مەبەست لە کاری منداڵان، بەشداریکردنی منداڵانە لەو چالاکییەکە ئابوورییانە کە ڕێگە دەگرێ لە خوێندن، پەروەردە و بارهێنان و هەروەتر گەشەی تاکی و کۆمەڵایەتییان. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار، لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە لەسەر پرسی جیهانی کارکردنی منداڵان و بۆ سڕینەوەی ئەو دیاردەیە، هەنگاوی ناوەتەوە.

هەر بەم پێیە ڕۆژی ١٢ی ژوئەن وەکوو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان ڕاگەیاندراوە. ئەمڕۆکە لە سەرانسەری جیهاندا، نزیکەی ٢١٥ ملیۆن منداڵی کار،  بوونی هەیە.

کارکردنی منداڵان بە مانای ئەو ئیش و کارەیە وا بۆ منداڵان لە تەمەنێکی دیاریکراودا قەدەغەیە. زۆربەی ئەو ٢١٥ ملیۆن زارۆکە  بە شێوەی تەواوکات خەریکی ئیشن و بێبەشن لە ڕۆیشتن بۆ قوتابخانە.

هەروەها زۆربەیان لە خۆراک و ئاگاداری پێویست بێبەشن و بە گشتی  لە هەل و قۆناغی منداڵی دوورن.

پتر لە نیوەی ئەو منداڵانە، بەرەوڕووی خراپترین و قورسترین کارەکانن؛ وەکوو:

 کار کردن لە شوێنی پڕمەترسی، کۆیلەتی یان شێوەکانی دیکەی کاری زۆرەملی، چالاکی نایاسایی وەکوو قاچاخی مادەسڕکەرەکان و گەندەڵی و هەروەتر بەشداری لە شەڕی چەکدارانە.

لە لایەکی ترەوە:

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەلجەزیرە و بە گوێڕەی داتایەکی رێکخراوی جیهانی ڕزگارکردنی منداڵان، یەک لە سەر چواری منداڵانی جیهان قۆناخی منداڵی تێپەڕ ناکەن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەم رێکخراوەیە،٦٩٠ ملیۆن لە منداڵانی جیهان، بە هۆکاری جیاواز چێژ لە قۆناخی منداڵی خۆیان نابینن.

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، ئەم ڕێژەیە لە منداڵانی جیهان، لەگەڵ شادی و خۆشی سەردەمی منداڵی نامۆن.

ڕاپۆرتەکە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە شەڕ، بەریەککەوتنی سەربازی، هاوسەرگیریی پێشوەختە و نەچوون بۆ قوتابخانە، بەشێک لەو هۆکارانەن، کە ئەم منداڵان چێژ و خۆشی لە سەردەمی منداڵی خۆیان نەبینن.

راپۆرتەکە لە ئەنجامی لێکۆڵێنەوە لە ١٧٣ وڵاتی جیهان ئامادە کراوە و تێیدا دۆخی منداڵان تاوتوێ کراوە. بە گوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەڵێن لە هەر چوار منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، یەک منداڵ لە سەرەتاییترین مافەکانی منداڵی بێبەشە.

بە هیوای ڕۆژێک کە هەموو منداڵانی جیهان، بە خۆشی لە تەمەنی منداڵیان چێژ وەرگرن.

سەرچاوەکان:

http://www.nuche.net

http://kurdish.sahartv.ir