خوا لە هەموو شوێنێک لەگەڵمە، دەمبینێ و چاودێرمە. لەڕاستیدا ئەو هەمیشە بەیادمە! بەڵام من چۆن بە یادت بم خودایە؟! کە من ئەو کەسەم پێویستیم پێتە. من نیازمەندی تۆ و تۆ بێ نیاز لە هەمووان، من خەتابار و تۆ بەخشندە و دڵۆڤان! من هەژار و تۆ دەوڵەمەند، من داماو و تۆ شکۆمەند! من لاواز و تۆ بەهێز، من لێقەوماو و تۆ فریاڕەس!
«إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي»
وەک مامۆستا ناسر سوبحانی دەفەرموێ: «گەر نوێژ نەبێ، یادی خوا ناکری و گەر یادی خوا نەکرێ، پەیوەندی لەگەڵ خوا دەپچڕێ، ئەگەر پەیوەندیش نەما، ئیخلاس دروست نابێ و هیچ کردەوەیەک بێ ئیخلاس وەرناگیرێ! کەواتە ئەوە بەندایەتی نەکراوە!»
کەواتە منێک کە خوای گەورەم هەمووکات چاودێر و بینەر و بیسەر بەسەر هەموو کارەکانمدا بینی و پێویستە هەمووکات بە یادی بم، گرینگیی نوێژەکانم بۆ دەردەکەوێ. بۆیە زۆر جار کە بیر لەم ئایەتە دەکەمەوە و لێپرسینەوەی نەفسم دەکەم هەندێ جار بە هۆی دڵتوندی و شەرمەزارییەوە دو ڕەکات نوێژ دەکەم و هەندێ جاریش بە هۆی ئومێد و دڵخۆشییەوە سوژدەی شوکر دەبەم.
ئەو کاتەی لەگەڵ نائومێدی ململانێ دەگرم و بەرەنگاریی خەمەکانم دەبمەوە، لە بەرابەر پەروەردگارم ڕادەوەستم و لە هەمبەر کارجوانی و حیکمەتەکانی خوا چۆک دادەدەم و لە سوژدەیەکدا هەموو دڵتەنگی و مەینەتییەکانم بە خاک دەسپێرم و بۆ هەمیشە دەیاننێژم و سەری ئومێد و ئارامی بەرز دەکەمەوە.
هەندێ جاریش تاوانەکانم، ئەژنۆم دەشکێنن و لووتی بەرزم لە حەرزێ دەدەن، بۆیە لە ڕکووع و سجوودەکانمدا زیاتر دەمێنمەوە و شیوەن دەکەم تا کۆڵەباری تاوانەکانم سووکتر بکەم.
بەڵام هەر ئەوەندەی کەوتمە یادی خوا، دڵ لە جەستە نامێنێ و بەرەو خوا باڵ دەگرێ و نە هۆش لە دنیا دەمێنێ و نە خەفەتی ڕابردوو و نە ترسی داهاتوو هێرشم بۆ دێنێ .
لە نێو هەڵات هەڵاتی ئەم ژیانەدا ئەوە خوایە کە هەمووکات بە یادی منە، لەسەرخۆ گوێم بۆ دەگرێ، پێش ئەوەی دەم بکەمەوە قسەم دەبیستێ و بەر لەوەی داوای لێ بکەم پێم دەبەخشێ، ئەسرینەکانم دەسڕێتەوە و برینەکانم ساڕێژ دەکا.
خوا ئەو پاشایەیە کە هەمیشە ئامادەیە، لێت دەڕوانێ و گوێی لێتە و خەیاڵەکانی دڵت بۆ ڕێک دەخا. خوا پاشای ئەو دڵەیە کە ناسیویەتی و چۆکی بۆ داداوە.
هەموو جار کە گوێم لە دەنگی بانگ دەبێ، ئەم ئایەتەم دێتەوە بیر کە دەفەرموێ:
«إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي»
، وەک هەموو جار خۆت بانگم بکەی. هەرکات گوێم لە «حی علی الفلاح» دەبێ، ئیتر هەمم و خەمی ژیانم لەگەڵ یەکەم «اللّە اکبر» وەپشت گوێ دەخەمە و ئاوڕیان لێ نادەمەوە، چونکە دەچمە خزمەت خوایەک کە کانگای ئارامییە و هێمنی‌دەری ترسەکان و دادگەری حەق و ڕاستییە.
ئیتر کێوی توور بە هەموو گەورەیی خۆی لە پانتایی بەرماڵەکەمدا کۆ دەبێتەوە و ئەم ئایەتەش وەک بڵێی یەکەم جار بۆ من دابەزیبێ و ڕووی لە من بێ!
وەک خوا پێم بفەرموێ دوای ناسینی خوایەتی من و بەندایەتی تۆ نوێژ، یەکەم ڕێگەی نێوانمانە.
ژیان فێری کردم مرۆڤ سەر بۆ هەر کەسێک دانوێنێ و بچەمێتەوە، ئیللا پێی سەرشۆڕتر دەبێ! بەڵام سوژدەکانی نوێژ تا درێژە بکێشن و زیاتر بن لای خوای گەورە پلە و پایەی بەرزتر دەبێ!
پێغەمبەر(د.خ) دەفەرموێ: «خوای گەورە ئاخری هەموو شەوێک دێتە ئاسمانی دنیا و بانگهێشتی بەندەکانی دەکا و دەفەرموێ کێیە داوای لێخۆشبوونم لێ بکا تا لێی خۆش بم. کێیە داوای شتێکم لێ بکا تا پێی ببەخشم». ڕێک ئەم ئایەتەم هاتەوە بیر: 
«إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي»
لە نیوەشەوی تاریکدا خوا دەبێتە میوانی ئاسمانی دنیا و لەوکاتەی لە بێدەنگییەکی خامۆشدا جەستە دەحەسێتەوە، ئەویندارانی خوا بەرەو پێشوازی مەعشوقیان دەست‌نوێژ دەشۆن و بە نوێژ و پاڕانەوە ڕۆح و دڵیان پاراو دەکەن و دەحەسێننەوە.
هەمووی ئەو بیر و فکرانە کاتێک دەستی پێ کرد کە لەخۆم پرسی ئایا من شایەنی ئەوەم ڕۆژێک خوا قسەی لەگەڵ کردبام، ئەگەر هاتبا و قسەشی کردبایە، ئایا ڕووم دەبوو بەرامبەری بوەستم و سەر هەڵێنم؟! هەستی من وەک مووسا چۆن دەبێ؟! بۆیە منی بۆ لای لێپرسینەوەی نەفس و بەندایەتی ڕاکێشا. بەڵام ئەگەر هەمووی ئەوانە تەنیا خەیاڵێک بێ، ئایا دەبێ ڕۆژێک ببێتە ڕاستی؟!
بە گوێی خۆم لە پەروەردگارم ببیستم: «إننی أنا الله»؟! بەڵێ! بەدڵنیاییەوە خوا ڕۆژێک دەفەرموێ: «أننی أنا الله» ئەویش چ کات؟! لە بەهەشتەکەی خۆیدا! خوا بیکاتە قسمەتمان. بۆیە زیاتر تامەزرۆم دەکا واز لە نەفسم بێنم و بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە تێبکۆشم و بە ئارەزووی بیستنی ئەم دەنگە و دیتنی ئەم زاتە هەنگاو هەڵێنمەوە.

بەشی کۆتایی