خەڵکێکی زۆر دەڵێن ترس شتێکی راست نییە، بەلای منەوە ئەمە بێمانایە، ھەریەک لە ئێمە شتگەلێک ھەیە لێی دەترسێ، ھەر ترسە وای لێ کردوویین کە چەندین کار کە پێویست بوو بیکەین نەمان کردووە، ترس دەتوانێ ڕێگر بێ لەبەردەم زۆر شتدا، پێویستە ئەوە بزانیت کە ترس شتێکی ڕاستییە و دەبێ زاڵبیت بەسەریدا. خاتوونی نووسەر و ڕاھێنەری ئەمریکی بەناوبانگ (مێلڕ ڕۆبینز) ١- واتای ترس و کاریگەرییەکانی: ترس چییە؟ ترس حاڵەتێکی دەروونی و فیسیۆلۆجییە و ھەموو زیندەوەرەکان بە مرۆڤیشەوە ھەستی پێ دەکەن و تووشی دەبن. مرۆڤ ھەر لە سەرەتای ژیانی و بگرە لەگەڵ لەدایکبوونیدا ترس لەناخیدا چەسپاوە، وەک منداڵێکی ساوا کە گوێبی لە دەنگێکی بەرز دەبێ، یەکسەر کاردانەوەی ھەیە بۆی. ھیچ کەسێک نییە کەم یان زۆر ترسی نەبێ لەو مەترسییانەی کە پەیوەندی بە ژیانییەوە ھەیە. لە پێناسەیەکی تردا وتراوە: ئەو کارەی کە دەتەوێ ئەنجامی بدەی و نەتوانی ئەنجامی بدەی، جا ئەمە لە شوێنی کارەکەت بێ یا ژیانی تایبەتیت یا لەھەر بوارێکی دیکەدا بێ، ئەمە پێیدەوترێ ترس. ترس پەیوەندیی نییە بە قۆناغێکی دیاریکراوی مرۆڤەوە، بەڵکوو لە ھەموو کاتەکانی تەمەنیدا دوچاری دەبێت و بەپێی ساتەکانی گەورەبوونی مرۆڤ ئەویش گەورە دەبێت و زیاد دەکات و جۆری جیاوازی لێ پەیدا دەبێت. ھەندێک ترس ھەیە کاتییە، ئەمەیان تەندروستە و بۆ ماوەیەکە و دێت و دەڕوا، ترسیش ھەیە جێگیر و ھەمیشەییە. ساڵەکانی سەرەتای ژیانی مرۆڤ بە گرنگترین قۆناغی دروستبوونی ترس دادەنرێ، چونکە ئەم سەرەتایە بنەما و بناغەی دروستبوون و گەشەی مێشکی مرۆڤە و ترسیش پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە بە مێشکی مرۆڤەوە، بەتایبەتی ٣ ساڵی سەرەتای ژیانی منداڵی. دکتۆر وەلید فوتەیحی دەڵێ: ترس ڕاستەخۆ کاردەکاتە سەر مێشکی مرۆڤ بەتایبەتی ئەو بەشەی پێیدەوترێ شاخی ئامون (Hippocampus)، ئەم بەشەی مێشک بەرپرسە لە فێربوون و لە گەیاندنی زانیاریی لە یادگەی کورتمەودا بۆ یادگەی درێژمەودا، ھەروەھا بەرپرسی دروستبوونی خانەی تازەی پەیوەست بە یادگەیە، ترسی بەردەوام وا دەکا ئەم بەشەی مێشک وردەوردە سست بێ و بپوکێتەوە. ھەروەک چۆن لەکاتی نەخۆشکەوتنی جەستەییدا، نیشانەی جیاواز لە جەستەی مرۆڤە نەخۆشەکەدا دەردەکەوێ، بەھەمان شێوە مرۆڤ کاتێک تووشی ترس دەبێ چەندین نیشانەی لێ دیاری دەدات، دەتوانین لێرەدا باسی چەند نیشانەیەکی ترس بکەین کە لە کاتی ھەستکردن بە ترس لەسەر شکل و ڕوخساری مرۆڤەکان دەردەکەون. لە پێشدا باسی ئەوەمان کرد کە ترس پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە مێشکی مرۆڤەوە ھەیە، بۆیە لە کاتی ھەستکردن بە ترس ڕێژەی دەردانی ھۆڕمۆنی کۆرتیزۆن زیاد دەکا، ئەمەش دەبێتە ھۆی: – زیادبوونی لێدانی دڵ. – بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. – سووربوونەوەی دەموچاو. – خراپبوونی ھەناسەدان. – کەمخۆریی و کەمخەویی. – گەورەبوونی بۆرییەکانی خوێن. – ڕەقبوونی ماسولکەکان و چەندەین کاریگەری نەرێنی تر. بەردەوامبوونی ترس لە دەروونی ھەر مرۆڤێکدا، کار دەکاتە سەر کۆمەڵێک سیفەتی مرۆڤ، لەوانە: – لەدەستدانی بڕوابەخۆبوون. – تێکچوونی خەو. – سەرهێشەی بەردەوام. – دوودڵی و دڵەڕاوکێ. – کەمبوونەوەی بەرگریی لەش. – کەمبوونی تەرکیز. – ھەستکردن بە شەرمەزاریی و کەمی خۆت. ٢- جۆرەکانی ترس: پسپۆڕی دەروونناس دکتۆر (محه‌ممه‌د موتره‌ک ئه‌لقه‌حگانی) دەڵێ: ترس دوو جۆری زۆر سەرەکی ھەیە، ئەوانیش بریتین له ترسی سروشتی و ترسی نەخۆشی. واتە ترسی سروشتی ئەوەیە کەسەکە لەوە دەترسێ کە نزیکی ئاگرێک بێت یاخود کارەبا یاخود لە گیاندارێکی دڕندە بترسێ، ئەم ترسە سروشتییە و بەڵکوو پێویستیشە مرۆڤ ئەم جۆرە ترسانەی ھەبێ. لەبەرئەوەی خۆیان ترسناکن و زیانیش بە مرۆڤ دەگەیەنن، بەڵام جۆری دووەم کە ترسی نەخۆشییە، ئەو جۆرەیە کە پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت. لەم جۆرەدا کەسەکە لە شتانێک دەترسێ کە لە بنەڕەتدا جێگای ترس نین و مرۆڤەکان خۆیان دروستیان کردووە بۆ زاتی خۆیان، وەک ترس لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی و لە شوێنی بەرز و لە تاریکی … ھتد. ئەم جۆرە ترسە واله‌ مرۆڤ دەکا کە ھەمیشە غەمبار و دوودڵ و خەمۆک دەرکەوێ، لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا مرۆڤ ڕووبەڕووی کۆمەڵە شت دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا بۆی چارەسەر نابێ. ئەم ترسە کارێکی وادەکا ھەر تاقیکردنەوەیەک یاخود ھەر گۆڕانکارییەک لە ژیانیدا کە بیەوێ ئەنجامی بدات، ترس دەبێتە ڕێگر لەبەردەمیدا و وای لێدەکا سەرکەوتوو نەبێ. ترسی نەخۆشی بەگشتیی ئەم جۆرانەی ھەیە: ١- ترس لە شوێن و جێگای داخراو: ئەم جۆرەیان ترسێکی ھەرە باوی ناو مرۆڤەکانە و ٦٣%ی خەڵک لەم جۆرە ترسەیان ھەیە، بەتایبەت لەناو ئافرەتاندا زیاتر ھەستی پێ دەکرێت. ٢- ترسی کۆمەڵایەتی: ئەم جۆرە ترسەی مرۆڤ لەکاتی چاوپێکەتن لەبەردەم کامێرادا یاخود قسەکردن بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک و ڕەخنەگرتن لە قسەکانی دروست دەبێ. ٣- ترس لە نەخۆشی: ھەندێک لە مرۆڤەکان بەردەوام وا ھەست دەکەن تووشی نەخۆشی دەبن، بەتایبەت نه‌خۆشییە قورس و گرانەکانی وەک نەخۆشی شێرپەنجە، کە بە نەخۆشییەکی کوشندە ناسراوە، بەتایبەت لە وڵاتی خۆماندا. ٤- ترس لە مێروو و ئاژەڵ: کە ئەمەش زۆربەی کات لەناو ژنان و منداڵاندا بەدی دەکرێ. ٥- کۆمەڵیک ترسی تر ھەن کە مرۆڤ بەبێ ھۆ تووشی خۆی دەکا، وەگەرنا ھەر لەگەل تێپەڕبوونی تەمەندا ڕوودەدا، وەک ترس لە پیری. ٦- ترس لە داھاتوو: ئەمەش دەبێتە ھۆی دروستبوونی ئازاری دەروونی و وا دەکا ئەو مرۆڤە بە بەردەوامی بیر لە داھاتوو بکاتەوە و لە شتانێک دەترسێ کە ھێشتا ڕووی نەداوە و لەوەش ناچێ ھەر ڕوو بدەن، بەڵام ئەم مرۆڤانە کۆمەڵە شتێک بۆ خۆیان دروست دەکەن کە لە حاڵی حازردا بوونیان نییە. ھەربۆیە پێویستە فێری ئەوە بین کە بیری خۆمان ئەوەندە بە داھاتوو و شتی خەیاڵییەوە سەرقاڵ نەکەین، بەڵکوو بە بیرێکی فراوان و واقیعییەوە پڕۆژەکانمان دابڕێژین و کار بۆ بەدیھاتنیان بکەین و ئەنجامەکانی بھێڵینەوە بۆکاتی خۆی. ٣- چەند ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە ترس: گرنگی و ھەستیاری ترس و کاریگەرییەکانی لەسەر مرۆڤ، وایکردووە قسە و باسی زۆری لەبارەوە بکرێ و لە چەندین ڕووشەوە باسی چۆنێتی دەربازبوون و ڕزگاربوون لێی کراوە، لێرەدا باسی گرنگترینی ئەو ڕێگایانە دەکەین کە دەبنە مایەی ڕەواندنەوەی ترس لای مرۆڤ: ١- پشتببەستە بەخوای گەورە و بڕوات ھەبێ بەوەی کە ھەموو ژیانمان لە دەستی پەروەردگاردایە و ھیچ شتێکیش بەبێ ئیڕادەی ئەو نایەته‌دی. ٢- ھەوڵبدە زانیاری دەربارەی ترس فێرببیت، تاوەکو بزانیت ترس چییە و چارەسەریشی چییە، دواتر بزانە بە دیاریکراوی لەچی دەترسیت، واتە چ بابەتێک یان ڕووداوێک ترسی لە دڵتدا دروست کردووە تا ھەوڵبدەیت ئەو ترسە لە دڵتا بڕەوێنیتەوە. ٣- پێویسته‌ ترس ھەر لە قۆناغی منداڵیدا بنەبڕ بکرێ تاوەکوو لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەدا گەورە نەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا منداڵ فێر بکرێ کە چۆن داوای یارمەتی لە کەسانی گەورە بکات، کاتێک تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو دەبێ کە دەبێتە مایەی ترساندنی. ھەرچەندە وا باشترە ئەم پرسە لەسەر ئاستی دەزگاکانی پەروەردە و خوێندنگاکان ھەوڵی چارەسەری بدرێ و ئیدارە و مامۆستایان کاتی بۆ دیاری بکەن و لەگەڵ قوتابییەکان دانیشن و گوێیان لێ بگرن. ٤- ھەر کارێکت ویست، ھەوڵی بۆ بدە، ئەگەر بیشزانیت تێیایدا سەرکەوتوو نابیت. ٥- وەرگرتنی کاتی تەواو بۆ پشوودان، لەبەرئەوەی مرۆڤەکان لەکاتی ترس و دوودڵیدا ناتوانن بڕیاری دروست بدەن. پشوودانەکەش دەکرێ بەچەند جۆرێک بێت، وەک چوونەدەرەوە یان قاوەخواردنەوەیەک یان خۆشتنێک، ئەمانە تا ڕادەیەک فشار و دوودڵی کەم دەکەنەوە و وا دەکەن مرۆڤ ھەست بە ئارامیی دەروونی بکات و ئەو ترسەی ھەیەتی بڕەوێتەوە و لەلای ئاسان و سادە بێت. ٦- بیرکردنەوە لە دەرەنجامی خراپتر، بۆ نموونە لە کاتی ھەستکردن بە ترس لە تاقیکردنەوەیەک یاخود چاوپێکەتنێک بۆ دەستکەوتنی ئیشێک، بیرکردنەوە لە خراپترینی گریمانەکان و پرۆڤەکردن لەسەر شێوازی قسەکردنەکەت لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا (واتە خۆڕاھێنان لەسەری) ترسەکەت لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا کەم دەکاتەوە. ٧- ڕووبەڕووبوونەوەی خودی کەسەکە لەگەڵ ئەو حاڵەتەی لێی دەترسێ، بە مانایەکی تر مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتی پڕ لە ترس و تۆقین، چونکە ئەگەر مرۆڤ ئەو ترسەی کە ھەیەتی لێی ڕابکات، ئەوە دەرەنجام ترسەکەی زۆر تووندتر دەبێت، بۆنموونە کەسێک لە شوێنی تاریک یان لە تەنیایی دەترسێ، دەبێ شوێنی تاریک یان تەنیایی تاقی بکاتەوە و لای ئاشکرا و ڕوون بێت کە ھیچ ڕوو نادات و ئەو ترسەی ئەو ھەیەتی تەنھا ترسێکی خەیاڵییە و بەس. ٨- ھاتنە ناوەڕاستی ژیانەوە، واتە دەبێ مرۆڤەکان بزانن ژیان بە سروشتی حاڵی خۆی پڕە لە جەنجاڵی و ڕوودانی کاری خۆش و ناخۆش، ئەوەشی لا ڕوون بێ ئەوەی کە ڕوو دەدا، تەنھا بۆ تاکە کەسێک نییە. بۆ نموونە وا بزانێ بەس ئەو نەخۆش دەکەوێ یاخود ھەر ئەو دەمرێ یان بەس ئەمە کەسە نزیکەکانی لێی دوور دەکەونەوە. ٩- گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تر دەربارەی ئەو ترسەی کە ھەیەتی و بەشداریپێکردنی کەسانی نزیک و ھاوڕێ، یاخود ڕاوێژکردن بە پسپۆڕی دەروونی و باسکردنی حاڵەتەکە لەلای وا دەکا ترسەکە بڕەوێتەوە. لە کۆتاییدا دەڵێین: مرۆڤەکان ئەگەر ترسێکیان ھەبوو دەبێ ترسێکی ئەرێنی بێ و دروستکەر بێ و بتوانن بیکەن بە سەرچاوەی سەرکەوتنەکانیان، واتە ھاندەر و پاڵنەر و ڕێخۆشکەر بێت بۆ کار و بەرھەم و دەستکەوتی چاک چاکتر، نەک ترسێک بێت ساردکەرەوە و ڕووخێنەر و پشتشکێن بێ، لەبەر ئەوەی ترسی نەرێنی مرۆڤ تووشی لەناوچوون و نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دەکا، چونکە ترس گەورەترین دوژمنی مرۆڤە، لەمڕۆوە سامۆییل جاکسن دەڵێ: ئازایەتی لەپێش ھەموو شتە باش و چاکەکانی دیکەوەیە چونکە ئەگەر ئازایەتیت نەبێ ئەوا دەرفەتی شتە باش و چاکەکانی دیکەت نابێ. سەرچاوەکان: – د. ھیشام تالیب و ئەوانی تر، پەیوەندییەکانی نێوان دایباب و منداڵ ٢٠١٧. – چۆن خۆمان لەترس ڕزگار بکەین (سایتی خەندان). – سایتی ویکیپیدیا. – د. جەعفەر عومەر، باسێک دەربارەی ترس و تۆقین، بەرنامەی تەندروستی ڕۆژ، کەناڵی ئاسمانیی (NRT). – د. وه‌لید فه‌تیحی، به‌رنامه‌ی (ومحیای)، الخوف. – د. محه‌ممه‌د كوڕی موتره‌ک ئه‌لقه‌حگانی، به‌رنامه‌ی (دقائق نفسیە) الخوف المرچی والرھاب، قناە الرسالە الفچائیە. – د. ئه‌حمه‌د عه‌ممارە، کیف تتعامل مع الخوف عملیاً. – إیمان بگمە، ٨ گرق للتعلب علی الخوف والقلق، موقع (الموچوع) الالکترونی. – عاتکە البورینی، التخلێ من خوف والقلق، موقع (الموچوع) الالکترونی. سەنتەری زەھاوی نوسینی: سارا تاھیر و وەفا تاھیر