ئاماژە: تەزکیە و پاککردنەوەی ڕۆح و نەفس یەکێکە لە ئەرکە گرینگەکانی پێغەمبەران (سڵاوی خوایان لێ بێت) و ئامانجی سەرەکی پارێزکاران و کارگێڕی ڕزگاری و هیلاکبوون بە دەستی خودای باڵادەستە. تەزکییە بە مانای جۆراوجۆر وەک "پاککردنەوە" و "گەشەکردن" هاتووە. زەکاتی ڕۆح و نەفس هەمان پاککردنەوەیەتی له هەموو نەخۆشین و ئافەتێک و دەرجات و  پێگەیەکی هەیه کە چەشنە خوو گرتنێک به ناو و سیفاتگەلێکە کەوا دەرکەوتەکەی لە ڕەفتاری مرۆڤ و تێکەڵبوونی لەگەڵ خالق و دروستکەردا بە کۆنترۆڵکردنی ئەندامەکان بەپێی فەرمانی خوا بەرجەستە دەبێت.

ئیسلاحوێب بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی ئەم چەمکە، چەند پرسیارێکی بنەڕەتی لەگەڵ هەندێک لە خاوەن قەڵەمان و بیروبۆچوونەکان دەربڕیوە.  بەڕێز موعید مەردوخی (سنە 1963)، بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبی عەڕەبی هەیە و خاوەنی چەندین بەرهەمی وەک "زانستە بەلاغییەکان: بەیان - مەعانی -بەدیع" و "ئەرمەغانی سەوز: ئەحکامی قۆناغی ناوەندی کوڕانی ئەهلی سوننەت" وڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە، بە هیوای ئەوەی جێگەی ڕەزامەندی خوێنەرانی هێژا بێت. 

وەکوو دەسپێک یەکەمین پرسیار ئەوەیە کە واتای تەزکیە (هەم وشە‌ و هەم زاراوەیی) چیە؟

تەزکیە له ڕیشەی (ز،ک‌،و) موعتەلی ناقسی واوییە. له کرداری موجەڕەددا (زَکا یَزکُو) و چاوگەکەیشی (زکاء و زُکُو) ئەم ماددە و گیراوەکانی ٥٩ جار لە قوڕئاندا هاتووە کە ٣٣ جاریان لە شێوەی"زکاﺓ" هاتووە.

زکاﺓ(زکوﺓ) لەسەر وەزن و کێشی"فعلة" وەکوو صدقة کە "و" بە هۆی جوڵانەوەی و مەفتوح بوونی "ک" لە پێش خۆیدا بووە بە"ا". زەکات واتە پاکی و چاکبوون و گەشەکردن.

مێشک و زەینی زۆربەمان هەر کە ئاماژە بە زەکات دەکرێ، بەرەو لای بەخشینی بەشێک لە موڵک و ماڵ دەڕوات کە لە کتێبە فیقهییەکاندا باس کراوە و شرۆڤەی لەسەر کراوە، هەرچەندە ئەمەش ڕاست و دروستە، بەڵام هەمووی ئەوە نییە کە مانای وایە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پێدانی بەشێک لە ماڵ یەکێک له هۆکارەکانی تەزکیەی نەفسه. لە ٣٣ شوێنی قوڕئاندا زۆرجار زەکات لەگەڵ ئیقامەی نوێژدا ناوبراوه، دیارە که واتای"ایتای زکاﺓ" تەنیا بۆ بەخشینی ماڵ نیە، بەڵکوو خوێندنی نوێژ (به ڕێکەوتن له مەسیر و ڕێگەی پەروەردگار و بەرنامەی بەردەوام بۆ ڕووکردنە وەحدانیەت و یەکتایی خودا) و هیدایەت و چاکسازی و پاکی نەفس به کەرەستە و شێوازی جیاوازە که بەخشینی ماڵ یەکێک لەو شتانە بە هەژمار دێت. تەزکیه چاوگی مەزیدە له بابی تەفعیل کە بەهۆی موعتەل بوونیەوە لهسەر کێشی تَفعِلَة هاتووە. تەزکیە زاراوەیەکە بۆ خاوێنی و پاککردنەوەی ڕۆح لە هەموو شتێک کە ڕێگرە لە گەشەکردن و پاکی و بێگەردی. زەکاتی ماڵیش بۆ ئەم مەبەستە فەڕز کراوە تا ڕۆحی مرۆڤ لە ڕێگای گەشە و سەربڵندییەوە قەرار بگرێت.

به لێکدانەوەی قوڕئان تەزکیه بۆ ڕزگاری و ئاسوودەیی نەفسه. (وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا ﴿٧﴾ فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا ﴿٨﴾ قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَکَّاهَا ﴿٩﴾ وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا ﴿١٠﴾) {شه‌مس/٧-١٠}

ئەگەر نەفس بشوبهێنین به بەشێک له نەرم‌ئامێری سیستەمێک، شتە ڕێگرو زیادەکان قەبارەی بەرنامەی بێ کەڵک و ناپێویست زۆرن، وەکوو وایرۆسه جۆراوجۆرەکانکەوا دەبنە هۆی هێواشی و هەندێ جاریش له کارکەوتنی سیستەمەکە ئاوڕدانەوە له شتە زیادییەکانی ژیان و زەرق و بەرقی فریودەریش و له ئیستلاحی قوڕئانیدا(لهو و لعب) مانیع و  ڕێگری گەشە و پێشکەوتنی نەفسن و تووش بوون پێیەوە دەبێتە هۆی زایە‌کردن و پێ‌شێلی نەفس کە بە تەعبیری قورئان بە شێوەی گوناح و خراپە دەردەکەوێ. کەوابوو تەزکیە له هەمبەر گومڕا بوون دایە و پرۆسەیەکە کە تاکی "مُزکی" (ئەو کەسەی نەفسی خۆی پاک ڕادەگرێ) و بنەما قەرار دان و ئامانجدار کردنی گەشە و پێکەوتنی بەردەوام، بە سڕینەوەی زیادییە مانیعەکان له ژیاندا، دایمە و درهەم خۆی ئاپدەیت دەکاتەوە.

دەبێ تەزکیە له کوێوە دەست پێبکرێت؟

تەزکیە، کە ئێمە پێی دەڵێین پەروەردەکردن و لە ڕاستیدا ڕاهێنان هەمان پەروەردەیە و چەمکی پەروەردەکردن لە ڕووی بازنەیی له خۆگرتن فراوانترە لە تەزکیە، واتە دایک و باوک دەتوانن لە هەمان سەرەتای لە دایکبوون و تەنانەت پێش لەدایکبوونی منداڵ و لە کاتی بەدیهاتنی، دەتوانن بەرنامەی پەروەردەیان هەبێ، ئەمڕۆکە خەڵکانێکی زۆر له ژێر چاودێری وردی پزیشکان بیر له تەندروستی پێش له دایک بوونیش دەکەنەوە.

تەزکیە بەشێکی تایبەتی پەروەردەیە کە زیاتر له تەمەنی دوای بلوغدا بەرچاوترە و پاشان قۆناغی تازەلاوی و تا کۆتایی ژیان. هەرچەندە بازنەی ژیان بۆ مرۆڤ فراوانتر بێت، پێویستی بە تەزکیەش زۆرتر هەیە.

لە تەربیەت و پەروەردەدا دوو تێڕوانین هەیە: 

یەکەم نەرێنی و دووهەمیان ئەرێنی.

تێڕوانینی نەرێنی هەمان تەزکیەیە، واتە لەم ڕوانگەیەوە: کورتکردنەوە، سڕینەوە، دەستکاریکردن و چاکسازی نەفس له شتە تێکدەرەکان، ڕێگرەکانی گەشە و سەرکەوتنەکان و بەرهەمدانی جێگای سرنجه، هەروەها کە بنچکی مێو بە ئامانجی پەرەسەندن و نەشونما و بەرهەمی زیاتر و باشتر شێخەڵ دەکەن کە ئەگەر وەها نەکەن نەشونمای کەم و بەربڵاوی لق‌ و گەڵا، بەربەستە له بەردەم گەشەکردن و میوە و سەمەر داندا.

تێڕوانینی ئەرێنی کاتێک سوودبەخش و کاریگەرە کە تێڕوانینی نەرێنی پشتگوێ نەخرێت، ئەگینا ڕۆح وردە وردە تێکدەشکێت و بە ئیستلاح تەدسیە دەبێ و بە زایە دەچوات.

بە هەمان ڕادە کە تەمەن درێژ بێ هیوای ژیان و سەرقاڵ بوون بە زەرق و بەرقی ژیانیش زیاد دەکات و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی زیاتر لە ئامانجی "ژیانی مرۆیانه". پرۆسەی تەزکیه بەپێی ڕادەی بازنەیی ژیانی هەر مرۆڤێک جیاوازە. بە پێی سروشتی ڕادەی هەستیاری لەمنداڵیدا له قۆناغی باڵغ بوون زۆر کەمترە و زەمانی بلوغیش له کاتی گەورەبوون زۆرترە و تەنانەت لە نێو گەورەکانیشدا بە گوێرەی بازنەی چالاکی و بەرپرسیارێتی و دەسەڵات و هێز و ماڵ و سامان جیاوازی هەیە.

وای دابنێن کە له کاتی منداڵی، کەسێک کە له نێو هاوتەمەنەکانی خۆی به کەسێکی سەرکێش، درۆزن، تووڕە و دەم پیس خوی گرتبێت. ئەرکی دایک و باوک و ڕاهێنەر ئەوەیه کەوا به شێوازگەلی درووست و پەسەند ئەم جۆره ئاکارانە له مێشک و وجوودی ئەو منداڵە بسڕننەوە کە ئەڵبەت بە بەراورد له گەڵ کەسێکی گەورە تەربیەتی ئەم ئاسانترە و خێراتر نەتیجە بە دەست دێت.

بۆ چی له قورئانی پیرۆزدا زۆرتر تەزکیه پێشی کتێب و حیکمەت کەوتووە؟

بڕیک ڕا و بۆچوون هەیه له سەر ئەوەی کە پێشکەوتنی تەزکیه له سەر فێرکردن و تەعلیم، تەنیا پێشکەوتنێکی زەمەنی و کاتی‌یه. یەکێک  له ئایەتەکانی قوڕئان‌ له سووڕەتی بەقەرە(١٥١) دەفەرموێ: {كَمَا أَرْسَلْنَا فِيكُمْ رَسُولًا مِنْكُمْ يَتْلُو عَلَيْكُمْ آيَاتِنَا وَيُزَكِّيكُمْ وَيُعَلِّمُكُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُعَلِّمُكُمْ مَا لَمْ تَكُونُوا تَعْلَمُونَ}

به پێچەوانەی ئەم بیر و بۆچوونەیه چون ئایەتەکان بریتین له: فێرکاری و ئاگاهی سەرەکی، کورت، گشتی، پێویست، پێشەکی و ئامادە کردنی بوارێک بۆ پرۆسەی خاوێنی نەفس و تەزکیه. لەم ئایەتە و ئایەتە هاو چەشنەکانی وەکوو 164ی ئال عمران و 2ی جومعه پێش کەوتنی پێگەی تەزکیه له سەر جۆرێکی تایبەت له فێرکاری ڕەچاو کراوە و ئەوه‌شبە تەعبیری قوڕئان فێرکردنی کتێب و حیکمەتە.

دیارە پێویستە بۆ ئەم بەرداشت کردنە پێداچوونەوەیەک بکرێت چونکە بە پێی{قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا ﴿شمس۹﴾. زۆربەی گومانەکان وایه کە ئامانجی کۆتایی هەمان تەزکیەیه.

ڕزگاری و فەلاح بریتیه له: ڕەها بوون له هۆکارە سنووردارەکان و مەوانیع و ڕێگرە‌کانی گەشەی مرۆیی، تا نەفس لەم هۆکارانە ئازاد و ڕەها نەبێ و نەگاتە ڕزگاری، تەعلیمی کتێب و حیکمەت لەودا کاریگەر نیە. کەوابوو نابێ بە خەیاڵی تەزکیە ئاسوودە بێت و ڕەچاوی کتێب و حیکمەت نەکات.

ئەگەر له ئایەتەکان ورد ببینەوە، تەعلیمی کتێب و حیکمەت هێندە گرنگ و پێویسته و له ئامانجەکانی کۆتایی مرۆڤە کە تەزکیە‌ش دەتوانێ پێشەکی و ڕێخۆشکەری گەیشتن بە زانستی کتێب و حیکمەت بێت، واتا له ڕاستیدا پێوەندییەکی بەردەوامی مەعنەوی له نێوان تیلاوەت و تەزکیە و تەعلیم‌دا زاڵ و حاکیمه. بە واتایەکی ساکارتر، تەزکیە پاش تیلاوەتی ئایات (وەکوو فێرکارییەکی کورت، ئاگادارییەکی سەرەکی، ترنگه و هەستانەوە و وریاییەکی پێویست) له ئامانجەکانی ناڤبەندی بۆ گەیشتن بە دابین بوونی بواری تەعلیمی کتێب و حیکمەتە. ئەم ئامانجە ناڤبەندە هیچ له گرنگی و نرخەکەی کەم ناکاتەوە بەڵام هەدەف له ناوبردنی بە ڕیزی زەمەنی و کاتی، وێستان له ناڤبەندی قۆناغی سێیانەی تیلاوەت، تەزکیە و تەعلیمی کتێب و حیکمەت نیە بەڵکوو ڕەچاوگرتنی یەک لە دوای یەک بوونی بە گوێرەی پێویست هەرکام له شوێنی خۆیدایە بەڵام بە هەرحاڵ تەعلیمی کتێب و حیکمەت ئامانجی کۆتاییە نەک تەزکیە وەلێ له عەینی حاڵیشدا بێ پرۆسەی تەزکیە، ئەم شێوازە فێرکاری و تەعلیمەش نەشیاو و مەحاڵە.

بەڵام ئایا کتێب و حیکمەت واتای چیه؟

وشەی کتێب بە هەر شتێک کە له ڕێک و پێکی و پتەوی‌ یەکدەستی بناغەیەکی پێکەوە بەستراو و گونجاوی واتاداری بەشە جۆراوجۆرەکانی هەبێت دەگوترێت. بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە تەفروتونا و پەرش و بڵاو و بێ پێوەندی و بێ مانایە.

ڕوانینێکی گشتی و قوڵ لە سەر جیهان و دیاردەکانی چوک و گەورەی، نیشاندەری یەکدەستیەکی ڕێک و پێک و پتەوێیەکی له ڕادەبەدەرە و بە گوێرەی ئەم تێڕوانینە تەواوی چین چینەکان و هەوڕاز و نشێویەکان، ڕەشی و سپی، ساردی و گەرمی، زبری و نەرمی، و شێوازی زۆر جیاوازی هەرکام له دیاردەکان گشتیان پێکەوە جوانیەک و دڵنەوازی و دڵپەسەندی تایبەت و واتادار دەبەخشێت. جیهانی سرووشت خۆی کتێبێکە. چنینی لۆژیکی و پێکەوە لکاوی تەواوی دیاردەکان خۆی ئاماژەیەکە له سەر حیکمەت و ژێدەری زانایی، قورئان کتێبێکە کە تیۆرییەکانی له سەر تەوەری خولقاندن و توکمەیی و خوڵقێنەر و یەکتایی ئەو دەسووڕێت.

فێرکردنی کتێب و حیکمەت و شێوازەکانی هەڵسوکەوت له گەڵ جیهانی خوڵقێنراودا، وە ناسینی بناغەکەی ئەرکی ڕەسوولان و پەیام هێنەرانی ئاگادار به ڕێسا و شەریعەت و جیهانی غەیبه، کەوابوو تەعلیمی کارێکی وەها گەورە و گرنگ بێ ڕەچاوگرتنی ژێرنەخشێکی لەبار و خاوێنی نەفسی فێرخوازی مرۆڤ، مومکین نیه و دەبێ ئەم نەفسە فێرخوازە له تەواوی مەوانیع و بەربەستەکانی نەفسی قوتابی پاک و خاوێن ببێت و بە ئیستیلاحی قوڕئان تەزکیه ببێ.

ئەرکی ئەم پەیام هێنەرانە ئەوەیه کە شێوەی کرداری هەڵسوکەوت له گەڵ جیهان و باقی دیاردەکان فێر دەکەن کە ئەم چەشنە هەڵسوکەوتی ڕێک و پێکە به تەعبیری قوڕئان دەبێتە حیکمەت و ئەمەش به بێ خاوێنی و پاک ڕاگرتنی نەفس به‌دی‌نایەت. کەواتە وێناکردنی مرۆڤی پاک و موزەکی و هیدایەت دراو بێ وەرگرتنی زانست و حیکمەت، وێنایەکی ناتەواو و سەقەت و بێ نرخه.

قوڕئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر لە بارەی تەزکیەوە چی ڕێگەچارەیێک پێشنیار دەکەن؟ ئامرازەکان و کەرەستەی خاوێن کردنی نەفس چین؟

له پێشدا دەبێ بڵێم: هەر ڕەفتار و ئاکارێکی نەرێنی پێویست نیە کە نیشان له ئاڵۆزی نەفسانی بێ، زۆربەی کاتەکان پێوەندی به گۆڕانکاری حاڵات و پارامێترگەلێکی جیسمانی و شێدارەکان له کەم و زۆر بوونی توخمی پێویستی لەش هەیه. 

بۆ نموونه ناکرێ وابزانین هۆی توندو تیژی نالەباری نەفسە و لەوانەیە بە پشکنین و تاقیکاری کلینیکی و تاوتوێ کردنی پەستانی خوێن و ... لێکۆڵینەوە بکرێ له سەر هۆکارەکەی و ڕێگەچارەی بۆ پەیدا بێت، کەوابوو ئەوەی کە پێوەندی به دۆخی دەروونیەوە هەبێ، سەرەتا دەبێ بناسرێت و تەنانەت باروودۆخی ژینگه و پەروەردەی تاکیش ڕەچاو بگیرێت.

دادوەری ڕاهێنەر له سەر ئەحواڵی کەسانی دیکە کارێکی زۆر ئەستەمە و تەنیا به ئاگاهی و زانستی قوڕئانی و ڕەوایی کافی نیه و نابێ ڕاهێنەر خۆی به لێزان و هەمەکارەی ئەم بواره بزانێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش شتانێکی هاوبەش له زیان و ئازار له نێوان ئێمەی مرۆڤدا هەیه کە دەبێت ڕاهێنەر به بێ دیاری کردنی نموونەی تاک یان تاک گەلێکی تایبەت خەسارناسی بکات و بە کەڵک وەرگرتن له بەڵگە ڕوونەکانی قوڕئانی و بنەما زانستیەکان و دەروون ناسی دەتوانێ ڕێگه چاره بدۆزێتەوە.

ئاشکراترین کردەوەی پێغەمبەری ئیسلام(د.خ) کەوا بەڵگەمەند بە قوڕئانه، موحیبەتێک تەژی له خۆڕاگری و بەردەوامی و پارێز له هەڵسوکەوتی سەختگیرانەی بەڕێزیان بووە. بە درێژایی مێژووی ئیسلام کەسایەتیەکانی تێکۆشەر و زانا گەورەکان و چاکسازانی ناودار بە شێواز و زمانی جۆراجۆر، شێعر و پەخشان و ئاسەواری هونەری جوانیان له سەر موحیبەت بۆ کۆمەڵگا نووسیوە، خوالێخۆشبوو کاک ئەحمەد درکی بەم بابەتە گرنگە کردبوو وە له یەکێک له ئاسارە جوانەکانی بە ناوی ئیکسیری گەورە زۆر له سەری ڕاسپاردووە. کاک ئەحمەد، دۆستی و میهر و موحیبەت له گەڵ هەژاران و هاتووچۆ کردن له گەڵیان نەک بەو دیدە کە یارمەتی و دیداری گەورەیێک له گەڵ بچووک و ژێر دەستەدا بەڵکوو وەکوو موحتاجێک، سفارش دەکات بە شێوازێک هاتووچۆ و دۆستی له گەڵ هەژاران بە دەرمان و دەلیلی تەزکیەی نەفسی خۆمان بزانین. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە له گەڵ نەفس و کۆنتڕۆڵی خاکەڕاییانەی دەبێتە هۆی خاوێنی دڵ و ڕێگری زۆرێک له حاڵاتە نەرێنیەکانی نەفسانی دەبێت. نوسخەیەکی ئاوەها لەوانەیە بە گوتن ئاسان بێت بەڵام ئەنجام دان و عەمەڵی کردنەوەی شێرەژنان و شێرەپیاوانی مەیدانی دەوێ.

لەو ڕێگا چارە قورئانیانەی کە زۆر له سەری جەخت کراوە خوێندنی نوێژە کە بەربەستێکی زەمانەتکراوە لە سەر کاری ناحەز و تاوان: «إِنَّ الصَّلاةَ تَنْهى‌ عَنِ الْفَحْشاءِ وَ الْمُنْكَرِ».

پرسیار ئەوەیە کە سەرەڕای ئەم هەموو نوێژە کەوا دەخوێندرێت بەڵام گوناح و تاوان دەکرێت؟! هەروەها کە دەزانین خوێندنی ئەم ئایەتانە و ئایەتەکانی هاوشێوەی و بەڵگە هێنان پێی سەهل و ئاسانە بەڵام ناسینی قوڵی ماناکەی و کار پێکردنی کارێکی دژوار و ئەستەم و له عەینی حاڵیشدا کاریگەرە. ئەوەی کە ئێمە ڕۆژانە له هەستان و دانیشتنی نوێژەکان دەیکەین و خەیاڵ دەکەین نوێژمان خوێندووە کە چی ئەم نوێژانە ڕێگری زۆرێک له گوناح و تاوانەکانی نوێژ خوێنان نیه، به هۆی تێڕوانینی ڕووکەشی ئێمه‌یە له سەر نوێژ، هەروەها کە زۆربەمان وێنایەکی دیاریکراو و ڕواڵەتیمان هەیە له سەر زەکات. بە زمان، خودا بە هاریکار، ڕۆزیدەر، ڕەب و پەروەردگار، یارمەتیدەر، مەعبوود و ... ناو دەبەین بێ خەبەر له‌وەی کە له ژیان و کردەوەی ڕۆژانەدا تووشی خیلاف و سەرپێچی دەبین. له نوێژدا له هەمبەر خالقی جیهاندا بە ڕووکەش دەچەمینەوە و ڕکوع و سوجدە دەبەین وەلێ ئایا چەن جار حاڵاتی دەروونی و نەفسانی خۆمان بردۆتە ژێری زەڕڕەبین تا بزانین زاهیر و دەروونمان چەندە پێکەوە نزیکن؟

گیرکردن له داوی شەهوەت و خشڵ و زەنبەری تێژتێپەڕ و فانی ئەم دنیا، نەفسی مرۆڤ زۆر پێشێل دەکات و له بەینی دەبات چونکە تەماح و ترس زۆر دەکات. تەماح و چاوچنۆکی بۆ زێدەخوازی و ترس بۆ له دەست‌دان و ئینجا ئەمانەن کە ئینسان زەلیل و بێچارە و داماوی هێندێک کەلوپەل و کاڵای خاکی یان کۆیلەی ئیرادە و بڕیاری زۆرداران دەکات و بەردەوام دەبێ تا دێتەوە سەرخۆ دەبینێ له هەدەفی زانست و حیکمەت و بەهاکانی ئینسانی هەزاران فەرسەخ دوور کەوتۆتەوە.

ئێرەیی و بەخیڵی کەوا سەرچاوەی هەموو خراپە و خەسڵەتە نەرێنیەکانی نەفسە، لەوانەیە له وجوودی مرۆڤدا جێگە خۆش کات و بە شاراوەیی بمێنێتەوە وا بکات کە کەسی حەسوود دەس بکات بە خۆخواردنەوە بەڵام کاتێک دێتە کوڵان و جۆشان زیان دەگەیێنێتە خەڵک کە دەبێ لەو کاتە پەنا بگرێتە خودا له شەڕی بەخیڵی. «وَ مِنْ شَرِّ حاسِدٍ إِذا حَسَدَ»

ئێرەیی له نیشانەکانی ئاشکرای خۆپەرستیه کە لە حاڵەتی توندو چڕیدا بە شێوەی خیانەت، پیلان، نیازخراپی و ... دەردەکەوێت.

ئافەتێک کە ئەمڕۆکە زۆرێک گرفتاری بوون، چەن ڕوویی و خۆ دەرخستن له ژێر دەمامک له سۆشیاڵ میدیاو فەزای مەجازییە کە فرە کەسێک مشتومڕو باسی ئایینی له گەڵ شتە مەنع کراوەکانی قورئاندا تێکەڵ دەکەن. زۆربەمان کەم‌تاکوت له گەڵ نوسخەکانی قوڕئانیکە هەموویان له سوننەتی کرداری موحەممەدی موستەفا(د.خ) پیشان دراوە شارەزاییمان هەیە کە ئەگەر قامک‌ژمێرێکمان لێی بەڕێوە دەبرد بێ گومان حاڵ و ڕۆژگارمان و کۆمەڵگا تا ئەم ڕادە لەرزۆک، داماو، بێ بەرپرسیارێتی، ڕاڕا و وازوازی، خۆویست و .... نەدەبوو. 

ئێمە بەر له تەزکیە، نیازمان بە تەقوا هەیە کە تێچووەکەی زۆر کەمترە، چونکه تەقوا هەمان پێشگیریه و تەزکیەش دەرمانە. بە تێپەڕ بوونی کات و زەمان و بە هۆی کەمتەرخەمی له سەر هۆکارەکانی ژینگە نەفس گیرۆدە و پیس دەبێ، ئەگەر له هاتنی ئەوانە ڕێگری بکەین و نەفسی خۆمان بپارێزین دەگەینە ڕزگاری و ئامادەی وەرگرتنی زانست و حیکمەت دەبین. ئێمە بە یەک شت موحتاجین: بە کارهێنانی دروشمەکان

پێوەندی نێوان تەزکیەی نەفس له گەڵ دەعوەت بۆ لای خودا چیە؟

له پرۆسەی دەعوەت بۆ لای خودا تەزکیەی نەفس زۆر پێویسته و نەبوونی تەزکیه جگە لەوەی دەعوەت ناتەواو و ناقس دەکات تەنانەت تووشی زیان و سەرگەردانی دەکات و دەبێتە هۆی لاوازی و له ئاکامدا بەردەنگەکانیش دوور دەکاتەوە.

له ئایینی ئیسلامدا خودا ژێدەر و بەدیهێنەری کەون و جیهانە. لەم ئایینە‌دا داواکراوە له مرۆڤەکان تا پێوەندی خۆیان له گەڵ کەون و جیهان و سەرچاوەکه‌یدا بپارێزن، ئەم پێوەندییە دەبێتە هۆی ئۆقرەیی دڵەکان. «أَلا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ»

گەر مرۆڤێک بیەوێ پێوەندییەکی وەهای ببێ بە بێ نەفسێکی خاوێن و پاک‌کراو له پیسی و گوناحەکان ناتوانێ بگاتە ئامانجی خۆی چونکە له کۆتاییدا پێوەندی نێوان زانست و حیکمەت پێویستە و گەیشتن بەمەش مومکین نیە مەگەر بە دەروون و نەفسێکی ڕزگار و ڕەها له بەربەست و تاوانەکان...

ڕۆڵی نمونەی کرداری و عەمەڵی له تەزکیەی نەفسدا چۆنە؟

بە گشتیی دەروون و ناخی مرۆڤ جۆرێکە کەوا له بەرامبەر هەر دەعوەتێکدا چاو له سەرمەشق و نموونە دەکات بۆیه له ڕەفتار و کرداری دەعوەتگەر سەرنج دەدات تاوەکوو بۆ هاتنە نێو ئەم گۆڕەپانە دڵنیا بێت.

ئەگەر پزیشکێک تەنانەت بێ هیچ هێما و سەمبولێکی ئایینیش داوا له خەڵک بکات بۆ نموونە سیگار نەکێشن له حاڵێکا خۆی سیگار بکێشێ لەوانەیە بەردەنگەکانی قسەکەی بە جیددی نەگرن و ئەنجامی نەدەن له دەعوەت کردن هێما و درووشمی دینی و ئیدعای بانگەواز بۆ لای خوداش بابەتێکی زۆر جیددیتر و گرنگترە، چون ئەگەر بێتو له دەعوەت بۆ لای خودا ناکۆکی و ناسازگاریەک له نێوان درووشم و هێماکانی دینی و داخوازی دەعوەتگەر هەبێت، دەبێتە هۆی پچڕانی بەربانگەوازان له گەڵ سەرچاوەی کەون و جیهان کە خودایە. جا نەبوونی متمانە و نادڵنیاییه‌ک کە ڕوو دەدات پڕخەرجترە له ئاوەها پزیشکێک و قەرەبوو ناکرێتەوە. له قوڕئانی پیرۆزدا دەیخوێنین: «وَ ما خَلَقْتُ الْجِنَّ وَ الْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ».{زاریات:٥٦}

خوای پەروەردگار ئێمەی خوڵقاندووە تاوەکوو بە گەشە پێدانی بەهرە و لێهاتووییمان و وازکردنی داتا شاراوەکانی ناخمان له فایلەکانی نەفسماندا بە ئاگادارییەوە پێوەندیمان له گەڵ جیهان و خودادا پتەو بکەین. له بە فیڕۆ چوونی کات بەرگیری بکەین.

هەوەسەکان و هێزی غەریزی کە هێندێکیان پێویستە بۆ بەردەوامی ژیان، کۆنترۆڵ بکەین و بە بەدەست هێنانی زانست و بە کاربردنی شیاو و حەکیمانە ڕازەکانی گەردوونی پێ بزانین و لە کۆتاییدا به پێکهاتەکانی نوێ له فاکتەرەکان و ئەو مژارانەی له ئیختیار دایە، له مەرتەبەکانی جموجوڵ و حەرەکەت بەرەو پەرەسەندی کائینات و گەردوون له چواردەوری خۆمان و سازکردن و ئاوەدانی بەشدار بین.

جا وێنای بکەن دەعوەتگەرێک ڕەفتار و ئاکارەکانی هاوتا له گەڵ لێکدانەوەی دەعوەتەکەی بێت و چاکەخوازی خۆی له کردەوەدا نیشان بدات و وێنە و هێما و سەمبولی «کُونُوا دُعَاةَ النَّاسِ‌ بِأَعْمَالِکُمْ‌» بێت بێ گومان خێرا نموونەی زۆر دەبێت.

بە داخەوە پێچەوانەی ئەمەش هەیە چون هەروەها کە له کۆمەڵگای سەردەم دەیبینین ئەمڕۆکە قەبارەی درووشمەکان و ئیدیعاکان زۆر له سەرە و دووفاقێتی و پارادۆکس و مەودای نێوان وتەو کردەوە  زۆر فرەیە، هێماکان زۆر و ڕواڵەتبازەکان له جلی فریودا بێداد ئەکات، ڕاستی ئەم قسەش له دەسڵاتداری بێ متمانەیی له ژێر سێبەری قەوڵ و گوتەکان و بەڵێنە درۆکان و نەبوونی هەستی هێمنایەتی و ئاسوودەیی نێوان خەڵکی کۆمەڵگه، زالێتی گەندەڵی و ئاڵۆزی له بوارەکانی جۆراوجۆری پەیوەندی خێزانی و کۆمەڵایەتیه کەوا پەرەسەندنی ڕیا و دووڕوویی له بەرەنجامەکانێتی کە ڕاستەوخۆ و موستەقیم دەیبینین و ئازار دەکێشین.

نیشاندانی سەرمەشقی کردەوەیی پێویستیەکی نەکراوەیە چونکە له لایەکەوە ڕاستی داخوازیەکە دەردەخات و له لایەکی تریش چوونە نێو گۆڕەپانی تەزکیە بۆ خەڵک ئاسان دەکات.

ڕۆڵی سۆفیگەرێتی و چاکەکاری و ئیحسان له تەزکیەی نەفسدا چیه وە ئایا بە بێ ڕێبەر و مامۆستا و ڕاهێنەر دەکرێ مرۆڤ بگاتە تەزکیه و خاوێنی دەروون؟ ڕاهێنەر و خاوێنکەر دەبێ چه تایبەتمەندییەکیان هەبێت؟

سۆفیگه‌رێتی عاریفانه و شارازایانە و زانستیانە کەوا نەتیجەکەی بریتیه له هەڵبژاردنی ژیانێکی ساده، قنیات له گەڵ هەوڵێکی زۆر و چاوەڕواننەکردن له خەڵک و چاو له دەستی خۆبوون بۆ ئامادە بوونی خزمەت کردن و ئینفاق و بەخشینێکی ڕاستەقینە و لابردنی سەختی و دژواری ڕێگە، ڕاست و ڕێک کردنی ڕەوتی ژیانی خەڵک و بەشداری چالاکانە له چاکە و چاکسازی و خێرەومەندی دەورێکی حاشاهەڵنەگر و پێویستی له پرۆسەی تەزکیە‌دا هەیه.

نیشاندانی ئەم پێناسه لە سۆفیگه‌رێتی زەروور بوو بۆ ئەوەی شتانێک کە بە شێوەی عادی و بۆچوونی عامیانە باوە لابەین چونکە لایەنگەلێکی زۆر بەم ناوەوە دەبینین کەوا بەرپرسان و کاربەدەستانیان بە کردەوە پێچەوانەی ئەم پێناسە دەردەکەون.

زۆربەی ئەوان وەکوو هێندێک له سەرۆک و کاربەدەستانی حیزبەکان و گرووپ و دەستەکان نوقمی ناز و نیعمەت و دوورەپەرێز له هەر جۆرە هەستی بەرپرسیارێتی ڕۆژگار تێدەپەڕێنن و بە داخەوە بڕێکیش له باتی خزمەت به سەلامەت و ئاسایش و ئارامشی کۆمەڵگا خزمەتی تەماحکاران و کایەی ڕامیاری دەکەن وە بە پێوێستم زانی کەوا ئەم بابەتە ڕوون کەمەوە تا پێش هەموو شتێک هەر جۆرە لێڵی و نادیاریەکم نەهێشتبێت.

له وەڵام بە ئەم بەشی پرسیارە کە ئایا بە بێ ڕێبەر و ئوستاد و ڕاهێنەر دەکرێ مرۆڤ بگاتە تەزکیەی دەروونی؟

دەبێ بڵێم لازمه درک بەوە بکەین کە له نێوان ئێمەدا ڕاهێنەریی سیکل و دەورەیەکی پێویستە کە تایبەتی نەکەینەوە بە کەس یان کەسانێک بەو واتا کە ئیمکانی هەیه تاکێک له لایەکەوە له جێی ڕاهێنەر قەرار بگرێت و له لایەکی دیکەوە خۆی موحتاجی مورەبی و ڕاهێنەر بێت، ئاساییترین و ساڵمترین شێوازیش ئەمەیە، چونکە تاکی ڕاهێنەر له هێندێک خەیاڵات و گومانی خۆبەزلزانی و بادیهەوایی دەپارێزێت و هەروەها خوێندکاریش هەردەم پشت‌گەرم بە باڵادەست نیه و له ئاکامدا هەستی خۆ بە کەم زانین لادەبات.

بە داخەوە له نێوان هێندێک ڕاهێنەر و هەم قوتابیانیش خەیاڵێکی هەڵه له بارەی تەزکیەوە هەیە کە دەبێتە هۆی خۆ بەگەورە زانین و سەروەری ڕاهێنەر و مورەبی و بە بچووک زانینی قوتابی بە شێوەیەک کە وای لێهاتووە دەبێ فێرخواز یان قوتابی تەواوی چارەنووسی ژیان و تەنانەت بیروچوونیشی له ڕاهێنەر و مامۆستاکەی وەرگرێت.

پاش پێغەمبەرایەتی ئیتر پیری تەریقەت و ڕێبەرێکی ڕۆحانی نیە کە بتوانێ و شیاوی ئەوە بێت تا فێرخوازەکان بە داواکاریی ئەو عاشقانە و مەستانە بەرماڵ ڕاخەن و بە بێ ئەملاوئەولا گوێڕایەڵ و گوێ له مست بن چونکە له بناغەڕا ئامانجی پێغەمبەران ئەمە نەبووە بەڵکوو بە پێچەوانە له سەردەمی پێغەمبەرایەتیدا کۆتا هێنی زنجیرەی پێغەمبەران کامڵ بوو کە مرۆڤ له ناخی خۆیدا خۆی بدۆزێتەوە. هەدەفی تەزکیه و بەرپرسیارێتی ڕاهێنەر و مامۆستا ئەوەیە کە فێرخواز له ناخدا خۆی پەیدا بکات و بە هەست و زانیاری و مەعریفەت و وشیاربوونەوە و ویژدانێکی بێدار پێوەندی خۆی له گەڵ خودای بیناو بیسەر بپارێزێت تا بتوانێ بە تەنیایی و لە سەفەر و هێبەردا، له نهێنی و ئاشکرادا، له لاوازی و دەسەڵاتدا، له هەژاری و دەوڵەمەندیدا بە باشی چاوەدێری خۆی بکات. 

ئەمەش تەنیا به پیشاندانی بەها و کەرامەتی مرۆیی فێرخواز و موتەرەبی و خاکەڕایی ڕاهێنەر و دووری ئەو له هەر چەشنە پوانخوازی مومکین دەبێت.

له ئاوەها بارودۆخێکدایە کە فێرخواز، هەم خاکەڕایی پێنارە و مەشق دەکات هەم بە گوێ و چاوی کراوە هەستی بەرپرسیارێتی تیایدا جێگیر دەبێ ئەگەر وەها نەبێت-هەروەها کە دەبینین- کەسانێک بەناو فێرخواز چاووگوێ داخراو بە دەم کراوەیی، وەک ئامێرێکی بێ ئیرادە و ویست له دەستی کەسێک یان لایەنگەلێکی نەناسراو و بێ ناوونیشان قەرار دەگرن و له باتی گێڕانی ڕۆڵ و دەورێکی کاریگەر و سازێنەر دەکەونە بەر پرۆسەی وێرانکاری و تێکدان و له ناوچوون و جیاوازیشی نیه ئەم دۆخە بە ناوی چه کەس و گرووپ و جەماعەتێک بێت، دەبێ سەرنج بخرێتە سەر قاعیدە و شێواز و فڕموڵ، کەوابوو وەڵامی بەشی سێهەمی پرسیارەکەش ئاشکرا و ڕوونە.

قوڕئان سەبارت بە پێغەمبەر وەکوو ڕاهێنەرێک، ڕوونی دەکاتەوە کە سەرەتا ڕاهێنەر دەبێ له نێوان خەڵکدا بێت و مەردم به باشی بیناسن، ئاستی ژیانی خوارتر له ئاستی ژیانی فێرخواز یان لانی کەم هاوئاستی ئەوان بێت، ئەمە یەکەمین و گرنگترین و بەرچاوترین مەرجی یەک دەعوەتگەر و ڕاهێنەر و پەروەدەکەری ئاینییه.

مودەڕیس و ڕاهێنەری دینی هەوڵ بدا بە ساقەو قوربانی فێرخواز و قوتابی بێت، نەوەکوو چاوەڕوانی ستایش و مەدحی فێرخواز بێت و له جێگە و پێگەی سەرەوە دانیشێت.

مخابن ئەوەی کەوا ئەمڕۆکە مەوردگەلی فراوان له ئیدیعاکار و خوازیاری تەزکیە دەبینین، جگە له هەوڵێک بۆ پەروەردەی کەسانێک له ڕۆڵی پاساودەر یان لەشکری زۆرووبۆری حیزبی و بەرژەوەندی و تەماحی تاکە کەسی و گرووپی کە بە ناوی ئایینەوە چالاکی دەکەن شتێکی‌تر نیە. هەرچەن له نێوانی ئەم کۆمەڵە کەسانێک هەن کە له باری کەسایەتییەوە خۆشناون بەڵام بە گشتی بە هۆی ئەوە کە ئاستی زانیاری و ئاگاهییان له سنووری حەزو ڕاهێنانەکانی گرووهی تێپەڕ نەبووە، ئەوانیش گەرچی زانستی باشیان له سەرچاوەکان هەبێت، ڕازین بە ئەم ڕادە و ڕوونکەرەوە و کافیش نیە بۆ تەزکیە. بەم هۆیەوە جیاوازی نێوان خوێندەواری و زانست زۆرە و هەروەها دەبێ وردبوونەوە هەبێت له بەینی خۆشناوی و ئاستی درک و تێگەیشتن و مەعریفەت.  

کەسێک کە ئیدیعای تەزکیەی هەیە زۆرتر بە وێژەری و خیتابە خوێندن کات دەباتە سەر نەک کردەوە، پەروەردەکەر و ڕاهێنەری ڕاستەقینەش دەبێ بە کردەوە بناسرێت.

بەوجۆرەیکە له قوڕئاندا هاتووە، دیارە ئامانجی کۆتایی دەعوەت بۆ لای خودا تەزکیه و خاوێنی نەفسه کە گەیشتن پێی هۆی ڕزگارییه، ئایا تەزکیه و پەروەردەی مرۆڤەکان، هەدەفی سەرەکی دەعوەتی ئیسلامیه؟ ئەگەر وایه جەماعەتە ئیسلامیەکان بە تایبەت بێداری ئیسلامی و قوتابخانەی میانەڕەو تا چە ڕادەیەک لەم بوارەدا سەرکەوتوو بوون؟

هەروەها کە پێم گوتن، تەزکیه گەرچی له پێگەی خۆی و وەکوو یەکێک له مەرجەکان، دەورێکی زۆر گرنگی له دەعوەتدا هەیه بەڵام ئامانجی کۆتایی نیه. دیارە ئەم خەیاڵە کەوا تەزکیه هەدەفی کۆتاییه بوەتە هۆی ئەوەی کەسانێکی زۆر له چالاکی و هەوڵ و فێربوونی زانست و داهێنەری خافڵ بن و لە حاڵەتی گەشبینانە تەنیا له ئاستی ژیانی خۆیان بتوانن بەڕەی خۆیان له ئاو هەڵکێشن. کەوابوو ئاسۆ و دوورەدیمەنی بانگەواز بۆ لای خودا زۆر بەرزتر له تەزکیەی دەروونە. گرنگی تەزکیەی نەفس وەکوو هێڵی پەرواز بەرەو قۆناغەکانی بەندایەتی و هاواهەنگ بوون له گەڵ سیستەمی ئافراندن و گەشەی لێهاتوویی و بەهرەکانە. 

زۆربەی بزوتنەوەکانی ئیسلامی ئاگاداری گەشەی مەعنەوی تاکی کۆمەڵگا نەبوون بەڵکوو فرەتر بە ناوەندێتیەکی تایبەت گرێیان داون و هێزی هەڵبژاردن له باردۆخی بۆشایی و ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانیان تێدا درووست نەکردووە. بێ گومان بیستووتانە کە پرسیار کرا له پێغەمبەر: ئەگەر کاتی پێشهاتنی بابەتێک وە دوور له پێغەمبەر بەڵگەیەکی شەرعیمان نەبوو چی بکەین. فەرمووی: بە ئیجتیهاد و هەوڵی خۆت ئەنجامی بدە و عەمەڵ بکە، ئەمە نیشان دەدات کە کۆششی پێغەمبەر و بیرکردنەوەی ئەوە بوو کە قوتابی و فێرخوازان هەستی سەربەخۆیی و بە جۆش هاتنی هێزی ناخ و دەروونیان هەبێ. 

یەکێک له کەم‌وکورتیەکان له هێندێک بزوتنەوەکانی بێداری ئیسلامی، داڕشتنی بەرنامەیە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەی تیۆریکی بۆچوونەکان و بیروباوەڕی ناموسڵمانان و تەنانەت ئیدانە و بایکۆت کردنیان بووە و زۆرتر وزە و هێز و دەرفەتەکان لەم چەشنە بوارەدا بە کارهاتووە وە ئەم جۆرە کاردانەوە و ڕەفتارە هەروەها بەردەوامە و چالاکی بەم بەرفراوانیەوە دەبێتە هۆی بێ خەبەری و خافڵ بوون له پەروەردەی دەروونی. ئەگەر لە یەکێک لە کتێب‌فرۆشێکاندا تەماشایەکی بابەتە ئیسلامیەکان بکەین دەبینین ناوی زۆرێک له کتێبەکان ناوەڕۆکی دووپاتە و هاوبەرە و مەوازییە، جا لاکردنەوە له سەر چەندێتی بە شێوازی تکرار و دووپاتە، چۆنیەتی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە. 

هەمەچەشنی دەستە و گرووپەکان بە هۆی خەریک بوون به شتە لاوەکی و ناسەرەکییەکان و پێناسەیەکی سەرسەری له شرۆڤە و لێکدانەوە دینیەکان پیشاندەری پەرتەوازەیی و بڵاوییانە بۆیه له تیۆری کردنی تەنانەت قامک‌ژمێرێک لە هێما و درووشمەکان کامڕەوا و سەرکەوتوو نەبوون. هەڵبەت ئەم دیدە ڕەخنەگرایانە بە واتای ئەوە نیە کە خاڵە بەهێزەکان و نییەتی خێر و هەوڵ و تێکۆشان و له خۆبردوویی زۆرێک له کەسایەتیەکان و ئەندامانی ئەم گرووپانە نادیدە بگیردرێت، ئاماژە بەمەش بکەم کە ڕووداوەکان و پێشهاتە نەخوازراوەکان و ململانێی بەدەر له گرووپ نابێ ڕەچاو نەکرێت کەوا کۆسپ و بەستێنگەلێکی هێناوەتە ڕوو بۆیان. 

نموونەی نزیکی خۆمان، چالاکی پەروەردەیی کاکە ئەحمەد موفتیزادەیە کە ڕوودانی بڕێک پێشهاتەی نەخوازراوی شۆڕشی 1357و ڕووداوەکانی دوای ئەوە بۆ وێنە زیندانی بوونی بۆ ماوەیەکی زۆر و... کێشەگەلێکی قەرەبوو نەکراوەی له ڕێی حەرەکەتی مەکتەب قوڕئان ‌درووست کرد.  

ئەم بزوتنەوە و جەماعەتانە باشتر وایه پێداچوونەوە و دەورکردنەوەیەک بکەن و له‌و ئەزموونانە کە ڕووی داوە دەرس وەرگرن و گۆڕانکاریەکی کارێگەر بخولقێنن.

هەندێک له جەماعەتە ئیسلامییەکان بڕوایان وایە کە قۆناغەکانی مەکی یان کۆمەڵگای وەکوو سەردەمی نەفامی و جاهلی-ئیسلامی دەبێ بێ ئەوەی چالاکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بکەن تەنیا سەرقاڵی دەعوەتی فەردی و تەزکیەی نەفس بن، ئایا ئەم چەشنە بیرکردنەوە دەکرێ واقیع‌بینانە بێت و له بنەڕەتدا تەزکیە ڕادەیەکی هەیە و دەکرێ بڵێین له فڵان کاتدا تاک گەیشتۆتە تەزکیە و شایستەیی ئەوەی هەیە کە بێتە نێو کۆمەڵگا؟

هەروەها کە وتم: تەزکیە پرۆسەیەکە و ناکرێ سنوورێکی وەهای بۆ دیاری بکرێت. وە تەنیا بە کۆتایی هاتنی ئاسەواری ژیان و هێز و تواناکان و چالاکیەکانی خۆویستانە ڕادەگیردرێت. 

بەشداری له فەعالیەت و چالاکی کۆمەڵایەتی له گەڵ خۆتێهەڵقوتاندن له سیاسەت جیاوازە و ئەگەر دەست تێوەردانی سیاسی بە واتای ئەمڕۆیی(کۆشش بۆ بەشدار بوون له دەسەڵات و تێهەڵقوتاندنی بڕیاردەرانە و...) تەبعەن بۆ کەسانێک کە شتێک له سیاسەت بە واتای بەڕێوەبەرایەتی نازانن و له لایەکی تریشەوە دەسەڵاتی خۆڕاگری تیایاندا کەمە و نەبوونی فرەیەک له فاکتەرە پێویستەکان بۆ ئەم گۆڕەپانە، ئەگەر بێتوو تەنانەت بەستێنەکەشی دابین کرابێت، دەبێ خۆتی لێ بپارێزی، بەڵام چالاکی کۆمەڵایەتی جیاوازە. ئەگەر ئەم چەشنە فەعالیەتە دابخرێت و هەر کەسێک بە پێیی زانیاری و هێزی خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی نەکات، بە هەمان ڕادە مەیدان بۆ شەڕانخێوی و تاو دان بۆ خراپکاران و هەلخوازان ئاوەڵا دەکات. 

هەرچەن جەماعەتگەلێک هەن کە بە گومانی خۆیان له چارەنووس و سیاسەتگەل بەشداری دەکەن بەڵام ئەندازەی بەهرەمەندی سەرۆکەکان و کارگێڕەکان له شتانێکی کەم بە بۆنەی پاراستنی پێگە و جێگە له زۆرێک لە چالاکیگەلی پێویستی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی خەڵک و هەروەها له ترسی دڵشکانی سەروەریی و حکوومەت، خۆیان دوور دەخەنەوە و ئەمەش خراپترین، سووکترین و ناجوامێرانە حاڵەتێکە کە دەکرێ بیهێنینە پێش چاوی خۆمان. 

تەزکیە بۆ ئەم کەسانە فەڕزە و لە واجباتە کە بە تەوبەیەکی ڕاست و نسووح دەکرێ قەرەبووی خەسار و زیانەکان بکرێتەوە...