا چوونەدەرەوە لەو دۆخه نەتەنیا پێویستە بەڵکوو ئەرک و تەکلیفێکی شەرعییە. پێداویستی بە هزری چارەساز و پێکهێنەر زیاتر لە ڕابردوو دەردەکەوت، بەو مەبەستە کە بە کەرەستە و شێوازە نوێیەکان، لە چوراچێوەی  یاساگەلی شەرعی و پێداویستییەکانی سەردەم و دۆخی دەسەڵات، پەیام و ئامۆژگاری و ڕێنوێنییە تازە و نۆژەنەکانی ئایین بیسەلمێنێ و ئاشکرای کا، ئەوسا لەژێر تیشکی ئەم ڕێنوێنییانە، ڕاستەقینەکانی بەجیهانی بوونی پەیامی ئیسلامی و ئۆمەتی مسوڵمان و بەجیهانی بوونی عەقڵ و ئەندێشەی ئەو پشتڕاست بکاتەوە، تا موسڵمانان بتوانن ئەو چەمک و ئامۆژگارییانەی وا گەشە و شارستانییەت و ئاوەدانی لێ دەکەوێتەوە لە نێو کاروانی بەرگریی شارستانییەتی مرۆڤدا بیدرکێنن.

لە ڕاستیدا لە دایکبوونی بێداریی جیهانیی موسڵمانان و بزاڤە ئیسلامییەکانی سەردەم، ویڕای  ملکەچکردن بۆ فەرمانی خودا «و لْتَكُن مِّنكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْر»، وڵامێکی ئاشکرا و هەنگاوێکی شیاو بۆ بەدەنگەوەچوونی پێداویستییەکانی مرۆڤ لەم کات و ساتەی ئێستادا بوو. ئەم بژاڤانە لە مەودای سەد ساڵی ڕابردوودا توانیان گەلێک سەرکەوتن بەرهەم بێنن و بە ڕادەیەکی زۆر خزمەت بە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بکەن و ڕوحی دینداری و مەعنەوییەت و پێبەندی بە ئەخلاق و ڕەوشتی جوان پتەو بکەن؛ بەڵام ڕەچاوکردنی ئامانج و ستراتێژییە بەرزەفڕەکان و هەندێک جار نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ دوخ و هەلومەرج و ئیمکانیات، لە لایەکەوە ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی جۆراوجۆری کردن و لە لایەکی ترەوە ئەو بزاڤانە زۆربەیان چوونە ڕێزی بەرهەڵستاکاران و لە بەرانبەر دەوڵەتی نیشتمانیدا ڕاوەستان و لێک سڵەمانەوە.   

ئەمڕۆکە کەس ناتوانێ و ئەو مافەشی نییە کە جۆرێکی تایبەت لە دەسەڵاتداری بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ، بەڵکوو ئەوە مافی ڕەوای هاووڵاتییە کە بە ئازادی و خواستی خۆی، جۆری حکومەت و دەسەڵات هەڵبژێرێ، کەواتە بنەڕەتدا هەر دەستە و جەماعەت و ڕەوتێکی ئیسلامی بۆی هەیە تەنیا بەپێی توانایی و ئیمکانیات و لە چوارچێوەی ئازادی و ئەو کەموکورتییانەی بوونیان هەیە یا بە پێی ئەو کۆمەڵگەی مەبەستکراو دیاری کراوە، بەرنامەی چالاکییەکانی خۆی دابڕێژێ. 

لێرەدا دەمهەوێ تیشک بخەمە سەر ئەو مەکتەب و بیروبڕوایانەی کە لە مەودای مێژوودا گەشە و ئاوادنی و خۆشبەختی خەڵکیان بەلاوە گرینگ بووە:  

لە پێناو پێگەی مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێویستی گرینگیدان به گەشە و ئاوەدانی لە مەودای مێژووی ئیسلام، مەکتەب و ڕەوتگەلێک سەریان هەڵداوە کە تیشکیان خستۆتە سەر بەختەوەری مرۆڤ و گەشە و ئاوەدانی وڵات و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی خەڵک.

1- لە مەکتەبی فەلسەفەی ئیسلامی، فاڕابی مامۆستای سانی(بە عەڕەبی= ثانی) و هاوفکرەکانی، یەحیای کوڕی عودەی(بە عەڕەبی= یحیی بن‌عدی)، ئەبوو سلێمانی موحەممەد سیستانی و عامری نێشابووری، حەولیان داوە تاکوو لە نێوان کۆمەڵگا و ئەخلاق و سیاسەت پێوەندی ساز بکەن. فاڕابی ڕای وابوو کە مەبەست و ئامانجی فەلسەفەی مەعریفەی خوداوەندی تاقانه، گەشە و ئاوەدانی و وەدیهێنانی بەختەوەری خەڵک لە هەردووک دونیایە.  

2- مەکتەبی ئەخلاقیی لایەنگری گەشە و ئاوەدانی یا قوتابخانەی ئەخلاقیی "ئەبووحامید موحەممەد غەزالی" لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئامانجی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، گەشە و ئاوەدانی و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقییە؛ چونکە دەسەڵاتداریی ئەخلاق هۆی بڵاوبوونەوەی مەعنەوییەت و چاکسازی نەفسە و هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئاوەدانییە. ئیمام غەزالی لەسەر ئەم باوەڕەیە کە بنچینەی کۆمەڵگای ئیسلامی لەسەر پاراستنی نەفس، مەعنەوییەت و دەسەڵاتداریی ئەخلاق  دامەزراوە. 

3- ئەو مەکتەبە سیاسییەی وا ئاڵاهەڵگری گەشە و ئاوەدانییە و عەلی کوڕی موحەممەدی ماوێردی ڕیبەڕێتی، بنکە و دامەزراوە حکومییەکان به ئامێرێک بۆ گەشە و ئاوەدانی و ئاسوودەیی خەڵک وەسف دەکات. ئیمام ماوێردی لە ئەحکاموسوڵتانییەدا(بە عەڕەبی= احکام السلطانیه)، باس لە چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وڵات و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداری دەکا و گەشە و ئاوەدانی و بەختەوەری خەڵک وەک سەرتۆپی ئەرکەکانی حکومەتی ئیسلامی دێنێتە ئەژمار. 

4- قوتابخانەی فیقهی ئەبولوەلید ئەحمەدئیبنی ڕوشد ئەندەلۆسی(بە عەڕەبی= ابوالولید احمد بن رشد اندلسی). ڕێبەڕان و شوێنکەوتووانی ئەو قوتابخانه فیقهییە، لایان وایە کە زانستی شەرع ئامێرێک بۆ خزمەت بە گەشە و ئاوەدانی لە هەموو بەشە جیاوازەکانی بەندایەتی، پێوەندە کۆمەڵایەتییەکان، سەودا و معامەلە و بەرگرییە. ئاوەزمەندان لە ڕێگای زانستی شەرع و نزیککردنەوەی عەقڵ و پەیامە ئاسمانییەکان بۆ چاکسازی دونیا و پاشەڕۆژی خەڵک تێکۆشاون. ئیبنی ڕوشد بۆ ئاشتکردنەوی جەهانبینی ئایینی و فەلسەفی، عەقڵ و ئیمان و حیکمەت و شەریعەت گەلێک تێکۆشاوە و هەنگاوی بەنرخی هەلێناوەتەوە، کە یەکێک لەوان نووسینی کتێبێک بە نێوی (فصل‌المقال فیما بین الحکمه و الشریعه من الاتصال) بووە.  

5- لە ڕیز و هاوشانی ئەو مەکتبە زیندووکەرەوە و ئەندێشە چاکسازانەدا، مەکتبێکی ئاوەدانکەرەوە سەری هەڵدا و گەشە و ئاوەدانی و بەختەوەری و ئاسوودەیی خەڵکی لە گۆشەنیگایەکی ترەوە خستە بەر چاو کە بریتییە لە: قوتابخانەی کۆمەڵایەتی-مێژوویی کە سەرەکیترین کەسایەتییەکەی، ئەبووزەیەد عەبدوڕەحمانی کوڕی خەلدوون(بە عەڕەبی= ابوزید عبدالرحمن بن خلدون)، دامەزرێنەری زانستی کۆمەڵناسی، مرۆڤناس، مێژوونووس و سیاسەتوان بوو کە گەشە و ئاوەدانی و قۆناغەکان و ڕیباز و چۆنییەتی پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی خسته بەرباس، لە لایەکی ترەوە جەختی کردە سەر پێویستی گرینگیدان به کاروباری ئاوەدانی، ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی و هەروەها نەزم و نیزامی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مرۆڤی و ئیسلامی، ئاوەدان و ئازد و خاوەن شارستانییەت و سەقامگیر، تاکوو لەودا بەستێنێک بۆ دابینکردنی ئاسوودەیی و گەشە و ئاوەدانی فەراهەم بکرێت. 

 لەم بەشەدا بە پێویستی دەزانم بابەتی ئامانجەکانی شەریعەت لە گۆشەنیکایەکی ترەوە بخەمە بەرباس. بە تاوتوێکردنێکی وردبینانە دەردەکەوێ کە مەبەست و ئامانجی کۆمەڵگا و تەنانەت ئەو کۆمەڵگایانەی وا ڕێدۆزێکی ئایینییان نییە و ڕۆلی ئایین لە ژیاندا کاریگەر ناکەن، لە ڕاستیدا ئەو ئامانجە شەرعییانەی کە تاقمێک لە ئاوەزمەندان گۆڕانکارییان بەسەردا هێناون و جەختیان لەسەر کردوون، دەکرێ له ئاخاوتنی ئیسلامیدا لە چوارچێوەی ئەم ناونیشانانەدا بگونجێن: 

الف) پاراستنی دین: واتا پاراستنی نەزمی بەهاکان یا ئەو ڕێسا و پێوەرانەی کە بنچینەی هەر کۆمەڵگایەکەن. لە ڕاستیدا هەموو کۆمەڵگایەک حەول دەدات تا نەزمی ئەخلاق و بەهاکانی خۆی بپارێزێ؛ تەنانەت ئەگەر ئەو نەزم و نیزامە دەستکردی  مرۆڤ و عەقڵ خۆی بێت و لە پەیامە ئاسمانییەکان جودا بێت. چونکە لێرەدا واتای دین گشتییە، وەک قورئانیش کە دەفەرموێ: «لَكُمْ دِينُكُمْ وَ لِيَ دِينِ»، که " دِينُكُمْ " بە واتای هەموو چەشنه ڕوانگە و باوەڕ و ڕێبازێکه. 

بێگومان ئایین ڕێنمای ژیانه و  ڕوونکەرەوی بیر و کردەوی مرۆڤەکانه و زۆرجار بە ڕوانین لە نەزمە فکرییەکان دەکرێ لە بەهاکانی کۆمەڵگایەک تێ بگەین.

ب) پاراستنی نەفس: پاراستنی نەفس بەردەوام پرسی بنەڕەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووە و لە ڕاستیدا بیردۆزی گرێبەستی کۆمەڵایەتی فیلسووفەکان وەک بیردۆز و پلانێک کە گۆڕانکاری دەخوڵقێنی لە مەودای مێژوودا لەسەر پاراستنی نەفەس سەقامگیرە و بنچینەی دەوڵەت و ڕێساکانی کۆمەڵگای لەسەر دامەزراوە؛ چونکە گرێبەستی کۆمەڵایەتی جەخت دەکاتە سەر بنەمای شارستانییەتی، ئاوەدانی، گەشە، بەرپرسبوونی دەسەڵاتداران، بەرپەرچدانەوەی زۆرداری، لەمپەرسازکردن بۆ لاساری و فەساد و خەراپە، تاکوو بەری ڕووخان و داڕمانی کۆمەڵگا بگرێ و کەرامەت و ئازادی مرۆڤ بپارێزێ. لەم بوارەدا جاڕنامەی مافی مرۆڤ  وەک بەڵگەیەکی نێونەتەوەیی شیاوی ڕاڤە و لێکدانەوەیە.     

ت) پاراستنی عەقڵ: لە ئامانجە گرینگەکانی شەرعە  و سەرجەم تێکۆشانەکان لە بوارەکانی زانستی، فەلسەفی، ئەدەبی و فەن و هۆنەرەجونەکان و ... گشتییان لەپێناو پاراستن و بەهێزکردنی عەقڵدا بوون. بەها و پێگەی عەقل لە لای هەموو مرۆڤیک و لە هەموو کۆمەلگایەک بەردەوام پارێزراوە. 

ج) پاراستنی ماڵ: بێگومان پاراستنی ماڵ یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و کۆمەلگای مرۆڤایەتییە. ماڵ و سەرمایە، بڕبڕەی پشتی ژیان، کەرەستەی ئاوەدانی شار و باژێڕەکان، پێوندی نێوان کۆمەڵگاکان، بەردی بناغەی بازرگانی و پیشەسازی و گەشە و خۆشگوزەرانییە، فەقیری و دواکەوتوویی و بۆ تاک و کۆمەڵگا ناپەسەند و لۆمەکراوە و پاراستن و ڕاگرتنی ماڵ پێویست و پەسندکراوە.    

د) ئازدی: ئازادی یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامه. گەوهەرێکی پڕبەهایە کە لە سروشت و دەروونی مرۆڤدا ڕیشەی داکوتاوە، حەز بە ئازادی نەتەنیا لە مرۆڤ بەڵکوو لە هەموو بوونەوەرەکاندا حاشاهەڵنەگره. ئاشکرایه که ئازدی لە ژیربێژی و لۆژیکی ئیسلام و عەقڵێکی سڵامەتدا بریتییە لە مافی هەڵبژاردنی ئازاد و بەئەنجام گەیاندنی توانایی و گەشەپێدانی داهێنانەکان و نەخزانه لە داوی هەوا، خراپه، زۆرداری، دەسەڵاتخوازی، ملهوڕی، خۆشەویستی پلە و پایە و پێشێلکردنی مافی خەڵک. ئەوەش ڕوونە کە لە مەودای مێژووی مرۆڤایەتیدا،  ئازادیخوازی نەتەوەکان پڕە لە خەبات و تێکۆشانی ئەو قارەمانانەی کە گەورهەری بێخەوشی ژیانیان فیدای ئازادی نەتەوەکانیان کردووه.

ز) بەرپاکردنی عەدڵ و دادگەری: عەداڵەت لە ئیسلامدا بەهایەکی بنەڕەتییە و مرۆڤ ڕاسپاردە و کارگێڕی بەرپاکردن و پتەوکردنییەتی. عەداڵەت پێوەر و عەیاری خودا لەسەر زەوی و تەرازووی لێپرسینەوەی دواڕۆژە «وَنَضَعُ الْمَوَازِينَ الْقِسْطَ لِيَوْمِ الْقِيَامَةِ فَلَا تُظْلَمُ نَفْسٌ شَيْئًا وَإِن كَانَ مِثْقَالَ حَبَّةٍ مِّنْ خَرْدَلٍ أَتَيْنَا بِهَا وَكَفَى بِنَا حَاسِبِينَ»(انبیا/٤٧). لە مەودای مێژوودا ئاوەزمەندان، زانایان، فەیلسووفان، یاسازانان و ڕێبەرانی سیاسی بە شێوەگەلی جۆراوجۆر جەختیان کردۆتە سەر پێویستی بەرپاکردنی عەدڵەت و دادگەری لە کۆمەڵگادا و جێبەجێکردنی ئەو گرینگەیان به هێمای سڵامەتیی کۆمەڵگا زانیوە و کردەوە و هەڵسوکەوتی دادگەرانەیان بە تایبەت بۆ کاربەدەستان، هۆکارێک بۆ ئاسوودەیی و حەوانەوە و گەشەی کۆمەڵگا لەقەڵەم داوە. تاقمێک لە ئاوەزمەندان و یاسازانان، فەلسەفەی یاسا و زانسته شەرعییەکانیان به عەداڵەت و دادگەری لێک داوەتەوە.

بە بڕوای من، بە سەرنجدان لە بابەتەکانی باسکراو و هاوسانبوونی ئامانجەکانی شەرع و مەبەستە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، پێویسته مسوڵمانان بە شوێن دانانی پلانێکی نوێ بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بن و لەپێناو وەدیهێنانیان لە هەر چەشنە هاوکاری و یارمەتیدانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی درێغی نەکەن.