ھەموو ساڵێك لەکۆتایی ڕەمەزاندا بەشێ لە مامۆستا ئایینییە بەڕێزەکان داوا لە موسوڵمانان دەکەن لەدوای ڕەمەزانیشەوە ھاوشێوەی ڕەمەزان، لە عیبادەتەکانیاندا گەرم و گوڕ و بەردەوام بن!

دیارە جەژن دەڕوا و ھەموومان بەچاوی خۆمان دە بینین دۆخەکە بەوجۆرە نیە و عاممەی موسوڵمانان ناتوانن وەڵامی داواکارییەکە بدەنەوە. بەھۆی ئەوەی زۆر بەکورتی قورسە و تاڕادەیەك دەچێتە بازنەی(حكم بما لايطاق) ئەگەر لەگەڵ لۆژیکی ئەوگوتارەش تا سەر بڕۆین، ئەو دۆخەی موسوڵمانان دوای ڕەمەزان لە دوو ھۆکار دەرناچێت:

١- لاوازی باوەڕی باوەڕداران.

٢- کەمی کاریگەری مامۆستا و وتاربێژەکان لەسەر نوێژخوێنەکانیان.

لەکاتێکدا مەرج نیە ھیچ کامیان بەو قەبارە ڕۆڵیان ھەبێت کە وێنا دەکرێن، چونکە بنەڕەتی کێشەکە لەناو واقیعیبوونی خودی گوتارەکەدایە. 

بە حوکمی ئەوەی ڕەمەزان مانگی ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە و لەناکاوە و ئەم دۆخە بۆ مانگەکانی تر گشتگیر ناکرێت. لە ڕەمەزاندا نەك ھەر حەرامەکان، بەڵکوو بەشێ لە حەڵاڵەکانیش لەماوەی ڕۆژووگرتندا قەدەغە دەکرێن. 

ھەروەھا مانگەکە تایبەتمەندی و بەرەکەتی تایبەت بەخۆی ھەیە و ئاسان نیە ئەو فەزا ڕۆحی و عیبادییەی لەو مانگەدا ھەیە، لەھیچ مانگێکی تردا بۆ عاممەی موسوڵمانان دەست بکەوێت و دووبارە ببێتەوە (خاسەش خۆی دەزانێت چی دەکات و زۆر پێویستی بەو بیرھێنانەوەش نیە)

بۆیە دوای ڕەمەزان سەبارەت بە باوەڕداران ژیان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

لێرەشەوە لەجیاتی ئەوەی داوا لە باوەڕداران بکرێت بە ھەمان گەرم و گوڕی ڕەمەزانەوە ھاتوچۆی مزگەوتەکان بکەن و عیبادەتەکان ئەنجام بدەن، کە واقیع پێمان دەڵێت داوایەکی ناواقیعییە، پێویستە داوایان لێ بکرێت یانزە مانگەکەی تر، لە چوارچێوە و سێبەری حیکمەت و مەبەست لە ڕۆژووگرتندا بژین کە ئەویش تەقوایە. بە حوکمی ئەوەش کە لە ڕەمەزاندا مەشقیان لەسەر ئەوپەڕی خۆپارێزی و خۆگرتنەوە لە حەز و ئارەزووەکان و بەھەندێك لە ئارەزووە حەڵاڵەکانیشەوە کردووە، دەبێت لە دوای ڕەمەزان لایان ئاسایی بێت و بتوانن لە حەرام خۆیان بپارێزن ڕەچاوی بەھا و پێوەرە ئیسلامییەکانی ژیانکردن و بنەما ئەخلاقییەکان بکەن و نەیانبەزێنن. 

لەھەر کوێ بن و ھەرکارێك ئەنجام بدەن، ھەست به‌ چاوه‌دێری خودایی بکەن کار بە بنەمای(اتق الله حيثما كنت) بکەن. لێپرسراوێتی شەرعی و ئەخلاقی کارەکانیان لە ئەستۆ بگرن، بەدوای شوێنکەوتن و (اتباع) باشتريندا بگەڕێن. بخۆن و بخۆنەوە بەڵام زیادەڕەوی نەکەن (كلوا و اشربوا ولا تسرفوا) خواردنی پاك و حەڵاڵ بخۆن(كلوا من طيبات مارزقناكم) و دەستدرێژی مەکەنە سەر سامان و دارایی یەکتر و بەناھەق ماڵی یەکتر و گشتی مەخۆن (ولا تاكلوا اموالكم بينكم بالباطل) پەیوەندی جنسیی حەڵاڵ لەگەڵ ھاوسەرەکانیان ئەنجام دەن و لەم نێوەندەشدا خۆپەرست نەبن و دادپەروەر بن و ھەر خۆیان لەبیر نەبێت، چونکە ژن و پیاو ھاوبەش و ھاوژینی یەکترن و نابێت کەسیان ببن بە ئامراز بۆ تێرکردنی یەکلایەنەی حەزی ئەوی تریان.

بەکورتی لە بیرکردنەوە و کاروکردەوە و پێگەی لێپرسراوێتی و ھەڵوێستگرتن و حوکمدان و مامەڵەکردندا، لە ستەم و ڕواڵەتە جۆراوجۆرەکانی دوور بکەونەوە.  ڕەچاوی ماف و ئازادی و کەرامەتی ئەوانی دی بکەن. لەگەڵ ھەق و دادپەروەری و مروەت و ویژداندا بن، بەو جۆرەی خوای گەورە فه‌رمانی پێ کردوون. له‌ ڕوانگەی ئەوەی سەرەوەش، دەستەواژەی درێژەدان بە دۆخی ڕەمەزان پێداچوونەوە و دەستکاریکردنی دەوێت. 

واباشترە داوای  ئەوە لە موسوڵمانان بکرێت، ئاسەوار و ڕوحی ڕەمەزان و ئەو مەبەستە باڵایەی لە پشتیەوەیەتی، بەسەر بیرکردنەوە و گوفتار و ڕەفتارمایانەوە دیاربێت.

بەمەش لە میکانیزم و میسالیەتەوە دەگوازینەوە بۆ مەبەست و حیکمەت و واقیعیبوون. ھەست بە گوناھکردن لە سۆنگەی ھەست بە کەموکورتیان، لە دڵی باوەڕداراندا ناڕوێنین و دەیانخەینە بەردەم لێپرسراوێتی ئەخلاقییەوە، پێگە و کەسێتی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینیش پارێزراوتر دەبێت.