ئەمە قسە و نووسین و دوایین شایەتی بوو کە  بەناوبانگترین مولحیدی جیهان (ئەنتۆنی فلو) تۆماری کرد... ئەو زۆربەی تەمەنی لە نکۆڵیکردن لە بوونی خودا و ڕەواجدان بە بیری ئیلحاد بەسەر برد. نزیکەی ٣٠ کتێب و بەرهەمی دانا کە مولحیدەکانی وڵاتانی موسوڵمان وەک بەڵگە دەیانهێنانەوە و وەک دەستوور و مەشخەڵ و بەڵگە بەکاریان دەهێنان بۆ ڕەدکردنەوەی خودا و ئایینەکان و گشت پەڕاوە پیرۆزەکان.

فەیلەسوزفی بەریتانی (ئەنتۆنی فلۆ) کە پێشتر بە گۆڵچی ئیلحاد ناوبانگی دەرکردووە و لەنێوان ساڵانی 1923_ 2010 ژیاوە؛ پاش ئەوەی کە لە بازنەی ئیلحاد هاتە دەرەوە بەرەو نووری ئیمان؛ سوور بوو لەسەر ئەوەی کە دوایین یاداشتەکانی خۆی تۆمار بکات؛ ئەوەبوو ٦ ساڵ پێش مردنی؛ پەڕاوێکی گرنگی بەناوی (خودا هەیە) نووسی؛ لەو پەڕاوه‌دا باسی چۆنیەتی گۆڕینی بیری خۆی لە ئینکاریکردنی بوونی خوداوە بەرەو ئیمان دەکا؛ کە مەحاڵە ئەم گەردوونە خاوەنێکی زانا و دانا و بەتوانای نەبێ کە کاروباری بەڕێوە ببات.

سەیر ئەوەیە ئەوانەی کە بە درێژایی ٣٠ ساڵ لەبەر ڕۆشنایی و بە ڕێنماییەکانی ئەنتۆنی فلو مولحید بوون و بڕوایان بە هەموو نووسراوەکانی هەبوو؛ کەچی لەگەڵ دەرچوونی ئەو کتێبەی کە لە ئیلحاد هەڵگەڕاوەتەوە؛ تاوانباریان کرد بە خەڵەفان و وتیان تووشی زەهایمەر بووە.

ئەزموونی ئیلحادی ئەنتۆنی فلو زیاتر لە نیو سەدە بەردەوام بوو؛ ژمارەیەکی زۆر پەڕاوی دانا بۆ پشتگیریکردنی ئیلحاد؛ سەدان مێزگرد و سیمیناری گرت بۆ بەرگریکردن لە ئیلحاد؛ پاشان دوای ئەو هەموو ساڵە گۆڕاو بڕوای بە خوا هێنا؛ بێگومان ئەم هەموو ڕەنجەی کە داویەتی تەواو ئەو قسانەی پشت ئەستور دەکا کە لە دوایین و گرنگترین پەڕاویدا کردونی؛ گرنگییەکەیشی لەوەدایە کە هەرەس بەو هەموو بەڵگە ڕزیو و پڕوپوچانە دەهێنێ کە لە پەڕاوەکانیدا هێناونی و ئەو مێشکە بچوک و دەروونە لاوازانەی فریو داوە؛ کە هێندە بوێری لەخۆیاندا نابینن کە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن؛ هەروەک گەورەکەیان کە ئیلحادی فێر کردبوون؛ کردی!

(فلو) دەڵێ: بۆ ماوەی پەنجا ساڵ من تەنها نکۆڵی بوونی خودام نەدەکرد؛ بەڵکوو تەنانەت نکۆلی بوونی ژیانی دوای مردنیشم کرد؛ هەموو موحازەرەکانم کە کتێبی (لۆژیکی فەنا) تۆماری کردون و بە پوختەی گەشتی من لەگەڵ (فەلسەفەی شیکاری) دادەنرێ شایەتە لەسەر ئەوە. هەروا دەڵێ: لە هەندێ نووسینمدا کە لەم دواییەدا لەسەر ئیلحاد نووسیومن وتومە: من لەوەدا زۆر پەلەم کردووە و سادە بووم کە گوایا گەیشتووم بەو دەرەنجامەی کە خواوەند بوونی نیە؛ بەڵام دواتر بۆم ڕوون بوەوە کە ئەوانە چەند هۆکارێکی زۆر هەڵە بوون؛ من ئەو دەرەنجامە هەڵەیەم بەردەوام و دوبارە و بەشێوەی درێژتر لە گفتوگۆ و پەڕاوەکانمدا بەکار دەهێنا.

بێگومان سەرەتای هەڵە مرۆڤ بەرەو ئەنجامی هەڵە و گەنیو دەبا. ئەنتۆنی فلو بە درێژایی ٥٠ ساڵی ڕەبەق ئەوەی دوپات دەکردەوە و دەیوت (مرۆڤ پێویستە بە مولحیدی بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کە بەڵگەی دەست دەکەوێ لەسەر بوونی خوا) ئەو بەدڵسۆزی تا ساڵی ٢٠٠٤ خزمەتی بە ئیلحاد کرد. بەڵام لە گفتوگۆیەکی فەلسەفیدا فلو ڕایگەیاند کە بڕوای بەخوای تاک و تەنها هێناوە و بەتەواوی وازی لە ئیلحاد هێناوە. بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکوو کتێبێکی گرنگ و کاریگەری دانا بەناوی (خودا هەیە) لەو کتێبەدا دەری خستووە کە باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە ئەم گەردوونە دروستکەر و پەروەردگار و خاوەنێکی بەتوانای هەیە. ئەو کتێبە پێک دێ لە دووبەش کە دە لقی لێ دەبێتەوە لەگەل پاشکۆیەکدا.

لە بەشی یەکەمدا کە لە سێ لق پێک دێ؛ فلۆ باسی ئەو ماوەیە دەکا کە ئینکاری خوای دەکرد؛ ئەوە دەردەخا کە لە چواردە ساڵیدا بەهۆی ئەو هەموو خراپەیەی لە جیهاندا هەیە؛ بێباوەڕ بووە.

پاش ئەوەی کە چووە زانکۆی ئۆکسفۆرد و لە فەلسەفەدا پسپۆڕی وەرگرت؛ چووە نێو (یانەی سوقرات) کە پشت بە دەستوورە فەلسەفەیەکەی ئەرستۆ دەبەستێ کە دەڵێ (شوێن بەڵگە کەوە بۆ هەر کوێی بردی) ساڵی ١٩٥٠ بابەتێکی ئامادە کرد و لەوێدا بە شێوەیەکی بەرنامەیی چەندین ڕەدی ئەوەی دایەوە کە ناوی لێ نابو (پڕوپاگەندە ئایینییەکان) و زۆر بە شان و باڵی ئەو باسەدا هەڵدرا.

تەنانەت ئەوکات وەسف کرا کە (گرنگترین بابەتی فەلسەفییە کە لە سەدەی بیستدا بڵاو کرابێتەوە). لە بەشی یەکەمدا فلۆ باسی ئەوە دەکا کە ساڵی ١٩٧٦ بابەتێکی تری ئامادە کرد. بە ناونیشانی (گریمانەی ئیلحاد) لەوێ هەوڵی داوە کە بیسەلمێنێ (ئیلحاد بۆخۆی سروشت و فیترەتە بۆ مرۆڤ؛ نەک باوەڕ بە بوونی خوا) ئەم باسەش چالاکییەکی گەورەی وروژاند و بووە پاڵپشت بۆ ئەوەی کە نووسەر ناوبانگێکی بەهێزی جیهانی بەدست بهێنێ، وەک پێشەوای بێباوەڕان. لە بەشی دووەمدا فلۆ باسی گەشتێک دەکا کە تیایدا بەدوای دۆزینەوەی خوادا دەگەڕێ؛ لەڕێی چیڕۆکێکی سادە و بەچێژ و نائاڵۆز کە ئەوی بە ئاسانییەکی سەیر و نامۆ بردووە بەرەو کودەتاکردن بەسەر هەموو بیروڕا و بڕواکانیدا لە هەر ٣٠ کتێبەکەیدا؛ کە بناغەیان بۆ بیر و هزری بێباوەڕی داڕێژرا؛ پاشتر بەدرێژی باسی چەند بەڵگە و نیشانەیەک دەکا دژ بە گریمانەی ئیلحاد و شکاندنی ئەو تیۆرییە بە تەواوی و جەختکردنەوە لەسەر بوونی خودایەکی تاک و تەنها بۆ ئەم گەردوونە. 

لەبەشێکی تری ئەو پەڕاوەدا و بە پێچەوانەی ئەوانەی کە هەر باسی ئیلحاد دەکەن و زانستیش دەکەن بە بەڵگە بەدەست خۆیانەوە لە نکۆڵیکردن لە بوونی خواوەند؛ (ئەنتۆنی فلو) باس لەو دۆزینەوە زانستیانە دەکا کە ژیرییە یاخییەکەی ئەویان ناچار کردووە بە بڕواهێنان بە خوا و وازهێنان لە ئیلحادە کۆنەکەی؛ وەک: ئالیەتی ئاڵۆزی ترشەڵۆکی نەوەوی(DNA)؛ لەم ڕوەوە بەوەشەوە نەوەستا؛ بەڵکوو چەندین زانای تری بەناوبانگی کرد بە بەڵگە کە لەم ڕێگەیەوە باوڕیان هێناوە؛ وەک (ئیسحاق نیوتن) و زانای فیزیایی بەناوبانگ کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە: (شرودنجر) و ( ئاینشتاین) بەدیاریکراوی. سەرنج بۆ ئەوەش ڕادەکێشێ کە گەورە مولحیدەکانی وەک (دۆکینز) و ئەوانی تر؛ دەیانەوێ ئەنیشتاین بە کەسێکی مولحید دەربخەن ئەگەرچی چەندها جار و لە چەندین بۆنەدا نکوڵی ئیلحادی لەخۆیدا کردوە... لە بەشەکانی دواوەی پەراوەکەیدا (فلۆ) پێناسەی خودا و بوونی خودا دەکا لە ژیانی ئەودا.

تا دەگاتە ئەوەی کە بڵێ: خواوەندی بوونەوەر پێویستە لە دەرەوەی چێوەی زەمان و مەکاندا بێت؛ بگرە لە دەرەوەی تەسەوری بەدیهاتوانیشەوە بێ کە بە توانای هزر و بیری سنووردار و تەسکی خۆیان بیر دەکەنەوە؛ دیارە ئەمەش ڕێیان پێ نادات کە پەی بە زات و سیفاتی خواوەند ببەن... وەک بڵێی بەبێ مەبەست گوزارش لە فەرمایشتی خوای گەورە دەکات کە فەرموویەتی (ليس كمثله شيء وهو السميع البصير) و فەرمایشتی (لا تدركه الأبصار وهو يدرك الأبصار وهو اللطيف الخبير)  بەمجۆرە و دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ کە ئەنتۆنی فلۆ لە ئیلحاد و بەرگریکردن لە ئیلحاددا بردیە سەر و یاسا و ڕێسای بۆ داڕشت و بانگەشەی بۆ کرد؛ تەنانەت لەو سەردەمانەدا بە سەرسەختترینی مولحیدەکان ناسێنرابوو و ٣٠ پەڕاوەکەی و لافاوێک لە وتارەکانی بوون بە بەردی بناغە بۆ هزر و بیری مولحیدەکانی ئێستا؛ چ مولحیدە لێزان و شارەزاکان یان ئارەزوومەند و لاساییکەرەوەکان.

دوای ئەو هەمووە؛ (ئەنتۆنی فلۆ) فەیلەسووفی بەناوبانگی بەریتانیا لە بواری ئایینەکان و مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆکانی ئەورووپا پاش ئەوەی کە گەیشتە هەشتا و یەک ساڵ؛ بە پاڵنەری بەڵگە زانستییە بەهێزەکان گەڕایەوە و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە شایەتی دا کە بڕوای بە بوونی خوا هەیە؛ ئەوەش ڕووداوێک بوو کە بە شۆکترین ڕووداو دادەنرێ کە هەموو بیرمەندان و مونەزیرەکانی ئیلحادی هەژاند و بوو بە زللـه‌یەکی تەزێنەر بۆسەر ڕوومەتیان؛ بەڕادەیەک کە کاهینی بەناوبانگی ئیلحاد (ڕیچارد دۆکینز) لاواندیەوە و وتی (ئەنتۆنی فلۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان فەیلەسووفێکی مەزن بوو؛ بەڵام ئێستا و پاش ئەوەی کە باوەڕی بە بوونی خوا هێنا و جاڕی دا کە پرسی سەرەکی جیهان؛ پرسێکی دۆڕاوە لەبەردەم بەخششەکانی نوێدا و یاسا هەرە وردەکانی سروشت هەر دەبێ نووسەرێکیان ببێ و تیۆری پەرەسەندنەکەی داروین نەیدەتوانی خۆی بگرێ لەبەردەم بەڵگەکانی کیمیای زیندەییدا؛ کە بەتەواوی دەیسەلمێنن (خانە) کە بە سندوقی ڕەشی داروین دادەنرا؛ ئەو شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە نەزانیوە و کەرەسەکانی کارکردنی DNA و پاسوۆرد و لێکدەرەوی ئەو شریتە پێویست بە دیزاینەرێکی زیرەک هەیە و هەروا چارەسەری ئایینی بۆ گرفتی (خراپە) زیاتر ژیرانە و لۆژیکیانەیە...

جا پاش ئەوەی کە فەیلەسووفی مەزن هەموو ئەمانەی ڕاگەیاند؛ ئیتر زۆر ئاساییە کە دۆکینز بەردەوام نەبێ؛ چ جای باقی مونەزیرەکانی تری ئیلحادی نوێ). ئەمەش گرێ کوێرەی مولحیدەکان و نکۆڵیکەرانی خوایەتی و هەموو ئەوانەشە کە بە فەلەکی ئەواندا گوزەر دەکەن. یا ئەوەتا لەگەڵمان دەبی یان ئێمە دژت دەبین. خوای گەورە ڕاستی فەرمووە کە دەفەرموێ: (ﺳَﻨُﺮِﻳﻬِﻢْ ﺍٰﻳَﺎﺗِﻨَﺎ ﻓِﻰ ﺍﻟْﺎٰﻓَﺎﻕِ ﻭَﻓِٓﻰ ﺍَﻧْﻔُﺴِﻬِﻢْ ﺣَﺘّٰﻰ ﻳَﺘَﺒَﻴَّﻦَ ﻟَﻬُﻢْ ﺍَﻧَّﻪُ ﺍﻟْﺤَﻖُّ)