لەپاڵ وشەکانی یەکپۆشی، یەکدەنگی، یەکڕەنگی، یەکهەڵوێستی و... هتددا، فەرهەنگی کوردی بۆ لەمەودوا، ڕەنگە ناچار بێ وشەیەکی نوێ و نامۆ بخزێنێتە نێو لاپەڕەکانییەوە، بەنێوی "یەکڕوخساری"!

نا؛ یەکڕوخساری هەر تەنیا وشەیەکی سادەیش نییە، نەخۆشییەکی کوشندەیشە، لە باڵا و گیان و ڕۆحی میللەتێکی تازە پیاکەوتوو ئاڵاوە. میللەتێ کە بە گەورە و گچکە و ژن و پیاوەوە،  هەڵەداوان و ڕاکەڕاکەیەتی، لەم سەنتەر و کلینیکی جوانکارییەوە بۆ ئەوی تر، خۆی داوەتە بەر ڕەحمەتی دەرزی و سلیکۆن و چەقۆ، بە ئومێدی ڕاکردن و خۆدزینەوە لە خۆ!

ئێمە ئەو میللەتە تازەپیاکەوتووەین کە وەک نەدی‌بدی  بەربووینەتە باڵا و ڕوخسارمان و هەرجارەی شوێنێکی دەدەینە بەر دەرزی. جاران لە مەکتەب ڕازی نەبووین و خۆمان دەدزییەوە لە یەکپۆشی و بە دوای هەلێکدا دەگەڕاین، ڕۆژێ مامۆستا لێمان گەڕێ جلێکی ڕەنگاوڕەنگ لەبەر بکەین و هەریەکەمان جۆرێک بین. ئێستا هەموومان قایلین یەک جۆر لووت و لێو و چەناگە و گۆنا... هتدمان هەبێ.

گوێقوڵاغی هەواڵێکین لای بازرگانەکانی جەستەی مرۆڤەوە هاتبێت، بەبێ یەک و دوو دەکەوینە هەلەکەسەما و  خێرا خۆمان بۆ تاقیکردنەوەی تازەترین جۆری خۆئازاردان و خۆگۆڕین ئامادە دەکەین!

بیرمان چووە هەر شتێک بوو بە مۆدیل -بە قەولی جاران بوو بە بایەعی-؛ هەر زوویش مۆدێلی دەڕوات و باوی نامێنێت. ئەگەر ئەو شتە باو نەماوە جل و جانتا و پێڵاو و مۆبایل و سەیارە بێت قەینا، کارەسات ئەوەیە بێژن؛ ئۆو ئەوە چۆنە تا ئێستا لێوت یان چاوت ئاوه‌هایە؟ ئەی نازانی مۆدێلی نەماوە؟ پەکوف لەو لووتە "بەرازی"یە، ئێستا باوی لووتی "پڵنگی"یە! چاوی "پشیلەیی"یش مۆدی نەماوە، ئێستا باو باوی چاوی "مشکی"یە!

ئینجا سەر بەکام سەنتەردا دەکەیت بۆ کوتی لووتی بڕا و پارچەی پێڵووی قاشکراو؟ ئەی نازانی هەر کەس ئەقڵی خۆی بداتە دەست ئەم بازاڕە بێسەروبەر و بێپەرواییەوە، لە کۆتاییدا دەست بەسفر دەردەچێ؟ دنیای نوێی سەرمایەداری، ئێستا مرۆڤی کردۆتە ڕۆبۆت و بە کەیفی خۆی چی پێ خۆشبێت، لەسەری تاقی دەکاتەوە و بەکاری دەهێنێت.  لە ڕێگەی هەموو جۆرەکانی میدیاوە زۆرترین کڕیار دەکاتە داوە و وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەیگرێت.

مرۆڤ لە بنەڕەتدا هەر یەکەی خاوەن جۆرێکی تایبەتی سیما و دەنگ و ڕەنگە، ئەو تایبەتمەندییە زۆر شتێکی جوان و پیرۆزە. ئێستا ئیتر خەریکە کەس تایبەتمەندی نامێنێ و هەموومان دەبینە یەک ڕەنگ!

جوانی شتێکی گرنگە و هەموو کەس هەوڵی بۆ دەدا، بەس کارەسات ئەوەیە جوانی ببێتە ئامانج و بپەرسترێت و هەموو شتێکی ژیانت بخەیتە خزمەتییەوە، وەک تەندرووستی و کات... هەموو  ئەرک و خەمێکت ببێتە ئەوەی چۆن جوان ببیت؛ بێئاگا لەوەی جوانی ناتوانێ لە هەموو ئارێشەکانی ژیان ڕزگارت بکات.

جوانی شتێکی گرنگە، بەڵام گرنگترین نییە. بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە. بۆ نموونە بۆ دایکێک؛ گرنگترین شت ڕۆشنبیری، پێگەیاندن و پەروەردەکردنی منداڵەکانییەتی؛ کە سبەینێ جێگە و پێگەیان لە کۆمەڵگادا دەبێ. ئەی ئەگەر تۆی دایک گرنگترینەکەت خۆت بیت و خۆپەرستانە هەر خەریکی جوانکاریی بیت و ڕۆژانە ئیش و کارت وێنە و سناپ و خۆعەرزکردنی ستۆری بێ، ئایا تاوانبار نیت کە منداڵێکی بێپەروەردە و داماو بۆ خۆت و کۆمەڵگا بخەیتەوە؟

ڕەنگە بە نیسبەت کچە مۆدێلێکەوە جوانی گرنگترین بێت؛ کێشەکە ئەوەیە بۆ هەموو چینێک ببێتە گرنگترین!

نووسینی: هاوژین عەزیز

سه‌رچاوه‌: هاوسانی