سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە سەردانی پارێزگای ئەدیرنەدا رایگەیاند برا کوردەکان و نەتەوەکانی تری تورکیا بە مافی خۆیان دەگەن و وڵات بەوە نەک دابەش نابێ بەڵکو بەھێزتر دەبێ.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پارێزگەی ئەدیرنە بەشداریی کردنەوەی چەند پرۆژەیەکی کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان گوتی: "ئەو دەسەڵاتەی بە چاوێکی جیاواز سەیری ھاوڵاتیان بکا, سووکایەتییان پێ بکا، بە دوژمن ھەژماریان بکا، ھەرگیز ناتوانێ وڵاتێکی گەورە بنیات بنێ. لێرە لە پارێزگای ئەدیرنە رایدەگەیەنم کە لە رابردوودا, وشەی کورد و گەلی کورد لە تورکیا قەدەخە کرابوون, لاز قەدەخە کرابوو, رۆمان قەدەخە کرابوو. ئەگەر کەسێک بیگوتایە کورد, لاز و رۆمان پێیان وا بوو تورکیا دابەش دەبێ. ئەمە ١١ ساڵە ھەموو کەس لە تورکیا بە ئازادی دەتوانێ باسی ناسنامەی خۆی بکا. ھەموو کەس دەتوانێ بە ئازادی بیری خۆی دەرببڕێ. دەپرسم بەو شێوەیە تورکیا دابەش دەبێ؟
ئەردۆغان لە بەردەوامی گوتاری خۆیدا گوتی: "دەبینین ھەندێ کەس بە چەک و شوشەی بۆمبی ھێرش دەکەن. ئەو کەسانە پەیوەندییان بە ئازادییەوە نییە و دەیانەوێ وڵاتەکامان بشێوێنن. برا کوردەکان, رۆمان, پۆماک, بۆشناک, چەرکەس, لاز و گورجی یەک بە یەک دەگەنە مافی خۆیان، تورکیا دابەش نابێ بەپێچەوانەوە بەھێزتر دەبێ."
ئەردۆغان باسی دروشمی پارتی داد و گەشەپێدان کرد و گوتی: "بیری ھەموو کەسی دێنمەوە کە دروشممان یەک میللەت, یەک ئاڵا, یەک وڵات, یەک دەوڵەتە. بۆ دەڵێین یەک وڵات چونکە لە تورکیا تورک, کورد ,لاز ,چەرکەز و رۆمان ھەن. لە تورکیا ٣٦ رەگەزھەن، لەبەرئەوە تورکیا نە ھی تورکەکان و نە ھی کوردەکانە، لە تورکیا ٧٦ ملیۆن کەس ھەن. دەبێ بە بێ جیاوازی تەماشای ھەموو ھاوڵاتیانی تورکیا بکەن.
بۆچوونهکان