چاکەکاری- العمل الصالح-

بسم اللە الرحمن الرحیم 
وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ وَعَمِلُواْ ٱلصَّٰلِحَٰتِ سَنُدۡخِلُهُمۡ جَنَّٰتٖ تَجۡرِي مِن تَحۡتِهَا ٱلۡأَنۡهَٰرُ خَٰلِدِينَ فِيهَآ أَبَدٗاۖ لَّهُمۡ فِيهَآ أَزۡوَٰجٞ مُّطَهَّرَةٞۖ وَنُدۡخِلُهُمۡ ظِلّٗا ظَلِيلًا (٥٧)النساء  

چاکەکاری- العمل الصالح-

هەموو مرۆڤەکان لەڕوی بونیانەوە -وجود-، بێجیاوازی و یەکسانن، چونکە لەماهیەتدا یەک جەوهەر و سروشتیان هەیە،کەڕۆحە، ڕۆحیش ئەوبەشە خوداییەیە، و وەکیەک بەهەموو مرۆڤەکانی بەخشیوە، کەواتە بنەما و فاکتەری هەڵاوێردن و جیاکردنەوە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا پەیوەستە بە پێگە و ڕۆڵی کەسیەتیان، ئەویش لەسەر بنەڕەتی:
١- کار و هەوڵ و تێکۆشان -العمل-.
٢-بەهرەوزیرەکی ولێهاتنی تاکەکەسی- شخصي-.
چاکەکاریی یەکێکە لەودەستەواژانەی لەقورئانی پیرۆزدا بەبۆنەی جیا چەند جار دوبارەبووەتەوە، مەرجی چاکی هەرکارێک لەپێوانە و میزانی قورئاندا هەبوونی باوەڕ بەخودا و عەقیدەی ئیسلام و سەرلەبەریی فەرمان و ڕێنماییەکانیەتی، بەگرێدانی چاکەکاریی بە باوەڕ وعەقیدەی ئیسلامەوە، لەلایەک ئاماژەی گرنگی پێگە و ڕۆڵی وەزیفی چاکەکارییە لەکۆمەڵگەدا و لەلای دووهەمەوە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی پاڵنەرەکانی هەستان بەچاکەکاری و بەستنەوەیەتی بە پاداشتەخوداییەکەوە، لەگەڵ هەرسوودێکی مادی و نامادی کەلەهەست و دەرونی چاکەکار دێتەی.
ئەگەر پێناسە تەقلیدیەکی چەمکی«کار» لە فەرهەنگی ئابوریدا وەرگرین بریتیە لە:(هەموو ئەو هەوڵە جەستەییەیە بەماسولکە و بیروئەندێشە لەلایەن کەسێکەوە دەدرێت، لەبەرامبەر کرێیەکی دیاریکراو لەکاتێکی دیاریکراودا)..بەمە دەوترێت کاری کرێگرتە پاڵنەرەکەی بژێوی و مەبەستەکەی دەسکەوتنی کرێیە.
لێرەوە دەتوانین بگەینە پێناسەیەکی چاکەکاریی کە بریتیە لە:{ هەموو کردار و ڕەفتار و گوفتارێکە کەسێک یان کۆمەڵ و لایەنێک پێیهەڵدەسێت، بەمەستی گەیاندنی سود و چاکەی گشتی و تایبەت، و تاکەکانی کۆمەڵگە لێی بەهرەمەند دەبن.}..
نوسەرانی ئەمبوارە میانەیەکی ئاشکرایان لەنێوان شتی چاک -الصالح- و بەکەڵکدا- النافع- خستوەڕوو،
چاک- ساڵح- واتە شتێکی تەواو و کامڵ و بێکەموکورتی، بەکەڵک مەرج نیە بێکەموکورتی بێت، سیارەیەکی بەکەڵک، دەشێ کەموکورتی و خەلەلی تیابێ، بەڵام کەوترا سیارەیەکی چاک واتە بێ کەموکورتیە و بەکەڵکی هەمووکەس دێت..
بە پشتبەستن بەو بنەڕەتەی کە پاڵنەرەکان مانابەکارێک دەیگۆڕنەسەر چاکەکاریی، لێرەوە ئەم چەمکە گشتگیردەبێت و کایەکانی ژیانی کۆمەڵگە دەگرێتەخۆ، هەرلەبواری یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و هونەری و ڕێکخراوەییەوە تا گەشتنە ئاستی قورسایی مسقاڵە زەڕەیەک.

(ماویەتی)