لە ڕۆژانی ڕابوردوودا دەیان نامەم لەسەر ڕووداوەکانی تونس بۆ هاتووە و چەندین پرسیاری گرنگیان وروژاندووە و هەر یەکێک لەو پرسیارانە پێویستیان بە چەندین وتار هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەسەر تۆڕێکی کۆمەڵایەتین، لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا، بۆچوونەکانی خۆم بە زمانێکی سادە و ڕوون بۆ هەموو لایەک دەنووسم.

١. سەرۆک کۆماری تونس، نوێنەرایەتی تەوژمێکی کۆمەڵایەتی پۆپلیست دەکا کە لەنێو چەندین کۆمەڵگادا سەری هەڵداوە و چەند گوزارشتە لە هەستی ناڕەزایی بەشێک لە هاوڵاتیان، هێندەش سیستمی ڕاونین و ڕەفتارەکانی مەترسین بەسەر تەواوی کۆمەڵگاکانەوە. لێرەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان دۆنالد تڕامپی ئەمەریکی و جايير بولسوناروی بەرازیلی و مارین لۆپێنی فەڕەنسی و قەیس سەعیدی تونسیدا نیە و وەک یەک و لە یەک ئاستدا هەڕەشەن بەسەر کۆمەڵگاکانیانەوە.

٢. نەهزە حیزبێکی تونسییە و بەدەنگی تونسییەکان گەیشتوەتە پەڕلەمان و شەرعیەتی هەڵبژاردنی هەیە. ئەوەی ڕاشید غەنوشی کرد بە سەرۆکی پەڕلەمان دەبابەی ئەمەریکی و دەستێوەردانی تورکی نەبووە، بەڵکو هاوپەیمانی نێو پەڕلەمان و دەنگی پەڕلەمانتارە تونسییەکان بووە. لێرەوە، بڕیارەکانی سەرۆک کۆمار، جگە لە کودەتا بەرامبەر شەرعییەت هیچ شتێکی تر نیە.

٣. لە دنیای عەڕەبیدا، بزوتنەوەی نەهزە ئازاترین و پێشکەوتووترین گروپی ئایینییە کە توانیویەتی زۆرترین ڕیفۆرم لە ڕاونین و لە ڕەفتارەکانیدا بکات. ئەو ڕیفۆرمەی ڕاشید غەنوشی لەنێو دڵی گروپێکی ئیسلامی وەک نەهزەدا کردی، بەتایبەتی لەسەر پرسی ژن و مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی و جیاکردنەوەی دەزگای ئایینی لە دەزگای دەوڵەتی و هتد، هیچ کەسایەتییەکی تر لە پێگەی ئەودا زاتی ئەوەی نەبووە بیکات. لەبیرما نەچێ، پێگەی ڕاشید غەنوشی لای ئیسلامییەکانی جیهان، هەمان پێگەی کارل مارکسە لای کۆمۆنیستەکان.

٤. وەک چۆن مورسی لە میسر هەڵەی کرد کاتێک ماریشال سیسی کرد بە وەزیری بەرگری و دواتر کودەتای بەسەردا کرد، وەک چۆن غەنوشی هەڵەی کرد کە داوای لە تونسییەکان کرد دەنگ بە قەیس سەعید بدەن لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و گەر دەنگی نەهزە نەبوایە، هەرگیز قەیس نەدەبوو بەسەرۆک کۆمار، ئاواش و لەهەمان ئاستدا عەلمانییەکانی تونس و دنیای عەڕەبی هەڵە دەکەن کە لەدژی نەهزە، کە بە ڕێکارە دێمۆکڕاسییەکان گەیشتوەتە پەڕلەمان، پشتیوانی لە کۆدەتا دەکەن. بەدڵنیاییەوە چۆن ئێستا نەهزە باجی بڕیارە هەڵەکەی دەدا کە پشتیوانی لە قەیس کرد، عەلمانییەکانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا باجی توندی پشتیوانی لەم کودەتایە دەدەن و باشترین بەڵگەش میسری ماریشاڵە!

٥. ڕەنگە تۆ بەهیچ شێوەیەک ڕوانین، ڕەفتار، چۆنیەتی بوون، چۆنیەتی ژیان و چۆنیەتی دەرکەوتنی نەهزەت پێ قبوڵ نەبێ، بەڵام لە کۆتاییدا تۆ تەنها دوو ڕێگات لەبەردەست دایە، یان ڕێگای شەرعییەت یان ڕێگای داپڵۆسین و دوورخستنەوە و دروستکردنی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ترسناک بەلای کەمەوە بۆ بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگا. لەبیرمان نەچێ، کۆمەڵگا بەتەنها ڕووبەری ژیانی عەلمانییەکان و عەسکەرەکان و لیبڕاڵەکان نیە، بەڵکوو لەهەمانکاتیشدا ڕووبەری ژیانی موحافیزکارەکان و ناعەلمانییەکان و نالیبڕاڵەکانە، تا ئەوکاتەی کە هەموویان پێکەوە ڕێز لە بنەماکانی یاری پێکەوە ژیان دەگرن.

٦. ئەوەی لە ئێستا و ئێرەدا بووە بە هەڕەشە بەسەر ئەم بنەمایانەوە سەرۆک کۆمارە نەک سەرۆکی پەڕلەمان، قەیس سەعیدە نەک ڕاشید غەنوشی و هەر پشتیوانییەک لە یەکەم دژی دووهەم، پشتیوانییە لە کودەتا و داپڵۆسین دژی دیمۆکراسی و شەرعییەت، بۆیە دەبێ بە هەموو شێوەیەک سەرکۆنە بکرێ و کۆمەڵگا لە دەرەنجامە ترسناکەکانی ئاگادار بکرێتەوە.