مانگی ڕەمەزان یەكێكە لە گرنگترین‌و باشترین ساتەكانی تەمەن‌و دەرفەتێكی زێڕین‌و ئێجگار گرانبەهای مرۆڤە باوەڕدارەكانە بەگشتی‌و ڕۆژووەوانەكان بەتایبەتی بۆ كۆكردنەوەی دەغڵ‌و خەرمانی خێرو چاكە‌و هەوڵ‌و هەنگاوەكانی خوا لەخۆڕازیكردن، كە دەكرێت زۆرترین سودو بەهرەی لێ‌ وەربگیرێ‌‌و بكرێتە وەرزی بەرەكەتداركردنی تەمەن‌و باڵاكردنی ڕۆح‌و بووژانەوەی دڵ.

یەكێك لەو كارە چاكە بەرهەمدارانەی كە لەم مانگەدا ئەنجام دەدرێ‌، وتارو مۆژیاری مامۆستایان‌و زانایانی ئایینی‌و بانگخوازەكانە، ئیدی چ لە مزگەوتەكانەوە بێت چ لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن‌و كۆڕو كۆبوونەوەكانەوە، ئەم وتارانە تا ئاستێكی باش كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەفتارو گوفتارو حاڵەتی ڕۆحی‌و مەعنەوی‌و دەروونی تاكەكان هەیە، بەو حوكمەی كە هاوڵاتیان بە ئامادەییەكی زیاتری زەینی‌و ڕۆحییەوە گوێ‌ لە وتارەكان ڕادەگرن.

مەخابن یەكێك لەو حاڵەتە نەرێنی‌و نێگەتیڤانەی كە زاڵە بەسەر وتارو مۆژیاریكردنەكانی زۆرێك لە زانایانی ئایینی‌و بانگخوازەكاندا، پێشكەشكردنی گوتاری ترس‌و تۆقاندن‌و نائومێدكردنی باوەڕدارانە بەگشتی‌ و ڕۆژووەوانان بەتایبەتی، ئەمەش بە بەردەوام باسكردنی غەزەب‌و توڕەیی‌و قەهری خوا‌و یادخستنەوەی دیمەنە سەخت‌و دژوارەكانی دۆزەخ‌و سزای بێ‌ باوەڕەان‌و گوناهباران، كە كاریگەری زۆر خراپ لەسەر باری ڕۆحی‌و حاڵەتی مەعنەوییان بەجێ‌ دەهێڵێت‌و تووشی جۆرێك لە بێ‌ هیواییان دەكات لە سۆزو بەزەیی‌و لێبوردنی خوا، هەروەها بە پێشكەشكردنی ئەم چەشنە وتارانە لە لایەن زانایان‌و بانگخوازانەوە، هاوڵاتیان بەگومان دەبن لە قبوڵبوونی تاعەت‌و بەندایەتی‌و خێرو چاكە‌و ڕۆژووەكانیان لای خوای میهرەبان، ئەمەش لەكاتێكدایە كە باسی دۆزەخ‌و بەهەشت‌و توڕەیی‌و تۆڵە‌و سزای خوا‌و باسی سۆزو بەزەیی‌و میهرەبانی‌و لێبوردەیی‌و بەخشندەیی خوا لە قورئاندا پێكەوە باسكراون، بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە نێوان ترس‌و ئومێد (خەوف‌و ڕەجا)دا بێت، ئەمە بۆ حاڵەتە ئاساییەكان، بەڵام دەبێ‌ ئەوەشمان لەیاد بێت كە مانگی ڕەمەزان‌و كاتی ڕۆژوو گرتن بۆ ڕۆژووەوانان كاتێكی ئاسایی نییە، بەڵكو كاتێكی زۆر تایبەت‌و دانسقە‌و دەگمەنە، مانگێكە لێوانلێوە لە سۆزو بەزەیی‌و بەخشندەیی‌و میهرەبانی‌و عیشق‌و خۆشەویستی خوا، مانگی ئومێد‌و دڵخۆشبوونە بە ڕەحمی خواو چاوەڕوانی كردنی بەهەشت‌و نازو نیعمەتەكانی، بۆیە پێویستە وتارو بابەتەكانیش زیاتر لەو بازنەیەدا بسوڕێنەوە‌و دڵخۆشكەر‌و هیوابەخش بن.

ئەی مەگەر فەرموودەكان ئاماژە بۆ ئەوە ناكەن كە لەم مانگە پیرۆزەدا دەرگاكانی دۆزەخ دادەخرێن‌و شەیتان‌و دارودەستەكەی كۆت‌و بەند دەكرێن؟ ئەی دەرگاكانی بەهەشت ناكرێنەوە؟ ئیدی چ پێویست دەكات كە ئێمە هەر بە باسی قەهرو توڕەیی خواو ئاگری كڵپەسەندووی دۆزەخ بیانترسێنین‌و دیمەنە ناڕەحەت‌و پڕ لە ناسۆرو دژوارەكانی دۆزەخیان بهێنینە پێش چاو؟ ئەی ناكرێ‌‌و پێویست نییە كە دڵخۆشیان بكەین بە سۆزو بەزەیی‌و میهرەبانی‌و لێبوردنی خوا؟ ناكرێ‌ لەبری ئەو هەمووە هەڕەشە‌و ترساندن‌و تۆقاندنەی باوەڕداران‌و ڕۆژووەوانان، مژدەی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوا‌و چوونە ناو بەهەشت‌و نازو نیعمەتەكانی فیردەوسیان پێبدەین؟ ئایا بڕیار نیە كە كەش‌و ژینگەكان كاریگەرییان هەبێ‌ لەسەر چۆنیەتی وتارو پەیامەكانمان؟ ئایا كەش‌و هەوای مەعنەوی‌و ئیمانی‌و عیرفانی مانگی ڕەمەزان ئەو دەرفەتەی نەڕەخساندووە كە مرۆڤەكان زیاتر لە خوا نزیك ببنەوە‌و دووربكەونەوە لە گوناهو تاوان؟ كەوایە بۆچی سود لەو حاڵەتە ڕۆحی‌و مەعنەوییە وەرنەگرین‌و گوتارو پەیامەكانمان دڵخۆشكەر‌و لێوانلێو نەبن لە مژدەی خۆش‌و ئاسودەبەخش بۆ ئەوانەی كە لە مزگەوتەكان‌و لەناو كۆڕو كۆبوونەوەكان‌و لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە گوێ‌ لە وتارو مۆژیارییەكانمان دەگرن؟

چەند كارێكی پێویست‌و باش دەبێ‌ كە لە مانگی ڕەمەزاندا لە زۆرترین یاخود هەموو وتارو بابەتەكانماندا باسی خۆشەویستی‌و عیشقی خواو نازو نیعمەتەكانی بەهەشت بكەین، باسی دیمەنە ناسك‌و زەریف‌و جوانەكانی بەهەشت‌و مەجلیسە گەرمەكانی كۆڕی پێغەمبەران‌و شەهیدان‌و پیاوچاكان‌و ڕاستگۆیان بكەین، باسی پاداشتی گەورەو فراوان‌و چەند بەرامبەری بەندایەتییەكانی ئەم مانگە بكەین، باسی لیقاو دیداری خوا لە ڕۆژانی هەینی‌و گەشت‌و گەڕانی ناو باخەكانی فیردەوس، باسی بەیەكگەیشتنەوەی دۆستان‌و یاران‌و پێشكەشكردنی پەیڤی جوانی [سَلامَاً سَلامَاً] بە یەكتر.

ئەگەر پێچەوانەی ئەمە بكەین‌و بەتایبەت لە مانگی ڕەمەزاندا هەمیشە وتارەكانمان نائومێدكار‌و پڕ بن لە ترس‌و تۆقاندن‌و باسكردنی توڕەیی‌و قەهری خواو سزای سەختی دۆزەخ، ئەوا بەدڵنیاییەوە خەڵكی بەگشتی‌و ڕۆژووەوانان بەتایبەتی هیچ چێژو خۆشییەك لە بەندایەتی‌و خواپەرستییەكانیان نابەن‌و هیچ دڵخۆشییەك ڕوویان لێناكات.

بۆ نموونە دیمەنی كەسێكی ڕۆژووەوان بهێننە پێش چاوتان كە لە پارشێوەوە خەریكی بەندایەتی‌و نوێژو زیكرو تەسبیحاتە‌و نوێژی بەیانی لە مزگەوت بە كۆمەڵ دەكات‌و پاشتر جوزئێك یان كەمتر قورئان دەخوێنێ‌، كە ڕۆژیش بوویەوە بە برسیەتی‌و تینویەتی دەچێتە سەر پیشە‌و كارەكەی‌و نوێژی نیوەڕۆ‌و عەسریش لە مزگەوت دەكات‌و پاش عەسریش بەدیار وتاری مامۆستای مزگەوتەوە دادەنیشێ‌، بەدەم دوعاو پاڕانەوەو داوای قبوڵبوونەوە ئێوارە بەربانگ دەكاتەوە، بە پەلە‌و هەڵەداوان خۆی فریای نوێژی عیشاو تەراویح دەخات، پاش تەواوبوونی نوێژی تەراویح‌و تێپەڕبوونی ئەم ڕۆژە پڕ لە عیبادەت‌و خواپەرستییە، بە شەوق‌و تامەزرۆییەوە دادەنیشێ‌ تا مامۆستای مزگەوت وتارێك باس دەكات‌و گوێی لێبگرێت، مامۆستاش (خوا پاداشتی بداتەوە!!) یەكڕاست دەچێتە سەر باسی غەزەب‌و قەهرو توڕەیی خوا‌و سزای سەختی دۆزەخ‌و دیمەنە ترسناك‌و دڵهەژێنەكانی ئاگری كڵپەسەندووی تاودراو بە بەردو ئاگرو هتد...

ئێوە بڵێن ئەم بەندە بەستەزمانە دەبێ‌ دڵی بەچی خۆش بێت‌و چ هیواو ئومێدێكی هەبێ‌ كە خوا بەندایەتی‌و ڕۆژووەكەی قبوڵ كردبێت‌و پاداشتی بداتەوە‌و بیخاتە بەر سۆزو ڕەحمەتی خۆی‌و ناو بەهەشتەكەیەوە؟! چۆن ڕۆژووگرتنی لەلا ئاسان‌و بەچێژ دەبێت‌و هەست بە بێزاری‌و ماندووبوون‌و شەكەتی ڕۆحی‌و جەستەیی ناكات؟! بۆیە دەڵێین تكایە ـ لانی كەم لەم مانگە پیرۆزەدا ـ دەست هەڵگرن لە باسی دۆزەخ‌و قەهرو توڕەیی خوا‌و دیمەنە سەخت‌و دژوارەكانی دۆزەخ.