بیرم لە کارەکانی خوا دەکردەوە؛ یووسف و مووسا هەردوکیان لە ئاو هاویشتران، یەکیان لای فیرعەون و دەسەڵاتداری وەڵات گریسایەوە و ئەوەی تریان بوو بە کۆیلەی پیاوێکی کاروانچی. هۆکاری کوشتن و لە چاڵکردنی یووسف، براکانی بوون و هۆکاری ڕزگاری مووسا، خوشکەکەی. جەرگ سووتاوی یووسف باوکی بوو و دڵ برینداری مووسا دایکی. مووسا تەنیا دوای چەند ساتێک گەڕایەوە باوەشی دایکی، یووسف دوای تەمەنێک بە دیداری باوکی گەشایەوە. مووسا و یووسف هەردووکیان لە تەمەنی منداڵیدا بڕیاری کوشتن و لەبەینبردنیان درا، دوژمنی یووسف براکانی و لە بنەماڵەی خۆی بوو و گەورەی میسر پەنای دا، دوژمنی مووسا فیرعەون و گەورەی وەڵات بوو و شێخەکەی مەدیەن باوەشی بۆ گرتەوە و لە ئەنجامدا لە شەوێکی تاریکدا، کە بە شوێن گەرم کردنەوەی خۆی و بنەماڵەکەیدا بوو، مەشخەلێکی درایە دەست کە گەلێکی چەوساوە لە ژێر چەپۆکی ستەمکاران ڕزگار کات! 
یووسف بە هۆی هەڵاتن لە ئەنجامی تاوان چۆ زیندان و ئەسیر و بەند کرا، مووسا بە هۆی ئەنجامی تاوان هەڵات و لە شارەکەی ئاوارە کرا. یووسف لە کۆیلەیەتی و هەڵوەداییدا بوو بە گەورەی میسر، مووسا لە ناز و نیعمەتی کۆشکی فیرعەونەوە بوو بە شوان و هەژار و نەدار. خەونی پاشای میسر بوو بە هۆی ئازادکردنی یووسف، خەونی فیرعەونیش بوو بە هۆی بڕیاری کوشتنی مووسا. یووسف و مووسا هەردووکیان پێغەمبەر و هەڵبژاردەی خوا بوون، بەڵام دەبینم دۆخەکان چەندە جیاواز و کارەکانی خواش چەندە پڕحیکمەت بوون.
پێشهاتەکانی ژیان بۆ هەر کەسە دەبێتە دۆخێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی، مرۆڤەکان ئەم دۆخانە تێپەڕ دەکەن و هەرکەسە بە شێوازێک تاقی دەکرێتەوە.
«اننی انا اللە...»، کاتێک گوێبیستی ئەم ئایەتە دەبمەوە، وا هەست دەکەم خوا پێم دەفەرموێ گۆڕانی حاڵەتەکان و جیاوازی دۆخەکان خەمبارت نەکەن، بێگومان خوای یووسف هەمان خوای مووسا بووە و هەر ئەویشە خوای من و هەموو جیهان. من نە یووسفم و نە مووسا و نە پێغەمبەر، بەڵام هەندێ جار یووسف ئاسا  لە چاڵ دەکەوم و هەندێ جاریش وەک مووسا هەڵوەدا دەبم.
دەبینم لە چیرۆکی ئەم دوو پێغەمبەرە، هەندێ شت بۆ یەکیان خێر بووە و هەر ئەو شتە بۆ ئەوەی تر شەڕ بووە، زانستی ئەم حیکمەتانە تەنیا لای خوایە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ بەندەی خودا بوو بە دڵنیاییەوە هەرچی بێتە سەر ڕێگای ئەوە خێرە بۆی، جا گەر حاڵەتەکەش لای زۆر تاڵ و ناخۆش بێ، لە کاتی خۆیدا خوا شیرینی ئەم دۆخەی پێ دەچێژێ و حیکمەتەکانی بۆ ڕوون دەکاتەوە.
«اننی انا اللە...»، بە پێی دۆخەکان و حاڵەتەکانی ژیان، جیلوەکانی ئەم ئایەتەم بۆ دەردەکەوێ، بۆ نموونە: ئەوکاتە کە حیکمەتی کارێکم بۆ ڕوون دەبێتەوە وەک ئەوە دەچێ خوا گەورەیی و کارزانی خۆییم پێ بسەلمێنێ، یان ئەوکات بێ ئەمری خوا دەکەم و تووشی بەڵا دەبم، لەوە دەچێ ئەم ئایەتە زۆر بە تووندی قاوم بکا و ڕق و تووڕەیی خوام نیشان دات، یان ئەوکاته‌ی سته‌مم لێ دەکرێ و دڵم خەمبارە، ئەم ئایەتە زۆر بە نەرم و نیانی سۆز و ڕەحم و میهرەبانی خوام نیشان دەدا و ئومێدم پێ دەبەخشێ. لەوە دەچێ ئەوکاتەی کە لە ژیانمدا سەردەکەوم، زۆر بە دڵخۆشییەوە پیرۆزباییم لێ دەکا و ئەوینی خۆیم بۆ دەنوێنێ و شوکر و سپاسی خوام بیر دەخاتەوە. ئەوکاتەش دەکەوم و شکست دێنم، زۆر بە میهرەبانی ئامێزم بۆ دەکاتەوە و چاوەڕوانە دەستم بۆ لای ئەو بەرز کەمەوە تا سەرلەنوێ بەرزم بکاتەوە و سەرم بخات، لەوە دەچێ تەوەککول و ئومێدێک بەس بێ.
ئێستاکەش کە دەکەومە دۆخی جیاواز، وەک بڵێین تووشی گرفتێک دەبم دوبارە و سەرلەنوێ: «اننی انا اللە...» من وا هه‌ست ده‌که‌م که خوا پێم ده‌ڵێ: من ئەو خوایەم کە پێشتریش ڕزگارم کردی، ئێستاش دەتوانم ڕزگارت بکەم چونکە من خوام، من ئەو خوایەم کە پێشتر کارەکانم بۆ ڕێک خستی، ئێستاش و لە داهاتووشدا هەر دەتوانم، من ئەو خوایەم تۆم بەخشی و چاوپۆشیم کرد و عەیبەکانتم شاردەوە، ئێستاش بەو ڕادەیە لێبووردە و دڵۆڤانم و زیاتر لە هەموو کەس بە گەڕانەوەت دڵخۆشم. دەبینی من هەر ئەو خوایەم و لێواولێو پڕم لەو شتەی تۆ نیازت پێیە و هیچ کات کەم ناهێنم. ئەوەی کەم و زیاد دەکا، تۆی نەک من، ئیمان و باوەڕی تۆیە نەک میهر و گەورەیی من، بەندایەتی تۆیە نەک خوایه‌تی من!
ئێستا کە دیسان گوێبیستی ئەم ئایەتە دەبمەوە: «اننی انا اللە...»، دەبینم هیچ جیاوازییەک لەبەینی خوای ڕابردوو و ئێستاکە و داهاتوودا نییە و منیش هەر ئەو بەندەیەم، ژیانیش تا کاتی خۆی بەردەوامە، بۆیە دڵنیام لەمەودواش نیعمەت دێن و دەڕۆن و بەڵا و گرفتیش هەر بەو شێوازە. دۆخەکان جێگای خۆیان دەگۆڕنەوە، تەنیا شتێکی کە جێی گۆڕان و باش کردنە، هەڵوێستی منە، واتە باشتر بڵێم باس باسی بەندایەتییە.
ئەو خوایەی کە تا ئێستا بە شێوازی جۆراوجۆر، بە خۆشی و ناخۆشی، تاڵی و شیرینی تاقی کردوومەوە، لەمەودواش تاقیم دەکاتەوە و ئەو ژیانەش ڕەواڵی خۆی دەپێوی و ئەم ئایەتەش تا ڕۆژی دوایی و کاتی خۆی پارێزراوه‌ و دەبیسترێ و دەبیندرێ و هەستی پێ دەکرێ، هەندێ جاریش مرۆڤ لە دەریای بێ بنیدا گەشت دەکات و بەو پەڕی متمانەوە گەوهەر و یاقووتەکانی دەردێنێت و ژیانی پڕ لە گەوهەر دەکات!

 

درێژەی هەیە….