سوپاس گەورەم، سوپاس ڕێزدارەکەم

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی ئازاری ستەم چەنێ گرانە.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی نانبڕین و برسیکردن چ ستەمێکی تاڵ و دژوارە.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی پشت بەخوابەستن چەنێ غەم و نیگەرانی و خەفەت دەڕەوێنێتەوە و مرۆڤ دروست دەکا.

ئەگەر هجرەت نەبا، کێ لە خۆشەویستی خوای گەورە بۆ بەندەکانی حاڵی دەبوو.

گەر کۆچ نەبا، کێ دەیزانی فیداکاری هاوەڵان یانی چی. کۆچ مانای کەڕامەتی بۆ ئافرەت گێڕایەوە و لە زیندەبەچاڵیەوە، کردیە بەشدار لەبنیادنانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ مانای پێکەوەژیانی دەزانی، جگە لەداپاچینی هۆز و قەبیلەکان و تەفروتوناکردن و تاڵانیکردن.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی سسته‌مێک هەیە پێی دەڵێن دادگەری و دادپەروەری.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، دەشتەکییەکی ناحاڵی چۆن هۆگری ئاکاری پیاوە ڕاستگۆکان دەبوو.

کۆچ فێری کردین کە نەک نابێ بۆ ئەبووجەهل و لەهەبەکان، بەڵکوو نابێ بۆ خودی پێغەمبەرەکانیش خۆت فیدا بکەیت و خوێنی خۆت لەلا هەرزان بێت.

کۆچ پێی وتین ئەوە تۆ نیت مافی سڕینەوەی بەرامبەرەکانت بدەی لەکاتێکا ئەوانیش با پێچەوانەی تۆ بیر بکەنەوە، چونکە خوا خۆی دروستی کردون.

کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی موشارەکەی هەموو خاوەن ئایدیاکان دەبێ بەشدار بن لەبنیادنانی دەوڵەتدا.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، چ بەشەرێک دەیزانی کە دەبێ سەرکردە لە هاوڵاتیان زیاتر ئەزیەت و ڕەنج بکێشێ، نەک حازرخۆری داپڵۆسێنەر بێت.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی برایەتی و مەحەببەت مانای چیە؟ جگە لە بەرژەوەندی و ئەنانییەت و خۆپەرستی و داگیرکردن.

کۆچ نەبوایە، کەس نەیدەزانی تەسلیم کردنەوەی مافی زەوتکراوان، ئەخلاقێکی گەورەی مرۆڤە.

لە وانەکانی کۆچ خوێنەواری و خوێندنەوە و پێشبینیکردنی ڕووداوەکان و خۆئامادەکردن بۆ هەموو ئەگەرەکان لەمەرجی قیادی بوونە.

کۆچ دەری خست کە سەرکردە دەبێ لە پێشەوەی هێرشەکانی دووژمنەوەبێ، نەک بڕواتە سەرکێوی ئوحۆد و لەدوورە بەرەکانی جەنگ بەسەر بکاتەوە.

کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی قائدێک هەیە و هەموو خزمەتێک دەکا و نایداتەوە بەنێو چاوانی میللەتەکەیدا و بڵێ مەدینەم بەخوێنی هەزاران شەهید گرته‌وە.

ئەگەر کۆچ نەبوایە، کێ دەیزانی دەوڵەتێک هەیە کە سەرکردەکانی لەجیاتی دزی و تاڵانی و دۆشینی داهاتی سەروژێری زەوی نیشتمان، بەپێچەوانەوە لەگیرفانی خۆیان دەبەخشن بە گەل و وڵات و هەژارەکانی.

ئەزانن کۆچ پێی وتین، ئیتر نابێ مناڵ لەبێ شیریدا بمرێ و پیاوەکان زەلیل و خەجاڵەتی لای مناڵەکانیان بن، هاوسەرەکان دەبێ بژین، نەک لەبەردزی کوڕانی تەنگانە لەیەک جیا ببنەوە.

کۆچ عەرزی کردین، کە دەکرێ دەسەڵات هەژار بێ، بەڵام ناکرێ ئەو هەژاریە بەهۆی نادادی و خۆسەپاندن و داگیرکاری و ستەمكارییەوە بێت.

سەرەنجام کۆچ پێی وتین، ئێوە بەردەوام و ڕاوەستاو بن، سەرەنجام خۆری ئازادی و دادپەروەری ئایندەتان ڕۆشن دەکاتەوە.

نووسه‌ر: د. عومه‌ر زه‌ڵمی