ئه‌ھلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت بانگه‌وازو په‌روەردە وەک فه‌رزێکی ئایینی دەبینن و بە ئەرکێکی سەرشانی ھەموو موسڵمانێکی دادەنێت و، وازھێنان لێی وەک تاوانێکی کۆمەڵایەتی و گەورە تەماشا دەکات و لەکاتی نەبوونیدا پێی وایە پشێوی و ئاڵۆزی ڕوو لە کۆمەڵگە دەکات..ئەم حوکمی فەرز بوونەش لە چەند بنەمایەکەوە دەھێنن:

1- بانگەوازو پەروەردە بەپێی ھەندێ ئایەتی قورئانی پیرۆز فەرزن و لەسەر کۆمەڵگە پێویستە کاری بۆبکەن، ھەندێ لەو ئایەتانە بە ڕاستەوخۆیی یا ناڕاستەوخۆیی باس لەو فەرزبوونە دەکات:

(ولتکن منکم امة یدعون الی الخیر و یامرون بالمعروف و ینھون عن المنکر)ال عمران/104 با کۆمەڵێکتان لێ دەرچێت بانگەواز بکەن بۆ خێرو فەرمان بکەن بەچاکەو بەرگری بکەن لە خراپە.

مەبەست لە فەرمان بە چاکەو قەدەغەی خراپە بانگەوازو پەروەردەیە.

(ادع الی سبیل ربک بالحمة و الموعظة الحسنة وجادلھم بالتی ھی احسن)النحل/125 بانگەواز بکە بۆ ڕێبازی پەروەردگارت بەدانایی و ئامۆژگاری باش، بەشێوازێکی باشترو لەبارترلەوەش گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی دا بکە.

(ادع الی ربک انک لعلی ھدی مستقیم)الحج/67 بانگەواز بکە بۆ ڕێبازی پەروەردگارت، تۆ لەسەر ڕێنماییەکی راستیت.

(فلذلک فدع واستقم کما امرت و لا تتبع اهواءهم)الشوری/51 لەبەر ئەمە بانگەواز بکەو ڕاست لەسەر ڕێگە بە ھەروەک فەرمانت پێ دراوەو شوێن ئارەزووەکانی بێ باوەڕان مەکەوە.

دیارە ئەو گوتارەش تەنھا ڕووی لە پێغەمبەرۖ  نی یەو بەوەوە تایبەتمەند نیە، بەڵکو بۆ ھەموو کۆمەڵگەی ئیسلامی یەو ڕوو لە ھەموویان دەکات و بەپێویستی سەرشانیانی دەبینێت.

*(وکذلک جعلناکم امة وسطا لتکونوا شهداء علی الناس و یکون الرسول علیکم شهیدا)البقرە/143 بەم شێوەیە بەھۆی ئیسلامەوە کردوومانن بە گەلێکی مام ناوەندی تا ببین بە شایەت بەسەر خەڵکی یەوەو پێغەمبەریش ببێت بە شایەت بەسەرتانەوە.

بێگومان ئەم شایەتیەش نادرێت و بە تەواوی ناگاتە جێ، تا بارو دۆخی تەواوی خەڵک شارەزا نەبن و پەیام و بانگەوازی خوایان پێ نەگەیەنن.

*(ملة ابیکم ابراهیم هو سماکم المسلمین من قبل و فی هذا لیکون الرسول شهیدا علیکم و تکونوا شهداء علی الناس..)الحج/78 میللەت و گەلی باوکە گەورەتان ئیبراھیم کە ناوی نان موسڵمان، بۆ ئەوەی لەم مەسەلەیەدا پێغەمبەر ببێت بە شایەت بەسەرتانەوە و ئێوەش ببن بە شایەت بەسەر خەڵکەوە.

شایەتی پێغەمبەر لە گەیاندن و بانگەوازی ئاینەکەیدایە، وەختێ شایەتی موسڵمانانیش بەجێیە کە ئەو کاری بانگەوازو پەروەردەی بەجێ بھێنن.

(کنتم خیر امة اخرجت للناس تأمرون بالمعروف و تنهون عن المنکر و تؤمنون بالله)ال عمران/110 ئیوە باشترین کۆمەڵ و گەلن لەناو خەڵکیدا، فەرمان دەکەن بەچاکەو بەرگری دەکەن لە خراپەو بڕواتان بە خوا ھەیە.

ئەم سیفەتی باشترینەیان خۆڕسک نیە، بەڵکو لە ئەنجامی کردارەکانیانەوە بۆیان دروست و دەبێت؛ کە فەرمان کردنە بە چاکەو بەرگری کردنە لە خراپە، ئەمەش بانگەوازو پەروەردەیەو ھەر کۆمەلس و گەلێکیش ئەو کردارانە ئەنجام بدەن سیفەتی باشترینەکەیان بەردەکەوێت، ئیتر ئەم باشترینە ھیچ پەیوەندیەکی بەنەتەوەو نیشتمان و خێڵ و سەردەم و ڕنگ و زمان و چینەوە نیە.

(یا أیها الذین آمنوا هل ادلکم علی تجارة تنجیکم من عذاب الیم. تؤمنون بالله و رسوله و تجاهدون فی سبیل الله بأموالکم و أنفسکم ذلکم خیر لکم ان کنتم تعلمون،یغفر ذنوبکم..)الصف/12-10 ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە بازرگانیەکتان پیشان بدەم لە سزای سەخت ڕزگارتان بکات، باوەڕبێنن بەخواو پێغەمبەرەکەی ولە پێناوی ئاینی خوادا بەسەرو ماڵتان تێبکۆشن، ئەگەر لێی بزانن ئەمە باشترە بۆتان،لە تاوانەکانتان دەبوورێت.

ھەرچەندە لێرەدا خوای گەورە وەک وەسف باسەکەی پێشکەش کردووە، بەڵام لەخۆیدا مانای فەرمان پێکردن و جەخت لەسەرکردن ھەڵدەگرێت.

جگە لە قورئانی پیرۆز پێغەمبەریشۖ فەرمانی بە بانگەوازو پەروەردە کردوەو لە فەرموودەکانیدا دوپاتی کردونەتەوە:

- (...با ئەوەی ئامادەیە بەوانەی بگەیەنێت کە لێرە نین، ڕەنگە یەکێکی ئامادە بتوانێت بۆ یەکێک لەخۆی شارەزاتری بگەیەنێت..)

- (...ئەگەر تەنھا ئایەتێکیش بووە لە منەوە بیگەیەنن..)

ئەم دوو فەرموودەیە ڕاستەوخۆ جەخت لەسەر بانگەوازو گەیاندنی پەیامی خوایی دەکات وەک فەرزێکی سەرشانی موسڵمانان نەخشەی دەکێشێت.

- ( خوای گەورە ڕێز لە کەسێک دەگرێتکە وتارو قسەکانی گوێ لێ بێت و لەبەریان بکات، لەوانەیە بیگەیەنێتە کەسێک لەخۆی باشتر لێی تێبگات، لەوانەیە گوێزەرەوەی وتەیەک خۆی لێیی حاڵی نەبوبێت خەڵکی تر بتوانن تێی بگەیەنن..)

ئەو ئایەت و فەرموودانەی بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ باسەکە دەخەنە بەرچاو، مەبەستیانە کارکە بخرێتە رێزی فەرزو ئەرکە ئایینیەکانەوەو وەک ئەوان سەیریان بکرێت، یا بانگەوازو پەروەردە دەکەنەڕێخۆشکەرو یارمەتیدەری بەجێھێنانی نوێژو زەکات و یاساکانی تری بەرنامەو پرۆگرامی خوا.

2- پەیام و ئایینی پێغەمبەرۖ پەیامێکی جیھانیەو لەکاتی ھاتنیەوە تا قیامەت درێژەی دەبێت، لە میانەی ئەو درێژبوونەوەیەدا و لەسەردەمە جیاوازەکاندا پێویستە کۆمەڵێک ھەبن بانگەوازی بۆ بکەن و بەڕوونی پیشانی خەڵکی بدەن و ھەرچی شێوازو ھۆکاری شیاو ھەیە بۆ ئەم مەبەستە بەکاری بھێنن.

(تبارک الذی نزل الفرقان علی عبده لیکون للعالمین نذیرا)الفرقان/1 بەرزو پیرۆزی بۆ ئەو خوایەی قورئانی خەڵاتی بەندەیەکی کردوە تا ببێتە ئاگادارکەرەوەی ھەموو جیھانەکان.

(وما ارسلناک الا رحمة للعالمین)الانبیاء/107 ئەی پێغەمبەر وەک ڕەحمەتێک تۆمان بۆ ھەموو جیھانیان ناردوە.

*(و ما ارسلناک الا کافة للناس بشیرا و نذیرا)سبأ/28 تۆمان بە مژدەدەرو ئاگادار کەرەوەی ھەموو خەڵکی ڕاسپاردووە.

*(قل یا ایها الناس انی رسول الله الیکم جمیعا..)الاعراف/158 ئەی موحممەد بڵێ ئەی خەڵکینە من پێغەمبەری خوام بۆ ھەمووتان.

*(..ولکن رسول الله و خاتم النبیین)الاحزاب/40 ...بەڵام پێغەمبەری خواو کۆتاترین پێغەمبەرانە.

مادام ئەم بانگەوازە تا قیامەتەو پێغەمبەرو ئایینی تری بەدوادا نایەت، پێویستە ھەڵگرانی بە ھەموو خەڵکی سەرزەویی بگەیەنن، چونکە خوای گەورە پێش گەیاندن و ئاگادارکردنەوە لە کەس ناپرسێتەوە.

*(و ما کنا معذبین حتی نبعث رسولا)الاسراء/15 ئێمە سزای کەس نادەین تاکو نێرراوێک نەنێرین.

(و لو انا اھلکناھم بعذاب من قبله لقالوا ربنا لولا أرسلت إلینا رسولا فنتبع آیاتک من قبل أن نذل و نخزی) ئەگەر لەپێش ناردنی پێغەمبەر یا نێردراوێکەوە سزامان بدانایە، دەیانوت خوایە خۆزگە پێغەمبەرت بناردایەو شوێنی بەڵگەو پەیامەکەت بکەوتینایە پێش ئەوەی ئاوا زەلیل و سەرگەردان ببین.

پێغەمبەریشۖ ھەر لەسەرەتای ھاتنیەوە جەختی لەسەر جیھانیەتی و بەردەوامی بانگەوازەکەی کردوە، ھەروەک دەفەرموێت:

(...ھەرچی پێغەمبەران ھەبوون بۆ گەلەکانیان ڕەوانە کراون، منیش بۆ ھەموو خەڵکی بەگشتی).

لەپاش لەدونیا دەرچوونی پێغەمبەران شوێنکەوتەو ھەڵگری بیروباوەڕەکانیان گەیاندن و ڕوونکردنەوەیان کەوتۆتە ئەستۆ، لەبەر ئاڵۆزی ژیان و کەوتنەوەی خراپەکاری و ئاشووب لە ھەندێ جێگەداو، بۆ مانەوەی کاریگەری ئیسلام وەک بەرنامەیەکی ژیان، بانگەوازو پەروەردە پێویست دەبێت.

3- لە قورئانی پیرۆزدا ھەڕەشەیەکی توندو سەخت لەوانە کراوە کە زانست و تێگەیشتنێکیان لەلایەو نایگەیەنن بە کەسانی ترو تەنھا بۆ خۆیانی قۆرخ دەکەن و خەڵکی لێ ئاگادار ناکەنەوە.

(إن الذین یکتمون ما انزلنا من البینات والهدی من بعد ما بیناه للناس فی الکتاب اولئک یلعنهم الله و یلعنهم الاعنون. إلا الذین تابوا و أصلحوا و بینوا فأولئک أتوب علیهم و انا التواب الرحیم)البقرة/160-159. ئەو کەسانەی ئەو ڕێنمویی و ڕوونکردنەوانە دەشارنەوە کە ناردووماننەتە خوارێ و لە قورئاندا بۆ خەڵکمان شی کردۆتەوە، ئەوە نەفرینی خواو نەفرینکەرانیان لێ بێت. مەگەر ئەوانەی لێ دەرچێت کە تەوبە دەکەن و چاک دەبنەوەو باسەکان بۆ خەڵکی شی دەکەنەوە، ئەوانە لێیان خۆش دەبم، من لێبوردەو میھرەبانم.