لەو دانیشتنه، وێڕای ئاراستەکردنی ڕاپۆڕتێک لە چالاکییە کولتووری، کۆمەڵایەتی و خێرخوازییەکانی جەماعەت، جەخت لەسەر پێویستیی هاوبیری و هاوکاری بۆ چارەسەری کێشەکانی فێرکاری و بەتایبەت لە ناوچە بێبەشەکانی پارێزگا کرا. کۆمەڵێک لە ئەندامانی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لەگەڵ فاڕووق ئەعزەمی، ڕاوێژکاری کاروباری پارێزگایی پەڕلەمانی سەرۆککۆماری چاوپێکەوتن و وتووێژیان کرد. لەو چاوپێکەوتنە کە لەگەڵ بەرپرسانی جەماعەتی نووسینگەی چابەهار بەڕێوە چوو، بابەتگەلی جۆراوجۆری کولتووری، کۆمەڵایەتی، فێرکاری و خزمەتگوزاری خرانە بەرباس و تاوتوێ کران.
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا، موحەممەدئەنوەر ئەمیری ئەندامی شوڕای ناوەندیی جەماعەت، وێڕای شیکارییەک سەبارەت بە مەرامنامە و ئەساسنامەی جەماعەت، ئاماژەی بە چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد. ئەو بە باسکردنی کارە خێرخوازییەکانی جەماعەت، وەک بنکەی خێرخوازیی سابرین لە ئاستی پارێزگایی، ڕاپۆڕتێکی لە خزمەتەکانی بواری پەروەردە و ڕاهێنان و هەروەها هاوکارییەکانی وەدیهاتوو لە چوارچێوەی ناوەندی پشتیوانی ئاراستە کرد.
لە درێژەدا، غوڵامڕەزا ئیخوان بەرپرسی پارێزگایی جەماعەت بە ڕوانگەیەکی کۆگرتر بە بنەماکانی جەماعەت، باسی لە بەڕێوەچوونی کۆنگرە و پێگەی ئەو لە پێکهاتەی جەماعەتدا کرد. بەڕێزیان لە چالاکییەکانی جەماعەت سەرنجی دایە بەشی قوتابیانی زانکۆیی و ئافرەتان و جەختی لە ڕۆڵی چالاکییەکانی ئەو دوو بەشە لە کارامەکردنی کۆمەڵگای ئەهلی سوننەتی ئێران کرد. ئیخوان هەروەها وێڕای ئاماژەی بە خزمەتە کولتووری، کۆمەڵایەتی و فێرکارییەکانی جەماعەت، ئەو کارانەی وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا زانی.
فاڕووق ئەعزەمی دوای بیستنی ڕوانگە و بۆچوونەکانی ئامادەبووان، وێڕای بەخێرهاتنی شاندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، باسی لە کێشەکانی فێرکاریی پارێزگا بەتایبەت شاری کەنارەک و گوندەکانی دەورووبەر کرد. ئەو دەستکێشانەوەی کچان لە خوێندن، نەبوونی سرویس و خزمەتگوزاری قوتابخانەکانی کچان و بەربەستەکانی فێرکاریی کە هەیە، لە کێشە بەرچاوەکانی ناوچەی هەژمار کرد. ئەعزەمی هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کاری بەکۆمەڵ، بەهێزکردنی ڕۆڵی سەمەن و بنکەکان و هاوکاری لەسەر بنەمای ئاوەزی بەکۆمەڵ کرد و هیوادار بوو کە بە هاوبیری و هاوکاری، بەشێک لە گرفتەکانی خەڵک، بەتایبەت لەبواری خوێندن و فێرکارییەوە چارەسەر بکرێت.
لە کۆتایی ئەو دانیشتنە، بەشداربووانی تریش ڕای و بۆچوون و پێشنیاری خۆیان بۆ خزمەتی کولتووری، کۆمەڵایەتی و فێرکاریی زیاتر ئاراستە کرد.

بۆچوونهکان