مامۆستا پیرانی، ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ڕۆژی چواەشەممە 28ی پووشپەڕ، لە هۆتێلی داوینکۆی بانە لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی جەماعەت دیداری کرد و جەختی کردە سەر پێویستی پاراستنی پێگەی ئابووری ئەو ناوچەیە و ڕۆلی ئەو ناوچەیەی لە کەم کردنەوە و سڕینوەی فەقر و نەداری بە گرینگ زانی.  

بە پێی هەواڵی ئیسلاح وێب، مامۆستا عەبدوڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی لە شاری بانە، ڕەزامەندی خۆی بە هەبوونی بەستێنگەلێک بۆ گەشەی و نەشەی بواری ئابووری لەو شارە نیشان دا و گوتی: پێگە و دۆخی ئێستاکەی بانە پێویستە بە حیکمەت و زانایی بێتە پاراستن؛ چونکە خەڵکی ئێمە ساڵەهایە کە تامی تاڵی نەدارییان چەشتووە و لە بواری نالەباری ئابووری و بێکاری خەسارەتمەندی کردوون.

مامۆستا سەبارەت بە بەرەکەتی برایەتی ئیمانی و ئیمانەوە گوتی: بێگومان برایەتی ئیمانی و ئیمان بۆ ئێمەی موسوڵمان سەرەوەت و سامانێکی گەورەیە. ئیمان و برایەتی دوو سامانی واتایی و مەعنەوین. پێوەندییەک کە بە هۆی برایەتی ئیمانییەوە پێک دێت پێوەندییەکی گەلێک نزیك و بێ مەودایە. وێڕای دووری و مەودای مزڵ و ماڵەکانمان بە خاتری خودا بە دڵی پاک و بەگەرموگوڕی یەکترمان خۆش دوێت. لەسەر بنەمای ئاوەها پێوەندییەک بوو کە یارانی دەست پەروەدەی پێغەمەبەری خودا توانییان چاکە و دڵسۆزی ئاراستەی مرۆڤایەتی بکەن و وەک جێگری خودا لەسەر زەوی وەها ڕۆڵیک بگێرن کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونە و بێ وێنە بێت.    

مامۆستا پیرانی لە درێژەدا گوتی: خوای گەورە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی خاوەن عەقل و دەسەڵات و خاوەن پەیام خوڵقاندووە و بەم هۆیەوە پێغەمبەران و کتێبە ئاسمانییەکانی بۆ ناردووە، جا لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکی بەیەندایەتی و خواپەرستی و جێگری خودا لەسەر زەوی، گەلێک ئەسباب و پێداویستی خستراوەتە بەردەستی ئەو مرۆڤە. ئەگەر مرۆڤ خۆی لە بیر بەرێتەوە و پێگەی خۆی و ئەرکی جێگرایەتی خودا لە یاد بکات، بێگومان ژیانێکی بێ شوناس و بێ واتای دەبێت. خوای گەورە کاتێک مرۆڤ وەک جێگر پێناسە دەکات، مەلائیکە عەرزی دەکەن: وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ (بقره: ٣٠)

(کاتێک مرۆڤ دێتە خوڵقاندن)مەلائیکە هاواریان لێ بڵیند دەبێت کە مرۆڤ بە دوو تایبەتمەندی فەساد و خوێنڕێرشتن که بە هیچ چەشنێک لەگەڵ جێگرایەتی خودا نایخوێنێتەوە، تووشی شکست و فەلاکەت دێت. کەواتە کەسانێک کە لەو بازنەیە دان دەبێ بزانن کە خوداوەند چ پێگەیەکی بۆ دیاری کردوون و چ ئەرکێکی پێ سپاردوون و دەبێ هەڵسوکەوتیان لە ژیاندا چۆن بێت.

مامۆستا سەبارەت بە هەستی بەرپرسیارەتی لە کۆمەڵگادا گوتی: ئیمام ئەبووحەنیفە کە بە پێشەوای قوتابخانەی ژیری و هزرمەندی لە ئیسلامدا ناسراوە، لە بواری مەعنەوی و واتایی وەها بووە کە بە دەستنوێژی بەیانی نوێژی خەوتنانی بەجێ دەهێنا. بەڵام هەر ئەم پێشەوا مەزنە لەگەڵ دوو کەس لە شاگردە ناوازەکانی بە نێوی «ئەبوویۆسف» و «زوفەر» لە فکری کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگادا بوون و لە پێناو چارەسەرکردنی حەولیان بۆ داوە. پەروەردگارێک کە مرۆڤێک لە وێنەی ئەبووحەنیفە بەدی دێنێ، دەشتوانی کەسانێکی تر لە دونیای ئیسلام بۆ خزمەت بە خەڵک و  مرۆڤایەتی بێنێتە مەیدان. پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: «إِنَّ لِلَّهِ عِبَادًا اخْتَصَّهُمْ لِقَضَاءِ حَوَائِجِ النَّاسِ، حبّبهم الی الخیر و حبّب الخیرَ الیهم اولئک الآمنون من عذاب الله یوم القیامة»؛ واتە: گەورە پیاوانێک هەن کە خودای گەورە ئەوانی تایبەت کردووە بۆ خزمەت بە خەڵک. پێداویستییە مادی و واتاییەکانی خەڵک فەراهەم دەکەن و چاکەیان وەڕێ دێنن. ئەو کەسانە کردەوەی چاکیان خۆش دەوێ و خودا کاری چاکەیان لەلا خۆشەویست دەکات. ئەوانە لە ڕۆژی پەسڵان لە عەزابی و تۆڵەی خودا بە دوورن.     

مامۆستا سەبارەت بە ئەرکی جەماعەتە ئیسلامییەکان گوتی: ئاشکرایە کە بێداری ئیسلامی بە شێوەیەکی گشتی و جەماعەتە ئیسلامییەکان و هەروەها جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح بە تایبەتی دەبێ لە چەندها بەستێن، ئەرکی گەیاندنی پەیام و بەرپرسیارەتی خۆیان بەجێ بێنن. یەکەم:پتەوکردنی پێوەندی لە نێوان خۆیان و خودای گەورە. بە جۆرێک کە مرۆڤ بتوانی لەگەڵ خودا لە سوڵح و ئاشتیدا بێ؛ ئەگەر مرۆڤ بتوانێ پێوەندییەکی باشی لەگەڵ خودای گەورەدا هەبێت، دەشتوانێ بەسەرفرازی بژیت. بەندایەتییەکی دروست و بیرمەندانە و بێخەوش دەتوانێ بنچینەی پیکهێنانی پێوەندییەکی باش لەگەڵ یەزدانی مەزن بێت.  

دووهەم: پێوەندی مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک؛ پێوەندی لەگەڵ خەڵک جگە لە هاریکاری و هەرەوەز لە سەر بنەمای چاکە و پارێزگاری نییە. بە جۆرێک کە مرۆڤ هەست بکات لەو مەیدانەدا دژبەری شەڕ و فەسادە(خراپە و بەدڕەوشتی). خوای گەورە باس لە سوننەتی پەرگری(بە عەرەبی = تدافع) دەکات و لە قورئاندا فەرموویەتی: وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَفَسَدَتِ الْأَرْضُ وَلَكِنَّ اللَّهَ ذُو فَضْلٍ عَلَى الْعَالَمِينَ (بقره: ٢٥١)  یا لە ئایەتی 40ی سوورەتی حەجدا دەفەرموێ: وَلَوْلَا دَفْعُ اللَّهِ النَّاسَ بَعْضَهُمْ بِبَعْضٍ لَهُدِّمَتْ صَوَامِعُ وَبِيَعٌ وَصَلَوَاتٌ وَمَسَاجِدُ يُذْكَرُ فِيهَا اسْمُ اللَّهِ كَثِيرًا وَلَيَنْصُرَنَّ اللَّهُ مَنْ يَنْصُرُهُ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ.

کەواتە ئەگەر کەسێک مافێکی هەیە و ئیمانی پێیەتی دەبێ بیپارێزێ. ناشێ مرۆڤ لایەنگری شتێک بێت و بڕوای پێی هەبێت بەڵام نەیپارێزێ و بەرگری لێ نەکات. ئایین و شوناسی هەر مرۆڤێک بە وێنەی قەڵایەک وایە کە لەسەر لووتکەیەک ساز کراوە. ئەو قەڵایە ئەگەر بێ نیگابان و بێ دەرگا و دەروازە بێت بە ئاسانی لە لایان دوژمنانەوە داگیر دەکرێت. ئایا ڕەوایە کە ناحەق، فەساد و بەدڕەوشتی، ستەم و زۆرداری دۆست و برادەری هەبێت بەڵام ئەخلاق و ڕەوشتی جوان، دادپەروەری و عەداڵەت، مەعنەوییەت و  واتاییبوون بێ یار و لایەنگر بن؟

ئەمینداری گشتیی جەماعەت لە درێژەدا گوتی: جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە سەرەتای دامەزانەوە، پاراستنی شوناسی ئایینی سوننەمەزهەبی وەک بنچینەی کاری خۆی پێناسە کردووه و بۆ بەرزڕاگرتنی حەول دەدات. لە مەودای ئەو ساڵانەی وا لەگەڵ ئەو دەعوەتە بەبێ هیچ تەماع و ترسێک هاوڕێ بووین، لە ڕاستیدا زۆرمان ڕەنج و سەختی دیوە و گەلێکیان جەور و ئازار داوین و بێ لوتفیان دەرحەق کردووین. بڕوا بە سەرڕاست بوونی ڕێگە و باشاری ئەو سەختی و چەرمەسەرییانە کە تەنیا بە خاتری خودای بەرز و بێ هاوتا بووە، پێوانی ئەو ڕێگایەی لە لامان ئاسان کردووە، دەنا ئێمە هیچکات بێڕێزی و بەرچەپۆکیمان قبووڵ نەکردووە و قبووڵی ناکەین.

ئێمە لە پێوانی ئەو ڕێگایەدا، تووشی خەسارەتێکی قەرەبوونەکراوی وەک لەدەستدانی مامۆستا ناسری سوبحانی بووین و براکانمان لە ناوچە جیاجیاکان گەلێک جار لەگەڵ زیندان و کێشەگەلی جۆراوجۆر ڕووبەڕوو بوونەوە، بەڵام چونکە بە ڕەوابوون و حەقانییەتی ئەو ڕێگایەی کە گرتبوومانە بەر بڕوامان هەبوو و ئێستاش پێی باوەڕمەندین، لە پێناویدا هەموو ئەو ئاستەنگانەمان بە گیان و دڵ باشار کردووە. به لوتفی خودا ئێستاکە لە هەموو ناوچەکانی سوننەمەزهەبی ئێران و تاران بەشدارییەکی بەرچاومان هەیە. ئێمە بۆ گەیشتن بەو پێگەیە گەلێکمان ڕەنج و سەختی چەشتووە و جیرەخاری کەس نەبووین و بە فەرمانی هیچکەس کارمان نەکردووە و بە پاراستنی سەربەخۆیی، لە ڕادەی تواناییمان لە خزمەت خەڵکدا بووین. مامۆستا سەبارەت بە دابودەستووری جەماعەت گوتی: رێوشوێنی ئێمە ئاوەها بووە کە بەپێی تونایی و بڕست و ئەو هەل و بەربەستانەی کە هەبوون کاری خۆمان ڕادەپەڕێنین؛ کەواتە لەوانەیە کەسێک پێمان بڵێت ئەو پێگەیە چ بایەخیکی هەیە و بەوە تۆمەتبارمان بکات لە ژێر فەرمان و چاوەدێری کەسانێکی تردا کار دەکەین؛ بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بە پاراستنی کەرامەت و بنەما و بنچینەکانی خۆمان، بە هیچ تاکێک ئیزنمان نەداوە و ئیزنیشی پێ نادەین حوکمی کردنی کارێکمان لێ بکات و فەرمانمان پێ بدات.     

مامۆستا سەبارەت بە گەشەی کاری جەماعەت گوتی: جەماعەت بە حەول و تێکۆشانێکی لەسەرەخۆ و هێور وەک دامەزراوەیەکی بڕواپێکراو قبووڵ کراوە. ئێمە نە خۆمان توندئاژۆ بووین و نە گەنج و لاوەکانمان قوربانی توندئاژۆیی خۆمان کردووە و ئەوە بۆ ئێمە جێگای سەرفەرازییە. ئێمە کارێکمان نەکردووە کەسێک بخرێتە گرتووخانە و لەوێ پەشیمان بێتەوە. هەوڵی ئێمە لە بەستێنی ڕاهێنان ئەوە بووە کە هەر تاکێک بە پێی ئەو بارودۆخەی کە لە دونیای دەورەبەری دەگوزەرێ و بە پێی ئەو زانیارییە ڕاستەقینانەی کە لە بەردەستە، تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی دروستی لەو دۆخەی وا تێیدا دەژی، هەبێت و هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ ئەو دۆخه هەماهەنگ بکات. 

پێویستی هەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی

مامۆستا پیرانی هەروەها گوتی: هەبوونی کێشە و گرفتگەلی زۆر لە کۆمەڵگادا ئەوە دەخوازێ کە کەسانی ئێمە بەرپرسانەتر لە جاران، دەست بە چالاکی بکەن و پێیان وا نەبێت کە کەسێکی تر خەریکە ئەو کارەی ئێمە دەکات. لە ڕاستیدا چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە وەها کەسانێک لە کۆمەلگادا پەروەردە بکرێن کە بە وێنەی یۆسف ڕایبگەیێنن: قَالَ اجْعَلْنِي عَلَى خَزَائِنِ الْأَرْضِ إِنِّي حَفِيظٌ عَلِيمٌ (یوسف: ٥٥)؛ من شارەزایی و لێهاتوویی و توانایی وەخۆگرتن و زانیارییم بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە هەیە. بێگومان کەسێک کە ئەرکێک لە ئەستۆ دەگرێ و ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، لە ڕەزامەندی خوداوەندیش بەهرەمەند دەبێت. تاکی ئەرکهەڵگری جەماعەت دەبێت لەگەڵکوو ئەو گرینگەی زانی کە کارێکی لە دەست دێت، دەبێ ئەرک و بەرپرسیارەتیش قبووڵ بکات.

پێویستی گرینگیدانێکی چڕوپڕ بە بنەماڵە

پرسێکی گرینگی تر ئەمەیە کە بنەماڵەی سەرکەوتوو لە بنەڕەتدا بنەماڵەیەک نییە کەرەستە و ئیمکانیاتی زۆری لە بەردەستدا بێت، ئەگەرچی ئەسباب و ئیمکانیات گرینگن بەڵام بە تەنیا هۆکاری ئارامی و حەسانەوە نین. هەبوونی ئیمکانیاتی مادی بەبێ بوونی گەرموگوڕی، ڕیز و پاراستنی ماف و ئەرکی بەرانبەربەیەکتر لە بنەماڵەدا، سەرکەوتنی لێناکەوێتەوە. هیوادارم چ لە بنەماڵەکاندا و چ لە بنەماڵەی مەزنی جەماعەت، تایبەتمەندییەکانی بنەماڵەیەکی سەرکەوتوو بێتە پاراستن. بە تایبەت پێویستە مافی خوشکانی ئێمە لە بنەماڵەکان لە لایان هاوسەرکانیانەوە زیاتر ڕێزی لێ بگیڕێ. بەداخەوە نە تەنیا لە کۆمەڵگای ئێمە بەڵکوو لە جیهانی ئیسلام بە گشتی ژنان زوڵمیان لێ کراوە. 

مامۆستا پیرانی لە درێژەی وتارەکەیدا لە زمانی یەکێک لە بانگخوازانی دونیای ئیسلامەوە گوتی: ئەگەر پیاوێک ببینن کە دەرگای ئۆتۆمبێل بۆ خاتوونێک دەکاتەوە، بێگومان بن کە ئەو خاتوونە هاوسەری نییە، بەڵکوو دایکی، خوشکی یا کەسێک جگە لە هاوسەرەکەیەتی. ئەوە لە حاڵێکدایە پێغەمبەر(د.خ)، لە یەکێک لە جیهادەکانی، کاتێک کە هاوسەرەکانی دەیانهەویست سواری وشتر بن دەستی بۆ  قولاپ دەکردن، ئەو شێوە هەڵسوکەوتەی پێغەمبەری خودا لە کاتێکدا بوو کە بەعزێک لە خێڵەکانی حیجاز لەو سەردەمەدا کچانیان زیندە بە چاڵ دەکرد، بەڵام ئێمە لە دونیای ئیسلام ڕێزلێنان لە هاوسەر بە عار دەزانین. ئەگەر کۆڕی بنەماڵە لە ڕیز و خۆشەویستی و گەرموگوڕی تەژی نەبێت، نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە منداڵان لە بنەماڵەدا بە شێوازێکی جوان و بە باشی پەروەردە بکرێن.  

ئەمینداری گشتی باسەکەی هێنایە سەر ئەو بابەتە کە ئەمرۆکە کەلێنێکی فکری لە مابەینی نەوەی نوێ و چینی ڕابردوو بە ڕوونی ئاشکرایە و ئێمەی موسڵمان دەبێ ئەم ئاڵوگۆرانە وەک هەلێکی پربایەخ سەیر بکەین و ئەوە بزانین هەرچی لە ڕابردوودا هەبووە بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ نەوە نوێ ناگونجێ و دەبێ ئاگاداری ئەو خاڵە گرینگە بین کە ئەو شوێنکەوتنە بێ ئیرادی و کوێرانەیە لە پێشینییان کە قورئان سەرکۆنەی کردووە لەگەڵ ئەو ڕوانگەیە کە منی ئاسایی لەسەر ئەو باوەڕە بم کە فڵانە زانای ئایینی بیست ساڵ لەمەو بەر ئاوەها ڕوانگەیەکی هەبووه، چ جیاوازییەکی هەیە؟  

لەوانەیە ڕای ئەو زانا ئاییینیە ئەمرۆکە نەتوانێ وڵامی پێداویستی من بداتەوە. کەوایە دەبێ ڕوانگەیەکی نوێ بێتە گۆڕێ؛ بەم جۆرەی کە قورئانیش هەم خاوەنی ئایاتی جێگرتوویە(بە عەڕەبی= محکمات) و هەمیش ئایاتی وێکچووی(بەعەڕەبی=متشابهات) هەیە. بێگومان هەبوونی ئایەتی وێکچوو لەبەر ئەوەیە کە قورئان بتوانێ لە هەموو سەردەمێک و لە هەر کاتێکدا وڵامدەر و بەرپرسیار بێت. ڕای زانا یا موفتیی ئایینی دەتوانێ ساڵەها و ئەوپەڕی بۆ چەند سەدە بەکار بهێندرێ و بڕشتی هەبێت، بەڵام هەتاهەتایی نییە و هێچ هزرێکی تر جگە لە قورئان و سوننەت ئاوەها مانەوەیەکی نییە. مامۆستا پیرانی لە کۆتاییدا گوتی: ئەگەر ئێمە ئایینی خۆمان بە دین و ئایینێکی جیهانی دەناسین، دەبێ ئەو دینە وڵامدەرەوەی پێوایستییەکانی هەموو شوێنەکان و سەردەمەکان بێت، بەو مەرجەی کەسانێکی لێزان و شیاو بتوانن لە نێوان ئایەتە وێکچووەکان و کێشەگەل و پرسەکانی ڕۆژ ئاشتی و تەبایی بەرقەرار و فەراهەم بکەن.