پێکهاتەی داستانی و چیرۆکیی له قوڕئانی پیرۆزدا شێوازگەلی جۆراوجۆری هەیه کەوا دەکرێ له گۆشەنیگای جیاوازدا تاوتوێ بکرێت، بۆ نموونه:

یەکەم: فرەچەشنی ڕیزبەندی ڕووداوەکان

لەوانەیە پێکهاتەی داستانی قوڕئانی له‌سەر بناغەی مۆدیلی باو و ناسراوی چنینی ڕووداوەکان، واتە له سەرەتاوە تا کۆتایی بێت و هەندێک جاریش لەوانەیە له کۆتاییەوە یان له ناوەڕاستی ڕووداوەکان دەست پێ بکات. ئەم هەمەچەشنییە بە گوێرەی یەکپارچەیی و شێوازی گشتیی سووڕەتەکەیە.

بۆ وێنە ئەم هەمەچەشنی پێکهاتەی داستانییە، چیرۆکی تالووت له سووڕەتی بەقەڕەدا کە لەبارەی دەستەیەک له بەنی ئیسرائیل قسە دەکات کەوا ڕۆژێک داوایان کرد له یەکێک له پێغەمبەرانی خۆیان کە کەسێکی نیزامی دیاری بکات بۆیان تاوەکوو له ژێر ئاڵای ئەودا رێ‌بکەن و له سووکی و هەڵوەدایی و دیلی ڕزگاریان بێت، لێرە چیرۆکەکە له ناوەڕاستی ڕووداوەکەوە دەستی پێکرد، نەک له سەرەتاوە کە زنجیرەوار بابەتەکە باس بکات:

(ئایا نەتبینی ئەو گرووهی بەنی ئیسڕائیله کە دوای وەفاتی مووسا داوایان له پێغەمبەری ئەوکات کرد کە پاشایەکمان بۆ هەڵبژێرە تا بە سەرۆکایەتی ئەو له ڕێگەی خودا جیهاد بکەین)

سەرەتا دەرنەکەوتبوو بیانوویەکی کە وای لێکردبوون داخوازی خەبات بکەن چیە، پاشان چیرۆکەکە گەڕاوە بۆ سەرەتای بەسەرهاتەکە (پێغەمبەرەکەیان فەرمووی: ئەگەر جیهاد فەڕز بکرێ، نەوەکوو ڕاپەڕین و شەڕ نەکەن، سەرپێچی بکەن! وتیان: چۆن دەکرێ ئێمە نەڕۆین بۆ شەڕ له حاڵێکدا دوژمنانی ئێمە ستەمیان لێ کردووین و ئێمە و ڕۆڵەکانمانیان له سەرزەمینی خۆمان دەرکردووە؟!)

کەواتە لەم وتووێژە کورتە هۆکاری داخوازی بەنی ئیسڕائیل دەرکەوت، دوای ئەوە ئەم شرۆڤەی چیرۆکەیه‌ تەواو دەبێت. (کاتێک له‌سەر خواستی خۆیان) بڕیاری جیهاد درا جگه له چەن کەسێک، هەموویان پشتیان هەڵکرد، و هەڵگەڕانەوە و خودا بە کردەوەی ستەمکاران ئاگادارە، تاوەکوو کینە و هەڵوەشاندنەوەی بەڵێنەکانیان دەرکەوێت.

وتووێژی ئەوان بۆ هەناردنی ڕێبەر و سەرۆکێک و شەڕ و خەبات له‌ژێر فەرماندەهی ئەودا پیشان دەدا که پاشایەک بە ناوی جالووت ئەوانی داگیر کردبوو و له بەینیاندا هاتووچۆی دەکرد و دەستی گرتبووە سەر تەواوی سەربەخۆیی و ژیان و ماڵ و منداڵیاندا، ئەمەش له کاتێکدا بوو کە دوای ئەوەی خودا به هەناردە کردنی مووسا(ع) له ستەمی بنەماڵەی فیرعەون کە خراپترین عەزابیان دەدان نەجاتی دابوون.

سەختبوونی بارودۆخیان بووە هۆی ئەوەی کە تیشک بخەنە سەر هێزی شاراوەی ناخیان و بگەڕێنەوە سەر دەمارگرژی لاواز و له‌کیسچووی خۆیان، ئەو کاتەی کە سەرکردەی قەومەکە داوای له پێغەمبەرەکەیان کرد کە پاشایەکیان بۆ بنێرێت تاوەکوو جیاوازی بۆچوون له نێوانیاندا لابەرێت و کۆیان بکاتەوە و هێزە پەرت‌وبڵاوەکانیان کە له ژێر کاریگەری ئەماندا نەمابوون جەم کاتەوە و ملکەچی فەرمانی ئەو بن بۆ خەبات له ڕێگەی خودا.

پێغەمبەرەکەیان وەڵامی دانەوە: (ئەگەری ئەوەی هەیه کە شەڕ و جیهاد له سەرتان فەڕز بکرێ و ئێوەش قسە و بڕیاری خۆتان جێبه‌جێ نەکەن و مل نەدەنە ژێر خەبات، هۆکاری ئەم پرسیارە تەنیا ئەوە بوو کە دەیویست بزانێت تا چ ڕادەیەک حەز بە شەڕ و خەبات دەکەن و ئەنجامدانی ئەم کارەش وەکوو بەڵێن و پەیمان له سەریان واجبە... ئەشراف و گەورەکانی قەومەکە وتیان: ئەگەر خەبات نەکەین هیچ بەدەست ناهێنین و تەنانەت له وڵات و سەرزەمینی خۆمان دەردەکرێین و بنەماڵەمان دیل دەبن و دەکەونە بەر ڕق و ستەم) بەڵام کاتێک دەستووری شەڕ درا دەستیان کرد بە سەرپێچی و نافەرمانی خودایان کرد، جگە له چەن کەسێکیان کە بەندەی هەڵبژێراوی خودا بوون و له گەڵ تالووت له ڕووبارەکە تێپەڕین. ئەوانە گرووهێکی کەم بوون کە بە ئیزنی خودا بە سەر گرووهێکی گەورە و بەهێز سەرکەوتن و پیرۆز بوون.

 

یەکەم شت که له ڕەفتاری بەنی ئیسرائیلدا دەیبینین ئەوەیه که داخوازی شەڕ له لایەن ئەوانەوە تەنیا بۆ ڕەزامەندی خودا نەبوو، بەڵکوو بە بۆنەی خۆیان و وەدەرنانیان له وڵات و سەرزەمینیان بوو(بە ئەم کارەیان ئەوەی کە بە موڵکی خودایان دەزانی تێکەڵاوی شتانێکیان کرد کە بە موڵکی خەڵکیان دەزانی له حاڵێکدا خودا بێ نیاز و شەریکه و جگە له ئیخلاس و یەک‌ڕوویی قبووڵ ناکات، پاشان خودای مەزن ڕایگەیاند کە ئەم ڕووداوەیان پاڵ داوەتە ڕق و تووڕەیی ڕۆحەکان بۆ دەرکردن، وە فەقەت کەسێک شەڕ دەکات تاوەکوو کەلیمەی خودا بەرزترین وتەی سەرزاری بێت و له ڕێگەی ئەودا شەڕی کردبێت)

وە شێوازی داواکارییان پیشاندەری ئەدەب و ناسینی نێعمەتەکانی خوای گەورە نیە، بۆیە نەیانگوت: داوا له خوا دەکەین پاشایەکمان بۆ بنێرێت، کەوابوو ( پێغەمبەرەکەیان وتی پێیان کە خودا پاشایەکی بە ناوی تالووت هەناردووە، جا لێرەوە دیارە کە نیسبەت‌دانی ناردنی پاشا به لای خوداوە ئاگادارییەکە له سەر ئەوەی کە له دەستیان داوە چونکە وتیان بە پێغەمبەرەکەیان پاشایەکمان بۆ بنێرە تا شەڕ بکەین وە نەیانگوت: داوا له خودا بکە پاشایەکمان بۆ بنێرێ و شەڕ له سەرمان واجب بکات)

پاشان بە پاشەکشە کردن له مەیدانی شەڕدا، نشانیان دا کە تا چە ڕادەیەک تامەزرۆی ژیانن(کەوابوو خودایەک کە ئەمری پێ کردوون سەرپێچی نەکەن، جا شەرمی نافەرمانی، تاوان و ڕووسیایی، ناوڕزاوی له دوور کەوتنەوە له هاوەڵان، وە ناحەزیی ڕیسوا بوون، برایان و دۆستان تێکڵاو بوو) لەوانەیە بەیان کردنی بۆچوونی بەنی ئیسرائیل لەم سووڕەتە هەمان شت بێت کە له باتی گێڕانەوەی چیرۆکەکە له سەرەتاوە له ناوەڕاستدا دەستی پێکردووە، ئەمەش له بەر ڕاکێشانی سەرنج بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەڵێن و پەیمانی خودا بە درێژایی مێژوو له لایەن ئەوانەوە بوو.

دووهەم: کورتبێژی، پوختی و هەڵبژاردنی ڕووداوەکان،

چیرۆکی بەنی ئیسرائیل کات و زەمانی ڕوودانی پێشهاتی تالووتی دیاری نەکردبوو بۆمان، تەنیا ئاماژەیەکی کورتی بەوە کردبوو کە داستانەکە ماوەیەک دوای حەزرەتی مووسا(ع) ڕووی داوە.

(ئایا نەتبینی گرووهی بەنی ئیسرائیل کە دوای وەفاتی مووسا .....) چونکە له بنەڕەتدا ئامانجی چیرۆکەکە ڕۆشن کردنی واتایەکی دیاری و ڕوون بووە وە ئەوەش ئەمەیە کە کەسایەتی ئیسرائیلیەکان له هەر کات و شوێنێکدا نەخۆش، درۆزن، ترسەنۆک و دڕدۆنگ و ڕاڕایە و قوڕئان دایمە له ئایەتە جۆراوجۆرەکان کەسایەتی و شوناسیان ئاشکرا دەکات، بۆیە ئەوان(هەراسانن و دوودڵن له یارمەتی خودا و گومانیان هەیە له ئیمانیان، هێندێ جار بەندایەتی خودا دەکەن و هێندێ جاریش داوا له غەیری خودا دەکەن، گەمژەییان ئاشکرایە و له بارەی ئاسانترین کارەکاندا گومڕا و سەرلێشێواون)

 

ئێمە له چیرۆکی تالووتدا کورتبێژی و پوخت کردن و سڕینەوە و قرتاندن دەبینین کەوا دەکرێ له بەینی ڕستەکانی خەبەری نەتیجە بگرین کە شەڕکردن و خەبات واجب کراوە، لەم بوارەوە ڕاڤەکاران فەرموویانە بزانن له (فَلَمَّا كُتِبَ عَلَيْهِمُ الْقِتَالُ تَوَلَّوْا) واتە کاتێک له سەر داخوازی ئەوان جیهاد فەڕز کرا جگە له چەن کەسێکی کەم هەموویان پشتیان هەڵکرد) قرتاندن ڕووی داوە وە له ئەسڵدا ڕستەکە بەم شێوە بووە کە داوایان له خودا کردبوو وە خوداش پاشایەکی هەنارد بۆیان و خەبات و شەڕی فەڕز کرد له سەریان بەڵام ئەوان نافەرمانیان کرد. ڕووداوەکان ڕاستەوخۆ ئێمەیان برد بۆ مەیدانی شەڕ و بە کورت‌بێژییەکی هونەرمەندانە له بارودۆخەکە و پێشهاتەکان وای لێمان کرد کە هەست به ڕەنگ‌و بۆنی شەڕ و هات‌وهاواری سەربازەکان بکەین وە ئەم کورت‌نووسینە جوانی چیرۆکەکە و تەرکیز له سەر ئامانجەکەی باشتر دەرخستووە.

کورتبێژی گرینگیەکی زۆری له ڕاگەیاندن و دەرکەوتنی  هونەری بابەتەکان هەیە و کورتکردن، کەمی وشە و زۆری واتا دەخولقێنێ و هەوادارانی کورتبڕی دەڵێن: کورتکردنەوە بەرتەسک کردنەوەی بەلاغەته له سەر حەقیقەت و زیاتر له پێویست ناڕوات و ئەم تایبەتمەندییەش له دەرگەی شۆخی و زۆربڵێی کەوا هەردوکیان له گەورەترین دەرمانی وتە و کەلامن و له لایەن ئەهلی فەن و هونەریش هۆکارێک هەیە له سەری و وتراوە: کورتبێژی چیە؟ وەڵامیان داوەتەوە: کورتبێژی هەمان قرتاندنی زیادییەکان و نزیک کردنەوەی شتە دوورەکانە. بۆ نموونه له سەر هێندێک له بابەتی کورت، جوانی و ڕێک‌وپێکی وشەکان له سەر شێوازی بڕێک بابەتی داستانی له قوڕئاندا باس دەکەین (کاتێک خودای مەزن دەفەرموێت: فَلَمَّا اسْتَيْأَسُوا مِنْهُ خَلَصُوا نَجِيًّا، کاتێک کەوا براکان نائومێد بوون لێی و دوور کەوتنەوە. تەواوی ئەدیبان حەیرانی ئەم ڕەوانبێژی و فەساحەتە بوون و پەیدا کردنی شتی وەها له گوفتاری مرۆڤدا مومکین نیە. ئایەتی (وَ لَقَد راوَدتُه‌ُ عَن‌ نَفسِه‌ِ فَاستَعصَم‌َ، بێگومان من هەوڵمدا له خشتەی بەرم، کە چی ئەو هەر خۆی گرت و پاک و خاوێنی ویست.

و(وَقِیلَ یَا أَرْضُ ابْلَعِی مَاءکِ وَیَا سَمَاء أَقْلِعِی،  )

پاشان فەرمان درا بە زەوی: ئاوەکەت با ڕۆبچێت بە ناختدا، ئەی ئاسمان تۆش با بەس بێت و باران مەبارێنە) ئەم ئایەتەش کورتبێژییەک و ڕەوانبێژییەکی تێدایە کە بەڵگەیە له سەر هێز و قودرەت. هەروەها نموونەیەک بێنین له یەکێک له دیمەنەکانی چیرۆکی حەزرەتی ئادەم(ع) ئەو شوێنەی کە پێش‌بینی دیمەنێک له درووست کردنی ئادەم له قوڕ دەسپێدەکات و پاشان خوای پەروەردگار له فریشتەکان داوا دەکات کە کڕنۆشی بۆ بەرن (إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِّن طِينٍ)

کێشه‌ی فریشته‌کان کاتێك بوو که په‌روه‌ردگارت پێی وتن: من ده‌مه‌وێت به‌شه‌رێک، له قوڕ دروست بکه‌م.

(فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِن رُّوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ)

جا کاتێك دروستم کرد و له‌و گیان و ڕۆحه‌ی که من خاوه‌نی ئه‌وم، فووم پێداکردو گیان و ژیانم پێبه‌خشی ئێوه‌ی فریشته هه‌مووتان سووژده‌ی "رێزو ته‌قدیری به‌فه‌رمانی من" بۆ به‌رن. له ئیدامەی چیرۆکەکە مۆڵەت و کاتی خوڵقاندنەکە قرتاوە کە ڕۆڵێکی گرینگی له ڕوون کردنەوەی یەکێک له لایەنەکانی سیفاتی فریشتەکان هەیە وە ئەوەش تەسلیم بوون و گوێڕایەڵی فەوری و بێ ئەم‌لاولایە، له درێژەی بابەتەکە کورتەیەک له ڕووداوی کڕنۆشی مەلائیکە و لووت‌بەرزی شەیتان هاتووە

(فَسَجَدَ الْمَلَائِكَةُ كُلُّهُمْ أَجْمَعُونَ)

هه‌موو فریشته‌کان فه‌رمانی خوایان به‌جێ هێنا و سووژده‌یان برد.

( إِلَّا إِبْلِيسَ اسْتَكْبَرَ وَكَانَ مِنَ الْكَافِرِينَ )

جگه له ئیبلیس نه‌بێت که له‌و کاته‌دا له‌ناو فریشته‌کاندا بوو خۆی به‌گه‌وره زانی و خۆی خسته ڕیزی کافرانه‌وه‌.

بەم پێیە دەردەکەوێت کە ئەم دوو شێوازە له تایبەتمەندییەکانی چیرۆکی قوڕئانە، هەرچەن داستانەکانی مرۆڤێش، بە تایبەت داستانی ئەم سەردەمە لەم شێوازە دوور نیە، جگە لە تایبەتمەندییەکی گشتیی له گەڵ چیرۆکگەلی قوڕئانی کەوا جیاوازە.س

دوو جۆر چیرۆکی ترمان هەیە له قوڕئانی پیرۆزدا کە له بەشی دووهەمی لێکۆڵینەوەکە باسی لێوە دەکەین...

 

به‌شی یه‌كه‌م

درێژه‌ی هه‌یه‌...