ئەمینداری گشتی جەماعەت به هاوڕێیەتی شاندێکی دەفتەری ناوەندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، لە بارەگای شۆڕای شاری تاران، لەگەڵ « موڕتەزا ئەلویری»(مرتضی الویری)، ئەندامی شۆڕای شاری تاران و سەرۆکی شۆڕای باڵای پارێزگاکان، دیداری کرد.

 به پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، لەو دیدارەدا کە ڕۆژی شەممە 8ی گوڵانی ئەمساڵ بەڕێوە چوو، دکتۆر عەبدوڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ئاماژەی به میانەڕەوی جەماعەت وەک ڕێکخراوێکی مەدەنی کرد و گوتی: ئێمە بەردەوام لەسەر ئەو باوەڕەین کە کۆمەڵگا بەرەوە لێکتێگەیشتن و حەوانەوەی زیاتر هان بدەین، هەروەها گوتی: لەوەی کە لە دونیای ئیسلام و مەزهەب و ئایینزاکان، پێناسەیەکیان لە ئیسلام ئاراستە کردووه کە سەرجەمی موسڵمانانیان نەخستۆتە بازنەی ئەو پێناسەیە، ڕیشە و بنەمای گەلێک گرفت و دواکەوتوویی و چەقبەستوویی  لە سەردەمی ئێستادایە.

دکتۆر پیرانی وێڕای ئاماژە به سەرنەگرتنی بەشێک لە داخوازییەکانی هاووڵاتیانی سوننە مەزهەب، هەر لە سەرەتای شۆرشی ئیسلامییەوە تا ئێستا، گوتی: هێندێک لە هەڵاواردن و کەم لوتفییەکان ناشێ ببێتە هۆی لاوازبوونی هەستی نیشتمان دۆستی و نەتەوەخوازیمان و پێمان وابێ لە باشترکردنی بارودۆخەکە ئەرکێک لە ئەستۆی ئێمە نییە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە ڕێکخراوی ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، له ساڵی 1376 تاکوو ئێستا، لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان چالاکانه ڕۆڵی گێڕاوە و سەرەڕای دەربڕینی ویستە و داخوازییە یاساییەکانی هاووڵاتییانی سوننە مەزهەب، هەڵوێست و ڕای خۆی له هەڵبژاردنەکان دیاری کردووه. 

ئەمینداری گشتی جەماعەت، هەر لەم بابەتەوە گوتی: ئێمە ئاگاداری بەربەست و گرفتەکانی دەوڵەت هەین، له حەولی دەوڵەت و لایەنەکانی تریش بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی خەڵک ورد دەبینەوە؛ بەڵام بۆ وەدەست هێنانی متمانەی زیاتری جەماوەر، پێویسته دەوڵەت جیدیتر و به کاراییەکی زیاتر حەولەکانی بخاتە گەڕ. 

هەروەها ئاماژەی بە بڕشت و دەسەڵاتە یاساییەکانی شۆڕا کرد و هیوای خواست، هەنگاوی پێویست و کاریگەر، هەم لە ئاستی شۆڕای شاری تاران و هەمیش لە شۆڕای باڵای پارێزگاکان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرەانی هەموو هاووڵاتییەک بگردرێتە بەر.

لەو چاوپێکەوتنەدا، ئەندازیار موڕتەزا ئەلویری، وێڕای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی سەبارەت دیدارەکه، گوتی: لە شۆڕای شاردا سەرجەم هاووڵاتییەکان لە یەک ڕیز و ڕادە دان و کەس نامۆ نییە. لەم ڕوانگەیەوە هاووڵاتییانی سوننە مەزهەبیش مافی خۆیانه بۆ ئەنجامدانی چالاکی و ڕێوڕەسمە کەلتووری و ئایینییەکانی تایبەت به خۆیان له ئیمکانات و پێداویستییە ئاساییەکان بەهرەمەند بن. 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی به بیروەرییەکی ئەندازیاری خوالێخۆشبوو، بەڕێز «بەهائەدین ئەدەب» (بهاءالدین ادب) کردوو و گوتی: لەو سەردەمەی من سەرۆکی شارەوانی بووم، ئەندازیار ئەدەب، ویستی زەوییەک بۆ مزگەوت دابین بکەین. ئەو کاته به هۆی تەواوبوونی بەرپرسایەتی من لە شارەوانی و کۆچی ئەو  بەڕێزه، ئەو ویستە سەری نەگرت و کارەکە نەکرا.

« موڕتەزا ئەلویری» لە درێژەدا گوتی: بە مەبەستی بەشداری خەڵک و هاندانی سەرجەم لایەنەکان، پیویستە مافی هەموو هاووڵاتییەکی کۆمەڵگا دابین بکەین. لەبەرچاونەگرتنی و نەدیتنی جیاوازی ڕوانگە و تێڕوانینەکان ناگاتە ئاکام و سودی نابێت. ئەگەر مافی سەرجەم تاکەکان به کۆلکە زێڕینەیەک لە ڕوانگەکان دابین بکرێت، ئیتر هیچ ئۆپۆزیسیۆنێک سەر هەڵنادا و پێک نایا.

لە کۆتایی چاوپیکەوتنەکەدا، کۆمەلێک لە بەرهەمە کەلتووری و فەرهەنگییەکانی جەماعەت کە بریتی بوون لە: مەڕامنامە و ئەساسنامەی جەماعەت، چەند بەرگێک لە مانگنامەی ئەندیشەی ئیسلاح، کتێبەکانی «یەکتر قبووڵکردن» و «نهێنییەکانی کۆڵبەری» (دگرپذیری و پیدا و پنهان کولبری) و نوسخەیەک لە دیویدی(DVD) «موحەممەد باڵوێزی ئاشتی2»(محمد سفیر آشتی 2)، پێشکەشی بەڕێز ئەلویری، کرا.

شایانی باسە، ئەو دیدارە به ئامادەبوونی بەڕێزان ناسر سەلجووقی ئەندامی دەفتەری ناوەندی، لوقمان ستووده بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنەکان و تەیموور عوسمانی بەرپرسی لێژنەی جێبەجێکاری پارێزگای تاران، بەڕێوە چوو.