ڕەنگە ئەوە بەڵگەنەویست بێت كە خودی ئایین كێشەی لەگەڵ ئافرەتدا نییە، بەڵكوو ئەوە تێگەیشتنی هەڵەیە لە ئایین كە كێشە بۆ ئافرەت دروست دەكات. بۆیە ئەو ڕۆژەی كە خەڵك بە ئایینی ئیسلام ئاشنا بوو، ڕۆژێكی یەكجار مێژوویی و بێ وێنە بوو، چونكە ئیسلام بە مۆنۆپۆڵكردنی حەقیقەت لای تەنها كەسێك یان لایەنێك یان توێژێك كۆتایی هێنا  كە هەزار ساڵی ماوەی حوكمڕانی پیاوانی ئایینی لە ئەورووپای سەدەكانی ناوەڕاست جۆرێك لەم بۆچوون و فەرمانڕەواییەی ئاراستە کردبوو.

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە كە دواتر ئەم جۆرە شێوازی بیركردنەوەیە پەڕییەوە جیهانی موسڵمانان و هەندێك لە بیرمەندانی ئیسلامی عەرەبیش ئەم بیرۆكە ترسناكەیان تێكەڵ بە فەرهەنگی ئیسلامی كرد کە تا ئێستاش زیانەكانی بەرچاو دەكەون لە كار و هزری ئەو كەس و گرووپانەی كە بڕوایان بە قەتیسكردنی تێگەیشتن لە ئایینە لە دەستی تەنها كەسێك یان لایەنێك.

بۆیە گرنگە ئەم ڕاستییە بزانین كە لە ئایینی ئیسلامدا پیاوانی ئایین بوونیان نییە، بەڵكوو زانایانی ئایین هەن، لێرەشەوە جێگەی خۆیەتی كە ئاماژە بە هەندێك لەو نیشانە و ڕەفتارانە بدەین كە پیاوی ئاینییان پێ جیا دەكرێتەوە لە زانای ئاینیی، لەوانە:

1- ئامانجی پیاوی ئایینیی سەپاندنی تاكڕەویی ئاینیی و دیكتاتۆریی ئاینییە، بەڵام ئامانجی زانای ئاینیی پابەندبوونە بەسەلماندنی ڕاستییەكان و رێزگرتن لە ڕای جیاواز و سنگفراوانی ئاینیی و قبووڵكردنی ئەوانی دی.

2- پیاوی ئاینیی پێی وایە شەرعیەت و باڵادەستی خۆی لە خواوە وەرگرتووە و نابێت كەس چاودێری بكات و ڕەخنەی لێ بگرێت، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بەمرۆڤ دەزانێت و قسەكانیشی قابیلی هەڵەن و ڕەخنەش قبووڵ دەكات.

3- پیاوی ئاینیی خۆی بە حاكم دەزانێت بەسەر خەڵكەوە، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بەحەكەم دەزانێت لە نێو خەڵكدا.

4- پیاوی ئایینی بڕوای وایە كە تێگەیشتن و قسەكردن لە بارەی ئایینەوە تەنها لەدەستی ئەوان و پیاواندایە، بەڵام زانای ئاینیی لای وایە كە قسەكردن و تێگەیشتنی هەر كەسێكی دیكەی زانا و شارەزا چ پیاو و چ ئافرەت، جێگەی بایەخپێدان و قەبووڵكردنە.

5- پیاوی ئایینی خۆی بە نوێنەری خودا لە سەر زەویدا دەزانێت، بەڵام زانای ئاینیی خۆی بە هەڵسووڕێنەری بەشێك لەكاری پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر)دەزانێت 

6- پیاوی ئایینی بڕوای بە سەپاندنی یەك ئایین هەیە و لەنێو ئەو ئایینەشدا تەنها یەك رێبازی قبووڵە، بەڵام زانای ئایینی بڕوای بە ئازادیی بیروڕا و ئازادیی ئایین و هەڵبژاردنی ڕێبازی ئایینی هەیە.

7- پیاوی ئایینی دێت دەقەكان لەبەر ڕۆشنایی ڕاڤە كۆنەكاندا ڕاڤە دەكاتەوە و گوێی لە بەرژەوەندیی مرۆڤەكان و جیاوازی شوێن و كات نییە، بەڵام لای زانای ئایینی لەبەر ڕۆشنایی جیاوازی سەردەم و شوێنەكاندا بۆ هەر ئایەتێك زیاتر لە تەفسیرێك هەیە و زیاد لە راڤەیەكیش بۆ هەر فەرموودەیەك هەیە.

8- پیاوی ئایینی بڕوای وایە كە هەر خۆی خاوەنی لێكدەرەوەی دەقەكانە و هەر خۆشی هەڵدەسێت بە جێبەجێكردنیان، واتە لەیەك كاتدا هەر خۆی بڕیاردەرە و جێبەجێكاریشە، بەڵام زانای ئایینی لای وایە ئەو یەكێكە لە ڕاڤەكاران و ئەركیشی ئاگاداركردنەوە و هۆشیاركردنەوەیە و ئەركی جێبەجێكردنیش بە دامودەزگاكانی دەوڵەت دەسپێرێت.

9- پیاوی ئایینی لای وایە دەبێت ئەوان خاوەن دەستەیەكی دینی ئەوتۆ بن لە سەرووی كۆمەڵگەوە، بەڵام زانای ئایینی بڕوای وایە كە ئەوان خاوەن رێكخراو و كۆمەڵەیەكن لە نێوان دەسەڵات و خەڵكدا، بۆ ڕێنماییكردنی هەردوولایان.

10- پیاوی ئایینی دەست دەخاتە وردەكاریی ژیانی تاك و بڕیارەكانی دەسەڵاتەوە و یەك بژاردە فەڕز دەكات، بەڵام زانای ئایینی هێڵە گشتییەكانی ئایین و زیاد لە رێگەچارەیەك بۆ هەر كێشەیەك دەخاتە ڕوو، تاك و دەسەڵاتیش سەرپشك دەكات لە هەڵبژاردنی باشترینیان.

11- پیاوی ئایینی دوو قسەی هەیە، یەكێكیان نهێنی و بۆ بازنە تەسكەكانی دەوروبەرێتی، یەكێكیشیان ئاشكرایە و بۆ دەرەوەیەتی، بەڵام زانای ئایینی یەك قسەی ڕاست و ڕەوانی هەیە و ئەوەی لە دڵێتی لەسەر زارێتی و بۆ دوور و نزیك یەك قسەی هەیە و گوێی لە لۆمەی خەڵك و ترسی هیچ دەسەڵاتێك نییە.

12- پیاوی ئایینی بەردەوام دوور لە ئەقڵ خەریكی نەقڵكردنی نموونەی وەهمی و خەیاڵاوییەكانە كە لە واقیعدا بوونیان نییە و نابێت، بەڵام زانای ئایینی باس لە واقیع دەكات و بە ئەقڵ نموونەكانی رابردوومان بۆ نەقڵ دەكات.

لەبەر ئەم هۆیانە پێویستە لە نێوان زانای ئایینی ڕاستەقینە و ئافرەتانی چالاكوان و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافەكانی ئافرەتان هەمیشە هەماهەنگی و ڕۆڵی تەواوكاری هەبێت.