سەرەتا و یەکەم ئەرکی سەرشانی مرۆڤ ناسینی خوایە لەڕێگەی زانستەوە: «فَاعْلَمْ أَنَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللَّهُ»، دواتر ناسینی پەیام و پێغەمبەرەکەیەتی لەڕێگەی زانستی متمانە پێکراوەوە کە قوڕئانی پیرۆزە: «أَفَمَن يَعْلَمُ أَنَّمَا أُنزِلَ إِلَيْكَ مِن رَّبِّكَ الْحَقُّ كَمَنْ هُوَ أَعْمَىٰ ۚ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ» (ڕه‌عد/۱۹)، پاشان لەحیکمەتی دروستبوونی دونیا سەرنج بدەیت و لە سەرەنجامی کۆتایی خۆت ڕابمێنی؟ و بشزانی کرۆکی ئەو ئایینە چیە کە بڕیارە شوێنی بکەوی،چونکە گەورەیی زانست پەیوەستە بەگەورەیی زانراوەکەیەوە، بەشێوەیەک ئاگاداربوون و ناسینی ئیمان ڕاستەوخۆ بەختەوەری و کامەرانی دەبەخشنە مرۆڤ لەهەردوو دونیادا، بۆیە کە تەماشای شاپەیام و کۆتانامەی ئاسمانی دەکەی کە بۆ مرۆڤ ڕەوانە کراوە، چەندەها پەیمان و بەڵێنی جوان و مەزن بە باوەڕدار دراوە لە دونیادا بەمەرجی هاتنەدی پایەکانی ئیمانداری، چ وەک تاک یان کۆمەڵگای باوەڕدار، ئەبێ ئەوەش بزانین خوای گەورە خۆی بەرژەوەندی مرۆڤەکان دیاری دەکا، نەک ئارەزوات و وەستای قسان و کۆڵەواری دەستان!

چه‌ند نموونه‌یێكیش لەو بەڵێنانه کە خوای گەورە ئاماژەی پێداون لە پەیامەکەیدا بریتین:

١- ناردنی یارمەتی بۆ ئیماندار بەسەر دوژمندا: «وکان حقا علینا نصر المؤمنین» (ڕووم/٤۷)

۲- بەرگری و پاراستنی ئیمانداران لە ناحەزانی ماددی و مەعنەوی: «إِنَّ اللَّهَ يُدَافِعُ عَنِ الَّذِينَ آمَنُوا ۗ» (حه‌ج/۳٨)

٣- پشتگیری و ئاگاداربوونیان: «اللە ولی الذین آمنوا» (به‌قه‌ڕه‌/۲٥۷)

٤- ڕێپیشاندان و ڕێ بۆڕۆشنکردنەوەیان: «وَإِنَّ اللَّهَ لَهَادِ الَّذِينَ آمَنُوا إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ» (حه‌ج/٥٤)

٥- ڕێنەدان بەدوژمنان کە زاڵ بن بەسەریاندا: «وَلَن يَجْعَلَ اللَّهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلاً» (نیساء/۱٤۱)

٦- ڕژاندنی ڕزق و ڕۆزی پاک و بێژمار بەسەر ئیمانداراندا (هەڵبەتە ڕزق و ڕۆزی بەمانای پارە نایێت بەتەنها): «وَلَوْ أَنَّ أَهْلَ الْقُرَىٰ آمَنُوا وَاتَّقَوْا لَفَتَحْنَا عَلَيْهِم بَرَكَاتٍ مِّنَ السَّمَاءِ وَالْأَرْضِ» (ئه‌عڕاف/٩٦)

٧- عیززەت و نەفسبەرزی دەکاتە کاڵای باڵای باوەڕداران: «وَلِلَّهِ الْعِزَّةُ وَلِرَسُولِهِ وَلِلْمُؤْمِنِينَ وَلَٰكِنَّ الْمُنَافِقِينَ لَا يَعْلَمُونَ» (مونافقوون/٨)

بۆیە دەبینین ئەم خاڵانە و چەندەها خاڵیتریش لەڕابردوودا بەخشراوە بە موسوڵمانان. لەبارەی دواڕۆژیشەوە خوای گەورە بەڵێنی داوە بەئیمانداران تەنها بەم ئایەتە ئیکتفا دەکەین کە دەفەرموێت: «إِنَّ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ كَانَتْ لَهُمْ جَنَّاتُ الْفِرْدَوْسِ نُزُلًا» كه‌هف/١٠٧)

بەڵام بەداخەوە کە تەماشای موسوڵمانان دەکەیت لەم ڕۆژگارەدا، ئەم خاڵانەیان بۆ بەرجەستە نەبوو (بەدەر لەعیللەتی دەرەوە و دەستی دوژمنان و ناهۆشیاری موسوڵمانان و هەریەک لە ئاواز خوێندنێک)، ئێمە گومانمان لە ڕاستی و دروستی بەڵێنی خوا نییە، به‌ڵام لاوازی ئیمان و ونکردنی ئەو سیفه‌تانەی کە خوا باسیان دەکا، هۆکاری نەهاتنە دیانە (خۆ ئەگەر بۆ کۆمەڵگا بیانوومان هەبێ، ناکرێ بۆ تاک بیانوو هەبێ)، بۆیە دەبێ بترسین و بەخۆمانا بچینەوە لە تێڕوانینی قوڕئانی و فەرموودەی سەروەرماندا لە ئیمانداریمان، نەوەکوو خوانەخواستە دواڕۆژیشمان دەست بەتاڵ و مایەپووچ دەرچین، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ نەهاتنەدی بەڵێنەکانی خوا بەسەرماندا لە دونیا و قیامەتیشمان وەکوو ئێرە دەربچێ و داماو و ڕەنجبەخەسار دەرچین، کەواتە پێویستە ئیمانەکەمان لەبۆتقە بدەین و دەمەزەردی بکەینەوە و بەهێز و ڕاستی بکەینەوە و بکەوینەوە سەر سکەی ڕاستەڕێگەکەی فەخری عالەم و ڕاوەستاوی و تازەکردنەوەی ئیمان، پێویست پێویستە و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیسلام و دوورکەوتنەوە لە لاوازی و خۆنواندن بە ناحەزان و غەربزەدەیی واز لێبێنین، بەتایبەتی کە هێرشی ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان بەهێز و چالاکە و بە دەیان جۆر و کەناڵی جۆراوجۆر لە بۆسە و مەتەرێزدان.

کرۆکی ئیمان

جوانترین وێناکردن و پێناسە بۆ ئەو ئیمانەی کەلای خوا مەقبووڵە، هەر ئەوەیە کە لە پەیامەکەیدا کردوویەتی و نەیداوەتە دەست مرۆڤەکان، (بەدەر لە ڕاوسەرنجی زانایان)، خوای گەورە دەفەرموێ: کرۆکی ئیمان بریتییە لە بیروبڕوای دڵ و کرداری ڕۆژانەی مرۆڤ بەیەکەوە، وەکوو دەفەرموێ: «إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ آمَنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ ثُمَّ لَمْ يَرْتَابُوا وَجَاهَدُوا بِأَمْوَالِهِمْ وَأَنْفُسِهِمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ۚ أُولَٰئِكَ هُمُ الصَّادِقُونَ» (حوجوڕات/۱٥).

کە بەجوانی و سانایی ڕوونی کردوەتەوە کە بیروباوەڕی ڕاستگۆیانە و پاک و خاوێن ئەوەیە کە گومان و دوودڵی لەگەڵ نەبێ، کە ئیمان بریتییە لە بەکردارکردنی بەخشینی گیان و ماڵ لەڕێگەی خوادا، لێرەوە تێدەگەین کە ئیمان ئەوە نییەکە بەتەنها لە دڵ و دەرووندا بێت و بەس، چونکە شەیتانیش لەدڵیا بڕوای تەواوی بەخوا هەبوو وەکو دەڵێ: «رب فانظرنی الی یوم یبعثون» (ساد/۷۹). کەچی خوای گەورە بەبێبڕوا و یاخی ناوزەدی دەکا، چونکە بەکردار و لە واقیعدا ئەو ئیماندارییەی نەسەلماند و لوتبەرزی و خۆبەگەورەزانینی نواند و لەخوا یاخی بوو، بۆیە ئیمانی ڕاست و ڕەوان بریتییە لە:

١- بڕوایەکی دامەزراو کە خاڵی بێ لە گومان و دوودڵی.

٢- کرداری پەسەند کە بەرهەمی ئەو بیر و باوەڕە بسەلمێنێت.

کردارەکانیش یەک جۆرنین، بەڵکوو فرەچەشنن:

١- کردەوەی دڵ: کەخۆی لەترسی خوا و هۆگربوون پێوەی و پشت پێبەستندا دەبینێتەوە.

٢- کردەوەی زمان: کە لەشایەتومان و زیکر و نزا و بانگخوازیدا (هەڵبەتە هەریەکەو لە کەناڵی خۆیەوە، مەرج نییە هەمووی یەک جۆر بێت) دەردەکەوێ.

٣- کردەوەی جەستە یان ئەندامەکانی جەستە؛ وەکو نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەکات و دەستخستنی زانست و هەروەها بازرگانی و کشتوکاڵ و کارگە و...هتد تا فەرمانی خوا بێتە دی کە ئاوەدانکردنەوەی سەرزەوییە بەو شێوەیەی کە سیسته‌می ئیسلام و ڕێنماییەکانی بڕیاریان لەسەر داون.

سروشتی ئیمانیش بەچەشنێکە کە بەپێی کات و شوێن و باروودۆخی مرۆڤەکان کەم و زیاد دەکا، بۆیە فاکتەر و هۆکاری بەهێزکردنی زۆرن، لەوانە ئایاتی قوڕئان: «إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ الَّذِينَ إِذَا ذُكِرَ اللَّهُ وَجِلَتْ قُلُوبُهُمْ وَإِذَا تُلِيَتْ عَلَيْهِمْ آيَاتُهُ زَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَعَلَىٰ رَبِّهِمْ يَتَوَكَّلُونَ»، هەروەکوو چۆن هۆکاری لاوازیشی زۆرن، وەکوو پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: «لا يزني الزاني حين يزني وهو مؤمن، ولا يشرب الخمر حين يشربها وهو مؤمن، ولا يسرق السارق حين يسرق وهو مؤمن» (متفق علیە).

کەواتە بۆ بەدەستهێانی ئیمانی تەواو و بێ پەڵە و لەکە دەبێ لەدڵمانا قەراری گرتبێ و بەتێفکرین و تێڕامان لە ئایاتی گەردوونی و قوڕئانی خۆمان ڕاست کەینەوە و لە ژیانی ڕۆژانەماندا ڕەنگی دابێتەوە و زمان پاراو بکەین بەیادی خوا و دوورکەوتنەوە لە زمانی خراپ و وتن و ته‌شهیر و شکاندنی شکۆی بەرامبەر و وتنی حەق و ڕاستی، ئەگەرچی لەسوودی خۆیشماندا نەبێ، دواجار بەجێگەیاندنی پەرستشەکانی سەرشانمان و هاوەڵیکردن یان ئامادەییمان لەکۆڕی چاکەکاراندا، وەکوو پەروەردگار دەفەرموێ: «وَاصْبِرْ نَفْسَكَ مَعَ الَّذِينَ يَدْعُونَ رَبَّهُمْ بِالْغَداةِ وَالْعَشِيِّ يُرِيدُونَ وَجْهَهُ وَلا تَعْدُ عَيْناكَ عَنْهُمْ تُرِيدُ زِينَةَ الْحَياةِ الدُّنْيا وَلا تُطِعْ مَنْ أَغْفَلْنا قَلْبَهُ عَنْ ذِكْرِنا وَاتَّبَعَ هَواهُ وَكانَ أَمْرُهُ فُرُطًا» (كه‌هف/۲۹). کە ئەمانەش سەرەتا پێویستی بە چاککردنی دڵ و پاککردنەوەیەتی، لەو نەخۆشییانەی کە ڕێگری دەکەن لە گەیشتن بە هیدایەتی خوایی.

دڵی خاوێن و ساغ

خوای متعال ئاگادارمان دەکاتەوە کە داهاتوومان بەستراوەتەوە بە دڵمانەوە، کە تەنها دڵە ساغەکان فریای خاوەنەکانیان دەکەون: «يَوْمَ لَا يَنْفَعُ مَالٌ وَلَا بَنُونَ إِلَّا مَنْ أَتَى اللَّهَ بِقَلْبٍ سَلِيمٍ» (شوعه‌ڕا/٨٨).

دڵی ساغ، دڵی ئیماندارە هەر وەکوو چۆن کێڵگەی گونجاو بۆ کشتوکاڵ بەچەند تایبەتمەندییەک وەسف کراوە تا بەرهەمی چاکی هەبێ، دڵی ئیمانداریش دەبێ چەند سیفەت و تایبەتمەندییەکی تیابن تا ئەو دڵە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات لەو تایبەتمەندیانەش:

١- دڵێک کە ڕووی لە ڕاستی و حەق بێ: کە ئەو دڵەش خۆی لە ناسینی خوا و شوێنکەوتن و گوێڕایەڵیدا دەبینێتەوە: «فَبَشِّر عِبادالَّذِينَ يَسْتَمِعُونَ الْقَوْلَ فَيَتَّبِعُونَ أَحْسَنَهُ»، بەڵام دڵی بێباوەڕی نەخۆش پشت لەڕاستی دەکەن و ئارەزووات یاریان پێ دەکا و لە ئاستی ڕاستییەکاندا کوێرن، خوای گەورە ئەمانیشمان بۆ باس دەکا: «وَمَا تَأْتِيهِم مِّنْ آيَةٍ مِّنْ آيَاتِ رَبِّهِمْ إِلَّا كَانُوا عَنْهَا مُعْرِضِينَ» (ئه‌نعام/٤).

٢- حەق و ڕاستی خۆش دەوێن و سنگی ئاوەڵایە بۆ ئیسلام، خۆشویستنی ئیسلام و دەستخستنی زانیاری لەبارەی ئایینەکەیەوە دەبنە هۆی دەستکەوتنی هیدایەتی خوایی، نەک دڵێکی نەخۆش کە لەئاست ڕاستییەکاندا کەڕ و کوێرە (کەلەم چەشنە ئێستە زۆر زۆرن و هۆکاری کارەساتەکانن) کە بەبیستنی ناوی ئیسلام ڕقیان ئەستوور دەبێ و دڵیان دێتەوەیەک کەبەم هۆیەوە چارەنووسی خۆیان تاریک و نادیار دەکەن: «بَلْ جَاءَهُم بِالْحَقِّ وَأَكْثَرُهُمْ لِلْحَقِّ كَارِهُونَ».

۳- دڵێکە ئامادەیە وەڵامی پەیامی خوایی و ئیمان بداتەوە و عەوداڵە کە چۆن ئەم ئیمانە زیاد بکا و چێژی لێوەربگرێ و شەیدای ببێ، واتە: دڵی خاوێن، وەڵامی ئەرێنی هەیە بۆ پەیامی خوایی، تەماشا خوای گەورە چۆن ئەو دڵانەمان بۆ ڕەنگڕێژ دەکا و دەفەرموێ: «رَبَّنَا إِنَّنَا سَمِعْنَا مُنَادِيًا يُنَادِي لِلْإِيمَانِ أَنْ آمِنُوا بِرَبِّكُمْ فَآمَنَّا ۚ رَبَّنَا فَاغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرْ عَنَّا سَيِّئَاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ الْأَبْرَارِ» (ئالی عیمڕان/١٩٣)، کەواتە ڕاستگۆیی ئیماندار لەوە دایە کە هیوا و ئومێدی گەشە و زیادبوونی ئەو ئیمانەیە و تێگەیشتووە کە چەنێ ئاتاجی نزیکیەتی لەخوای بەسۆز: «وَإِذَا مَا أُنزِلَتْ سُورَةٌ فَمِنْهُم مَّن يَقُولُ أَيُّكُمْ زَادَتْهُ هَٰذِهِ إِيمَانًا ۚ فَأَمَّا الَّذِينَ آمَنُوا فَزَادَتْهُمْ إِيمَانًا وَهُمْ يَسْتَبْشِرُونَ» و بۆ خاوەن دڵە دەردەدارەکانیش دەفەرموێ: «وَأَمَّا الَّذِينَ فِي قُلُوبِهِم مَّرَضٌ فَزَادَتْهُمْ رِجْسًا إِلَىٰ رِجْسِهِمْ وَمَاتُوا وَهُمْ كَافِرُونَ» (ته‌وبە/۱۲٤-١٢٥)، دواتریش بەجۆرێکی تر دەربارەی گرفتارەکان بۆمان بەیان دەکا کە چەنێ کورتبینن و دونیابینیان کورت و ناڕوونە و دەفەرموێ: «الَّذِينَ يَسْتَحِبُّونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا عَلَى الْآخِرَةِ وَيَصُدُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ وَيَبْغُونَهَا عِوَجًا ۚ أُولَٰئِكَ فِي ضَلَالٍ بَعِيدٍ» (ئیبڕاهیم/۳).

لێرەوەیە ئەوانەی خاوەنی دڵی گەورە و پڕلە نوورن، ورد دەبنەوە لە دروستبوونی خۆیان و نەخشەسازی لە گەردووندا و ڕامان لەو پەیامەی بۆیان هاتووە کە حیکمەتی ژیان و مردنیان فێر دەکا و ڕابردوو و داهاتوویان بۆ دەنووسێتەوە و ڕاستەوخۆ باسی ئەو بەهەشتەیان بۆ دەکا کە چاوەڕێیانە و بەڵێنیان پێدراوە و ئەو سزایەی بۆ لادەر و خەمسارد و مەستەکان ئامادەیە، بەکورتی فێردەبن کەچۆن لەسەر دواپەیامی خوایی ژیان بەڕێ بکەن و ئیدامەی پێ بدەن تا بەختەوەری دوو جیهانیان دەست کەوێت: «الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىٰ جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَٰذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ» (ئالی عیمڕان/١٩١). بەداخەوە بۆ دڵە نەخۆش و بێ‌ئاگاکان کاتێ خەبەریان دەبێتەوە و پەشیمانی دەردەبڕن، دان بەهەڵەی خۆیان داده‌نێن کەسوودێکی نییە و داهاتووی تاریکیان بەچاوی خۆیان دەبینن: «وَقَالُوا لَوْ كُنَّا نَسْمَعُ أَوْ نَعْقِلُ مَا كُنَّا فِي أَصْحَابِ السَّعِيرِ ، فَاعْتَرَفُوا بِذَنْبِهِمْ فَسُحْقًا لِأَصْحَابِ السَّعِيرِ» (مولک/١٠-١١)

٤- تایبەتمەندییەکی تری دڵی ساغ ئه‌وه‌یه‌ كه بەردەوام یادی خوای تیایە، بێ گوێدانە ئەوانەی مەست و بێهۆشن، چونکە دیدی ئەم ڕوونە و داهاتووی لەبەرچاویەتی و گەر هەڵەیەکیشی کرد، ئازایانە پەشیمانی دەردەبڕێ: «إِنَّ الَّذِينَ اتَّقَوْا إِذَا مَسَّهُمْ طَائِفٌ مِّنَ الشَّيْطَانِ تَذَكَّرُوا فَإِذَا هُم مُّبْصِرُونَ» (ئه‌عڕاف/٢٠١)، بەپێچەوانەی ئەمانەوە دڵە ڕزیوەکان بەم چەشنە خوا باسیان دەکات: «وَأَنْذِرْهُمْ يَوْمَ الْحَسْرَةِ إِذْ قُضِيَ الْأَمْرُ وَهُمْ فِي غَفْلَةٍ وَهُمْ لَا يُؤْمِنُونَ» (مه‌ریه‌م/٣٩)، لەوەش خرابتر زۆر جار دەڵێن بابە تۆ من فێری ئیسلام دەکەی؟ لەتۆ زیاتر موسوڵمانم!

٥- دڵی پڕلە دڵنیایی و بێ دوودڵی و دڵەڕاوکێ: بەهۆی ئەو خاڵانەی سەرەوە دڵنیایی پێدەبەخشرێت و سەرقاڵی خۆیەتی و چاوی لە ئاسۆی دووری ڕوونی خۆیەتی: «إِنَّ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَآيَاتٍ لِّلْمُؤْمِنِينَ وَفِي خَلْقِكُمْ وَمَا يَبُثُّ مِن دَابَّةٍ آيَاتٌ لِّقَوْمٍ يُوقِنُونَ» (جاسیه/۳-٤)، بەڵام غافڵەکان بەردەوام لەگومان و ڕاڕاییدا دەژین: «بَلْ هُمْ فِي شَكٍّ يَلْعَبُونَ» (دوخان/۹)، یان دەفەرموێ: «وَلَوْ تَرَىٰ إِذِ الْمُجْرِمُونَ نَاكِسُو رُءُوسِهِمْ عِندَ رَبِّهِمْ رَبَّنَا أَبْصَرْنَا وَسَمِعْنَا فَارْجِعْنَا نَعْمَلْ صَالِحًا إِنَّا مُوقِنُونَ» (سوجدە/١٢). کەهیچ شتێک نەدادیان ئەدا و نە شەفاعەتیان بۆ دەخوازێ.

ئیمان بۆ ڕاوەستاوی و فریادڕەسی هەڵوێستە توشهات و حەریجەکان

بەڵگەنەویستە کە شتێک نەبوبێت ناتوانێ وجودێک بێنێتە بوون (ئێ کەخۆی نەبووبێ چی بهێنێتە بوون)، ڕۆژانە لەدایکبووەکان زیاد دەکەن لە مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەر و ڕووەکەکاندا، گۆڕانکاری لەگەردووندا ڕوودەدا لە باران و با و شەو و ڕۆژ و...هتد، کە سەرنج دەدەین چ جوڵەیەکی گەورە و بێشومار و جوان و ڕێک لەم دەریای بوونەدا بە بەردەوامی شەپۆل دەدا بەبێ بەرکەوتن و دژبەیەک، ئیتر بۆت ڕوون دەبێتەوە کە دان بەوەدابنێین کە کائنێکی نەبوو ئەم کارەجوانانەی بۆناکرێ، بەڵکوو دەسەڵاتێکی پڕلە ئیڕادەی بەهێزی نادیاری ڕوون و ڕەوان ئەم جوڵەیە ئیدارە دەکا و دەسەڵاتی ڕەهای هەیە: «أَمْ خُلِقُوا مِنْ غَيْرِ شَيْءٍ أَمْ هُمُ الْخَالِقُونَ أَمْ خَلَقُوا السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ بَلْ لَا يُوقِنُونَ» (تووڕ/۳٥-۳٦).

نموونە سادەکەی ئەو دەرگایەی لەدار بەکوالێتییەکه‌ی بەرز دروست کراوە، دیارە دارتاشەکە توانای تەواوی بەسەریدا هەیە و ئەندازیاریانە مامەڵەی لەگەڵ دەکا و بە بزمار توندوتۆڵی دەکا و دەرچەیەکی بچوکی بۆ کلیلەکەی تیادا دەنەخشێنێ (هەڵبەتە ئێستە شێوازی پێشکەوتووتر و بەکۆد و کۆنترۆڵ و کارت)ده‌كرێنه‌وه، کە وردەکاری و سەلیقەی تیادا بەخەرج داوە کە عەقڵی هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بڵێ ئەم دەرگایە لەخۆوە دروست کراوە، دەی جوانکاری و ڕازاندنەوەکانی گەردوون و بوونەوەر زیاتر دەستی کارامەیی و ڕێکسازی پەروەردگاریان پێوە دیارە کە گەورەترین سیفەتی خوابوون بە دروستکار و بەدیهێنەرەکەیانەوە وەکوو خۆری ڕوون دەردەکەوێ: «إِنَّ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَآيَاتٍ لِلْمُؤْمِنِينَ (3) وَفِي خَلْقِكُمْ وَمَا يَبُثُّ مِنْ دَابَّةٍ آيَاتٌ لِقَوْمٍ يُوقِنُونَ (4) وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَمَا أَنْزَلَ اللَّهُ مِنَ السَّمَاءِ مِنْ رِزْقٍ فَأَحْيَا بِهِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا وَتَصْرِيفِ الرِّيَاحِ آيَاتٌ لِقَوْمٍ يَعْقِلُونَ (5) تِلْكَ آيَاتُ اللَّهِ نَتْلُوهَا عَلَيْكَ بِالْحَقِّ فَبِأَيِّ حَدِيثٍ بَعْدَ اللَّهِ وَآيَاتِهِ يُؤْمِنُونَ» (جاسیه/۳-٦). بریا سەرنج و ڕوانینی وردمان بۆ ئاسمان و زەوی هەبوایە تا دەسەڵاتی تەواوی بەدیهێنەرمان زیاتر لەلا دروست دەبوو، ئێمەش دەگیشتینەوە بەئارامی ڕۆح: «أَوَلَمْ يَنْظُرُوا فِي مَلَكُوتِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا خَلَقَ اللَّهُ مِنْ شَيْءٍ وَأَنْ عَسَى أَنْ يَكُونَ قَدِ اقْتَرَبَ أَجَلُهُمْ فَبِأَيِّ حَدِيثٍ بَعْدَهُ يُؤْمِنُونَ» (ئه‌عڕاف/١٨٥).

یان بیرکردنەوە لە زیندوویی و بەردەوامی خالقی ئەم جیهانە، بە بیرکردنەوە لەو خواردنانەی کە دەیانخۆیند: نە دەبینن و نە دەبیستن، نە هەستیان هەیە، نە گیان و جوڵە، کەچی هۆکاری مانەوە و زیندویی مرۆڤ و گیانلەبەرانن، یان ئاو و هەوا و تیشکی خۆر هەمووی بێگیانن، کەچی ڕوەک دەبوژێننەوە و زیندوویان دەکەنەوە و هەریەکە و لە ڕەنگ و بۆن و سوودێکی دیاریکراو خۆیان ئاڵوواڵا دەکەنەوە، کەئەمانە دەرخەری ئەو سیفەتە جوانانەن لەو زاتەدا کە ژیان دەبەخشێت. ویستیان مرۆڤ دروست بکەن، بەڵام بەویژدانەوە دەسەوسانی خۆیان سەلماند و ئیعلانیان کرد کە ناتوانن، خواش دەفەرموێ: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ ضُرِبَ مَثَلٌ فَاسْتَمِعُوا لَهُ إِنَّ الَّذِينَ تَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لَنْ يَخْلُقُوا ذُبَابًا وَلَوِ اجْتَمَعُوا لَهُ وَإِنْ يَسْلُبْهُمُ الذُّبَابُ شَيْئًا لَا يَسْتَنْقِذُوهُ مِنْهُ ضَعُفَ الطَّالِبُ وَالْمَطْلُوبُ مَا قَدَرُوا اللَّهَ حَقَّ قَدْرِهِ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ» (حه‌ج/٧٣).

دەی هەناسەکانی ژیان لای مرۆڤ نین، لای زاتێکی زیندوون، خۆی دەیانبەخشێت و خۆیشی وەریان دەگرێتەوە، کە هۆکارەکانی مردن هاتن، مرۆڤایەتی هەڕەشەی لەسەر دەبێ، تەنها بەدیهێنەرنەبێ کەهیچ هۆکارێک ناتوانێ کاریگەری لەسەری هەبێت، چونکە خۆی زیندوو بووە و مردنیشی بەسەردا نایەت: «لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ يُحْيِي وَيُمِيتُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ». چەند گەورەیە مرۆڤێک تێڕوانینی ئاوا بێ بۆ خوای خالقی، چەند بێنیازە لە مرۆڤەکان کەسێک دەرک و هەست بە هێزێکی لەبننەهاتوو بکا وەبانسەریەوە، چەند ئاسوودەیە کەسێک پشتی دابێ بەقەڵایەکی مەحکەم و سەنگینەوە: «وَتَوَكَّلْ عَلَى الْحَيِّ الَّذِي لَا يَمُوتُ وَسَبِّحْ بِحَمْدِهِ وَكَفَى بِهِ بِذُنُوبِ عِبَادِهِ خَبِيرًا». گەرئاوا بووین، ئیتر ژیان دەگەڕێتەوە دۆخە سروشتییەکەی کە هەموومان ئاواتی پێ دەخوازین.

ئیمان وتێڕوانین لە بەدیهێنراوەکان زامنی سەرفرازی و ڕزگاربوونە

زانایی و دانایی و وردەکاری خوای گەورە، ئەو کاتەی سادەییمان واز لێ هێنا، نەگەیشتینە مۆدێڕنە و کە گەشڕاینەوە سادەییەکەشمان نەدۆزیەوە.

بەتێڕامان لە کۆرپەلە کەلەسکی دایکیدا چاوی بۆدروست دەکرێ لەو تاریکاییەدا کەپێویستی نیە وچاو لەڕوناکیدا شتەکان دەبینێت وسودی بۆی هەیە ،بەڵام ئەوەی دروستی کردون ئەزانێ لەئایندەدا دێتە جیهانی ڕوناکی و پێویستی بەچاوە بۆژیان بەڕێکردن کەبەبێ چاو گرفت دروست دەبێت بۆی ،یان باڵ و پەڕ لەناو هێلکەدا دروست کراوە بۆ باڵندەکان کە لەوکاتەدا نازانن فڕین چیە، چونکە لەداهاتوودا بەبێ باڵ کاروباری ناچێ بەڕێوە، لەناو هێلکەکەدا بۆیان ئامادە دەکات، ئەمە دەلالەتە لەسەر زانایی و ئاگاداری ورد و درشتی بەدیهێنەر کە خوای زانایە.

هەروەها پێکهاتەی قەد و گەڵا لەناخی زەویدا و لەو خاک و ئاوە بۆ ڕوەکەکان فەراهەم هاتووە تا لە موستەقبەلا باڵا بکەن. سەرنج بدە ئاوی شیرین و زوڵاڵ گەر زۆر ڕاوەستێ و نەجوڵێ بۆگەن دەکا، بەڵام خوای ئاگادار سوێری و جوڵەی بەزەریاکان بەخشیوە تا بەهۆی گەنینی دەریاکانەوە ژیان خراپ نەبێ و ڕانەوەستێت، بۆیە ئەو هەموو مەشهەد و جوانیانە بەڵگەن لەسەر خوایەکی زۆر زانا و ئاگادار بەجوڵە و بوونی دروستکراوەکانی: «أَلَا يَعْلَمُ مَنْ خَلَقَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ» (مولک/١٤).

لەلایەکی ترەوە سیفەتی دانایی و کارلەجێیی بەدیهێنەر ئەوەیە کە لە ڕوخساری گیانداراندا دەدرەوشێتەوە کەهەر ڕەگەزە و لەسەر ستایلی هەمان توخمی خۆیەتی، مرۆڤەکان هەموو چاویان لە ڕوخساریاندایە و لوتیش لەنێوانیاندا و دەستەکان لەلاتەنیشت و قاچەکانیش لەخوارەوە،کەستان دیوەچاوی لەئەژنۆیدا بێ و قاچی لە تۆقەسەریەوە!؟ نەخێر؛ هەمووی یەک دیزاینە و کەسیش لەکەس ناچێ لەشێوەدا سەداسەد: «هُوَ الَّذِي يُصَوِّرُكُمْ فِي الْأَرْحَامِ كَيْفَ يَشَاءُ ۚ لَا إِلَٰهَ إِلَّا هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ» (ئالی عمڕان/٦). ورد بەرەوە ئەو هەوایەی هەڵی دەمژن بەلوت، کۆڵەکەی لوت نەبوایە پانوپلیچ دەبویەوە و بە یەکەم هەناسە دەخنکاین.

ئەی مووی لووتمان ڕێگری لەو هەموو ڤایرۆسە دەکا کە نەچێتە سیەکانمانەوە، ئیسقانی لوت پارێزەری چاویشمانە (ئایا ئەمانە هەرلەخۆوە دروست کران بەو شێوە جوان و ئەتەکێتەوە دانران) دەزانن ئەگەر لوت هەمووی ئێسقان بوایە، بۆنی چڵمی کەڵەکەبووی ناولوت ژیانی لێ تاڵ دەکردین، کەدەبوایە عەقڵی سەلیم و ساغ سوپاسی خوای بکردایە: «وَهُوَ الَّذِي فِي السَّمَاءِ إِلَٰهٌ وَفِي الْأَرْضِ إِلَٰهٌ ۚ وَهُوَ الْحَكِيمُ الْعَلِيمُ»، هەمووی دانایی تۆیە خوایە گیان سوپاس بۆ نعمەتەکانت. هەڵبەتە ئەمانە تەنها نموونە و ئاماژەن لەو ملیارەها بەڵگانەی گەردوون. وردەکاری و شارەزایی زۆرە لە کارەکانیدا، خۆراکێک لە ئاو و خاک دروست بووە، کەچی لە جەستەی تۆدا دەبێتە گۆشت، خوێن، چەوری، خوێ، ئێسقان، شیر، پێست، موو، نینۆک و دەمار و ماسولکە و...هتد، حەیف بۆ مرۆڤی عاقڵمەند بڵێ لەخۆوە ئاوا دروست بووە و بەو جۆرە پێکهاتانە، بەهەرحاڵ.

توخوا ئەگەر چڵکی گوێچکە لەدەمەوە دەرچوایە چی دەبوو؟ فرمێسکی سوێری چاو لە گوێچکەوە یان لیک و بەڵغەم (حاشاکم) لەچاوەوە سەرڕێژی بکردایە بۆ ڕومەت و ناودەم چی دەگوزەرا؟؟ کێ ئەم تەوزیعاتەی کرد گەر خوایەکی میهرەبانی شارەزا و وردەکار نەبوایە؟ ئەو هەوا تواوەیەی ماسی هەڵی دەمژێ، کێ بۆی فەراهەم هێنا لەو زەریا و دەریایانەدا؟ لەخۆوه بوو!؟ ئەم بابەتە سادە و ئاسان و باسکراوە، بەڵام دەکرێ سوودی ببێت. خوا ڕاوەستاومان بکات لەبەرانبەر ئەم جەنجاڵیەی دونیادا.

نووسه‌ر: د. عومه‌ر زه‌ڵمی