سەر لە بەیانی ئەمرۆ چوار شەممە ڕێکەوتی حەڤدەی گەڵاڕێزانی ساڵی 2712ی کوردی بەرامبەر لە گەل 17/8/1391، ئۆباما دوای رکەبەرایەتیەکی دووَر و درێژ وەک نوێنەری دێموکراتەکان بەسەر نوێنەری کۆماریەکاندا (ڕۆمنی) سەرکەوت و بۆ ماوەی چوار ساڵیتر وەک سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان مانەوەی خۆی لە کۆشکی سپی مسۆگەر کرد. وەک ئەوەی لەم ماوەیەدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەریانخست خەڵکێکی زۆر لە چوارگۆشەی ئەم جیهانە بەرینەدا باس و خواسی ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکیەکانیان لا گرنگ بوو و لەم ماوە درێژەدا بە تایبەت لەم چەن حەوتەیەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و تا ڕاگەیاندنی پاڵێوراوی سەرکەوتوو و بێ گومان تا چەن ڕۆژێتریش یەکێ لە باسە گەرماوگەرمەکان باسی ئەم هەڵبژاردنە و دەرهاوێشتەکانی دەبێت.

جیهانی ئیسلامی بە گشتی بە ئێرانیشەوە و بە تایبەتی گەلی ئێمە گەلی کوردستان زۆر بە بایەخەوە چاوەڕوانی دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە بوون. لەم ماوەیەدا هەم لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و هەم لە ناو کۆمەڵانی خەڵی کوردستان بە تایبەت لەشەقامی کوردیدا ڕای جیاواز و بۆچوونی جۆراوجۆر و بگرە سەیروو سەمەرە دەردەبڕا و بەزۆری لە بەر ئەوەی ئۆباما بۆ خۆی و وەک نوێنەری دێموکراتەکان کەبە سیاسەتی نەرم دەناسرێن نەتەنیا کوردان و موسوڵمانان بەڵکوو زۆربەی خەڵکی ماندوو لەشەڕوو شەڕئەنگێزی سەرۆکە کۆماریەکانی ئەم دوایەی ئەمریکا پێیان باش بوو کە ئۆباما سەرکەوێ هەروەک چوار ساڵ پێش بەم جۆرە بوو.

چوار سال پێش ئێستا کاتێ بۆ ءەکەم جار ئۆباما پێی نایە گۆڕەپانی رکەبەرایەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا و دواتر کە توانی متمانەی زۆرینەی خەڵکی ئەو وڵاتە بۆ لای خۆی ڕاکێشێ و بوو بە یەکەم سرۆکی ڕەش پێستی ئەو وڵاتە زۆر کەس بە سەرسووڕمانەوە سەیری ئەم ڕووداوانەیان دەکرد و ئافەرین و بارەقەڵایان بۆ گەلی ئەمریکا دەردەبڕی کە ڕەگەزپەرستی وەلاناوە و ڕەش پێستێک کە تا ئێستا تەنانەت لە ئەمەریکاش تا ڕادەیەک بێ بەش کراون لە مافی بەرابرە تەک سپی پێستەکاندا ئەوەتا لە رکەبەرایەتیەکی توند تەک سپی پێستەکان هەڵی دەبژێرن و دەیکەن بە سەرۆکی گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی جیهان و وەک ئاواتێ دەردەبڕا خۆزیا بۆ ئێمەش دەبێ ڕۆژێ بگەین بەو ئاستە لە تێگەیشتن و هۆشیاری مەدەنی کە دەنگ دانمان نەلە چاویلکەی تەسک و تەم و مژاوی ڕەگەزپەرستی و چینایەتی و عەشیرە بازی و تایفەگەرایی بەڵکوو بە پێی شیاوی و لێهاتوویی و توانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانەوە و بەڕێوە بردنی وڵاتەوە بێت!!

گەرچی بۆ خۆم چوار ساڵ لێرەوە پێش زۆرم پێ خۆش بوو کە ئۆباما بەسەرۆکی مەمریکا هەڵبژێردرا و ئافەرینیشم کرد بۆ گەل و وڵاتی ئەمریکا کە لەوانەیە بەیەکجاری نەبێ بەڵکوو هەنگاوێکی زۆر گەورە و بوێرانەیە کە باراک حوسەین ئۆباما هەڵدەبژێرین کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی کیشوەری ئەفریقایە و ڕەش پێستە و گەرچی خۆی موسوڵمان نییە بەڵام لە باوکێکی موسوڵمان بوەو و پێدەچێ لەهەرکام لە پاڵێوراوان بەلانی کەم تەعاتووفی لەگەل جیهانی ئیسلامی و موسوڵماناندا زۆرتر بێ –گەرچی ئۆباما لەو ئاستە چاوەڕوان کراوەدا نەبوو و دەرنەکەوت – لەناخیشەوە لەگەڵ دەربڕینی ئارەزووی سەرکەوتنی ئەو جۆرە تێڕوانین و بیرکردنەوە و دەنگدانە لە سەرتاسەری جیهاندا و بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی دا و بەتایبەتتر لە کوردستانی خۆشەویستماندا بەڵام کاتێ گەڕامەوە بۆ بیرەوەریە مێژوویەکانی خۆم سەرم سووڕما لەم سەرسووڕمانە!! بەڕاستی ئەمەش یەکێکی دیکە لە کایەکانی ڕۆژگارە. ئۆممەتی ئیسلامەتی بەگشتی و گەلی کوردی موسوڵمان بە تایبەتی ئەبوایە گەلێ زۆرتر لە ئێستاو زۆر پێشکەوتووتر لە وڵاتە پێشکەوتەکان لەبواری سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراسیدا گەشەی بکردایە و پێشەنگ بوایە و خەڵکان چاویان لێ کردایە نەک ئێستا کە بەسەر سووڕمان و ئاواتەوە چاو لە وێنەی هەڵبژاردنی ئەمریکیەکان بکات.

ئۆممەتێ بزانێ لە ئایینی ئیسلامدا و لەیەکەم سەرچاوەکەیدا، قورئانی پیرۆز یەک کەس بەناو ناوی هاتبێ و نفرین کرابێ ئەویش ئەبوولەهەب بێ مامی گەورەی پێغەمبەر (دروودی لەسەر بێ) بەڵام لەهەمان کاتدا بیلامی حەبەشی ئەفریقی ڕەش پێست ببێ بە وتە بێژی ئیسلام و پێغەمبەر و ڕێز و قەدر و شان و شکۆ پەیدا بکا!! سەیری هاوەڵانی پێغەمبەر دەکەین بیلال لەحەبەشەوە، سەڵمان لە ئێرانەوە، سووهەیب لە ڕوومەوە، ئەبوو بە سیرو کاوانی کوردی لەکوردستانەوە و کێ و کێی دیکە دەبینین کە خوای باڵادەستی مەزن لە سیپارەی قورئانی پیرۆز بە جوانترین وشە پێناسەیان دەکا (السابقون الاولون) پێشەنگ و پێشمەرگە دێرینەکان، بەم جۆرە ڕێزیان لەسەرەوەی هەمووان دەگرێ و مزگێنی لێ خۆشبوون و بەڵکوو بەڵێنی خۆشبوون و ڕازی بوونی وان لە خۆی دەداتن (رچی الله عنهم و رچوا عنه)

ئەبوایە ئۆممەتی ئیسلامەتی هەر زۆر زوو چاویلکەی ڕەگەزپەرستی و دەمارگیری چینایەتی لە بەر چاوی فڕێ دایە ئەوەتا وێنەی هەرە گەشی گەورە قارەمانی بەناوبانگی جیهان کە تەنانەت دین دوژمنانیش چ ئەوانەی بە ئینساف و ویژدانەوە سەیری مێژوو دەکەن و بە پێوانەی زانستی ڕووداوەکان و وێنەکانی وێنادەکەن و چ ئەوانەش دین دوژمنی بێ ویژدانن نەیان توانیەوە و ناتوانن دان بە گەورەیی و شکۆدای و لێهاتوویی و شارەزایی و لێبووردەیی ئەودا نەنێن، ئەویش سوڵتان سەلاحەددینی ئەییووبییە. کە لە وڵاتی کوردانداو لە داوێنی چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا چاو بە دونیا هەڵدێنێ و لە ئامێزی باب و داکێکی پاک و خاوێنی کورددا گەورە دەبێ و گەشەدەکا و لەگەڵ مامی بەرەو وڵاتی میسر رێدەکەوێ و لەوێ دوای ماوەیە دەتوانێ تا پلەکانی وەزارەت سەرکەوێ و دواتر قۆناغ بە قۆناغ لەپەیجەی گەشەی خۆی هەڵدەکشێ تا دەتوانێ بێ ئەوەی دلۆپێ خوێن لە پەنجەی کەسێ بێت کۆتایی بەدەوڵەتی ئیسماعیلیەکان واتە فاتیمیەکانی میسر دێنێ و خۆی دەوڵەتێکی لەناوەڕۆکدا سەربەخۆ ڕادەگەیەنێت و لەو ماوەیەکی زۆر کەم دا بێ خوێنڕێژی توانی زۆربەی هەرەزۆری جیهانی ئیسلامی ئەوکات بخاتە ژێر رکێفی دەولەتی ئەییوبیەوەو هەر لە میسر و شاخی ئەفریقا تا وڵاتی یەمەن و ناوچەی حیجاز و سەرزەوێنی بەربڵاوی ناسراو بە شام –کە بەشی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی ئیستا بە سووریەشەوە دەکا- و کوردستانی خۆشمان هەرهەمووی سەلاحەددین و نوێنەرانی وی حکوومەتیان تیا بەرێوەبرد و بەم یەکڕیزی و کۆدەنگی و یەک هەڵوێستیە توانی هێرشی گەورەی ئەورووپیەکان کە بۆ ماوەی دووسەدساڵ نزیکەی دەشەڕی خاچ پەرستی ئەوتۆیان بۆ سەر وڵاتی ئیسلامی ڕێک خستبوو بەر پەرچ بداتەوە و تەنانەت ئافەرین و بارەقەڵای فەرماندە هەرەگەورەکانی خاچ پەرستانیش چ ئەوڕۆژە و چە ئەمڕۆ بۆ لای خۆی ڕاکێشێ خوێنەری هێژا بۆ خۆی دەزانێ ئەم باس و خواسە زۆر هەڵدەگرێ و دەبێ بۆ سەرچاوە باوەڕپێگراوە زانیستیەکان بگەڕێتەوە و جێی دێڵین بۆ کات و ساتێکی تر و دەڵێم ئەوەی زۆر گرنگ و جێ بایەخە ئەم ڕاستییەیە کە لەسەر چاوەکاندا بۆ تاقەجارێ نەنووسراوەو دەرنەبڕاوە کە کەسێ یان لایەنێ یا چین و توێژێ لەم جیهانە بەربڵاوەی ئیسلامەتی ئەوکات کە بە سەدان گەل و نەتەوەو زبان و زاراوە و ناوچەی جیاواز لە ژێر ئاڵای حکوومەتی سەلاحەددین و ئەییوبیەکاندا بوون کەسێ یا خود لایەنێ ڕاپەڕێ و بڵێ چۆن دەبێ کابرایەکی کورد هەڵسێ و بێ لە وڵاتی من لە میسر یا خود یەمەن یا مەککە و مەدینە و... هتد بێ بەسەرۆک. بەڵکوو هەر هەموویان بە دڵ و گیان سەلاحەددینیان وەک سەرۆکی خۆیان وەرگرتوە و وەک پێشمەرگەیەکی لێهاتوو و چاونەترس و هۆشیار لە هەمان کاتدا گوێڕایەڵ بۆ فەرماندەی شیاوو لێهاتووی وەک سوڵتان سەلاحەددین لە خزمەتیا بوون و ئەوەتا مێژوو نووسێکی ناوداری خەڵکی ئیسفەهانی ئێران هەنگاو بە هەنگاو شوێن و هاوشانی سەلاحەددین دەبێ و مێژووی ڕووداوەکان وەک خۆی دەگوازێتەوە...

بەڕاستی ئەمەیە کایەی ڕۆژگار و جێی سەرسوورمان!! دەبێ لە خۆمان و لە مێژوو بپرسین ڕاستی بۆ ئێمە هەزار و چوارسەد و ئەوەنە ساڵ لێرە و پێش و کەمێ کەمتر لە هەزارساڵ لێرە پێش توانیمان وێنەی ئاوا بۆ مێژوو تۆمار کەین و ئێستاش شانازی پێوە بکەین بەڵام ئێستا کە چاویلکەی ڕەگەزپەرستی و چینایەتی و من من و تۆ تۆ چاوی کز کردووین و بگرە لە دێهاتێکا سەری دێ و بەری دێ، ئەم بەر دێ و ئەو بەر دێ شەروو جەنگ و داوا یانەو لە مەیدانا قیڕە قیڕوو هەرایانە و چاویان بەرایی نادا یەکتر ببینن ئیتر چ جای دوو وڵاتی جیاواز و دووگەلی جیاواز و دوو زبان و زاراوەی جیاواز کە بەداخەوە هەرکامەمان ئەوەن بیرەوەری تاڵ و ناسۆرمان لایە بە تایبەت بۆ ئێمە گەلی چەوساوەی کورد کە بەم چاوێلکە ڕەگەز پەرەستانە چەپەڵەوە سەیریان کردووین و مامەڵەیان تەک کردووین و خۆشمان لە ناوخۆدا مامەڵەی وامان دەهەق یەکتر کردووە کە نامەوێ بە ناو هێنانەوە و وێنە پێشان دان ئەوەنەی تر برینەکە بکۆڵینەوە و بە مە بەس دەکەم و دەڵێم خۆزگە ئێمە ئێستا کە ئەبوایە پێشەنگ بوینایە بۆ بە جیهانی. بیرکردنەوە و کردەوە و دەنگدانی مرۆیانە نە ڕەگەزپەرستانە. نەک بە پێچەوانەوە ئەو جۆرە بیرکردنەوەو دەنگدان و هەڵبژرادنە ببێ بە جێ بایەخ و سەیرو سەمەرەو جێی سەر سووڕمان و ئاواتی بخوازین بەڵام خۆ قەیدی ناکا ئەگەر وەک دەڵێین زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە قازانجە و ماسی هەرگا لە ئاو بگیردرێ بەکەڵک دێ.

خۆزگە ئێمەش تێبگەیشتینایە و چاومان لە کردەوە باشەکانی ئەولاو ئەم لاش بوایە و با لەوان فێر بوینایە قەیدی ناکا گەرچی بایە تۆشی بێ هیوای لەسەر بانی خەیاڵم دا پەل ناکوتێ و هیوادارم و هەروا بوە و هەر واش دەبێ و ئێمەش بەیارمەتی خودای مەزن و بیری تیژی زانایان و هیممەتی چین و توێژەکان دووبارە و چەن بارە ئەو وێنانە دەنوێنین و تۆمار دەکەین بەڵام  بەم حاڵ و باڵەوە ها هوو تا ئەوکاتە.