لەڕاستیدا مرۆڤ وەک کانگای ئاڵتون و زێو وایە کە تەنیا لەژێر سێبەری پەروەردەیەکی دروست دەتوانین ئەو سامان و کانگا بەنرخە کەشف بکەین، هەڵبەت ناتوانین حاشا لەوە بکەین کە: سوود و قازانج و بەرهەمی پەروەردەی بەهێز و تۆکمە لە ژێرخانی خێزان، داهاتەکەی بۆ هەمووان دەبێت. بە جۆرێک کە: ئەگەر لە ژێرخانی بنەماڵەدا، واتە دایک و باوک بتوانن ڕۆڵی خۆیان لە پەروەردەکردنی مناڵەکەیان بە باشی بگێڕن، هەر لە سەرەتای کۆرپەییەوە بە ڕەفتار و ڕەوشت و گوفتاری جوان و هەڵسووکەوتی گونجاو لە ژیانی مناڵەکەیان بسازێنن، ئەوکات نەوەیەکی ساڵح و چاکەکار و قودوە و شەخسیەتێکی لێهاتوو دەبێت بۆ کۆمەڵکەی داهاتوو.

مناڵ کوڕ بێت یا خود کچ، بە یەکێک لە گەورەترین نێعمەتەکانی خوای گەورە هەژمار دەکرێت کە دەیبەخشێ بە بەندەکانی، کەوایە ئەو نێعمەتە دەبێ بە جۆرێک پەروەردە بکرێ کە پێشەنگ بێ بۆ کۆمەڵگە، نەک دڕکوداڵ. هەڵبەت ئەوە لە کەس شاراوە نییە کە: کەش و هەوای پەروەردە دەبێ لە سەرەتای کۆرپەییەوە دەست پێ بکرێ، چونکە ڕەفتار و ڕەوشتی دایک و باوک کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر مناڵ دەبێت.

بێگومان لە ژیانی خێزاندا دایک و باوک وەک گەورەترین و مەزنترین قوتابخانە ئەرکێکی گەورەیان لەسەر شانە بۆ فێرکردن و پەروەدەکردنی مناڵ و جگەرگۆشەکەیان، بە جۆرێک کە لە جیهانی ئەمڕۆدا دایک و باوک دەبێ هەوڵ بدەن کەش و هەوایەکی خۆش و ئارام و پڕ لە سۆز و موحەببەت و زەمینەیەکی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئەوە بتوانن مناڵێکی ساڵح و قودوە و لێهاتوو ببەخشن بە کۆمەڵگە.

مەخابن! لە دونیای ئەمڕۆدا سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆرانکاری خێرا و بەرچاوەی کە لەبواری ئینتێڕنێت و شۆشیاڵ‌ میدیا بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە تایبەتی، مناڵیش گۆڕا. بە جۆرێک کە شەو ڕۆژی تێکەڵ بە یاریکردن بە کۆمپیۆتر و موبایل و سەرجەم یارییە ئەلیکترۆنییەکان بووە، واتە هەموو خەم و خەفەتی ئەوان ئەوەیەکە، کارەبا نەکوژێتەوە و هێڵی ئینتێرنێت نەپچڕێت، حەز و ئارەزووی ئەوان خێزان و بنەماڵە نییە و تەواو کەوتوونەتە ژێر کاریگەری ڕیکلامەکانی شوشیاڵ میدیا، بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین: نەوەیەکی تەمەڵ و نەخۆش و بێ بەرهەم بەڕێوەیە. تەنانەت بۆ خواردن و خواردنەوە داوای شت دەکەن و حازرنین خۆیان هەنگاوێک بنێن، واتە ژیانی مناڵی ئەوڕۆ بە جۆرێک دەبینرێت کە هەست بە داهاتوویەکی باش ناکەی.

شتێکی حاشەهەڵنەگڕە کە: مناڵانی ڕابردوو، چالاک و بوێر و تەندرووست بوون، هەستیان بە بەرپرسیارەتی دەکرد لە بەرانبەر دایک و باوک، بە پێچەوانەی ئەمڕۆ کە بەداخەوە شکۆی دایک و باوک لای مناڵەکان بەزۆری هەست بە لاوازی دەکرێت. مناڵانی ڕابردوو شەوانە زۆر زوو دەخەوتن و بەیانی زوو هەڵدەستان و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هەرجۆرە خواردەمەنی کە لەسەر سفرە هەبایە دەیانخوارد، بەڵام مناڵی ئێستا زۆربەیان شەوانە زۆر درەنگ دەخەون و کاتی خواردنی لەسەر سفرە کێشەیەکی گەورەن بۆ خێزان! مناڵانی جاران بە دروستکردنی هێندێک یاری کۆمەڵایەتی خۆی مەشغووڵ دەکرد بێ ئەوە کە زیانی هەبێت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە یارییەکانی مناڵان بە موبایڵ و... دەکرێ کە ئەوەش سەرەڕای باشی خۆی کە هەیەتی زیانی بۆ مناڵ هەیە، نیازی ڕوحی مناڵ دابین ناکات.

ئێمە ناڵێن تەنیا شێوازی پەروەردە و بارهێنانی ڕابردوو دروستبوو، بێگومان هێندێک هەڵەش لە شێوازی پەرەوەردەی دایک و باوکی ڕابردووش هەبووە، بەڵام بە پشتتێکردن لە ئەزموونی ڕابردوو و شێوازی پەروەردەی ئەمڕۆ ناتوانین نەوەیەکی باش بنێرین بۆ داهاتوو، واتە دەتوانین بەوەرگرتنی ئەزموون لە ڕابردوو و گرێدانەوەی ڕابردوو بە ئێستاوە و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانە، نەوەیەکی لێزان و تەندرووست  بۆ داهاتوو بەرێ بکەین. مەخابن! مناڵی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوە کە زیرەک و لێهاتوون بەڵام بە هۆی ئاڵودە بوونیان بە موبایل تا بەیانی هەر بەو حاڵە لەسەر جێگای خەو دەمێننەوە، ئەوەش کاریگەری دەڕوونی لەسەر مناڵ دادەنێت، لێرەوە دایک و باوک هۆکاری داڕمان و لەناوچوونی ئەم قوتابخانەیەن کە ژێرخانی پێگەشتنی مناڵە، واتە بە هۆی ئاڵوودەکردنی مناڵەکانیان بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ناخی خۆیان لەمەڕ هەڵسووکەوتی ڕابردوو دەردەبڕن، کەچی ئەوە شڵەژان و لەناوچوونی ژیانی مناڵە!.

لای ئێوە شاراوە نییە کە: هەر وەک چۆن ژیان و ئاکار و جوڵانەوەمان کران بە کەرەستەیەکی ئەلیکترۆنی، ئاواش موحببەت و خۆشەویستی و ڕاستگۆیی بەرانبەر بە منداڵ بوو بە ئەو ئامێرە سارد و سڕانەی کە ئامرازن بۆ لێکترازانی کۆمەڵایەتی! ڕاستە کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی نیشانەی پێشکەوتنی بیری مرۆڤایەتی و گەورەترین خزمەت و کارئاسانی و پێویستی سەردەم بوو، بەڵام نەوەک بۆ سڕینەوە و خۆدزینەوە لەو بەرپرسیارەتەییەی خێزانی و کۆمەڵایەتییەی کە تاک بەتاکی ھەر کۆمەڵگایەکی درووست لە ئەستۆیاندایە! ئەو ڕەخنە و سکاڵا و گلەیی نەوەی نوێ کە لە شێوەی پەرەوەردە و نەریتی کۆنی کۆمەڵگە واتە هەڵسووکەوتی دایک و باوک قەدیم هەیەتی و ھەموو ئەو گۆڕانکارییە زۆر خێرایانەی باری کۆمەڵایەتی و خێزانی تەنانەت سایکۆلۆژییەتی تاکی کورد، ھاوکات بوونە لەگەڵ تێکەڵبوونمان بە تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بەر لە ھاتنیان بنەڕەتێک ھەبووە بۆ بۆشاییەکان و بە ھەقیقەت پڕکراونەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەگشتی و سەتەلایت و مۆبایل بە تایبەتی بوونەتە شوێنگرەوەی ڕەوشت و هەڵسووکەوتی دایک و باوک کە وەک میوانێکی زۆر سارد و سڕ وایە بۆ کەلێنەکانی ڕوحی منداڵ.

بە جۆرێک کە بۆ هێندێک کەس بوو بە ھەموو ژیان. تەنانەت لەنێو بچوکترین یەکەی کۆمەڵایەتیشدا ئێستا بوون بە ھۆی بێ ئاگابوون لە خەم و گرفت و ئاستەنگییەکانی یەکتر و بۆ ھەندێک کەس بوون بە ھۆکاری جیابوونەوەی ھاوسەری و ئاژاوەگێڕی و تەنانەت تا ئاستی کوشتن چۆتە پێش! بێگومان بۆ تاکی کورد ھێشتا زۆری مابوو خۆی بخاتە بەر ئەو سایە و سەیوانەی کە ھیچ کات بیری بۆ ئەوە نەدەچوو، بکەوێتە بەر لێزمە بارانێکی پڕ لە تریشقە و بەخوڕ. چونکە وەرزی پەروەردە و کۆمەڵایەتی ئێمە ھەمیشە ئەو بەھارە جوانە بووە کە ھەمووان بە تاسەی بینین و سەیرانی بوونە نەوەک ئێمە خۆمان ببینە شایەتی نغرۆبوونی جوانیەکان.

ئەگەر ئاوڕێک لە شێوەی خوێندنی وانەکانی قوتابخانە بدەین کە بەشێکی زۆر لە هەرەسهێنانی ئەم بزاوت و ڕەوتە هەر خۆی دایک و باوک بەرپڕسە لێی. ئەگەر چی حاشا لەوە ناکرێ کە بەشێک لە مامۆستایانی قوتابخانە ئامرازی ئەو داڕمان و لەناوچوونەی مناڵنن، بەڵام مناڵی جاران لەگەڵ قوورسی و زۆری مەنهەجی خوێندن بە دەگەمەن دایک و باوک هەبوون هاوکاری مناڵەکەی خۆی کردبایە، زۆریش لێهاتوو و زیرەک دەردەچوو لە کاتی تاقیکردنەوەکان، ئەی ئێستا؟! تەنانەت مناڵ خۆی وانەکانی خۆشی نانووسێتەوە. مناڵی ڕابردوو ڕێزی دایک و باوک و مامۆستای قوتابخانەی دەگرت، بەس ئێستا لە هەموو قۆناغەکان هەست دەکەی سارد و سڕ و لاوازە...!!!

تێبینی: شێوەی پەروەردەی ئەمڕۆی دایک و باوک، ڕێک وەک خوێندنی ئۆنڵانی ئەمڕۆی سەتەلایت و تەلەڤیزیۆن وایە کە هاوکات لەگەڵ ئەو هەڵومەرجە هەستیار و مەترسیدارە کە کۆمەڵگەی بەرەو دیجیتاڵیبوون بردووە، شێوازی پەروەردەی مناڵیش لە ڕێگەی ماڵتیمیدیاوە بەرێوەدەچێ!!!

سەرچاوە: وتاری بەرێز دکتۆر کەریم قەرەچانی، دکتۆر بەختیار تاڵەبانی