‎بسم الله الرحمن الرحیم  ‎الله أكبر الله أكبر الله أكبر، لا إله إلا الله والله أكبر الله أكبر ولله الحمد  ‎
جارێکی تر جەژنی پیرۆزی قوربان، خویابوونی لەخۆبووردەیی، بەندایەتی و دڵسۆزی هاتەوە تاکوو دڵە تامەزرۆکان، پێ‌بەپێی قارەمانی یەکتاپەرستی، بەرەو قوتابخانەی بەندایەتی ڕێنمایی بکات. ئەو ڕۆژە گەورەیە، نەک تەنیا بیرخەرەوەی دڵسۆزی و دڵپاکی حەزرەتی ئیبڕاهیم، خۆڕاگری هاجەرە و گیانفیدایی ئیسماعیلە، بەڵکوو هێمای ڕزگاری لە گیرۆدەییەکانی دونیا، دەربازبوون لە دەست نەفسی شەیتانی و ڕازیبوون بە ویست و خواستی خوایە.
بەداخەوە لەگەڵ هاتنی جەژنی پیرۆزی قوربان و شادومانی کردن، گەلی موسوڵمان لەگەڵ کێشەوبەرەی نەخوازراو، ناکۆکی و دووبەرەکیی ناوخۆیی و ستەمی ئاشکرای دوژمنانی داگیرکەر ململانێ دەکا. بەهۆی ئاژاوە کاولکاربیەکان، هێندێ لە دەسەڵاتداران، بێ گرینگیدان بە بەها بەرزەکانی یەکتاپەرەستی، نەتەوەکان دەکەنە قوربانیی تەماعە کەسییەکان و بیرە پاوانخوازەکانی خۆیان.
زۆرێک لە گەنجان کە پێویستە سەرمایەی سازێنەری وڵاتی خۆیان بن، لە قەیرانە داسەپاوەکاندا قەتیس کەوتوون و دەرفەتەکانیان لە ئاگری ستەم، زۆرداری و داگیرکەریدا سووتاوە.
بەڵام بە ئیلهام لە ئایاتە پیرۆزەکانی قوڕئان، هیوای حەقخوازان هیچکات ناکوژێتەوە؛ مێژوو نیشانی داوە نەتەوەکان هەرکات ڕوویان کردبێتە یەکیەتی، وشیاری و بەندایەتی ڕاستەقینە، ئەستەمترین قەیرانەکانیشیان تێپەڕاندووە و ڕزگاریان هاتووە.
جەژنی قوربان بانگمان دەکا کە جیا لە قوربانی ماڵ و سامان، خۆویستی، دووبەرەکی و داهێزاوییەکانیش قوربانی بکەین و لەسەر ڕێی حەق‌ویستی و خزمەت بە دینی خوا و بەندەکانی و بەتایبەت ستەملێکراوان هەنگاو هەڵێنینەوە. لەگەڵ حاجیانی ماڵی خوا، دڵسۆزانە ڕوو دەکەینە بارەگای خوای بەسۆز و میهرەبان و لێی دەپاڕێنەوە کە دەرد و ئازار و مەینەتی موسوڵمانان ساڕێژ بکات و دەرگاکانی ڕەحمەت و یارمەتی خۆی بەسەر ستەملێکراوان و داماواندا بکاتەوە.
جارێکی تر جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان بە تەواوی گەلی پایەبەرزی ئێران و تەواوی گەلانی موسوڵمان، بەتایبەتی ئەندامانی ڕێزداری جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح پیرۆزبایی دەڵێم. داوا لە خوای گەورە دەکەم قوربانییەکانمان قبووڵ بکات، هەنگاوەکانمان لەڕێی گەشە، دادپەروەری و یەکیەتی پتەو بکات و کۆمەڵگایی مرۆیی بەرەو داهاتوویەکی ڕوون و لێوانلێو لە سەروەری و سەربەرزی ڕێنمایی بکات. وما ذلک علی الله بعزیز‎
عەبدوڕڕەحمان پیرانی 
ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

۱۶ی جۆزەردانی ۱۴۰۴