پێنجشەممەی ڕابردوو، 24ی بەفرانبار، شۆڕای ناوهندی جهماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، کۆبوونەوەی پێکھێنا. لەم دانیشتنەدا، نوێترین تەوەرەکانی پێوەندیدار بە ھەڵسوکەوتەکانی جەماعەت، لە لایەن ئەندامانی شۆڕای ناوهندی باس کرا. لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوە، مامۆستا عەبدوڕڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وێڕای پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لە بەشداریکردنی خۆیان لە دوایین دانیشتنی شۆرای یەکیەتی زانایانی موسوڵمان لە «دۆحە» و ھەروەھا بیست و نۆھەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکگرتنی ئیسلامی لە تاران، جەختی کرد: زانایانی موسوڵمان و ڕێبەرانی فیکری و سیاسی دەبێ لە ھێدی کردن و ڕاگرتنی کێشە و شەڕ و پێکداداندا زێاتر تێکۆشن و بەر بە رژاندنی خوێنی ھاووڵاتییانی بێدهسهڵات لە وڵاتانی تووشبوو بە شەڕی ناوچەکه بگرن. لە درێژەدا فەرمووی: بەردەوامی ژیانی جەماعەت و ھەر ڕێکخراوەیەکی مەدەنی و ئیسلامی، بەستراوه به خوێندنەوەی نوێی چەمک و ڕێبازەکان، بە تایبەت لە سەردەمی ئێمەدا کە ڕووداوەکان زۆرن و بە خێرایی ڕوو ئەدەن و کاریگەریشیان لەسەر ژیانی ئێمە ھەیە. ئەڵبەت بنەماکان و ھەندێ لە مەرجە نەگۆڕهکانمان ھەیە کە لە قوتابخانەی گەورەی راپەڕینی ئیسلامی و بەتایبەت بیرمەندانی بزاڤی ئیخوانولموسلمین وەرمانگرتووە. ئێمە بەم مەرجە نەگۆڕانه وەفادار بووین و دەبین. بەڵام کاتێ وەکوو جەماعت باس لە نوێخوازی لە ئاییندا وەک روویکەردێکی بنەمایی دەکەین، زیاتر دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە پێداچوونەوە لە وتووێژ و ڕێبازە کۆییەکان دەبێ ڕچاو کێ. کاتێ کە لە ناوخۆی بزاڤی ئیخوان باس لە پێداچوونی و نۆژهنکردنەوەی شێوازی وتووێژ دەکرێ و مامۆستایهکی پایەبەرز وەکوو دکتۆر یوسف قەرەزاوی لەم قسە دواییانەی خۆیدا کە بەشێوەی ئامۆژگاری ئاراستەی ئیخوانی کرد، باس لە گۆڕین و پێداچوونەوەی شێواز دەکا، جەخت لەسەر سەربەخۆیی فیکری و تەشکیلاتی جەماعەت بە گوێرەی بارودۆخ و نیازەکانی ھاوچەرخ دەکات، تا ھەموو خوشکان و برایان بتوانن لێی تێ بگەن.
بۆچوونهکان