ئامانجی سەرەکى مرۆڤ لای فارابی بەدەستهێنانى بەختەوەرى ڕاستەقینەیە، ئامانجى شاری فازیلەش بەهەمان شێوە هەر بەدەستهێنانى بەختەوەرى ڕاستەقینەیە. بەم جۆرە، فەلسەفەى فارابی فەلسەفەیەکى مرۆییانەیە، واتا مرۆڤ بە بابەت و چەقی بیرکردنەوە دادەنێت، هەموو شتێک دەستەبەر دەکا بۆ بەختەوەرى مرۆیی(١). هەردوو ئایینى فازیل و دەوڵەت یان شارى فازیلە لە ئامانجێکى هاوبەشدا یەک دەگرنەوە، کە فەلسەفەش لەگەڵیاندا هاوبەشە، ئەویش بەدیهێنانى بەختەوەرى ڕاستەقینەیە(٢).

فەزیلەت بنچینەیە لە ئەخلاقدا و لە سیاسەتدا، لە هەموو ئەو شتانەدا کە زانستى مەدەنى دەیگرێتەوە بۆیە شتێکى دروستە، کە بە فەلسەفەى فارابی بڵێیین فەلسەفەى فەزیلەت(٣). فەزیلەتەکانیش دابەش دەبن بۆ دوو بەش:

یەکەم: فەزیلەتە عەقڵییەکان: بریتین لە فەزیلەتەکانى بەشی ناتق یان عەقڵ، وەک دانایی و عەقڵ و زیرەکى و باشی تێگەیشتن.

دووم: فەزیلەتە ئەخلاقییەکان: بریتین لە فەزیلەتەکانى بەشی هەواداری(النزوعي) وەک داوێنپاکى و دەستکراوەیی و دادپەروەرى و...هتد(٤).

فەزیلەتیش بریتییە لە هەیئەتێک یان مەلەکەیەک کە کردارە خۆویستەکانى لێوە پەیدا دەبێ، کە بەهۆیانەوە دەگەینە بەختەوەرى، بۆیە لەلای فارابی فەزیلەت چاکەیە، بەڵام لە خودى خۆیدا نا بەڵکوو لەپێناو بەختەوەریدا(٥)، واتە فەزیلەت بۆیە چاکەیە، چونکە بەختەوەرى پێ بەدەست دێت.

بەختەوەریش بریتییە لەوەى کە : "دەروونی مرۆڤ بگاتە ئاستێک لە تەواوێتى لە بووندا تا وای لێ بێت لەوەستانیدا پێویستی بە ماددە نەبێت، ئەوەش بەوەی کە لە تێکڕای شتەکاندا بێبەرى بێت لە تەنەکان و لە ماددە، لە ڕیزی جەوهەرە داماڵراوەکاندا دەبێ لە ماددە، لەو دۆخەدا بمێنێتەوە هەردەم و هەتاهەتایە"(٦)، وەک تێبینى دەکرێ بەختەوەرى لای فاڕابی پەرەپێدانى لایەنى عەقڵ و ڕۆحییە و پەیوەندى بەلایەنى ماددییەوە نییە. ئەو بەختەوەرییەى مرۆڤ هەستى پێ دەکا تەنها بەهێزى عقڵی و پەیبردنى بیردۆزى بەدەست دێت، کە بریتییە لە یەکێک لە پێنج هێزەکە، دەروونیش ئەو ئامێرەیە یان ئەو هۆکارەیە کە بەختەوەرى پێ بەدەست دێت نەک جەستە، چونکە جەستە لەناو دەچێ و دەروون لەناو ناچێ(٧). مرۆڤ دەبێ بە پەیژەى زانست و مەعریفەدا سەربکەوێ زوو تا بگاتە بەختەوەرى، ئەو زانستەش کە مرۆڤ دەگەیێنێتە بەختەوەرى، بریتییە لە زانست بە حەقیقەتى شتەکان(٨). مەبەستیشى لە زانست بە حەقیقەتى شتەکان فەلسەفەیە، واتە مرۆڤ لەڕێگەى فەلسەفەوە دەگاتە بەختەوەرى.

جگە لە لایەنى بیرۆدزى کە کارى عەقڵى و عەقڵاندنە، لە ڕێگاى فەلسەفەوە بەختەوەری دێتەدی، پێویستە مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانى بەختەوەرى، فەزیلەتەکان جێبەجێ بکات، لە سەرو هەمووشیانەوە فەزیلەتە ئەخلاقییەکان کە چوارچێوەکەى بریتییە لە توێژینەوە لە ئاکار و ڕەوشتى مرۆیی(٩).

بەختەوەریش خۆى مەبەست و ئامانجى سەرەکییە و لەپێناو هیچ شتێکدا نییە: "بەختەوەریش بریتییە لە چاکەیەکی خوازراو لە خودی خۆیدا، نە لەبنەڕەتدا و نە لە کاتێک لە کاتەکاندا بۆ ئەوە ناخوازرێت شتێکی تری پێ بەدەست بێت، لە پشتیشیەوە شتێکی تر نییە، کە بکرێ مرۆڤ بەدەستی بهێنێت لەو مەزنتر بێت"(١٠) ڕێگاى گەیشتن بە ئەوپەڕی بەختەوەرى، لەسەرەتاوە بە ناسینى دەروون دەست پێ دەکا، ناسینێکى ڕاسته‌قینە وەک ئەوەى کە هەیە(١١).

ئەگەر مرۆڤ بەهێزى بیردۆزى و توانای عەقڵى توانى بەختەوەرى بناسێ و بیکاتە ئامانج و بە پەرۆش بێت بۆى، بەبیرکردنەوە ئەوەى هەڵگۆزى کە پێویستە بەدەستى بێنێت، پاشان تێکۆشا بۆى ئەوا کردارەکانى تێکڕا چاکە و جوان دەبێت، بەڵام ئەگەر بەهێزى عەقڵى و بیردۆزى نەیناسێت یان بیناسێت و نەیکاتە ئامانج و پەرۆش نەبێت بۆى و تێنەکۆشێت بۆ بەدەستهێنانى ئەوا کردارەکانى ئەو مرۆڤە هەمووى خراپ و ناشیرین و ڕەزیلەت دەبێت(١٢). ئەو کردارە ویستمەندانانەش کە بەختەوەرییان لێوە بەدەست دێن، بریتین لە کردارە جوانەکان، سەرچاوەى کردارە جوانەکانیش فەزیلەتەکانن، ئەو کردارانەش کە دژ بە بەختەوەرین بریتین لە کردارە خراپەکان و کردارە ناشیرینەکان، سەرچاوەکەشیان بریتییە لە کەموکوڕی و ڕەزیلەتەکان و شتە نزمەکان.

شاری فه‌زیله‌ی فارابی

دەکرێ شارى فازیلە وا پێناسە بکرێ کە شارێکە خەڵکى تیایدا کۆ دەبنەوە و هاریکارى یەکتر دەکەن بۆ ئەوەى ببنە فازیل، بۆ ئەوەى بە کردارى جوان هەستن و بەختەوەرى بەدەست بێنن. پێویستە لەسەر هاونیشتیمانیانى شارى فازیلە کۆمەڵێک بیروبۆچوونى هاوبەشیان هەبێ لەبارەى خوا و جیهان و مرۆڤ و ژیانى مەدەنییانە، بەڵام لە یەکترى جیاواز دەبن بەپێى جیاوازى ئەو مەعریفەیەى هەیانە لەبارەى ئەو شتانەوە کە ئاماژەیان پێدرا، هەروەتر بەپێى پشکیان لە تەواوێتى و بەختەوەریدا، بەم پێیە دابەش دەبن بۆ سێ بەش:

١. دانایان، یان فەیلەسووفان، ئەوانەى کە سروشتى شتەکان دەزانن بەهۆى بەڵگەى پشتڕاستکراوە و تیژبینى تایبەتى خۆیانەوە.

٢. شوێنکەوتوانى فەیلەسووفان، ئەوانەن کە سروشتى شتەکان دەزانن بەهۆى ئەو بەڵگانەوە کە فەیلەسووفان پێشکەشی دەکەن، باوەڕ بە تیژبینى فەیلەسووفان دەکەن و بەڕاستى دادەنێن.

٣. تێکڕاى هاونیشتمانیان، ئەوانەن کە شتەکان دەزانن و دەناسن بە نموونە هێنانەوە و پێکچواندن، هەندێکیان بە نموونەى نزیک و هەندێکیان بە نموونەى دوور، بەپێى پلەى تێگەیشتنیان.(١٣)

تێبینى ئەوە دەکرێ چینایەتى لەم شارە فازیلەدا ڕەچاونەکراوە، ئەگەر جیاوازییەک هەبێ، ئەوا جیاوازى مەعنەوى و جیاوازییە لە ئەرک و تێگەیشتنى تاکەکاندا. کۆبوونەوەى مرۆڤەکان دوو جۆرە: یەکەمیان کۆبوونەوەى تەواوە، کە سێ شێوەى هەیە: مەزن، مامناوەند، بچوک، مەزن وەک کۆبوونەوەى مرۆڤەکان لە یەک مەعمورەدا یان لە یەک کۆمەڵگادا و لەیەک دەوڵەتدا، مامناوەندیش کۆبوونەوەیە لە بەشێکى مەعمورەدا، بچوکیش کۆبوونەوەى خەڵکییە لە شاردا. کۆبوونەوەى ناتەواویش بریتییە لە کۆبوونەوەى خەڵکى گوند و گەڕەک و کۆڵان و دواجار کۆبوونەوەى خێزان.(١٤)

کۆبوونەوە لە شاردا لە پێناوى بە دەستهێنانى فەزیلەت و بەختەوەرییە، ئەم دوو چەمکە شوێنێکى گربنگ داگیر دەکەن لە فەلسەفەى فارابیدا و بە ئاشکرا لە شاری فازیلەدا گوزارشتى لێ کردوون. (محسن. س. مەهدی) جەخت لە ئەوە دەکاتەوە کە بابەتى سەرەکى کتێبە مەدەنییەکانى فارابی سیاسەتى فازیلەیە، واتە ئەو سیستەمە سیاسییەى بنەماى بەدیهێنانى تەواوێتی مرۆییە، کە فەزیلەت ئاراستەى دەکات، فارابی وا وێنای زانستى مەدەنى یان مرۆیی دەکا کە توێژینەوەیەکە لەبارەى مرۆڤەوە لەو ڕوانگەیەوە کە جیادەکرێتەوە لە هەبووە سروشتییەکانى تر.(١٥)

ئەو بنچینەیەى کە شارى فازیلەى فارابی لەسەر دامەزراوە خوایەتى و یەکتایی خوایە، کە هەندێک بە ئەنجامێک لە ئەنجامەکانى فەلسەفە گەردوونییەکەى دەزانن(١٦)، گرنگى شارى فازیلە تەنها کورت نابێتەوە لەوەدا باسی کۆبوونەوەى مرۆیی و پەسنکردنى مەرجەکانى و جۆرەکانى بکات، بەڵکوو باس لە زۆرپرسی خودایی دەکات، هۆى ئەمەش ئەوەیە بیروبۆچوونى فارابی لە سیاسەتدا شوێنکەوتەى بیروبۆچوونەکانیەتى لە بارەى عەقڵە ئاسمانییەکان و پەیدابوونى هەبووەکان لە هۆى یەکەمەوە. کتێبی شارى فازیلە کۆبەندێکى فەلسەفی پوختە، باسەکانى بیردۆزەکانى ڕێژەنبوون (فیچ) و ویست و سەرپشکى و بەختەوەرى و وەحی و پێغەمبەرێتى و... هتد باس دەکات(١٧).

شاری فازیلە پڕۆژەیەکە لە زەینى سەرۆکى فازیلەدا هەیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دەکرێ سەرۆکى فازیل هەبێت بەبێ ئەوەى شاری فازیلە هەبێت(١٨).

فارابی لەڕێگەى شیکردنەوەى بۆ شارە دژەکانى فەزیلەت، ڕەخنە لەو کۆمەڵگەیە دەگرێ کە تیایدا ژیاوە، ئەو کۆمەڵگەیەى کە پاشماوەى شارستانییەتە جیاوازەکانى تێکەڵ بووبوو، لەگەڵ ئاراستە ئایینى و هزری و سیاسییە جیاواز و لێکدژەکان(١٩).

فارابی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە شاری فازیلە هەر بە فازیلەیی دەمێنێتەوە تا سەرکردەکانى و ئەو ڕێوشوێنانەى لەسەرى دەڕۆن بە فازیلەیی بمێننەوە، بەڵام شایەنى داڕووخان و گەندەڵبوونیشە بە داڕووخان و نابووتبوونى سەرکردەکانى و داڕووخانى مەرجە خوازراوەکان لە سەرکردەکانیدا، بەتایبەتى مەرجى داناییبوون(٢٠)،کەواتە ئەوەى دەستەبەرى مانەوەى شاری فازیلە دەکات، مانەوەى سەرۆکەکەیەتى بە فازیلى و بە دانایی، لەکاتى هاتنی سەرۆکێکى تریش هەر فازیل و دانا دەبێ. بۆیە فاڕابی پێی وایە بوونى سەرۆک و پێغەمبەر پێویستن بۆ باشبوونى ژیان لە شار یان لە دەوڵەتدا(٢١). شاری فازیلەى فارابی ڕاوەستاوە لەسەر پێغەمبەرێتى و وەحی و سەرۆکایەتى فازیلە، وەحیش لەلای فاڕابی بەردى بناغەیە لە فەلسەفەکەیدا و لە شارەکەشیدا(٢٢). ئەوەى جێگەى تێبینییە لەگەڵ ئەوەى فاڕابی شاری فازیلەکەى کاریگەرى فەلسەفەى یۆنانى و بە تایبەتیش ئەفلاتوونى لەسەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەرى ئایینى ئیسلام لەسەر فاڕابی و لەسەر شارەکەى بەئاشکرا دەردەکەوێ، ئەمەش گوزارشتە لە فرەسەرچاوەیی لە مەعریفەى فارابیدا.

دانایی یان فەلسەفە، مەرجى پێویستە بۆ دامەزراندنى شارى فازیلە و مانەوەى، سەبارەت بە پێغەمبەرێتى پێویستە بۆ دامەزراندنى شاری فازیلە، بەڵام پێویست نییە بۆ مانەوەى. پێغەمبەرى سەرۆک یان فەیلەسوفی سەرۆک، مرۆڤێکە چارەسەرى بەدیهێنانى باشترین سیستەم و هەرچیش پەیوەندى پێوەى هەبێ دەکات. پێویستە لەسەر دامەزرێنەرى شارى تەواو مەعریفەیەکى تێکڕایی هەبێ لەسەر فەلسەفەى بیردۆزیى، تاوەکوو لەوە تێبگات چۆن خوا فەرمانڕەوایی گەردوون دەکات تا لاسایی بکاتەوە(٢٣).

ئەگەرچى فاڕابی باس لە شاری فازیلە دەکات، بەڵام ئەو گەورەترین و تەواوترین کۆبوونەوەى مرۆیی بەوە دەزانێ کە هەموو خەڵکى و هەموو گەلانى جیهان لە یەک مەعمورەدا کۆ ببنەوە(٢٤)، ئەگەر تێبینى بکەین ئەم خاڵەش لە تێڕوانینى یۆنانییەکان جیای دەکاتەوە، کە باوەڕیان بە دەوڵەتە شار هەبووە، پێدەچێ ئەمەش بگەڕێتەوە بۆ کاریگەرى تێڕوانینى ئایینى ئیسلام، چونکە ئایینى ئیسلام ئایینێکى جیهانییە و تێڕوانینى جیهانیانەى هەیە و خۆى لە جوغزێکى بچوکدا نابینێتەوە.

شارى فازیلەى فاڕابی جیاواز لە کۆمارى ئەفلاتوون کۆیلەى تیا نییە و مەبەستى ئەوەیە مرۆڤ بگات بە بەدەستهێنانى فەزیلەت و بەدەستهێنانى بەختەوەرى(٢٥). ئەمەش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لە ئایینى ئیسلامدا ئەو جیاوازییە نییە لە نێوان مرۆڤەکان و ئیسلام ڕێوشوێنى داناوە بۆ ئازادبوونى کۆیلە(٢٦).

هەموو کەسێک ناتوانێ ببێ بە سەرۆکى شارى فازیلە، سەرۆکى شارى فازیلە یان پێغەمبەرى فەیلەسووف دەبێ، یان فەیلەسووف دەبێ. جگە لەوەى پێویستە سەرۆکى شارى فازیلە کۆمەڵێک خەسڵەتى تێدابێت، فاڕابی لەم بارەیەوە نووسیویەتى: "ئا ئەمەیە ئەو سەرۆکەى کە هەرگیز هیچ مرۆڤێکی تر سەرۆکایەتی ناکات. ئەوە پێشەوا و سەرۆکی یەکەمی شاری فازیلەیە، سەرۆکی ئوممەتى فازیلەیە، سەرۆکی مەعمورەیە لە زەویدا بە تێکڕا. ناکرێ ئەم دۆخە بۆ هیچ کەسێک ببێت، مەگەر بۆ ئەو کەسەی کە بە مۆرک(سروشت) دوانزە خەسڵەتی تێدا بەرجەستە بێت کە سروشتی لەسەریەتى"(٢٧) کە بریتین لە مانەى خوارەوە:

- ئەندامەکانی جەستەى تەواو بێ.

- بە سروشت و بە مۆرک تێگەیشتن و وێناکردنی باش بێ.

- پاشان وابێ کە توانای لەبەرکردنی باش بێ.

- زیرەکییەکى باشى هەبێ.

- گوزارشتەکانی جوان بن.

- خۆشەویستی هەبێ بۆ فێربوون.

- هەڵپەى نەبێ لە خواردن و خوادنەوە و ژنهێناندا.

- ڕاستی و هاوڕێیانی ڕاستی خۆش بووێت، درۆ و هاوڕێیانی درۆی ڕق لێ بێت.

- دەروونی مەزن بێت، کەرامەت و ڕێزی خۆش بوێت.

- پارە و پوڵ و تەواوی ڕووکەشە دونیاییەکان شتێکی بێ نرخ بێت لە لای.

- بە سروشت داد و دادگەرانی خۆش بوێت.

- ویستى بەهێز بێت لەسەر شتێک، کەوا دەبینێ دەبێ بکرێت، سوور بێ لەسەری(٢٨).

لەبەرامبەر شاری فازیلەدا شارەکانى دژە شارى فازیلە هەیە، بەمانایەکى تر ئەگەر شار شارێکى فازیل نەبێ، ئەوا دژى شارى فازیلەیە، جگە لەم شارە ئەوا هەموو شارەکانى تر لەلایەن فارابییەوە بە نێگەتیڤ پەسنکراون(وصف)، لەو شارانەش وەک (شاری نەزانى، شاری گومڕا، شاری گۆڕاو، شاری لەڕێدەرچوو)، ئەمانەش هەموویان بەوردى باسى خەسڵەتەکانیان کراوە و لە یەکترى جیاوازن. پادشایانی ئەم شارانە دژی پادشایانی شارانی فازیلەن، سەرۆکایەتییەکانیشیان دژی سەرۆکایەتییە فازیلەکانن(٢٩).

 

سەرچاوەکان

(١) ايت حمو، محمد: الدين والسياسة في فلسفة الفارابي، ص29.

(٢) عبدالله: المدينة والاخلاق في خطاب لالفارابي ، ل182.

(٣) الجبايي، محمد عزيز: من تاريخ الى تاريخيته من ضمن (الفارابي والحضارة الانسانية)، ص166.

(٤) عبدالله: المدينة والاخلاق في خطاب لالفارابي، ص76.

(٥) عبدالله: المدينة والاخلاق في خطاب لالفارابي ، ص75.

(٦) فارابي: شارى فازيلە، ل 110.

(٧) جميل: مصادر فلسفية ، صص174-175.

(٨) الاردكانى: الفارابي فيلسوف الثقاقة، ص34.

(٩) عبدالله: المدينة والاخلاق في خطاب لالفارابي ، ص175.

(١٠) فارابي: شاري فازيلە، ل111.

(١١) عبدالله: المدينة والاخلاق في خطاب لالفارابي ، ص148.

(١٢) فارابي: شاري فازيلە، ل112.

(١٣) مهدي: الفاربي وتأسيس فلسفة الاسلامية، صص180-181.

(١٤) مرحبا: من فلسفة اليونانية الى الفلسفة الاسلامية: ج1، ص460.

(١٥) الفارابي وتأسيس الفلسفة الاسلامية: ص179.

(١٦) عبدالله، موسى: المدينة والاخلاق في خطاب الفارابي، ل95.

(١٧) صليبا، جميل:تاريخ الفلسفة الاسلامية، ص135.

(١٨) عبدالله، موسى: المدينة والاخلاق في خطاب الفارابي ، ل129.

(١٩) الجابري، محمد عابد: مشروع قراءة الجديدة لفلسفة الفارابي السياسية والدينيية ضمن (الفارابي والحضارة الانسانية)، ص371.

(٢٠) معايطة، محمد عبدالعزيز: الفلسفة الاسلامية، ل142.

(٢١) الاردكانى، رضاداورى: الفارابي فيلسوف الثقاقة، ص232.

(٢٢) عبدالله، موسى: المدينة والاخلاق في خطاب الفارابي، ص94-95.

(٢٣) مهدي: الفارابي وتأسيس فلسفة الاسلامية، ص 189.

(٢٤) فارابی: شاری فازیلە، ل 124.

(٢٥) مرحبا: من الفلسفة اليونانية الى الفلسفة الاسلامية، ج2/ ێ467.

(٢٦) بۆ زانیارى لەسەر ئەم پرسە دەتوانرێت بڕوانرێتە( مستەفا، شوان عوسمان: کۆیلایەتى و کۆیلە لە سەرەتاى دەوڵەتى ئیسلامدا تا کۆتایى دەوڵەتى ئومەوى ، تێزى دکتۆرا، بڵاو نەکراوە، زانکۆى سلێمانى- سلێمانى، کۆلیجى زانستەمرۆییەکان، 2008، ل 97.)

(٢٧) فارابی: شاری فازیلە، ل135.

(٢٨) فارابی: شاری فازیلە ، ل135.

(٢٩) فارابی: شاری فازیلە ، ێ139.

 

مەریوان عەبدول

فەلسەفەى ئیسلامی