وا بەخێر و سەلامەتى لە پێشوازى قدومى پر خێر و بەرەکەتى رەمەزانى پیرۆزى ئەمساڵ 1433ک داین و پاش چەند رۆژێکى تر ئەو میوانە ئازیز و شیرینە لە ئامێز دەگرین .. حەقى خۆیەتى زۆرترین سوود و زۆرترین بەهرەى لێ وەرگرین، بیکەینە خولێکى پەروەردەیى و بابەتى گرنگ بە شێوەیەک ئەگەر کۆتا رەمەزانمان بوو ئەوا ئاخر خێر و ئیمان سەلامەت بین و بەپاکى و چاکى ئەم ژیانەمان بەرێ کردبێ و سەفەرى ئەو ژیانەى ترمان دەست پێ کردبێ .. خۆ ئەگەر تەمەن باقى بو وماین ئەوا بۆ (11) مانگەکەى تر توێشویەکى باشمان کۆکردبێتەوە و ئامانجى سەرەکى ( رۆژو ) کە دەست خستنى ( تەقوا ) یە بەجێ هێنابێ .

ئازیزان : بەبۆنەى هاتنەوەى رەمەزانى پیرۆزەوە دەمەوێ لەم چەند دێرەدا ئاماژە بکەم بە کاریگەرى ئیمان و پەیوەندى بە رزگارى مرۆڤى ئیماندار و ئەو لایەنانەى کە پێویستە لە خولى رەمەزان دا کارى لە سەربکەین و هەوڵى راستکردنەوە و چاککردنى بدەین بە زمانێکى سادە و کورت و بە ومێدى سود لێ وەرگرتن :ـ

یەکەم : لایەنى بیر و باوەر و عەقیدە .

دووەم : لایەنى سلوک و ئەخلاق و رەوشت .

سێهەم : لایەنى ئەحکام و ئیلتزاماتى شەرعى .

یەکەم : لایەنى بیر و باوەر و عەقیدە :

بیر و باوەرى موسڵمانانە بە (ئیمان ) ناوبراوە و چەندین پێناسەى بۆ کراوە ، زانایان دەڵێین ئیمان : قەناعەت و بروایە بە دڵ ، دەربرینە بە زمان ، کار پێ کردنە بە ئەندامانى لەش ، بە خوا پەرستى زیاد ئەکا و بە گوناە و خراپەکارى کەم ئەکا ( تصدیق بالجنان و قول باللسان و عمل بالجوارح و الارکان ، یزید بالطاعة و ینقص بالمعصیة ) ، لە رووى زمانەوانیەوە بە ماناى ئاسودەیى و ئەمانەتدارى و ئاسایشى دەرونى هاتوە .

الایمان : ان تۆمن بالله وملائکته و کتبه و رسله و بالیوم الاخر و ان تؤمن بالقدر خیره و شره – رواه مسلم.

الایمان : ما وقر فی القلب و صدقه العمل – قول الامام حسن البصري .

ئەم ئیمانە لە ئیسلامدا بناغەى هەموشتەکانە .. کردەوە چاکەکان ، رەوشتە جوانەکان ، ئیلتزام و پابەندیە شەرعیەکان ، هەرکەم و کورى و نوقسانیەک لە ئیماندا ئەبێتە هۆى کەم و کورى و نوقسانى لە کردەوە چاکەکان و لە رەوشتە جوانەکان و لە هەموو ئیلتزاماتێک ، هەروەک نوقسانى و کەمتەرخەمى کردەوە و چاکەکان و رەوشتە جوانەکان نیشانەى نزمى و دابەزینى پلە و ئاستى ئەو ئیمانەیە ، چونکە کردەوە چاکەکان و رەوشتە جوانەکان و پابەندى و ئیلتزامەکان بەشێکن لە ئیمان و ئاسەوار و بەرهەمى ئەون ..

ئیمانیش بروا بوونە بە کۆمەڵێک بنەماى غەیبى و نەبینراو کە دەبێ بە دڵنیایى و یەقینەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەى .. ناکرێ لە مەسەلەى عەقیدە و ئیماندا دوودڵى و گومان بوونى ببێ ، چونکە کەمترین گومان گەورەترین درز و کەلێن دروست دەکا و پەنا بە خوا حاڵەتى نیفاق و دوورویى پەیدا ئەکا و سەرى لە سەرگەردانى و لەرێ لادانەوە دەرئەچێ .

ناکرێ بە گومان بین لە پایەکانى ئیمان ، بەتایبەت دوپایە سەرەکیەکە :ـ

1/ ( ئیمان بە خوا ) کە پایەکانى تر لق و پۆپى ئیمان بە خودان . 

2/ ئیمان بە رۆژى دوایى و زیندووبونەوە کە مەیدانى وەڵامى ژیانى دونیا و جێگاى سزا و پاداشتە و خەرمانى تەمەنى مرۆڤ لەوێ هەڵدەخرێ و پاک و پیسى بەرهەمەکە دیارى ئەدا .

جا هەر لەق بوون و ساردوسرى و کەمتەرخەمى و نوقسانیەک لەم دوپایە سەرەکیەدا دەبێتە مایەى رەنج بە خەسارى و سەرگەردانى و بێ بەرنامەیى موسڵمان .

چونکە ناکرێ بەگومان مامەڵە لەگەڵ ئەم شتە بنەرەتى و کاریگەرە بکرێ .. ناکرێ بەگومان خۆت لە خۆشیەکانى ئەم جیهانە و ئارەزەکانى خۆت بگریتەوە و دڵنیا نەبیت لە پاداشت و بەجددى چاوەرێى خۆشیە نەبراوەکانى بەهەشت نەکەى . یا خۆت بخەیتە بەردەم چەندین زەحمەت و بێ بەشى و نارەحەتى ژیان بەناوى حەرام و حەڵاڵەوە کەچى بە گومان بى لە پاشەرۆژ و ئایندەى خۆت .

بە کورتى ئیمان و بروا بە خوا و بەرۆژى دوایى بە دڵنیایى و یەقین دەکرێ و ناشێ و ناکرێ بەگومان مامەڵە لەگەڵ پایەکانى ئیمان بکرێ چونکە ئیمان دەرهاوێشتە و ئاسەوارى هەیە و هەر لەق بوون و نوقسانیەک لەو ئیمانەدا یەکسەر لە رەفتار و گوفتار و رەوشت و هەڵسوکەوت و کردەوەکانى رۆژانەماندا رەنگ ئەداتەوە .

هەروەک هەموو تۆکمەیى و مەحکەمى یەک لە ئیماندا جیهانێکى ئاسوودە و بەختیارى و ئارامى و دڵنیایى بۆ مرۆڤ دروست دەکا و ژیان پر ئەکا لە خۆشى رۆحى و مەعنەوى .. مرۆڤى ئیماندار لەگەڵ هەموو بونەوەر و دروستکراوەکانى تردا سرودى بەندایەتى خوا و ئازادى راستەقینەلە گشت کۆت و بەندێک دەچرێ .

بێ گومان لەکاتێکدا کردەوەى چاک ببینین بەڵام لەسەر بناغى ئیمان نەبێ ئەوا پریەتى لە ریایى و دوورویى و تەمەن کورتە و هەرگیز بەردەوام نابێ و پاداشتێشى نابێ چونکە پاداشت و سزا لاى خوا لەسەر نیەت و مەرام و مەبەستەکانە .

لێرەدا دەچینە سەر ئەوەى چۆن بروامان بەهێز ببێ و لە دوودڵى و گومان دەربازبین ، چۆن یەقین مان ببێ کە چۆن مردن راستە و بەدیار چاومانەوە ئەو هەموو خەڵکە دەمرێ هەروەها زیندوبونەوەش راستە و پاش بەجێ هێشتنى ئەم ژیانە و ئەم جیهانە ئەچینە ژیانێکى تر و جیهانێکى تر و لێپێچینەوە و پرسیارمان لێ دەکرێ لە تەواوى ئەو کردەوانەى لەم ژیانەدا کردومانە بەچاک و خراپەکانەوە .

ئەم مەسەلە گرنگ و هەستیارە کە نەخشەى ژیانى مرۆڤى پێوە بەندە بریتى یە لە پەیامێک لەلاى خوداوە پێغەمبەرەکان هێناویانە لە دوو توێى کتێب و پەیامەکانیان دا بە رێگەى فریشتە .. کە تەواوى سەرچاوە و هۆکار و کەرەسەکان گشت لە لوتکەى راستى و دروستیدایە و گومان هەڵناگرێ .

کەواتە بەردى بناغەى ئەم کۆشکە ئیمانە کە سەلامەتى و ئاسودەیى ئینسان و گەل و نیشتمان و تاک و کۆمەڵگەى پێوە بەندە و بریتیە لە بروا بە خودا بوون .

راستە ئێمە هەمو لایەک ئینکارى بوونى خودا ناکەین ، لەکاتى تەنگانە و نەخۆشى و ناخۆشیەکاندا هاوارى لێ ئەکەین بەڵام گرفتەکە ئەوەیە وەک پێویست نایناسین .. وەک ئەوەى خۆى ناساندوە بەناوە جوانەکانى نایناسین .

دەبێ بە وردبونەوە لە دروستکراوەکانى ، بەشیکردنەوە و حاڵى بوون لە پەیامەکانى ، بە خوێندنەوەى ژیانى پێغەمبەران و شوێنکەوتوەکانیان ، بەیادى خودا و تاعەت و عیبادەتەکان ئیمان بەخودا لەخۆماندا زیاد بکەین .. ببێتە حاڵەتێکى رۆحى و مەعنەوى و لەهەست و نەستماندا ریشە داکوتێ .

دەبێ بە دڵنیایى و یەقین بروامان بە خودا و پەیام و بەرنامەکانى ببێ و رێگە بە گومان و دوو دڵى نەدەین لە مامەڵەکردن لەگەڵ فەرمودەکانى قورئان و حەدیسە دروستەکانى پێغەمبەرى خاتەم محمد (د.خ) دا کە سەردارى هەموو پێغەمبەرەکانە و راگەیەنەرى کۆتا پەیامى خودایە .

جێى خۆیەتى لەم رەمەزانەدا بەدواى ئەم ئیمانە قایم ویەقینەدا عەوداڵ بین و خەریکى ناخ و دەرون سازى بین و خۆمان بەدوور بگرین لە رتوش و شکڵ سازى و خۆ سوبغ کردن تا لەم ژیانە سەرفراز و کامەران و سەربەرزبین و لە ژیانى ئەولایش سەرکەوتو روسور وئەهلى بەهەشت بین . انشاء الله .

دووەم : لایەنى رەوشت و ئەخلاقى جوان :

لەسەرەکى ترین دەرهاوێشتە و بەرئەنجامى عەقیدەى ساغ و ئیمانى قایم و تەواو بریتى یە لەو رەوشتە جوان و سلوکە سەلامەت و هاوسەنگیە ئەخلاقیەى کە ئیماندار بۆى دروست دەبێ ..

خەێڵەتە جوان و رەوشتە بەرزەکانى مرۆڤ کاتێک جێگیر و دامەزراو و نەگۆر ئەبن کە لەسەر چاوەى برواى قایم بەخودا و لەسەر بناغەى ناسینى خودا و لەبۆ رازى کردنى خودا بێ .. مەبەستى سەرەکى پەیامى گەورە و خاتەمى پێغەمبەران محمد (د.خ) بریتى یە لە تەواوکارى لە بنیاتى رەوشتە جوانەکان دا ، خۆى دەفەرمێ : ( انما بعثت لاتمم مکارم الاخلاق ) رواه مالک .

ئەوە ئیماندارى تەواوە کە درۆ نەکا و ئەمانەت بپارێزێ و بەڵێنەکان بەجێ بهێنێ و دادپەروەربێ لە کاتى ناکۆکیدا .. ئەگەر واى لێ نەبینرا ئەوە بەو ئەندازەیە مونافیق بوە و لە ریزى دوروەکاندا هەژمار دەکرێ ( ایە المنافق اربع اذا حدث کذب واذا اؤتمن خان واذا وعد اخلف واذا خاصم فجر) رواه بخارى و مسلم .

ئیماندارى کامیل دەبێ خاوەنى باشترین رەوشت بێ و هەڵسوکەوتى بەرێزى ببێ لەگەڵ خەڵک و بەوەفا و ئەمەکدار بێ لەگەڵ دایک و باوکى و پشتیوانى لێقەوماو و هەژار و ستەملێکراوەکان بێ و ببێتە یەکپارچە لە رەحم و سۆز و دلۆڤانى بۆ چینى کەمدەست و هەژار و منداڵان و بێنەوایان ، ( لیس منا من لم یوقر کبیرنا ولم یرحم صغیرنا ) رواه ترمذي .. ( رضى الله فی رضى الوالدین و سخط الرب فی سخط الوالدین) رواه ترمذي .. ( من کان فی عون اخیه کان الله فی عونه ) رواه مسلم .. ( من فرج عن مؤمن کربة فرج الله عنه کربة من کرب القیامة ) متفق علیه .

ئیماندار بەرێز و وەفادار دەبێ بۆ ماڵ و منداڵ و هاوسەر و ئەهلى خۆى ( خیرکم خیرکم لاهله وانا خیرکم لاهلی ) رواه مسلم ، ئیماندار فەرمان بەچاکە دەکا و نەهى لە خراپە دەکا و بەردەوام پۆلیسێکى بێ ناونیشان و چاودێرێکى بێ دەنگ و رێنماکارێکى دڵسۆزى مەیدانى ژیانى رۆژانەى کۆمەڵگەیە و خراپە و گەندەڵى ریشەکەن دەکا و کۆششى راماڵینى دەدا ( من راى منکم منکرا فلیغیره بیده فان لم یستطع فبلسانه فان لم یستطع فبقلبه وذلک اضعف الایمان ) رواه مسلم .

من شعب الایمان ( اماطة الاذى عن الطریق ) و ( الحیاء شعبة من الایمان ) رواه مسلم وبخاری ، بە کورتى ناسینى خودا لە روانگەى ناوەجوانەکانى یەوە وا لە بروادار دەکا کە هەمو ژیان و هەڵسوکەوتەکانى هاوسەنگ و هاوئاواز بن لە گەڵ رەزامەندى خودا و فەرمان و بەرنامەى خودا و سوننەتى پێغەمبەرى سەردار (د.خ).

ئەم کودەتا سلوکى و رەوشتى یە ئیمان دروستى دەکا لە ژیانى مرۆڤدا ریشەیى یە و مەحکەم و تۆکمەیە و پێویستى بە شەلاقى پۆلیس و هەرەشەى یاسا و ترسى دەسەڵات نیە .. ئیماندار خزمەتکارى ئەکا بەبێ بەرانبەر و دڵسۆزى ئەکا بەبێ چاوەرێى سوپاس و پێزانین و نرخاندن .. یاسا سەروەرى و پابەندى ئەکا بەرێنماییەکانەوە بەدوور لە چاوى کامێرا .. دڵۆپێ ئاوى زیادە بە فیرۆ نادا ، ترافیک لایت نابەزێنێ ، سەرەو نۆرەى خەڵک نابەزێنێ ، پێشێل کارى مافى هیچ مرۆڤێک ناکا ، بەڵکو ستەم لە هیچ گیان لەبەرێک ناکا ، پارێزگارى پاک و خاوێنى بەدیندارى دەزانێ ، ژینگە پارێزى بە خواناسى دەزانێ .. بەردەوام موسڵمان لە کۆشش و تەلاشدایە بەرەو لوتکەى بڵندى شوێن پێهەڵگرتنى خاوەنى ( خلق عظیم ) محمد المصطفى (د.خ) هەنگاو دەنێ .

بەرەوشتى جوان و رەفتارى پەسەند لە مەجلسى ئەو سەردارە مەزنە و مامۆستاى ئەخلاقە نزیک دەبێتەوە .. پێغەمبەرى سەردار (د.خ) دەفەرمێ ( ان من احبکم الی و اقربکم مني مجلسا یوم القیامة احسنکم اخلاقا ) رواه الترمذی .

رەوشت بەرزى نیشانە و ئاسەوارى مرۆڤ بوونى مرۆڤە و جیاى دەکاتەوە لە گیان لەبەرانى تر .. رەوشتە نزمەکان نیشانەى خراپ بەکارهێنانى عەقڵى مرۆڤە لە پەیرەو کردنى ئارەزوە حەیوانیەکانى مرۆڤدا .. بە عەقڵ مرۆڤ ئەرکدار کراوە و جێگەدارى خودا و ئاوەدانى سەرزەوى و گەورەیى بونەوەرى پێ سپێردراوە ، بەڵام ئەگەر عەقڵەکەى بە دوور لە وەحى و فەرمانەکانى بەدیهێنەرى خۆى و پێغەمبەرەکانى خستە کار ئەوسا لە بازنەى ئینسانى و بەها ئینسانیەکان دەچێتە دەرەوە و گشت لێزانین و لێهاتنەکانى وەکو حەیوانێکى بەتوانا بەکار دەهێنێ بۆ تێر کردنى ئارەزوە نەفسانى و حەیوانیەکانى .. ئەوسا بەهیچ تێر نابێ .. لە ئاژەڵ خراپترە کە ئەو بەکەم رازى دەبێ ، بەڵکو هەموو توانا عەقڵى و زانستى و هونەریەکانى دەکاتە ئامرازى تێر کردنى ئارەزوە ئاژەڵیەکانى .. ( لەوەر و خواردن ، سێکس ، دەسەڵات و زاڵ بوون ) لێرەدا رەوشت و ئەخلاق سەردەبرێ و بوونى نامێنێ ، لێرەدایە مرۆڤ دەبێتە ئاژەڵێکى دروندە و برسى و پەلاماردەر (.أُوْلَئِكَ كَالأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ.) سورة الاعراف / 179...

ئیمان دەرمانى تایمدانى ئەم حاڵەتە و بەڵانس کردنى ئەم هاوسەنگیەیە لە نێوان رەهەندە ئینسانى و بەئینسان بونى مرۆڤ و رەهەندە ئاژەلیەکانى مرۆڤدا ، ئەو بەشەى کە وەڵام گۆى حاڵەتە‌ سروشتى یە خەلقیەکەیەتى وەک گیانلەبەر .

لەو بەشەى کە وەڵام گۆى حاڵەتى عەقڵ و تەکلیفە خوایى یەکەیەتى وەک ئینسان جیا دەکاتەوە .. بەها مرۆیى یەکان بەهێز و کارا دەکا بۆ بەردەوامى ژیانیش لە سنورى پێویستدا بەشە گیانلەبەریەکەش ئەپارێزێ و بەرنامەى بۆ داناوە .

بەڵێ مرۆڤ بەبەها ئینسانیەکان گەورە و مەزنە و دەتوانێ بەخۆى بنازێ و ببێتە سەرچاوەى خۆشى و خێر و خزمەت ، ئەوەش بە تەعلیمات و رێنمایى یەکانى بەدیهێنەى خۆى دەکرێ .. بۆیە مرۆڤى پابەند بە بنەماکانى ئیمان ئەوەیە کە زۆرترین بەها باڵاکانى ئینسانى لێ بدرەوشێتەوە .. رەوشتە بەرزەکان تێیدا زیندو رووگەش و واڵابن .

کامڵى و تەواوترین ئیمانداران ئەوانەن کە خاوەن جوانترین و باشترین ئەخلاق و رەوشتن وەک پێغەمبەرى خۆشەویست (د.خ) دەفەرمێ ( اکمل المؤمنین ایماناً احسنهم خلقاً ) رواه الترمذی .

رەوشتە نزم و ناپەسندەکانى لێ دوربن و هەرگیز نەهێڵێ توخنى بکەون .. رەوشت بەرزى و ئەخلاق سالارى بەرهەمى ئیمانى کامڵ و رەنگدانەوەى ناوەجوانەکانى خوداى بەدیهێنەرمانە چونکە مرۆڤى موسڵمان دەبێ چاوببرێتە رەوشت و خەسڵەتەکانى خودا و لەو دەریاى خەیر و جوانى و بەرەکەتە بەشى خۆى هەڵگۆزێ .. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمێ ( تخلقوا باخلاق الله ) رواه مسلم ، هەروەک لە شوێنکەوتن و پەیرەوى سونەتى پێغەمبەرە سەردارەکەى خودا محمد (د.خ) زۆرترین بەهرە و بەرهەم لە چەندیەتى و چۆنیەتى خو و رەوشت و بەها مرۆیى یەکان وەردەگرێ (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا ) سورة الاحزاب /21 .

بۆ ئەم پرۆسەى خۆ پاککردنەوە و خۆ ساز کردنە بەردەوامە چەند کات و شوێنێک لەبارتر و ئامادەترن بۆ سەرکەوتن .. رەمەزان کاتێکى لەبار و گونجاوە بۆ ئەم نەشتەرگەریە گرنگە لە رەفتار و خو و سلوک و رەوشتەکاندا ئەنجام بدرێ لە کاتێکدا لە ئەنجامى رۆژ و عیبادەت نەفس و ئارەزوەکان تارادەیەک سست و کز و کۆنترۆڵ کراوە ، کەش و هەواى ژینگە و کۆمەڵگە رۆحى و ئارامە ، ئامادەکارى دەرونى و رۆحى مرۆڤى موسڵمان زۆرترە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى تەشخیێى دەرد و نەخۆشیە سلوکى و رەوشتیەکان و بۆ چارەسەر و نەشتەرگەریان ..

بە ئومێدى بەهرە و سودێکى زۆرتر لە رەمەزانێکى پیرۆز .

سێهەم : لایەنى ئەحکام و فەرمانە شەرعیەکان :

ئاینى ئیسلام لە دوو بەشى سەرەکى پێک هاتوە ( عەقیدە و شەریعە ) بەشى عەقیدەکەیمان ئاماژە پێ کرد لە باسى ئیمان و بیروباوەرى ئیمانداردا بەڵام بەشى شەریعەتەکەى بریتى یە لە لایەنى یاسادانانى کردارى بۆ هەڵسوکەوت و مامەڵەى مرۆڤى موسڵمان لە گەڵ خۆیدا و لەگەڵ کەسەکانى دەوروبەر و کۆمەڵگەدا و لەگەڵ خوداى بەدیهێنەر ..

بەرنامەى رەحمەت و خێر و چاکە و خێرى مرۆڤایەتى لە شەریعەتى ئیسلامدا ئاشکرایە (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) سورة الانبیاء / 107 ، دەقێکى موحکەمات و روونە کە دەست نیشانى فەلسەفە و هۆکار و ئامانجى ناردنى محمد پێغەمبەری ئیسلام بە کۆتا پەیام و بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بە وشەى ( رەحمەت ) کردووە بۆ گشت جیهان و گشت بونەوەرو گشت مرۆڤەکانە لە سەرانسەرى مێژو لە هەموو گۆشەیەکى ئەم سەرزەوى یە ... ئیمام ابن القیم لەم بارەیەوە دەڵێ :ـ

بناغە و بنەماى شەریعەتى ئیسلام لەسەر بەرژەوەندى و مەسڵەحەتى هەردوو ژیان و هەردوو جیهانى مرۆڤەکانە ، شەریعەتى ئیسلام هەموو گیانى دادە ، هەمووى رەحمەتە ، هەمووى بەرژەوەندى و مەێڵەحەت گەراى یە ، هەر مەسەلەیەک لە عەدالەتەوە چووبەرەو ستەم .. یا لە رەحمەتەوە چووبەرەو پێچەوانەکەى ، یا لە مەسڵەحەتەوە چووبەرەو خراپە و فەساد ، و لە حیکمەتەوە چووبەرەو پشێویى و فەوزا ئەوە شەریعەتى ئیسلام نیە و بەشێوەیەکى هەڵە پێچراوە بە حوکمى شەرعیەوە ، چونکە شەریعەتى ئیسلام عەدالەتى خوایە بۆ عەبدەکانى و رەحمەتى خوایە بۆ دروستکراوەکانى . 

( لەکتێبى اعلام الموقعین عن رب العالمین /3-3)

مەبەستى گشتى و سەرەکى لە ناردنى پێغەمبەران و کتێب و پەیامەکانى خودا لەم ئایەتەدا ئاشکرا دەکرێ (لَقَدْ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا بِالْبَيِّنَاتِ وَأَنْزَلْنَا مَعَهُمُ الْكِتَابَ وَالْمِيزَانَ لِيَقُومَ النَّاسُ بِالْقِسْطِ ) سورة الحدید / 25.

هەروەها ئیمام عزالدین ابن عبدالسلام سەبارەت بە ئامانج و مەبەستەکانى شەریعەت دەڵێ : ئەگەر لەمەبەستەکانى قورئان و سوننەت وردبینەوە دەبینین کە خواى گەورە فەرمانى کردوە بە هەموو خێر و چاکەیەک ( بەورد و درشتیەوە ) هەروەها نەهى کردوە لە هەموو شەر و خراپەیەک ( بەورد و درشتیەوە ) لە ئایەتێکى قورئاندا (ان الله يامر بالعدل و الاحسان وايتاي ذى القربى و ينهى عن الفحشاء و المنكر و البغي يعظكم لعلكم تذكرون ) سورة النحل/90 

( قواعد الاحکام فی مصالح الانام / 2-160)

بێ گومان خێر و چاکە و مەێڵەحەت لەشەرعدا تەنیا بەماناى بەرژەوەندى ماددى و دنیایى نایەت بەڵکو مەبەست خێر و چاکە و سوود و مەسڵەحەتە بۆ مرۆڤ و بۆ کۆمەڵگا لەم ژیان و لەو ژیاندا ، هەر وەک دکتۆر یوسف قەرەزاوى دەڵێ : مەسڵەحەتى شەرعى بریتیە لەو بەرژەوەندى و خێر و سوودەى کە بەگشتى ئەم دنیا و ئەو دنیا ، ماددە و رۆح ، تاک و کۆمەڵ ، توێژێک و ئوممەت ، نەتەوە و مرۆڤایەتى بە گشتى ، نەوەى ئێستا و نەوەکانى ئایندە بگرێتەوە.

( مدخل لدراسة الشریعة الاسلامیة / 62 ).

زانایانى ئیسلام مەسڵەحەت و سوود و بەرژەوەندیەکانیان بە گوێرەى گرنگى و بایەخیان دابەشکردوون بەسێ پلەوە : ـ

پلەى یەکەم : زۆر پێویستەکان (الضروریات).

پلەى دووەم : پێویستەکان (الحاجیات).

پلەى سێهەم : جوانکاریەکان (التحسینیات).

مەزنترین مەبەستى شەریعەت و دایکانەى گشت مەسڵەحەتەکان کە ئەحکامى شەرع بەدەوریاندا دەسورێتەوە بریتین لە پێنج شتە زەرور و پێویستیە بنەرەتیەکە ( ئاین ، گیان ، نەژاد ، عەقڵ ، سامان ) ..

پاراستنى ئەم پێنج شتە مەبەستى سەرەکى و ئاماندى شەریعەتى خودایە بۆ خزمەتى مرۆڤەکان .. لەبەرانبەر پێشێل کردنى ئەم پێنج ئامانجەوە سزا دیارى کراوە نەک تەنیا لە شەریعەتى ئیسلامدا بەڵکو لە گشت ئایینە ئاسمانیەکاندا ئەم ئامانجانە پارێزراون و سزاى بەزاندن و پێشێلى کردنى دیارى کراوە ، لەلایەکى ترەوە بەرەچاوکردنى ئاستى ریز بەندى پێویستى و گرنگى مەسەلە و بابەتەکانى مرۆڤ لە عیبادات و خورەوشت و بەرنامەى خێزان و ئابورى دابەش دەکرێ بەسەر پێنج حوکمى شەرعیدا .. رەفتار و گوفتار و هەڵسوکەوتى موسڵمان یەکێکە لەو پێنجە (واجب، سوننەت، حەرام، مەکروە، موباح).

پلەى یەکەم : موسڵمان پابەندى جددى دەبێ بە ئەنجام دانى بازنەى فەرمانە (واجبەکانەوە) هەروەک پابەند دەبێ بە خۆلادان لە بازنەى ( حەرامەکانەوە)، واجبەکە دەبێ ئەنجام بدرێ و لە نەکردنیدا سزا هەیە ، حەرامەکەش دەبێ نەکرێ و لە کردنیدا سزا هەیە.

پلەى دووەم : هانى ئەنجام دان و حەز کردن لە پابەندى بۆ ئەو فەرمان و بابەتانەى کە لە بازنەى (سوننەتدان) بە پێى توانا .. ئەم سوننەتە کردنى پاداشتى هەیە و نەکردنى سزاى نیە ، هەروەها خۆى لادەدا لەو فەرمان و بابەتانەى کە لە بازنەى (مەکروهدان)، مەکروه کردنى سزاى نیە و نەکردنى پاداشتى هەیە.

پلەى سێهەم : ئەو بازنە فراوانەیە کە دەمێنێتەوە بەدەر لەو چوار بازنەیە (واجب و حەرام و سونەت و مەکروە) لەو شتانەی کە باسی لیوە نەکراوە و بەو چوار حوکمەوە نەبەستراوەتەوە ..

بە کورتی : بەجێ هێنانى ئەحکامى شەرعى و فەرمانەکان پەیوەستە بە ئاستى ئیماندارى ئەو کەسەوە لەگەڵ زانستى پەیرەو کردنى بەرنامەى دیارى کراو لە بارەى پلە و ئاستى پێویستى و ناپێویستیدا . لێرەدایە کە مرۆڤ تەواو ئازادیەکانى خۆى دابین دەکا و رزگارى دەبێ لە کۆت و بەندى ئارەزوەکانى خۆى یا کەسانى یاخیتر .. بازنەى پابەندى دیارى کراو و سنوردارە ، پابەندیەکەش لە ناخى ئازادى مرۆڤانەى خۆیەوە هەڵدێ .

سەپێنراو نیە ، ئیکراە و زۆرەملێ نیە ، چەوساندنەوە نیە ، هەڵبژاردنى خۆیەتى بەمەبەستێکى بالاتر ، خوا دەفەرمێ (لا اکراه فی الدین) سوجدە بۆ خوا دەبا بۆ ئەوەى ئیتر سوجدە بۆ هیچ کەس و شتێکى تر نەبا ، فەرمانبەردارى خودا ئەکا بۆ ئەوەى ملکەچ نەبێ بۆ فەرمانى هیچ کەسى تر ..

بروا بە خوایەتى خودا دەهێنێ بۆ ئەوەى دان نەنێ بە خوایەتى هیچ خوایەکى درۆینەدا ، پابەندى و ئەنجام دانى ئەحکام و فەرمانەکانى شەرعى خودا مەراسیمى شادى و رزگارى و ئازادى و سەرفرازى یە ، کەرنەڤاڵى دیدارى خالق و مەخلوقە ، ئاهەنگى شانازى کردنە بە بروانامەى خەلیفەیەتى خودا و کەرامەتى مرۆیى و سەرداریەتى بونەوەر .. پرۆسەى سەرکەوتنە بەرەو بەها باڵاکانى مرۆڤ و شکاندنى کۆت و زنجیرى ئارەزو ئاژەڵیەکانە ..

هەلێکى باشە لە خولى پەروەردەیى رەمەزاندا کار لەسەر مەحکەم کردنى پابەندى خۆمان بکەین لەسەر عیبادەت و پەرستشەکان و جەوهەر و گیانیان زیندو بکەینەوە .. هەروەها پابەندى و ئیلتزامى خۆمان بە گشت فەرمان و بابەتەکانى بەرنامەى شەرعى خودا لە ژیانى رۆژانەمان بکەین و لە هەموو سارد وسرى و کەمتەرخەمى و غەفڵەت و تەمبەڵیەک خۆمان رزگار بکەین ..

رەفتار و هەڵسوکەوتەکانمان لەسەر خشتەى ئەو پێنج حوکمە شەرعیە ( واجب ، سوننەت ، حەرام ، مەکروە ، موباح ) دابەزێنین و زانیارى پێویست لەو بارەوە پەیدا بکەین ..

لێرەدایە ئیمان ژیانێکى ئاسان و پر لە ئاسودەمان بۆ دابین دەکا و سەرفرازى و سەلامەتیش دەستمان دەگرێ بۆ ژیانە نەبراوەکەى تر و بەهەشتى بەرین .. 

(وَأَمَّا مَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ وَنَهَى النَّفْسَ عَنِ الْهَوَى * فَإِنَّ الْجَنَّةَ هِيَ الْمَأْوَى) 

سورة النازعات/40 - 41