مامۆستای بەڕێز، سەبارەت بە بڕیاری باڵاپۆشی خوشکانی هەڵەبجە هەڵوێستی دژبەری خۆی دەربڕیوە کە سەرەتا بە کورتی ئاماژەی پێی دەکەم و دواتر هەڵسەنگاندنێک:

کورتەی بیر و ڕای مامۆستا

١- باڵاپۆشی ئەرکی سەرشانی ئیماندارە و ئەبێ لەبەر خوا بێ، وەکوو نوێژ و ڕۆژوو و... پێویستی بە نواندن و خۆپیشاندان لەبەرچاو خەڵکیدا نییه‌.

٢- بەراوردی ئەم بڕیارە لەگەڵ جێژنی تەکلیفی قوتابیانی پۆلی سەرەتایی ئێرانه‌.

٣- نەبوونی متمانە لە مانەوەی ئەو خوشکانە لەسەر ئەو باوەڕە کە لەدرێژەدا ئەڵێن: بریا بە جێگەی 1357 کەس تەنها 57 کەسیان هەڵبژارادبایا و مامۆستا و ڕاهێنەریان بۆ تەرخان بکردبایا، ئەگەر ئەم تاقمە توانیان، حیجاب لەسەر زمانیان دابنێن جا دوای ئەوە جێژنیان بۆ بگرن.

٤- بیرەکان بە ئازادی خۆیان دەرئەخەن، ئێمەش کە چاوەڕوانین کەس ڕەخنەمان لێ نەگرێ، ئەگەر ئەوانیش هاتن چەند کچێکیان هێنا و باڵاپۆشیان لابرد و خۆیان ڕووت کرد، ئێمە قوبووڵی ئەکەین؟

٥-  بۆچی تەکلیفە ئایینییەکان بکەینە کەره‌ستەی بانگەشە حێزبییەکان لە حاڵێکدا خودا لە ئێمە ئێخلاسی دەوێت؟

وه‌ڵام:

١- لەوەی کە باڵاپۆشی ئەرکی سەرشانی ئیماندارە و ئەبێ لەبەر ڕەزامەندی خوا بێ، حاشاهەڵنەگرە و هیچ ئیماندارێک قسەی لەسەر نییە، بەڵام وێنە و نموونەکان کە ئەیهێننەوە خۆی لە خۆیدا دژ بە هەڵوێستەکەتان دەوەستێتەوە.

ئاخر مامۆستا گیان جەنابت کە هاتووچۆی جومعە و جەماعەت ئەکەیت و پێنج فەڕزە لە مزگەوتدا بانگ دەدرێت و خوتبەی جومعەی جەنابت و مامۆستایانی تر لە میکڕۆفۆن بەسەر خەڵکیدا بڵاو ئەبێتەوە، ئەمە مانای بانگەشە نییە چییە؟!

ئەی ڕۆژوو کە ئەبێ بەمانگی ڕەمەزان مزگەوتەکان (بە تایبەت لە تەڕاوێح و قەدرەکاندا) پڕ ئەبن لە ئاپۆڕەی خەڵکی ئیماندار، ئەمە بانگەشە و لایەنی کۆمەڵایەتی ئەم عیبادەتە نییە چییە؟

ئیتر لایەنی کۆمەڵایەتی حەج، لەبەر ڕوونی پێویستی بە باسکردن نییە .

کەوابوو ئایینی ئیسلام ئایینی ڕەهبانییەت و ده‌رگا لەخۆداخستن نییە. هونەر لەم دینە ئەوەیە لەبەرچاو خەڵکیدا نوێژ بکەی و ڕۆژوو بگری و حەج بە جێگە بێنی و حیجابت ببێ، بەڵام ئەوەندە لەسەر نەفست کارت کردبێ، خۆشهاتن و نەهاتنی خەڵکت لا گرنگ نەبێ و ڕەزامەندی خوات مەبەست بێ و بەس.

ئەوەیکە ئەو خوشکانە لەبەر خوا باڵاپۆشی ئەکەن یان نە، تەنها خوا ئەزانێ (ئێمە ئامێری نییەت پێوانمان پێ نییە) هەروا کە تەنها خوا ئەزانێ نوێژکردنی من و جەنابیشت تەنها بۆ ڕەزامەندی ئەوە یان نا؟

٢- نازانم بە چ پێوەرێک باڵاپۆشی ئەو خوشکانەت لەگەڵ کچی پۆلی سێهەمی سەرەتایی ئێران بەراورد کردووە. ئەو خوشکانەی کە ماوەیەکی زۆر لە خوله‌ تەربییەتی و پەروەردەییەکانی یەکگرتوودا بەشدارییان کردووە و لە بواری پەروەردەییدا بە ئاستێک ئەگەن کە بە هەڵبژاردەی خۆیان -لە ئەوپەڕی شانازیدا- باڵاپۆشی ئیسلامی هەڵەبژێرن، ئەمە لەکوێ و پڕووپاگەندە و مەڕاسیمی جێژنی تەکلیفی ئامووزش و پەروەرش بۆ ئەو مناڵە بەسەزمانانە لەکوێ، بە هیچ پێوەرێک پێکەوە بەراورد ناکرێن.

٣- کاکە گیان بۆچی جەنابت متمانەی مانەوەت لەسەر دین هەیە تا ئەو خوشکانە بیانبێ؟ مەگەر پێغەمبەری ئازیز فێرمان ناکات دوعای عاقیبەت خێری بکەین بۆ خۆمان، کەوایە ئەم متمانەیە بۆ من و جەنابیشت نییە!

درێژەی وتەکەتان لەم بوارەدا هەم سووکایەتی بە ژنانی تێدایە، هەم نەناسینی شێوازی کارکردن و پێشینەی یەکگرتوو. گریمانە و پێشفەڕزی جەنابت ئەوەیە کە ژنان بە تێکڕا -پەروەردەکراو و ئاسایی- زمان نەپارێز و غەیبەتکەر و...ن کە ئەمە بەڕاستی بیرێکی دەشتەکی و کووچە بازاڕی و نازانستییانەیە بەرامبەر بە ژنان، لە هەمان کاتدا سووکایەتی کردنە بە نیوەی کۆمەڵگا. ئەگەر ڕێژەی پیاوانی زمانپیس و دەم بەرەڵڵا لە ژنان زۆرتر نەبێ کەمتر نییە.

هەروەها کە پێشتر ئاماژەم پێی کرد، ئەم خوشکانە، ژنانێکی ئاسایی نین، ساڵەها لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کاریان لەسەر کراوە تا گەیشتوون بەو ئاستە کە زۆریان بانگخوازی ئایینین، کەوابوو شێوازی کاری پەروەردەیی یەکگرتووشت نەناسیوە.

٤- کاکە گیان ئەوان (وڵاتی ڕۆژاوا و...) ماتڵی پەسندکردن یان نەکردنی من و جەنابت نین، ئەوان لەمێژە لە کاناڵ و میدیاکاندا بانگەشەی ڕووتبوون ئەکەن (هەڵبەت تاقمێکی بچووک لە ژنان، نەک هەموو، چۆن باوەڕم وایە زۆربەی ژنانی ڕۆژاوا خەریکی کار و تێکۆشان و داهێنانن لە بوارە جیاجیاکاندا، بەڵام میدیاکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان تەنها بەرەڵاکانیان پیشان ئەدەن). کێ گوتوویە ئێمەی موسوڵمان چاوەنواڕی ڕەخنە نین، گومانت نەبێ هەموو دوژمنانی ئەم دینە ڕقیانە لە ئاوەها ڕێوڕەسمگەلێک و هەندێک لە موسوڵمانانیش ڕەنگە (هەڵبەت بەبێ غەرەز) تێبینییان لەسەر ئەم کارە ببێ.

٥- مامۆستا گیان کاتێک ئەم حیزبە ساڵەهای ساڵ کاری پەروەردەیی لەسەر ئەو خوشکانە کردووە، مافی خۆیە تاجی زێڕینی هەڵبژاردنی باڵاپۆشیی بە شانازییەوە لەسەر سەری ئەو بەڕێزانە دابنێ کە مایەی سەربەرزی و شانازی هەموو موسوڵمانێکی حیزبی و ناحیزبی ئاییندۆست و بێ‌غەرەز و مەرەزن. بۆچی جەنابت بۆ خەتمی قوڕئان یان لەبەرکردنی قوڕئانی قوتابییانت مەڕاسم و ڕێوڕەسم ناگری؟ ئەکرێ بڵێین ئەم کارە دوورە لە ئێخلاس!

ڕەنگە جەنابت باوەڕت بە کاری حیزبی و جەمعی نەبێ مافی خۆتە، بەڵام ئەوە بزانە یەکێک لە نیشانەکانی گەشەی ڕامیاری (توسعە سیاسی) لەهەر وڵاتێکدا هەبوونی حیزبە بە مانای واقێعی حیزب. بە پێچەوانەش یەکێک لە نیشانەکانی نەبوونی گەشەی ڕامیاری و هەبوونی چەواشەکاری و داخراوی بیرەکان لەهەر وڵاتێکدا، نەبوونی حیزبە بە مانای واقێعی حیزب. وڵاتێکی گەورە و پێشکەوتوو وەکوو ئەمریکا بە پڕۆگرامی دوو حیزبی سەرەکی ئیدارە ئەکرێ. ئەم وتەیە بە مانای لایەنگری لە حیزبێکی تایبەت نییە، بێگومان هەبوونی حیزب لەپاڵ هەموو خاڵە ئەرێنی و ئیجابییەکاندا، خاڵی نەرێنی و سەلبیشی هەیە کە یەکگرتووش لەم ڕێسایە بەدوور نییە. واللە اعلم