مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی، ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا «جمیل الدین مھاجری (جمیل افندی)» بروسکەی سەرەخۆشی بڵاو کرده‌وه‌.

دەقی پەیامی ئەمینداری گشتی بەم جۆرەیە: 


 

 بسم الله الرحمن الرحیم

إنا لله وإنا إليه راجعون!

مامۆستا جمیل الدین مھاجری (جمیل افندی)، پاش ته‌مه‌نێک گوتنەوەی وانەی ئایینیی و ڕێنوێنی خەڵکی ناوچەی تالش، وڵامی گەڕانەوە بەرەو لای پەروەردگاری گه‌ڕایەوە و خێڵی لایەنگران و قوتابییەکانی خەمبار کرد.

مامۆستا جەمیل ئەفەندی، بە یارمەتی خودا و تەوەکولی خۆی، لەگەڵ بوونی سەختی و مەشەقەت، تافی لاوەتی لە ڕێگای زانست و ئەدەبدا بردە سەر و پاش ئەوەی کە لە خزمەت زاناگەلێکی وەک مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس، شێخ مەحموود، موفتی ئەو سەردەمەی کوردستان و سەید محەمەدی شێخولئیسلام چۆکی بۆ خوێندن دا دا، توانی بڕوانامەی زانستیی و ئیجازەنامەی مەلایەتی وەر بگرێ. پاشان قۆلی لێ ھەڵماڵی و بە توێشووی تەقوا و زانستەوە خزمەتی ئایینی کرد و چرای وانەبێژی و ڕێنوێنی ڕۆشن ڕاگرت و  کارنامەیەکی پرشنگدار و بەڕێزی لە خۆی بەجێ ھێشت. 

لە لایەن خۆم و بە نوێنەرایەتی لە برایان و خوشکانم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، بە بۆنەی ئەم خەسارە گەورە پرسە و سەرەخۆشی لە کۆمەڵگای سوننەی تالش، زانایانی ئایینی، خەڵکی ناوچەکە، بنەماڵە و خزم و کەسی ئەو خوالێخۆشبووە دەکەم و لە خوای گەورە بۆ ئەو کۆچکردووە، لێخۆشبوون و ڕەزامەندی و بەھەشتی بەرین داوا دەکەم. ھەروەھا بۆ لایەنگران و قوتابییان و بنەماڵەکەشی سەبر و خۆڕاگری و ئەجر و پاداشت داواکارم. 

«اللهم أكرم نزله و أسكنه الفردوس من جنتك مع النبيين و الصديقين و الشهداء و الصالحين»
 

عەبدولڕەحمان پیرانی

ئەمینداری گشتی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح

4ی خەزەڵوەڕی 1396ی ھەتاوی