ئەگەر چەمکى عەدالەت و سیستەمى دادپەروەرانە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى سیاسى و کۆمەڵایەتى هەر کۆمەڵگەیەک بێت، ئەوا ئەخلاق و ئەخلاقیبوون دەبێتە ڕۆحى ئەو سیستەمە و هۆى پاراستن و دامەزراویى و درێژەدان بە عەدالەت و پاراستنى مافى تاک و چین و توێژەکانى کۆمەڵگە، ئەوەش ڕوونە کە فەزیلەتە ئەخلاقییەکان قیمەت و بەهاى ڕاستەقینەى مرۆڤەکان دیارى دەکەن و نرخ و ڕێزیان بەرز دەکەنەوە و پێگەیان لەناو کۆمەڵگەدا قاییم و دامەزراو دەکەن و خۆشەویست و خوازراو دەبن لاى هاوڵاتییەکانیان.

پابەندبوون بە ئەخلاق و بەها باڵا جوانەکان و ئەخلاقى بوون لە مامەڵە و گوفتار و ڕەفتارى ڕۆژانەدا، یەکێکە لە پێوەرە گرنگەکانى ئینسانییەتى مرۆڤەکان، بە ڕادەى بوونى ئەم بەها و خەسڵەتانە لە تاک و لایەنەکاندا دەتوانرێت کەسایەتییان هەڵسەنگێنرێت و نمرەى سەرکەوتووییان بۆ دەستنیشان بکرێت.

کۆمەڵێک بەها و خەسڵەت هەن کە ئەگەر بێتو مرۆڤ لەدەستیان بدات، ئەوا بەر لە هەر شتێک کەسایەتى خۆى لەدەست داوە و خۆى دۆڕاندووە، وەک ڕاستگۆیى و دەستپاکى و نیازپاکى و کەرامەتدارى و شکۆمەندى و هتد.

یەکێک لەو شتانەى کە پێگە و ڕێز و کەسایەتى مرۆڤ دەدۆڕێنێت و لەکەدارى دەکات، سیفەتى نەخوزراوى (درۆکردن)ە، بەتایبەت ئەگەر ئەم درۆیە لەپێناو بەرژەوەندییەکى کەسى و تایبەتدا بێت بۆ چەواشەکردنى بەرامبەر و فریودانیان، یاخود لەپێناو (دراو) و ساماندا بێت و دەرخەرى ڕووى ڕاستەقینەى کەس و لایەنى (درۆزن) بێت و نیشاندەرى (پارەپەرستى)و بەکارهێنانى سامان و موڵکى گشتى بێت بۆ بەرژەوەندى کەسى و تایبەت بەشێوەیەکى نادروست.

زۆر کەس و لایەنمان بینیوە و دەبینین کە لە هەندێ قۆناغ و وێستگەى ژیان و خەبات و تێکۆشاندا، براوە و سەرکەوتووى گۆڕەپانەکە بوون و لە پێش ڕکەبەر و نەیارەکانیانەوە بوون، بەڵام هەر ئەم کەس و لایەنانە بەهۆى چوونە ژێر بارى پارە و پۆست و درۆکردن لەگەڵ هاوڵاتى و کۆمەڵگە و لایەنگرەکانیان، لە وێستگە و قۆناغێکى دواتردا یارییەکەیان دۆڕاندووە و لە هەردوو ڕووەوە دۆڕاندوویانە، هەم لە ڕووى ڕێژەى دەستکەوت و سەرکەوتن و پێشکەوتنەکانیانەوە، هەم لە ڕووى لەدەستدانى متمانەى دۆست و لایەنگر و هاوڵاتییەکانیانەوە و میسداقییەتیان لەبەرامبەر دروشم و بانگەشە و کارنامەکانیانەوە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوەش بەهۆى چەواشەکردن و فریودانى هاوڵاتى و لایەنگرەکانیان بە بەڵێن و دروشمى بریقەدار و ناڕاست و مامەڵەى ڕووکەش و دوو فاقییانەوە.

زۆر جار درۆ و دراوى مرۆڤ و لایەنە براوەکانى هەندێ وێستگە و قۆناغ، دەیانکاتە دۆڕاو و شکستخواردووى چەندین قۆناغ و بەڵکو دەیانکاتە دۆڕاوى مێژوو، دۆڕاوێک کە ئەگەر لە چەنین یارى و کایەى دیکەشدا بیبەنەوە قەرەبووى ئەو دۆڕانەیان ناکەنەوە.

بەڵێ ئەم دوو فاکتەرە (درۆ و دراو) کە فاکتەرى ئابڕووبەرى دۆڕان و لەکەدارکردنى کەس و لایەنەکانن و هۆکارى دەرخستنى دیوى شاراوە و ڕووى ڕاستەقینەى ئەوانەن کە پشتیان پێ بەستوون و دەبنە دەستێکى بەهێز بۆ لابردنى ڕووکەشى سەر دەمامکەکانیان، زۆرجار ئەم (درۆ و دراو)ە تۆڵەسێن و زەبر وەشێنە، (براوە!!) کانى هەندێ قۆناغ و وێستگەى ژیانیان کردووەتە دۆڕاوى ڕاستەقینەى ناو گۆڕەپانەکە و بەڵکو دۆڕاوى هەمیشەیى مێژوو، کە ئەم نموونانەش لە ناو هەرێمى کوردستاندا بینراون و ئەزموون کراون، بەتایبەت لە کایە سیاسییەکەدا.

هەر کۆمەڵگە و لایەن و کەسێک لە ژیان و کارى ڕۆژانەى تایبەت و حکومى و دامەزراوەیى و سیاسى خۆیدا، پەیوەست نەبێت بە فەزیلەتە ئەخلاقییەکانەوە و ڕاستگۆ نەبێت لەگەڵ بەرامبەرەکانیدا، ئەوا ئەگەرچى کەفوکوڵى ڕۆژگارو هەندێ لە میکانیزمەکان سەرکەوتنى پێ بەخشیبێت و کردبێتییە براوەى قۆناغێک و گۆڕەپانێک، دڵنیابێت کە ڕۆژێک ڕۆژگار (گورزى گورچک بڕ)ى خۆى لێدەدات و دەیکاتە دۆڕاو و پەندى زەمانە، چونکە زەمەن و ڕۆژگار ڕەحم بە کەس ناکات و دەمامکەکان تا سەر بە دەم و چاوە شاراوەکانەوە نامێننەوە، ڕۆژێک دێتە پێشەوە کە ڕووکەشى بریقەدار کاڵ دەبێتەوە و ژەنگ و ژارەکان دەردەکەون و خەڵکى حەقیقەتى (زێر و مس) و (ئاسن و تەنەکە)ى بۆ دەردەکەوێت.