زانایانی ئایینی وەکوو ئەستێرەن؛ کورد لە دێر زەمانەوە لە خزمەتی ئیسلام و خاک و نیشتمان و زانستە شەرعییەکاندا بوون، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكیان ڕاهێناوه لەسەر خواپەرەستی و تەبەیایی و یەکێتی و بەیەکەوە ژیان لەناو کۆمه‌ڵگەدا.

ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆمان بدەینەوە، ئەو هەقیقەت و ڕاستییەمان بۆ پشتڕاست دەبێتەوە کە مامۆستایانی ئایینی پێشەنگی ئەو وڵاتە بوون، لە مێژووی دێرینی کۆمەڵگەی کوردیدا وەک کاریزمایەک سەیریان کراوە.

ئەگەر بێنەوە سەر بواری داهێنان و ڕۆشنگەری و فەرهەنگی شارستانی ئەم میللەتە، هەر لە بواری ئایینی، مێژوو، ئەدەب، فەلسەفە، کیمیا و... دیسانەوە هەر زانایانی ئایینی پێشەنگی کاروان بوون، نموونەی زیندووی ئەمانەش زۆرن کە: زانا و مەلا و پەروەردەی مزگەوت و حوجرە قوڕینەکانی کوردستان بوون، هەر یەکەیان لە بواری خۆیدا ئەسپی خۆی تاوداوە.

یەکێ لەو زانایانەی کە ژیانی پڕ لە ناڕاحەتی و ماندوویەتی بووە و  وەک شاعیر و مامۆستایەکی چاونەترس لە  ئاسمان و وێژەی کوردەواریدا هەتا هەتایە دەدره‌وشێتەوە، بەڕێز مامۆستا عەبدوڕڕەحمان فاتحیی. ئێمە خۆمان بە قەردزداری ئەم خەڵکە دڵپاک و ئەمەگناسەی خۆمان دەزانین کە سوپاس بۆ خوا خەڵکی ئێمە هەمیشە بە چاوی ڕێز و حورمەت سەیری پێگەی مامۆستایانی ئایینی کردووە، بە هەموو شێوەیەک لە خزمەت زانایانی ئایینی بوونە، ئەوە حەقیقەتێکە نکۆڵی لێ ناکرێت.

لە گێڕانەوە و نووسینی ژیاننامە و سەربووردەی مامۆستایانی میراتگری پێغەمبەر(دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت)، ئەوجارە دەچینە خزمەت زانایەکی دڵسۆزی دین و گەل و نیشتمان، ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی ئیسلام و کوردایەتی جەنابی مامۆستا عەبدوڕڕەحمان فاتیحی کە بەشێکی زۆر لە تەمەنی لە ئاوارەیی و ئازار و مەینەت و لە خزمەت گەل و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بووە، وەک نموونە لەناو سەدان کەڵەپیاوی زانا و دانای ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەردەگرین.

کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عەبدوڕڕەحمان فاتیحی.

خوالێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڕڕەحمان کوڕی کاک عەبدولكەريم كوڕى کاک عەبدوڵڵا، لە ساڵی (١٣٠٩) له ئاوایی (یاراڵی) ناوچەی گەورکی موكریان سەر به شارستانی مەهاباد له خێزانيكى دیندۆست و نیشتمانپەروەر چاوی بە دونیا هەڵێناوه. بەپێی زانیارییەکان بنەماڵەی مامۆستا پێشتر له گوندێک بە ناوی (نەجنەی سەروو)ی سەر بە شاری بانه بوون، دواتر بەهۆی كێشەى كۆمەڵایەتيی ناچار دەبن ئەوێ بەجێ بهێڵن و بچنه گوندی (یارالی) و دوای چەند ساڵێك لەوێشەوە بەرەو دەڤەری (لاجان)ی پیرانشار و لەوێش دەچنە بەری نەلێنێ و لە گوندی (سۆغانلوو) دەگيرسێنەوه.

مامۆستا وەک بەشێکی زۆر لە گەنج و لاوی ناوچەکە له تەمەنی پازده ساڵیدا دەچێته حوجرە و لەلاى مامۆستا (عەبدوڵڵا سولێمانی) دەست به خوێندنى سيپاره دەکا، دواى خوێندنى قوڕئان و گوڵستانی سەعدى دەچێته گوندەكانى (تورجان، بوغدەکەندی، قەرەگوێز، حەمامیان و... مامۆستا بۆ درێژەپێدان بە خوێندن و فێربوونی زانستەکانی عیلمی وەک داب و نەریتی ئەو ناوچە زۆربەی ناوچەکانی بۆکان و سەردەشت و...کردووە. بەڕێز مامۆستا فاتیحی بەهۆی هەژاری و دەستەنگی جاری وا هەبووه به ساڵیش نەگەڕاوه‌تەوە ماڵێ و سەردانی دایک و باوکی نەکردووە! کاتێک به سەفەر دەگەڕێتەوە گوندی سۆغانلو، دەبینێ ماوەیەکی زۆره باوکی کۆچی دوایی کردووه، ئەوەش کاریگەری زۆری لەسەر هەست و ڕوحی دادەنێ و ناخی دەتەزێنێ و دەبێتە خەمێکی گەورە و ئاسەواری بۆ ماوەیه‌کی زۆر لەسەر ڕوحی دەمنێتەوە! مامۆستا فاتيحى له ژيانيدا زۆر کوێرەوەری و چەرمەسەری دیتوون و زۆر به هەژاری ژیاوه. سەبارەت بەهەژاری خۆی دەڵێ: (جارێكی چوومەوه ماڵی مامم، جووتێک پێڵاوی تازەی بۆ كڕیبووم، بەڵام دڵم نەدەهات له پێیان کەم. ڕۆژەڕێیەک به پێیان ڕۆيشتووم كاتێک گەیشتمە نزيک ئاوایی، ئەوجار لەپێم کردوون، دەنا هەر به پێخواسى دەڕۆيشتم. بۆ ئەوەی پێڵاوەکانم كۆن نەبن). مامۆستا فاتیحی خاوەن دەنگێکی تایبەت بوو و لە بیرەوەرییەکانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: جارێکی فەقێیەک ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرت، کە ئەوكاتیش باو بوو دەبوايه سێ شەو و ڕۆژان ئاهەنگ و شایی لەگەڕ دابا و لەگەڵ ئەوەش هونەرمەندی تایبەت بانگهێشت دەکران. لەو بۆنە و ئاهەنگەدا بەڕێز (عەلی خەندان) هونەرمەندی ناوداری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار دەبێ و بەیەکەوە گۆڕانی دەڵێن. پاشان عەلى خەندان دەڵێ: (فەقێ ڕەحمان بۆچی واز له فەقێيەتی ناهێنی و نايەی بۆلای من، وەڵڵاهى قازانج دەکەی).

مامۆستا وەک شاعیر

پاڕانەوە

ئەی خودای بێ میسل و مانەند و غەفوور

ئەی خودای بەخشندەیی عەقڵ و شعوور

ئەی خودای قەههار و غەففار و ڕەئووف

ئەی خودای سەتتار و جەببار و عەتووف

بیکە خاتر حەوسیفاتی بەرزی خۆت

خۆش ببە لە گوناهی زۆری عەبدی خۆت

ڕووڕەش و ئابڕووتکاو و بەد ڕەوشت

ناتەوان و بێکەس و بێ دۆست و پشت

نیمە جێیەک بیکەمە ئومێد و جێی پەنا

هەر ئەتۆی جێگەی ئومێد و جێی پەنا

وا پەنام هێنایە دەرگای ڕەحمەتت

تۆش خودایی، خۆت و لوتف و نیعمەتت

قەبرە تەنگ و تارەکەم بۆ بکەی بەباغ

پڕ لە نوور کەی مەنزڵ و هۆدە و وەتاغ

عەبدوڕڕەحمان فاتیحی 

مامۆستا هەستێکی ناسک و دڵڕفێنی نووسینی شێعری هەبووە و له ساڵانی (١٣٣١- ١٣٣٢) بەهرەی شێعری فاتيحی دەگەشێتەوە و دەست به هۆنینەوە و نووسینی شێعر دەکا. هەڵبەت لەو سەردەمەدا تاکە شوێن بۆ بڵاوکردنەوە و خوێندنەوەی شێعر تەنیا دەنگ و ڕەنگی ڕادیۆی کوردیی کرماشان بوونی هەبوو، که زۆربەى شێعرەکانی بۆ ئەوێ دەنارد و لەلایەن بەڕێز شوکڕوڵڵای بابانەوە دەخوێندرانەوە؛ کۆی شێعرەکانی مامۆستا فاتیحی لە کتێبێک لەژێر ناونیشانی (کڵپەی دەروون) چاپ و بڵاو کراوەتەوە. مامۆستا عەبدوڕڕەحمان فاتیحی له ساڵی (١٣٤٠) لە گوندی ئاڵوەتانی سەردەشت ئيجازەى مەلایەتی لەسەر دەستى مامۆستا (نەجمەددین کەوکەبی) وەردەگرێ و هەر وەک داب و نەریتی ئەو کاتە خۆشی و شایی دەبێ.

مامۆستا له ساڵی (١٣٤٢) لە گوندی (دۆڵەتوو) دەبێتە مامۆستای ئایینی،  هەر هەمان ساڵیش ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێ و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە پێنج منداڵ بە ناوەکانی (خاليد، ئایشه، کاوه، تريفه و هێمن) دەبێ. مامۆستا له ساڵى (١٣٤٤) کە لە گوندی (چەکۆ) مەلا دەبێ، هاوکات دەبێ لەگەڵ سەرژمێری گشتی، بەڕێزیان زۆر تامەزۆی ئەوە دەبێ کە نازناوی (فاتیحی) بۆ بنووسن، بەڵام ئەوان گوێی نادەنێ و بە ئارەزووی خۆيان شۆرەتی (ئاشووفته)ی بۆ دەنووسن. ساڵانی (١٣٤٦-١٣٤٧) كاتێک ڕژێمی پاشایەتیی دەست دەکا به گرتنی ئازادیخوازان، بێگومان مەلا عەبدوڕڕەحمانی فاتيحيش بێبەش نابێ و لەلایەن (تیمسار ئووەیسی) فەرمانی گرتنی دەردەچێ و دەگیرێ و بۆ زیندانی (جڵدیان) دەگوازرێتەوە و دوای ماوەیەک زیندانی، ئازاد دەکرێ.

مامۆستا ترسی ئەوەی هەر دەبێ کە وازی لێ نەهێنن و دووبارە بیگرنەوە، بۆیە لە شەوێکی پاییزدا خرتە و پرتەکەی کۆ دەکاتەوە لە گوندی داوداوە سنوور دەبەزێنێ و دەچتە گوندی شینێ باشووری کوردستان. پاشان دەچێتە گوندی زێوکەی ده‌ڤەری پشدەر و لەوێ دەبێتە مەلای ئاوایی. مامۆستا دوای ماوەیەک دووری لە شاعیر میللی و هاوڕێ نزیکی (حەمەپۆڵا) لەوێ یەکتر دەگرنەوە. بەڕێز حەمەپۆڵا ئێستاش لە کۆڕەکانی خۆی ئاماژە بەوە دەکا کە شەوانە دوای نوێژی خەوتنان لە ماڵی مامۆستا باسی سیاسی و ئەدەبمان دەکرد، لەوێ کابرایەک هەبوو ناوی مام (ڕەسوو) بوو کە هەموو شەوێک دەهات و لەوێ کۆڕەکەی دەکردە ئی خۆی و تەنیا باسی سەزەردی دەکرد، کە چ سەگێکە و حەریفی چەند گورگانە، شەوێک نەبوو دوان نەبوو، وتم ئاوا بڕوا دەری ناهێنێ، شەوانە ئەگەر دەهات دوای کاتژمێرێک دەمگوت: ئەرێ مام ڕەسوو نەیکەینە شەو؟ دەیگوت کەیفی خۆتە، کە دەڕۆیشتین ئەو کە دەچۆوە ماڵێ، دەگەڕامەوە و دەهاتمەوە لای مامۆستا تا دڕەنگانی شەو بەیەکەوە دادەنیشتین دوور لە باسی سەزەردی!

دوای ماوەیەک لە گوندی زێوکە دەڕوات و دەچێتە گوندی دێلۆ و لەوێش دەبێتە مەلای گوند و هاوکات لەگەڵ ئەوەش حوجرە و فەقێی دەبن. بەڵام دوای ماوەیەک ناچار دەبێ ئەوێش بەجێ بێڵێ و بەرەو شاری قەڵادزێ ڕێکەوێ و خەریکی کار و ئیشی کرێکاری دەبێت. پاش ماوەیەک دەچێتە گوندی وڕان لەوێ کابرایەک مەلای ڕەمەزانی دەبێ کە: مامۆستا عەبدوڕڕەحمان دەبینێ، دەبێتەوە مجێوری مزگەوت و واز لە مەلایەتی دێنێ، بۆیە مامۆستا دەڵێ: (ئەمساڵ لە گوندی شۆڕان/ مەلا و مزگەوت گۆڕان/کۆڵنەدەری تووتنەوان/ بوو بە مەلای ڕەمەزان/ وەک مەلای خڕێ بەرداشان بوو بە مجێور لە پاشان)

جارێکی دیکەش شۆڕان بەجێ دێلێت و دەچێتەوە قەڵادزێ. لە ڕێکەوتی ١٣٥٣/٤/۲٤ کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژیمی بەعس شاری قەڵادزێی بۆردمان دەکەن، ئەویش وێرای خەڵکەکە قەڵادزێ بەجێ دێڵێ و دەچێتە گوندی سۆنی و تا ساڵی ١٣٥٦کاتێک ڕژێمی بەعس گوندەکانی دەڤەری پشدەریی ڕاگواست، گوندی سۆنیش بۆ ئوردووگای توەسووران ڕاگوێزرا. ساڵی ١٣٥٧کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕژێمی پاشایەتیدا سەرکەوت، مامۆستای شاعیر دەگەڕێتەوە ڕۆژهڵاتی کوردستان و لە شاری پیرانشار دەگیرسێتەوە و لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر دەگەڕێتەوە باشووی کوردستان و گوندی کەنجاڕێ خەریکی ئیشی مەلایەتی و تووتنەوانی دەبێ تا ساڵی ١٣٧٠ و لە کتی کۆڕەوەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی  گرداشەوان دەبێتەوە بە مەلا. لە کۆتاییدا له‌ ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٨١ی هه‌تاوی هەر لەوێ کۆچی دوایی دەکا و دەچێتە بەر قاپی ڕەحمەتی پەروەرێنی بێهاوتا و لە گۆڕستانی گوندی گرداشەوان بەخاک دەسپێردرێ.

نووسەر: خالید فاتیحی

سەرچاوە: کتێبی کڵپەی دەروون (هۆنراوە شێعری خواڵێخۆشبوو مامۆستا عەبدوڕڕەحمان فاتیحی).