ئینتیما بۆ بازنە مرۆڤایەتییەکەو هەستکردن بە برایەتى ئینسانى، یەکێکە لە بازنە گرنگ و ڕەهەندە پڕ بایەخەکانى ئینتیماى مرۆڤ.

هۆشیاربوون بەم ڕەهەندەى ئینتیمامان وەک مرۆڤ، بیرخەرەوەى ئەو ڕاستییەیە کە سەرجەم گەل و نەتەوەو نەژادو ئاین و مەزهەب و ڕەنگە جیاوازەکان، لە بنەڕەتدا سەر بەیەک خێزانى مرۆڤایەتین و لە مرۆڤایەتى و بنەڕەتى ئینسانیبووندا هاوبەشن. جیاوازى مرۆڤ و کۆمەڵگاکان دەشێت لە زمان، نەژاد، ڕەنگ، شارستانى، کەلتور، ئاین، مەزهەب، بیروباوەڕ و زۆر شتى تردا بێت، بەڵام ناکرێت هەرگیز لە مرۆڤبووندا جیاواز بین و، هیچکام لەوانە هەڵگرى شوناسێکى جیاوازن لە مرۆڤبوون و لە ڕووى مەبدەئیەوە ئەندامى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى نەبن. ڕوانگە و جیهانبینییە یەکتاپەرستى و خواناسى و عەلمانیەکەش بەشێوەى جیاواز جەخت لەم مەسەلانەو ڕاستى و واقیع و ئەم ڕەهەندە لکاوبەخشەى ئینتیماى مرۆڤەکان دەکاتەوە. بەڵام ئەم ڕاستییەى ژیان و بوون لەگەلڕ ڕوونى و سادە بوونیدا هەروا بآ گرآ و گۆڵەو کێشە وەرنەگیراوەو باوەشى بۆ نەکراوەتەوە، جەنگى ئاین و بیروباوەڕە مرۆڤدۆستەکان لە مێژە دەستیپێکردووە و لە پێناو ئەوەى مرۆڤ بەدەر لە هەر ئینیتیمایەکى ترى و بە سیفەتى کاتى بەدیهێنراوى خواى گەورەو خاوەن کەرامەت سەیرى بکرێت و مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت. مرۆڤایەتى زۆرى ویست تا گەیشتە ئەو قۆناغەى مرۆڤ بە حوکمى مرۆڤبوونى ببێتە خاوەن کۆمەڵێک ماف و ئازادى حەسانەى تایبەت بەخۆى هەبێت. لەمێژوودا هەمیشە دابەشبونە بەسوێکانى ناوخێزانى مرۆڤایەتى ناولێنانە ناسەرەکییەکان بووەتە هۆکارى چەندین مەینەتى و سوکایەتى کردن بەبەشێک بەمرۆڤەکانى. لەسەردەمى فرەخواوەندیەتى هەندێک لەکۆمەڵگاکان ئاگرى ڕقى هەندێ لەو خواوەندە درۆزنانە بەقوربانیکردنى مرۆڤ لەپەرسگاکاندا دادەمرکایەوە، ڕقى سەرکردە دڵڕەق و خۆ بە خودازانەکانیش لەبێ حورمەتیکردن بەکەسایەتى و کەرامەتى مرۆڤ هەموو سنورێکیان دەبەزاند، تەنانەت ئاینە یەکتاپەرستییەکان کە جەوهەرى ئەوان بانگەشە بۆئەوە دەکات هەموومان یەک بەدیهێنراومان هەیە و لە یەک دایک و باوکەوە سەرچاوەمان گرتووە، لەهەوڵى شێواندن بەدوور نەبوون و لەهەندێ قۆناغى مێژوویدا بە پێچەوانەى جەوهەرى ئاسمانیانەى خۆیان و ویستى خودا، لەپێناو پۆڵێنکردنى ناهاوسەنگى مرۆڤەکان و جۆرێک لەکۆیلەیى سودیان لێوەرگیراوە. ئەقڵێکى فەلسەفى گەورەى وەک ئەرستۆش کە لەسەر لوتکەى فیکرى بەشەرى و مێژووى فەلسەفەدا وەستاوە پێیوابووە ئەسڵ و فەسڵ و بنەڕەت و کەرەستەى بونى سەردار و کۆیلەکان لەیەکدى جیاوازن، سەردارەکان لەئاڵتون و کۆیلەکان لەخاک و خۆڵ پەیدابون، ئەم لێکدانەوەى وەک ئارگۆمێنتێک بۆ پاساودانى سیستەمى کۆیلایەتى سودى لێوەرگرتووە. فکرى مەسیحى سەدەکانى ناوەڕاستیش پڕە لەو لێکدانەوانەى تیۆریزە بۆ کۆیلایەتى دەکات. فیقهى ئیسلامیش لەم ڕووەوە بێبەرى نییە لە چوارچێوەدانان بۆ دۆخێک، کەخودى ئیسلام هاتبوو سەرچاوەکانى وشک بکات و وەک دیاردەیەکى قێزەون لەژیانى مرۆڤایەتیدا بیکاتەدەرەوە، کە ئەویش دیاردەى کۆیلایەتى بوو. وەک بەشێک لەدەنگدانەوەى چەندەها ئایەت و فەرموودە کە ئەوەمان بیردەهێننەوە کە هەموومان لەیەک دایک و باوک بنەڕەتین و هیچ کەس بەڕەنگ و زمان و پێوەرى لەم جۆرە ڕێزى بەسەر ئەوی تردا نییە و مرۆڤەکان بەوێنەى دانى شانە یەکسانن.

 

ئینتیما بۆ ڕەهەندى مرۆڤایەتیمان ڕاوەستاوە لەسەر ئەو چەمک و تێگەیشتنانە و هۆشیاربون بەوەى جیاوازییەکان هەرچی بن چەترێکى گەورە هەیە هەموومان کۆدەکاتەوە، کە ئەویش مرۆڤایەتییە. چەترێک کە جگە لەخودا کەس خاوەنى نیەو ڕەوایەتى سەرو ئاین و نەتەوە و ڕەنگ و زمانبونیشى لەخودا و مرۆڤایەت مرۆڤ و واقیعى و ئەم ژیانەتەواو وەرگرتووە.

 

تێگەیشتن و پیادەکردنى جیاوازییەکانى خوار مرۆڤایەتییش لە وێنەى جیاوازى ئاین و نەتەوەیى و فیکرى لە سایەیى هۆشیاربوون بەخودى ئینسانى خۆمان و هاوبەشە مرۆڤایەتیەکان و بەهاکانى مرۆڤایەتى کاریگەرى گەورە بەسەریانەوە دادەنێت و لە دەمارگیرى و داخران دەیانپارێزێت و ناهێڵێت ببێتە سەرچاوەى ڕق و ڕەگەزپەرستى و توندووتیژى و ڕەتکردنەوەى ئەوى دى و بە سوک سەیرکردنى. دابڕانى بازنەکانى ترى ئینتیما ( کە لەئەڵقەکانى پێشودا تیشکمان خستەسەر) لەم بازنەو ئاسۆ فراوانەکان و لە مێژودا لە پشت چەندین کارەسات و مەرگەساتى گەورەى مرۆڤایەتییەوە بووە. چونکە فیکرى ئاینى و هەست و بیرکردنەوەى نەتەوەیى و ئینتیمایى مەزهەبى و خودهۆشیارى بەجیاوازى ڕەگەزى و شارستانى دابڕاو لە هەستێکى مرۆڤایەتى پاک و خاوێن و وەک خۆبینینى سەرجەم بەرامبەرەکان لەمرۆڤ بوندا، مرۆڤ و کۆمەڵگا و گرپێکى دیاریکراو والێدەکات تەنها خودو مێژوو شکۆ و دەستکەوت و بەرژەوەندییەکانى خۆى مەبەست بێت و بە ئاستەم نەبێت چاوى ئەوانیتر نەبینێت و هەندێکجاریش وەک بابەتێک بۆ درەوشانەوەى مەزنى و باڵادەستى و بەدیهێنانى خەونە نەخۆشەکانى خۆى سەیریان بکات و مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. بۆیە ئەمڕۆ لە هەرکات زیاتر پێویستمان بە هەستێکى مرۆڤایەتى هاوبەش و هۆشیاربوون بەم ڕەهەندەى ئینتیماى خۆمانە، بۆ ئەوەى تێگەیشتنمان بۆ ناوەڕۆک و ناسنامە و ئەرکە ئیسلامیى و نەتەوەیى و مەزهەبیى و فیکرییەکانمان ئینسانى بێت و بچێتە خزمەت ئینسانییەتى ئینسان و بە گەورە ڕاگرتنى کەرامەتى مرۆڤ بەحوکمى مرۆڤبوونى. ئەم لێکدانەوە و تێگەیشتنەش پێش هەرکەسێکیتر لەخزمەت ئاین و نەتەوە و مەزهەب و فیکرەکاندایە، چونکە ڕێگاى ئەوەیان لێدەگرێت توشى چەقبەستن بێن و ببنە سەرچاوەى جۆرەها نەهامەتى بۆ هەڵگرو شوێنکەوتوانیان پێش کەسانیتر. ئەمەش چەندەها نمونەو ئەزموونى مێژوویى بۆمان پشتڕاستدەکاتەوە. مەگەر هیچ کەس بەئەندازەى ئەڵمانیەکان و دانیشتوانى قەڵەمڕەوى یەکێتى سۆڤێتى کۆن باجى "کۆمۆنیزم و نازیزم"یاندا و هەندى َ وڵاتى ئیسلامیش سەبارەت بە توندڕەوى ئیسلامى جەخت لەسەر هەمان ڕاستى دەکاتەوە.

هەر بۆیە تراژیدیا مرۆڤایەتییەکانى مێژوو، چارەنوسى هاوبەش مرۆڤاییەتى لەئێستا و ئایندەداو، پێویستى یەکتر قبوڵکردن و لێبوردەی لەناو ماڵى ئاین و نەتەوە و کەلتورە جیاوازەکاندا و هاریکارى نێو گەلان لەپێنا ڕوبەڕوبونەوەى هەڕەشە هاوبەشەکان و بەدەمەوەچوون و کەمکردنەوەى ئازارەکان، داواى ئەوەمان لێدەکەن بەڕێزەوە سەیرى مرۆڤەکانی تر بکەین، هەست بە ئازارەکانیان بکەین و هاودەردیان بۆ دەرببڕین و هاوبەشیى خەمیان بین. بە ڕووەکەى تریشدا، حەزبە گەورەیى و بەختەوەریى و سەربەرزیى هەموو مرۆڤێک لەهەر گۆشەیەکى دنیا و سەرجەم کۆمەڵگاکانى مرۆڤاییەتى بکەین. وەک بەشێک لەو خۆشەویستى و شانازییەى هەست کردن بە ئینتیماى مرۆڤایەتیمان دەبێت بۆمان دروست بکات. باروەڕبوون بە گوتارى مافەکانى مرۆڤ و سودوەرگرتن لە دەستکەوتەکانى بوارى پەیوەندى نوێش بۆ بەشدارى لەپرسە مرۆڤایەتییە گشتییەکاندا و سنورنەناسین لە مەسەلەى دژایەتى ستەم و سوکایەتى بەمرۆڤ، لەڕێى خۆیانەوە دەبن بە بەشێک لەو هەست و هۆشیاریەو لەهەمان کاتدا بەڵگە لەسەر ڕەسەنى و قوڵیان.

لە کۆتایشدا دەڵێین: چەند شانازییە بۆمان خودا بەمرۆڤ بەدیهێناوین و لەهەمان کاتدا چەند کەمییە لەقەدرى مرۆڤانەى خۆمان دابەزێنین و ڕێز لە ئینتیمامان بۆ خێزانى هاوبەشى مرۆڤایەتى نەگرین و ئینسانیانە بیرنەکەینەوە!