«وَاصْبِرْ عَلَىٰ مَا يَقُولُونَ وَاهْجُرْهُمْ هَجْرًا جَمِيلً» (المزمل/١٠)

له به‌رامبه‌ر گوفتاری ناڕه‌وای خوانه‌ناسانه‌وه هه‌رده‌م خۆڕاگر به‌ و به شێوازێکی جوان به‌جێیان بهێڵه‌.

خوای گەورە فەرمانی به پێغەمبەرەکەی داوە له‌سەر سەبر و خۆڕاگری و له قوڕئانیشدا زۆر باسی خۆڕاگری کراوە، زۆرینەی خەڵک له چاکی و بەرەکەتی خۆڕاگری بێ ئاگان و ئەگەر لە مرۆڤە پایەبەرزەکان سه‌باره‌ت به‌ سەرکەوتنەکانیان پرسیار بکەین، هەموویان لەسەر خۆڕاگری و سەبر هاوڕان.

بەم هۆیەوە پەروەردگار خەسڵەتی ڕزگارکراوان بە وشەی سەبر کۆتایی پێ دێنت و دەفەرموێت: «وتواصوا بالصبر» ئیمان و باوەڕ پێویستی بە خۆڕاگرییە؛ ماف بە خۆڕاگری بە دەست دێت و سه‌بر و خۆڕاگریش پێویستی بە سەبرگرتنە.

خودا بە پێغەمبەری خۆی فەرمانی داوە لە بەرامبەری قسەی دوژمنان خۆڕاگر بێت، چۆنکە ئەوانە قسانێکی ناڕەوا و ئازارهێن بە زمان دێنن وەکوو ساحیر، شاعیر، کاهن، شێت و مەجنوون و... لە کاتێکدا کە ئەو خاوێنترین، ڕاستگۆترین و زاناترین و کامڵترین مرۆڤ بوو. کەوابوو بۆ ئەو زۆر ناخۆش و گران بوو. ئێمەیش لە دووپاتکردنی ئەم گوتانە هەست بە بێزاری دەکەین، ئینجا چون بووە کە پێغەمبەری خوا لەم بوختانانە کە لە زمانی خەڵکی دەبیست یا دەیانگەیاندە گوێی، تەنانەت لە نزیکترین کەسانی خزمیشی ئازاری پێ دەگەیشت.

وظُلْمُ ذَوِي القُرَبى أَشَدُّ مَضاضَةً

على المَرءِ مِن وَقعِ الحُسامِ المُهَنَّدِ

واتە: زوڵم و ستەمی کەسانی نزیک بۆ مرۆڤ سەختتر لە زەڕبەی شمشێری هیندییە.

خودا سەبر و خۆڕاگری پاڵ داوەتە وتە ناڕەواکان، چونكه زۆرتر بە زمان ئازاریان دەدا و پێیان وابوو کە بەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بەرگری لە بانگهێشتی بکەن. لەلایەکی ترەوە کاریگەری گوتەی ناڕەوا له ئازار و شتەکانی دی زۆرتر بوو و به‌ ئەزموونیش ئەمە سه‌لمێندراوه‌، هەر کەسێک دەیتوانی قسە بکات بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوت و ‌ئازاری جه‌سته‌یی کە تەنیا له کەسانی به‌توانا و بەهێز دەوەشاوە. لەم ئایەتەدا خۆڕاگری و بێ مەیلی و وازهێنان لە تەنیشت یەک هاتوون و ئەمە لە نهێنییەکانی سەیر و بێ هاوتای ئایەتەکەیە.

چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی لە دوو حاڵەت بەدەر نییه؛ یان لە گەڵیان تێکەڵ دەبین و لەسەر کردەوەکانیان خۆڕاگر دەبین و یان ڕوویان لێ هەڵدەکەین و گیان بە سەلامەت دەبەین. لە سەرەتاوە بە پێغەمبەری فەرمان دەدا کە لە‌ بەرامبەر گوتە ناشیاوەکاندا خۆڕاگری بکات، واتە لەگەڵیان‌ تێکەڵ و‌ ئاوێتە بێت و لەسەر ئازارکانیان سەبوور بێت. نێردراوی خواش جه‌ختی ده‌كرده‌ سەر ئەم شته‌ گرینگە:

«المؤمنُ الذي يخالطُ الناسَ، ويصبرُ على أذاهم، خيرٌ من الذي لا يخالطهم، ولا يصبرُ على أذاهم». واتە: «ئیماندارێک کە لەگەڵ خەڵکی تێکەڵ دەبێ و لەسەر ئازاریان خۆڕاگرە، باشتر لەو کەسەیە کە تێکەڵاویان نابێت و لەسەر ئازاریان خۆڕاگر نییە».

ئازار و ئەزیەت یەکێک لە سیفاتی خەڵک و کۆمەڵگایە، مەگەر کەسێک لەژێر سێبەری خودادا بێت. ئەتۆیش یەکێک لە خەڵکیت و هەندێ جار دەکەویتە بەر ڕەنج و ئازار؛ لە هاوسەرەکەت گلەیی دەکەیت یان ئەو وایە. لە دراوسێکەت دڵگرانی و دەناڵێنی یان ئەو لە تۆ ناڕەحەتە. هەندێ جار لە هاوکارەکەت دڵخۆشیت نییە یان ئەو ڕەنگە وابێت. برای هاوخوێنیت لە تۆ سکاڵا دەکا یان ڕەنگە تۆ وابی. هەر مرۆڤێک یان ئازار دەدات یان ئازار دەبینێ، مەگەر کەسێک کە ڕەحمەتی خوای لەسەر بێت. هەندێ جاریش بێ قەست و مەبەست لەسەر بێ خەبەری و حه‌زی نه‌فس، مرۆڤایەتی ئازار دەدرێ.

وزهَّدني في الناس معرفتي بهم

وطُولُ اختباري صاحبًا بعدَ صاحبِ

فلم تُرِني الأيامُ خِلًّا تسـرُّني

مباديه إلا ساءني في العواقبِ

ولا صِرتُ أدعوهُ لدفعِ ملمَّةٍ

من الدهر إلا كان إحدى النوائبِ

بە هۆی‌ شناختێک کە لە خەڵک هەمە، لێیان دوور دەبمەوە، چونكه هەموویانم تاقی کردۆتەوە. ڕۆژگار هەڤاڵێکی پێم پیشان نەداوە کە لە سەرتاوە پێی دڵخۆش بم‌ و لە ئاکامدا خراپی بۆم نەبێت،هەرکات بۆ دوورخستنەوەی زیانێک پەنام بۆ کەسێک بردووە، خۆی بۆتە بەڵایەک لێم.

بابەتی دووەم: مەبەست لە وازهێنان لە خەڵکی ئەوە نییە کە بە تەواوەتی لەوانە هەڵگەڕێیتەوە؛ قەد وانییە! چونکە ڕەسووڵی خوا فه‌رمانبه‌ر بوو تا لەنێو مەجالیس و دانیشتنەکانیاندا بەشداری بکات و بۆلای خوا بانگهێشتیان بکات. مەبەست وازهێنان بە تەواوی نەبوو کە لەگەڵیان نەدوێت. بەڵکوو بێ مەیلی بە گوتە ناڕەوا و باس و شەڕەقسە لەگەڵیان بوو کە نابێ خۆی تێکەڵاوی ئه‌و مشتومڕە بێهوودانە بکات. ئەمە وەکوو سفارشی خودا بۆ مه‌ریەمی عوزرایە کە دەفەرموێت:

«فَإِمَّا تَرَيِنَّ مِنَ الْبَشَرِ أَحَدًا فَقُولِي إِنِّي نَذَرْتُ لِلرَّحْمَنِ صَوْمًا» (مه‌ريه‌م/26) ئه‌گه‌ر که‌سێکت له خه‌ڵکی بینی و (پرسیاری لێ کردی)، ئه‌وه به ئیشاڕه‌ت تێی بگه‌یه‌نه و پێی بڵێ: به‌ڕاستی من بڕیارم داوه و نه‌زرم کردووه به‌ڕۆژوو بم بۆ خوای میهره‌بانم، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مڕۆ من هه‌رگیز قسه له‌گه‌ڵ که‌سدا ناکه‌م.

بەم چەشنە کە پێغەمبەره‌كه‌ی بە خۆڕاگرییه‌كی جوان ڕاسپارده‌ ده‌كا و لێی دەوێ كه به‌ شێوازێكی جوان وازیان لێ بێنێت و له‌ سته‌م و توندوتێژێ به‌دوور بێت.

هەندێ جار کەسێک بەهۆی کێشەی دونیایی برای موسوڵمانی خۆی بەجێ دێڵێ، تەنانەت ئەگەر هاوکار و دۆستی یەکیش بن؛ نە لەگەڵی ئەدوێ و نە بانگهێشتی قەبووڵ دەکات، لەکاتێکدا ئەم کردەوە حەرامە و لە حەدیسدا هاتووە: «لا يحلُّ لمسلم أن يهجرَ أخاه فوقَ ثلاث» بۆ موسوڵمان شیاو نییە زێدەتر لە سێ ڕۆژ لەگەڵ برای خۆی زویر بێت.

هیندێک لە خەڵکی قین و زیزبوونیان جوان نییە، چونکە ئەگەر لە کۆڕێک ناوێک لە برای موسوڵمانی بوترێ، بە قسەی ناشیاو باسی دەکا و غەیبەتی دەکا. ئەگەر ژیر بن و نەیانەوێ غەیبەتی بکەن، دەڵێین لێی گەڕێن خودا هەڵەکانی ئێمە و ئەو داپۆشێت. ئەمە غەیبەتی پۆشراوە وەکوو کەسانێک کە دەڵێن نامانەوێ غەیبەتی بکەین. ئەمە خۆی لە غەیبەت خراپترە، چونکە دەیانەوێ بڵێن دەبێ غەیبەتی بکەین، بەڵام ئێمە ژیر و دڵۆڤانین و لێی خۆش ئەبین و ئەگەر بمانەوێ باسی كه‌ین زۆر شتمان بۆ گوتن هەیە.

وقد وَجَدتَ مكانَ القَولِ ذا سَعَةٍ

فإن وَجَدتَ لِسانًا قائِلًا فَقُلِ

واتە: ئەگەر لە جێیەک بۆ قسەکردن دەرفەتت بوو، ئەگەر زمانێکی ڕەوان و‌‌ پاراوت هەیە بدوێ.

ئەمە یەکێک لە گەورەترین رێنوێنییەکانی ڕەببانی بۆ بانگهێشتکەرانە؛ چونکە زۆرێک لە چاکه‌کاران دێنە ئەم گوڕەپانە و تێکۆشان و کاتیان بەفیڕۆ دەچێ لە کاتێکدا تەمەن سنوورداره و کاتیش کەمە. تێکەڵاوی بە باس یان بانگه‌شه‌ی بێهوودە، جموجوڵ بۆ پێداچوونەوە و وەڵامدانەوە زۆر دەکا. بەڵام لەم کاتەنەدا کەمی ئەم کارە موباح و خاوێنە، ڕەنگە مەشڕووع و ئایینییش بێ، بەڵام ئینتیما دەروونییەکان ئەوە بەفیڕۆ دەدا و دەبێتە هۆی ئەوەی دەعوەتگەر خەسار و زیان ببینێت و بەرگرییه‌كه‌ی لە جیای ئەوە لەپێناوی ماف و نەقزی باتڵ بێت، لەپێناوی بەرگری لە خۆی بێت و کەسێک کە تەجرووبە و ئەزموونی بێت، بە باشی ئه‌م شته دەزانێت.

جا گرینگە کەوا یاداوەری بکەین کە بانگهێشت و فێرکاری و ئیسلاح لە بابەتە سەرەتاییەکانی ژیانی دونیایە کە پێیوە خەریکین، فێرکردنی مرۆڤەکان و په‌ره‌پێدانی ئەخلاق و ڕێنوێنی گومڕاکان و سەرلێشواوان و وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی، هەندێ جار لە زوڵم و غه‌در و جنێو به‌ری نییە. هەندێ جار کەسێک دەیەوێ گروپێک له‌سەر گروپێکی ‌تردا زاڵ بکا، کەوابوو خەڵکی دەداتە گژی یەکدا، لە کاتێکدا دەعوەت و ‌بانگهێشت پێویستی بە خۆڕاگری و بەجێهشتنی جوانە.

«وَذَرْنِي وَالْمُكَذِّبِينَ أُولِي النَّعْمَةِ وَمَهِّلْهُم» ئەمن لەگەڵ نکوڵیکه‌رانی خواپێداو بێڵەوه‌، تۆزێ بە ئەوانە دەرفەت بدە.

"ذرني والمکذبین" واته خۆت خەریکی ئەوانە مەکە و کاروباریان بە من بسپێرە. لە هیچ حاشاکه‌رێک ناوی نەهێناوە هەر ئەو جورە لە سووڕەتی مودده‌سیر هاتووە:

«ذَرْنِي وَمَنْ خَلَقْتُ وَحِيدًا» من لەگەڵ کەسێک کە تەنیا خولقاندوومە، تەنیا بێڵە.

لێرە هەمووی حاشاکه‌ران مەبەستە و قوڕئانی کەریم لە نێوان کافرانی هاوچەرخی پێغەمبەری ئیسلامدا تەنیا ناوی ئەبوولەهەبی هاوردووە. بە ناسینی خه‌سڵەتەکانی ئەوان خەریکە و بێ ئەوەی کە ناوی کەسێکیان بەڕوونی بێنێ، بەو هیوایە کە ڕەنگە ئیمان بێرن و خۆیان ئیسلاح بکەن. هەروەهایش نهێنیان بۆ منداڵەکان و بنەماڵەیان شاردراوە بێ، تا لە ناوبانگی خراپی باوکانی خۆیان شەرمەزار نەبن.

"أولي النعمة" واتە خاوەندارانی نیعمەت؛ کەسانی دەوڵەمەند و خوشڕابوێر و خواپێداو، ئەمە تانه‌یه‌که و پیشان ئەدا کە شوکری نیعمەتیان نەکردووە، بەو چەشنە کە شیاو بێت سوپاسگوزار و شوکرانه‌بێژ نەبوون. بەڵکوو لوتبەرزی و ملکەچی و ملهۆڕی ئەوان زۆرتر بووە و‌ لەوە کە بە ئایینێک ئیمان بێرن وو له‌وه‌یكه هەژاران و نەداران ئیمانیان هاوردووە، دڵخۆشیان نەبووه. "ومهلهم قلیلا" بە ئەوانە تۆزێ دەرفەت بدە و ژیانی ئەم دونیا کورتە.

"قل متاع الدنیا قلیل" بڵێ کاڵای دونیا کەمە. لێرە دیاری نەکراوە کە هەمووی دونیا مەبەستە و ئەم دەرفەتە تا کاتی مەرگە یان تا ڕۆژێکە کە خودا بەوانی بەڵێنی توندترین سزای داوە، لە ئاکامدا بەڵا و کۆستەکانی شەڕی بەدر هەر ئەو زەمەنەیە کە خوا بەوان بەڵێنی داوە؟

"إِنَّ لَدَيْنَا أَنْكَالًا وَجَحِيمًا، وَطَعَامًا ذَا غُصَّةٍ وَعَذَابًا أَلِيمًا" بێ شک لای ئێمە تەنافەکان و ئاگری دۆزەخە و خواردەمەنی قوڕگگیر و عەزابێکی پڕ ئیش و دەرد.

ئەمە لە ئاکامەکانی دەرفەت دانە ئەگەرچی عەزابی دواڕۆژ بێ یان لە بەرزەخ و لەدوای مەرگ و بەر لە دوباره زیندووبوونه‌وه؛ بەهەر شێوەیەک بێ بەشێکە لەو مۆڵەتە کە پێی دراوە. بەڵێ بەوان فرسەت بدە بۆ ڕیکەوتە گەورەکان کە چاوه‌ڕوانیان دەکا.

یەکێک لەو عەزابانە «أنکال» یان تەنافەکان؛ کۆی "نکل" واتە ئەو تەنافانە کە لاقەکانی پێ دەبستن. چمان ئەوە لە جیاتی ئەو هەنگاوانە بوو کە لە کاتی خۆشبژێوی و خۆشگوزەرانی لە سەر زەویدا هەڵیان دەنیا، کەوابوو لە ڕۆژی قیامەت لەسەر لاقەکانیان تەناف و زەنجیر دەدەن تا جوڵە نەکەن. هەروەها جەهەننەم لای ئێمەیە، واتە ئاگرێک کە گیانەکانیان دەسووتێنێ و ئەمە لە وەڵامی کوفر و بەربەستی لە بەرامبەری ئایینی خوایە. ئێمە خواردەمەنی قوڕگگیرمان هەیە کە ڕێگای قوڕگ دەبەستێ، وەکوو دڕک و خوێناو و زه‌قووم کە لە گەرو ناچێتە خوار؛ ئەمە لە جیاتی تەعام و چێشتە بەچێژ و تامەکانە کە لە دونیا پێیان درابوو، ئێمە عەزابێکی پڕ ئێشمان هەیە کە لە جیاتی لەززەت و خۆشی چاوەڕوانیانە. ئەمە خۆشی و‌ لەززەتەکان بوو کە ڕێگای ئیمانیانی بەست.

«يَوْمَ تَرْجُفُ الأَرْضُ وَالْجِبَالُ وَكَانَتِ الْجِبَالُ كَثِيبًا مَّهِيلاً» ڕۆژێک کەوا زەوی و چیاکان بهەژێن و کێوەکان وەکوو لم ڕەوان و جاری بوون.

ئەم عەزابە لە ڕۆژێکدا دەچێژن کە زەوی و چیاکان بهەژێن و ئیتر ئەو زەویە بەو کێوە پتەوانە نابینن. لە ڕۆژی قیامەت ئەم زەویە دەلەرێتەوە و لە یەک دەتووچێن و چیاکانیش هەر بەو چەشنە. ئەو چیانە کە لەمەوبەر مایەی ئارامش و‌ پاراستنی هاوسەنگیی بوون.

"وَكَانَتِ الْجِبَالُ كَثِيبًا مَّهِيلاً" واتە چیاکان لە دوای هەژین بە لمێکی زۆر گۆڕاون، نە ئەم لمە کە مرۆڤ بینیوە، بەڵکوو لمێکی ڕاو و ڕەوان؛ ئەو لمانە کە لە ئاسمانەوە وەکوو تەپوتۆز بە زەویدا دەڕژێن.

لە چەن جێگایەکی ‌تردا چیاکان بە تڕاویلكه و خوری دەشووبهێنێ و ئەم تایبەتمەندی و سیفاتانە واتایەکی نزیک دەگەیەنن یان نیشانەی گۆڕانکاری چیا و شاخەکان و وەسفی جۆراجۆر بۆ کاتە جیاوازەکان دەردەخا.

«إِنَّا أَرْسَلْنَا إِلَيْكُمْ رَسُولاً شَاهِدًا عَلَيْكُمْ كَمَا أَرْسَلْنَا إِلَى فِرْعَوْنَ رَسُولاً» ئێمە بۆ لای ئێوە پێغەمبەرێکمان ناردووە کە بۆ ئیوە شایەت بێت، هەر ئەو جۆرە بۆ لای فیرعەونیش پێغەمبەرێکمان نارد.

واتە حەق و ڕاستی بۆتان دەڵێتەوە و پەیامی خوا دەگەیەنێ و ئامۆژگار و خێرخوازی تۆیە. لە قەیامەتیشدا شایەتی ئێوەیە چ ئیمان بێرن یان کافر بن.

«كَمَا أَرْسَلْنَا إِلَى فِرْعَوْنَ رَسُولاً» لەسەر ڕیزبه‌ندی نزوولی سووڕەکان ئەمە یەکەمجارە کە لە فیرعەون ناو دەبا، چونکە ئەم سووڕه‌تە لە سەرەتای هاتنی پێغەمبەر ناردراوە.

لێرەدا خودا ناوی فیرعەونی هاوردووە لە کاتێکدا ناوێ لە پێغەمبەر نەهاتووە، چونکە ئەم ئایەتە لە هەڕەشە و گوڕەشەی کافرانە و بەتایبەت گەورەکانیان و ئەبووجەهل فیرعەونی ئەم ئوممەتە دەناسرێنێت. بتپەرستانی مەککە لە زۆربەی قسەکانیاندا وەکوو فیرعەونییەکان بوون؛ ئەمە فیرعەون بوو کە ناڕەزایەتی دەربڕی و لە پێغەمبەر مووسا ئیرادی گرت و گوتی: «أَمْ أَنَا خَيْرٌ مِنْ هَذَا الَّذِي هُوَ مَهِينٌ وَلَا يَكَادُ يُبِينُ فَلَوْلَا أُلْقِيَ عَلَيْهِ أَسْوِرَةٌ مِنْ ذَهَبٍ أَوْ جَاءَ مَعَهُ الْمَلَائِكَةُ مُقْتَرِنِينَ» (زوخروف/52-53)

به‌ڵکوو نابینن من چاکترم له‌و که‌سه‌ی ناوبانگی نییه و که‌سایه‌تییه‌کی لاواز و نه‌ناسراوه و زمان پاراو نییه و له‌وانه نییه بتوانێ چاك خه‌ڵکی تێبگه‌یه‌نێت؟! جا ئه‌وه بۆچی بازنه‌ی ئاڵتوون و زێڕی پێشکه‌ش ناکرێ (تا نیشانه بێ بۆ پایه‌داری؟!) یان ئه‌وه بۆ فریشته له‌گه‌ڵیدا نه‌هاتن بۆ بانگه‌وازکردن و پشتیوانیلێکردنی؟! قوڕەیشیش هەر ئەوەیان‌ گوت:

«قَالُوا لَوْلاَ نُزِّلَ هَذَا الْقُرْآنُ عَلَى رَجُلٍ مِّنَ الْقَرْيَتَيْنِ عَظِيم» (زوخروف/31) هه‌روه‌ها بیانوویان گرت و وتیان: ئه‌وه بۆ ئه‌م قوڕئانه دانه‌به‌زێنرا بۆ سه‌ر پیاوێکی گه‌وره له پیاوه گه‌وره‌کانی دوو شاره‌که‌؟! (مه‌به‌ستیان مه‌ککه و تائیف بووه‌)

ئەوان بە سامان و سەروەتی خۆیان فەخرییان دەکرد و لەمە‌ی کە خاوەنی نێعمەت بوون، سەرخۆش و لووتبەرز بوون. بڕێ لە گەورەکانی قوڕەیش کە دەیانویست بە فێڵ و پیلان عەقڵ و زانایی خەڵکی بە ئیمان بە لاڕێ ببەن و وتەی بێهوودە و ناڕەوایان بڵاو دەکرد. لێرەدا ناو هاوردنی فیرعەون و ئاکامی ئەو بەجێ و شیاو بوو لە تەنیشت ئاماژە بە پێغەمبەرێ بە ناوی مووسا.

هەرچەند کە چیرۆکی مووسا و فیرعەون زۆرتر لە هەموو لە قوڕئاندا هاتووە و ئەمە بەهۆی میناکی زۆری فیرعەون لەگەڵ بتپەرستانە، تەنانەت لە ئاکامی فیرعەون و نابوودی دوژمنانی مووسا و بەرەو پێشبردنی دەعوەت. ئوممەتی مووسایش گەورە بوون و بانگهێشت و دەعوەت ئەو کاریگەرییە سەمەرەی لەناو خەڵکی بووە و مووسا یەکێک لە پێغەمبەرە ئولولعەزمەکانە...