ئاماژه: جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران یه‌كێ له گروپه ئیسلامی و ئه‌كتیوانه‌یه که له ته‌واوى ناوچه‌كانی ئه‌هلی سونه‌تی ئێران، به‌تایبه‌ت له‌و پارێزگایانه‌ی كه‌وا كوردی تێدا هه‌ن. ئه‌م جه‌ماعه‌ته، زیاد له سی ساڵ هه‌وڵ و تێكۆشانی له بواری كلتووری، ئایینی، كۆمه‌ڵگایی، فێركاری و ... له كارنامه‌ی خۆیدا هه‌یه. بۆ توێژینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی پله‌و پایه و هه‌روه‌ها كرده‌وه و ڕۆڵی ئه‌م جه‌ماعه‌ته له‌گه‌ڵ دكتۆر «سه‌لاحه‌دین خه‌دیو» (1352 هه‌تاوی)، ڕۆژنامه‌نووس، به‌رپرس پێشووی گۆڤاری خوێندكاری «ڕوانگه«، و ئه‌ندامی شۆڕای بلاڤۆگه‌ی «پیام كردستان» و «ڕۆژهه‌ڵات»، یه‌كێ له ئه‌ندامانی بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری له ساڵه‌كانی 1377 تا 82 هه‌تاوی، و دانیشتووی شاری سابڵا‌غ (مه‌هاباد) وتووێژێكمان ڕێخستووه كه داواتان لێده‌كه‌ین له خواره میوانی ئه‌م وتووێژه بن.
جه‌نابتان له كه‌یه‌كه‌وه «جه‌ماعه‌تی ده‌عوت و ئیسلاح» ده‌ناسن، و ناسینی ئێوه تا چ ڕاده‌یه‌كه؟
ئاشنابوونی من ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كاتی منداڵی و ساڵانی 64 و 65 هه‌تاوی، ئه‌و كاته چه‌ن كه‌س له خزم و كه‌سه نزیكه‌كانم له‌و جه‌ماعه‌ته‌دا بوون. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاته، ناوی ئه‌مه‌ی ئێستا نه‌بوو، ئه‌گه‌ر له بیرم مابێت له ڕوانگه‌ی حه‌ره‌كی و ته‌شكیلاتیه‌وه له‌گه‌ڵ گروپێكا ده‌ستیان پێكرد كه دواتر له كوردستانی عێراق دا به «اتحاد اسلامی كردستان/ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان» ناسرا. هه‌ڵبه‌ت ناسینی ئێستای من له جه‌ماعه‌ت ناسینێكی گشتییه، هه‌رچه‌ن به‌دوای هه‌واڵ و كاروباری سه‌باره‌ت به‌و جه‌ماعه‌ته‌دا ده‌ڕۆم، به‌ڵام ناتوانم خوازه‌ی ئه‌وه بكه‌م كه له ته‌واوی هه‌ڵس و كه‌وتی ئه‌وان ئاگادارم.
به بڕوای جه‌نابت، له پۆلێن كردنی حیزب و لایه‌ن و گروپه‌كاندا، «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» له كام به‌ش داده‌نرێ؟ ئایا وه‌كوو ئه‌وان له به‌شی مه‌حافزه‌كاره‌كان داده‌نێن؟ ئه‌گه‌ر وڵامتان ئه‌رێ یه، مه‌به‌ستی جه‌نابتان له «مه‌حافزه كاری» چییه؟ بوونی حیزبه «مه‌حافزه‌كاره‌كان» له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه به‌ره‌و دێمۆكڕاسی ده‌ڕۆن، چ گرینگییه‌كی هه‌یه؟
زۆرێك له‌و چه‌مك و بیرۆكانه، بیرۆكه‌ی نوێن و له جیهانی غه‌ربه‌وه به دیاری بۆمان هاتوون و بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و چه‌مكانه نیازمان به ئامێر و توانایی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر بمانهه‌وێ له چه‌مكی «محافزه‌كاری» بكۆڵینه‌وه، ده‌بێ بڵێین له‌دوای په‌یابوونی جه‌ریانی مۆدێڕنیته و سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری كه ئه‌ویش هه‌ڵقوڵاوی مۆدێڕنیته‌یه، جه‌ریانێك بۆ به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ عه‌قڵخوازی مۆدێڕنه به‌دی هات، ئه‌و مۆدێڕنیته‌ی كه پێی وابوو عه‌قڵ وه‌كوو كلیلی سێحراویه كه هه‌موو درگاكان هه‌ڵده‌گرێ و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كا، و له بۆ دیفاع كردن له هه‌ندێ خاڵی سه‌ره‌كی و نه‌هادگه‌لێك وه‌ك بنه‌ماڵه، خاوه‌نداریه‌تی، كلتوور و كه‌له‌پووره‌كان و به‌ها ئه‌خلاقیه‌كان و ... به‌دی هات. بیرۆكه‌ی مه‌حافزه‌كاری ئاوه‌ها به‌سه‌رهاتێكی له جیهانی ڕۆژئاوادا هه‌یه، له‌وێش تووشی ئاڵوگۆڕانێكی یه‌كجار زۆر بووه، بۆ نموونه : چینی یه‌كه‌می مه‌حافزه‌كاره‌كان، به‌زۆری به‌ربه‌ره‌كانێكی لیبڕاڵیسم و چه‌مكی «تاك»ی شاراوه له لیبڕاڵیسمیان ده‌كرد. به‌ڵام ئێستاكه له رۆژئاوادا هیچ مه‌حافزه‌كارێك نا‌بینیت كه دژی «تاك»گه‌رایی بێت و له واقیعدا مه‌ودای نێوان مه‌حافزه‌كاره‌كان و لیبڕاڵه‌كان زۆر كه‌م بوه‌ته‌وه.
به‌ڵام مه‌به‌ستی من له «مه‌حافزه‌كاری» زیاتر ئه‌و بیرۆكه خۆماڵیانه‌و ئه‌و ته‌جروبه‌یه كه ده‌توانرێ له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌ڕێوه بچێ وه‌ك ئه‌و مۆدێله‌ی «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» له توركیادا. ئه‌مڕۆكه زۆرێك له توێژه‌ران پێیان وایه كه حیزبی «عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» به‌ر له‌وه‌ی حیزبێكی ئیسلامخواز بێ، حیزبێكی مه‌حافزه‌كاره‌و وه‌ك حیزبێكی ڕاستی مامناوه‌ندی له نه‌خشه‌ی سیاسی توركیادا ده‌ركه‌وتووه.
به‌ڵام پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان چۆن توانیان ئه‌م شێوازه به‌ڕێوه به‌رن؟ من پێموایه بۆ وڵام دانه‌وه به‌م پرسیاره ده‌توانین چه‌ن هۆكاری ئه‌رێنی و نه‌رێنی ناو به‌رین. هۆكاره نه‌رێنیه‌كان «بنه‌ماو یاساكانی كۆپه‌نهاك»ه كه توركیای بۆ چونه ناو یه‌كیه‌تی ئه‌وروپاوه مه‌جبوور به قه‌بووڵی ئه‌و یاسایه كردوه و «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» له سه‌ره‌تایی به‌ده‌ستگرتنی ده‌سه‌ڵات له توركیادا، ئه‌م دروشمه‌ی ڕاگه‌یاندووه و به‌ڕێوه‌به‌ر «یاسای كۆپه‌نهاك» بوه، هه‌ر ئه‌م هۆكاره له هۆكاره نه‌رێنیه‌كانه كه بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» له ڕوانگه‌ی سه‌ر به شریعه‌ت و ئیدئۆلۆژیك دوور بكه‌وێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م گه‌مه‌یه، هه‌ر دوو لای بۆ ئه‌م حیزبه سه‌ركه‌وتنه. به‌م جۆره‌ی كه‌وا ئه‌گه‌ر بێت‌و توركیا بچێته نێو یه‌كیه‌تی ئه‌ورووپاوه، حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان، ده‌توانێ ئه‌م گه‌ره‌نتیه بۆ مانه‌وه له سیاسه‌تی توركیادا به‌ده‌ست بێنێ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كاڵ بوونه‌وه‌ی ڕۆڵی نیزامیه‌كان، و وه‌كوو زۆرێ له وڵاتانی گه‌شه‌پێدراوی ئه‌ورووپا به هه‌میشه نیزامیه‌كان بۆ سه‌ربازخانه‌كان ده‌چنه‌وه‌و ڕێی كۆشكی سه‌رۆك كۆماری و په‌ڕله‌مانیان لـێ دابخا، به‌ڵام خاڵێكی تری نه‌رێنی ئه‌وه‌یه كه هێشتا كلتووری سكۆلار و ئه‌رته‌شی به‌هێزی توركیا ده‌سه‌ڵاتیان زۆره و ده‌توانن له‌مپه‌رێك بن له‌به‌رده‌م به‌ئیسلامی كردنی كۆمه‌ڵگادا. له‌ڕاستیش دا ئه‌مه عه‌ینی دێمۆكڕاسیه. ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و دوو حیزبه ئه‌كتر لابه‌رن، دێمۆكڕاسی پێك نایه‌ت.
به‌ڵام خاڵه ئه‌رێنیه‌كان : «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» حیزبێكی كارا و پڕاگماتیسته، و له گه‌شه‌پێدانی ئابووریدا، كارنامه‌یه‌كی ڕوونی هه‌یه، له ماوه‌ی 70 یا 80 ساڵی ڕابردوودا ته‌نیا حیزبێك بووه كه توانیویه‌تی ژماری فه‌قیر و نه‌داره‌كان كه‌م بكاته‌وه، چینی ناوه‌ڕاستیش به‌هێزتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكا و چاره‌سه‌ری ده‌ردی ئابووری توركا بكا.
هه‌مووی ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» له حیزبێكی ئیسلامیه‌وه كه بنه‌ماكانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ «إخوان المسلمین» بێته حیزبێكی مه‌حافزه‌كار كه زۆرێك له توێژه‌رانی سیاسی، به خۆپارێزیه‌وه، پاشگری «ئیسلامی» پێوه بلكێنن.
به‌ڕای من ئه‌زموونی توركیا به هه‌ندێ ده‌ستێبردن و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندی كۆمه‌ڵگای ئێمه، ببێته نموونه‌یه‌ك بۆ «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»، ئه‌زموونێك كه به وته‌ی سه‌ید مسته‌فا تاجزاده توانیویه‌تی «نان، دین و ئازادی» بێنێته سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵكی.
جا مه‌به‌ستی من له مه‌حافزه‌كار، مه‌حافزه‌كارێك وێنه‌ی «حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان» بوو. دیاره بوونی حیزبه مه‌حافزه‌كاره‌كان له كوردستانی ئێمه‌دا، پێویستیه‌كه كه ده‌بێ له‌به‌ر چاو بیگیردرێت. كۆمه‌ڵگای ئێمه كه له‌بواری ئابووری، كلتووری و سیاسی و ... كۆمه‌ڵگایه‌كی شڵه‌ژاوه و بیرۆكه‌ی «چین» (طبقه) به‌واتای سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌ودا جێگیر نه‌بووه و یاكوو هه‌ر به‌دی نه‌هاتووه، خولی تێپه‌ڕینی به‌ره‌و دێمۆكڕاسی درێژخایه‌ن بووه‌و هه‌ڵبه‌ت گرفتیشی پێش هێناوه،و له‌گه‌ڵ ئه‌م گرفتانه‌دا ڕووبه‌ڕوو بوه‌ته‌وه.
ئێوه بڕوانن! هه‌ر حیزب و لایه‌ن و ده‌سته‌یه‌ك كه دێت، كه‌متر ده‌ڕوانێته ئه‌م گرفتانه‌ی وه‌ك ده‌مركه‌ی (چالش) نێوان نه‌ریت و مۆدێڕنیته‌وه. ئێوه ئه‌م بارودۆخه شڵه‌ژاوه له‌گه‌ڵ به‌جه‌هانی‌بوونێكی و كه‌مترخه‌می خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌به‌ر چاو بگرن. كلتووری ڕه‌سمی و زاڵ كه به ناوی ژاربڕی كلتووری ڕۆژئاوایی به‌جه‌هانی كرا‌و، پڕوپاگاندای بۆ ده‌كرێ و پشتگیری لێده‌كرێ، ناتوانێ پیشانده‌ری تایبه‌تمه‌ندیه‌كان و نه‌ریتی ناوخۆیی ئێمه كورده‌كان بێت. زۆرێك له بیرمه‌ندانی ئیمڕۆ نیگه‌رانی له‌به‌ین‌چوونی چینایه‌تی كلتووری به‌هۆی تاوی به‌جه‌هانی بوون و فه‌قیربوونی میراتی كلتووری جیهانن. به‌م حاڵه‌وه تا چه‌ن ساڵی دیكه چ ئاسه‌وارێك له كلتوور و كه‌له‌پووری كوردی ده‌مێنێته‌وه؟
هه‌ڵبه‌ت زۆر كه‌س هه‌ن كه له‌گه‌ڵ بارودۆخێكا كه باسمان كرد، گرفتیان نییه، به‌ڵام زۆرێك له چینه نه‌ریتی و مه‌حافزه‌كاره‌كان هه‌ن كه خولی فێركاری به‌جه‌هانی بوونیان دیووه و ده‌توانن حیزبی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت و ئه‌وه‌ی بیر‌و ڕایان هه‌یه له ئارمانه‌كانی ئه‌و حیزبه‌دا ببیننه‌وه.
به پێی ئه‌م بیرۆكه‌یه ئه‌وه‌ی كه ده‌ڵێم تا ئێستا حیزبی چینایه‌تی (طبقاتی)مان نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه، لایه‌نه‌یه نه‌ك حیزب. نادیاربوون و به واتایێكی دیكه «لایه‌نی»بوون مه‌رام و هه‌ڵوێستی حیزبه‌كان پیشانده‌ری ده‌ڵه‌مه‌یی بوون و پێنه‌گرتوویی كۆمه‌ڵگایه. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه له شقڵ و شێوازی میكانیكی و نه‌ریتی جیا نه‌بوه‌ته‌وه و هێشتا شێوازی یه‌كئه‌ندامیه‌تی نه‌گرتووه. ئه‌گه‌ر بێت‌و یه‌كێ له ئه‌ركه‌كانی حیزبه‌كان، فێركاری سیاسی و به‌شداریه‌تی كۆمه‌ڵگا دابنێین، گرینگی ئه‌م ته‌وه‌ره زیاتر ڕوون ده‌بێته‌وه.
بۆ نموونه، حیزبێكی وه‌كوو «كۆمه‌ڵه« ناو به‌رین، كه له سه‌ره‌تاوه‌وه خۆی به حیزبی چینی كرێكار به خه‌ڵك ناساند ـ ئه‌ڵبه‌ت ئه‌و چینه كرێكاره‌ی كه له كوردستاندا نه‌بوو ـ هه‌ڵبه‌ت بێجگه له یه‌كێ له لایه‌نه ڕادیكاڵه‌كانی ـ هه‌موویان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته‌كه‌ی كه ته‌واوی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت لایه‌نه ئایینیه‌كانیش به‌ره‌و لای خۆیان بكێشن.
ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا داسه‌پێندراوه و به گرفتێكی گه‌وره ده‌ژمێردرێت. ته‌واوی حیزبه‌كانی ئێستا، خۆیان به نوێنه‌ری لایه‌نێك له كۆمه‌ڵگا ده‌زانن و له‌هه‌مان كاتیش‌دا، ڕكه (تعصب)ی خێڵایه‌تی له‌سه‌ر ناسنامه‌ی تایبه‌ت به سازمانه‌كه‌ی خۆیان هه‌یه. سه‌رده‌می ئێمه، سه‌رده‌می داڕووخانی ئایدیۆلۆجیاكان و سه‌رهه‌ڵدانی ناسنامه و پابه‌نده ئه‌وه‌ڵه‌كانه. بۆ نموونه، ئه‌مڕۆ لایه‌نه لاده‌ره‌كانی كۆمه‌ڵه چ جیاوازییه‌كی گرینگ سیاسی و فیكریان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه؟ یا به‌هه‌مان شێوه له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نه‌كی دێمۆكرات‌دا؟ له‌لایه‌ن ئابووریه‌وه جیاوازییان هه‌یه یا سه‌باره‌ت به فدڕالیسم و سه‌ربه‌خۆیی (خودمختاری)؟ ڕوونه كه هیچكامیان! به‌ڵام تا بتهه‌وێ جیاوازیان هه‌یه.
حیزبه كوردیه‌كان له نه‌بوونی ئایدیۆلۆجیاكانیاندا و له سه‌رده‌می ڕووخانی بیرۆكه گه‌وره‌كان دا به شێوازێكی تراژیدیایی، وه‌بیرهێنه‌ری سه‌رده‌می خێڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای كوردستانن. خێڵه‌كانی كوردیش، خزمایه‌تی له‌به‌شی ژن و ژنخوازی و عێلایه‌تیان به‌سه‌ر هاوبه‌شیه‌كانی زمانی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییدا، سه‌رتر ده‌زانی.
له كۆمه‌ڵگای ئێمه و به‌تایبه‌ت كوردستانی ئێران كه ئاڵوگۆڕی كلتووری، ئابووری و ... به‌خێرایی تێدا به‌دی هاتووه، و لایه‌ن و گروپانێكی نوێ له‌ناو خه‌ڵكدا خه‌ریكه په‌یدا ده‌بێ و چینی ناوه‌ڕاست (طبقه متوسط) له زیادبووندایه، له‌م كه‌ین و به‌ینه‌دا، كه‌سێك وه بیری بایه‌خ و نه‌ریته ڕابردووه‌كاندا نییه، ته‌نانه‌ت نه نه‌ریته ئایینی و مه‌زهه‌بیه‌كان، له‌بیری نه‌ریتی نه‌ته‌وه‌ییش دا نیین.
پێویستی بوونی حیزبه مه‌حافزه‌كاره‌كان بۆ به‌رگری له‌م بایه‌خانه و به‌تایبه‌ت‌تر به‌رگری له بنه‌مای بنه‌ماڵه، بنه‌مالی خاوه‌ندارێتی و هه‌روه‌ها ئه‌و بایه‌خانه‌ی جیهانی نه‌ریتی كورد، وه‌ك جوامێری، متمانه، میوانداریه‌تی، ئاكار و ... كه به كه‌ڵكی جیهانی مۆدێڕنیش دێن، له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه به‌ره‌و جیهانی مۆدێڕن وه‌ڕێ كه‌وتوون و هێشتا شقڵ مۆدێڕنیان وه‌خۆ نه‌گرتووه و خه‌ریكی له ده‌ستانی ڕه‌وته‌كانی نه‌ریتی‌دان و بێ‌ئه‌خلاقی بوه به كاڵایه‌كی گشتیی ، جێگای حیزبێكی مه‌حافزه‌كار دیاره، ئێمه له ئیعلامیه و دروشمه‌كانی هیچكام له حیزبه‌كاندا، به‌تایبه‌ت حیزبه به‌ناو بانگه‌كانیش دا، ئه‌م شته به‌دی ناكه‌ین. ده‌ڵێی هه‌موویان بونه‌ته موسافیری شه‌مه‌نده‌فه‌رێك كه ئه‌م ئاڵوگۆڕانه ئه‌وان به‌ره‌و داهاتێكی نادیار ده‌با.
ئه‌گه‌ر بێت‌و خوێندنه‌وه‌یه‌كم له كوردستانی ئیمڕۆ هه‌بێت، ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌م به بێ‌خاوه‌ن دێته پێش چاو، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه هێزی ده‌سه‌ڵاتدار، هیچ هه‌وڵێك نادات بۆ به‌كارهێنانی و پاراستنی ئه‌و بایه‌خ و نه‌ریتانه له به‌شی ده‌سه‌ڵاتدا و حیزبه‌كانیش ناڕواننه پاراستنی ئه‌و بایه‌خانه و ئالێره‌دا بۆشایی حیزبێكی مه‌حافزه‌كار ده‌ر ده‌كه‌وێ.
ـ ئایا وه‌كوو «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران» توانیویه‌تی وه‌ك پێكهاتێكی ئیسلامی ئه‌هلی سوننه‌ت له به‌شی ده‌ڤه‌ری ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیر ئایینی‌دا ڕۆڵی هه‌بێت؟ ئایا وه‌كوو به‌ستێنی په‌روه‌رده‌یی و زیادبوونی ڕۆشنبیران له‌ودا هه‌یه؟
نا، پێم وایه (جه‌ماعه‌ت) له‌م به‌ستێنه‌دا ئیشی كه‌می كردووه. ڕۆشنبیری دینی واتایێكه كه زیاتر له ئێران‌دا به‌كار ده‌بردرێ و ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاسه‌واره فیكری و دڵه‌ڕاوكێكانی ئه‌وبه‌شه له زانا و بیرمه‌نده ئایینیانه كه به‌ناوبانگترینه‌كه‌یان «عه‌بدولكه‌ریم سروش»ه یا به واتایێكی تر، به‌رچاوترین كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی «دكتۆر سروش»ه و كه‌سانێك وه‌ك «ئارش نه‌راقی»، «موحسین كه‌دیوه‌ر»، «محه‌مه‌د موجته‌هید شه‌بسته‌ری»، «مسته‌فا مه‌له‌كیان» و ... به‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا له بازنه و گۆڤاری «كیان» چالاكیان هه‌بوو، و دواتر «گۆڤاری مه‌دره‌سه» و «گۆڤاری ئایین»یان لـێ بڵاو بوه‌ته‌وه كه به‌شێك له ئه‌وان له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه به ڕێفۆرم خوازه‌كانی «سازمانی موجاهیدینی ئینقلاب»، «جبهه مشاركت ایران اسلامی» و ... نزیكترن. «بیرمه‌نده نوێكانی ئایین»یش خۆیان له‌م گروپه جییان.
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێفۆرم خوازه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك «لایه‌نی ملی ـ مه‌زهه‌بی»، «نێهزه‌تی ئازادی» كه ریشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ «ئه‌ندازیار مه‌هدی بازرگان»، «دكتۆر عه‌لی شریعه‌تی»، «محه‌مه‌د نه‌خشه‌ب» و ... ئه‌مان زیاتر پێیان خۆشه به‌ناوی بیرمه‌نده نوێكانی ئایینی یا مه‌زهه‌بی بناسرێن.
نه‌م نه‌دیتوومه و نه‌بیستوومه كه له «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»دا بایه‌خێكی زۆر به خوێندنه‌وه‌ی ئاسه‌واری ئه‌وان درابێت، چ بگاته ئه‌وه‌ی كه بیانهه‌وێ له‌م به‌شه‌دا ئیجتیهادی كه‌لامی و فیكرییان هه‌بێت. له جیهانی عه‌ره‌بی دا ئاسه‌وارانێكی گرینگتر و كاری‌تر هه‌یه وه‌ك ئاسه‌واره‌كانی «نه‌سر حامید ئه‌بوزه‌ید»، «محه‌مه‌د عابید ئه‌لجابری»، «محه‌مه‌د ئاركۆن» و ... كه له‌ژێر ناوی بزوتنه‌وه‌ی «ئیخوان ئه‌لموسلمین»دا ناگونجێت و شایه‌د دژی ئه‌وانیش بێت. ئه‌ڵبه‌ت وا ده‌زانم، به شێوه‌ی تاك هه‌نگاوانێك بۆ ناسینی جه‌ریانناسینی فه‌رهه‌نگی ئێران، جیهانی ناوخۆی ئیسلام و جێهانی ده‌ره‌وه هه‌ڵگیراوه، به‌ڵام له به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ لانی زۆرێك دا كه جه‌ریانی رۆشنبیری ئایینی و غه‌یره ئایینی بایه‌خێك دانانێن، شتێك نییه كه بتوانی باسی كه‌یت. به قه‌ولی حافزی شیرازی : «یا ئه‌و نیشانێكی نییه یا من بێ خه‌به‌رم!» ئه‌ڵبه‌ت خۆیان (جماعت) ئه‌مه باشتر ده‌زانن، به‌ڵام وڵامی من له به شێوه‌ی گشتیه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه كه له‌م بواره‌دا ئیشی كه‌م كراوه.
ئه‌گه‌ر ڕای منتان بوێت، من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م كه ڕۆشنبیری ئایینی ئه‌گه‌ر بێت‌و هیچ خێرێكی ئایینی و كه‌لامی و فیكری له‌به‌رچاو نه‌گرین، ده‌توانین به كاركردی كۆمه‌ڵگایی بایه‌خ بده‌ین، رۆشنبیری ئایینی ده‌توانێ پردێك بێت له نێوان لایه‌نه سیكۆلار و لیبڕاڵ و ئیسلامییه‌كان و توندڕه‌وه ئایینه‌كان و... تا لێكیان نزیك بخات و بتوانێن ده‌وره‌ی گوزار وه‌پێش بخات.
له به‌شی ئیشی قوتابیاندا، ئایاوه‌كوو جه‌ماعه‌ت توانای له‌خۆگرتن قوتابیان و ڕێكخستنی بزاڤی هه‌یه؟ ئایا توانیویه به ناو به‌شێك له بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری ئێرانی و كوردی خۆی بناسێنێت؟ ئه‌گه‌ر وڵامتان «نا»یه، هۆكاره‌كه‌ی باس بكه‌ن؟
من لام وایه كه «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» دوو لایه‌نی كۆمه‌ڵگای وه‌ك ئامانج هه‌ڵبژاردووه و له‌وان ئه‌ندامی وه‌ر گرتووه، یه‌كیان مامۆستایانی ئایینی و خوێندكارانی قوتابخانه ئایینیه‌كان و ئه‌وی تریان خوێندكارانی زانكۆ. له‌م بواره‌دا بڕێك به‌باشی ئیشی كردووه، له زۆربه‌ی زانكۆكاندا ئیشیان كردووه و توانیویه، خوێندكاران ده‌سته باڵا و نوخبه به‌ره‌و لای خۆی بكێشێت.
به‌ڵام جه‌ماعه‌ت، سه‌باره‌ت به جه‌ریانێك كه به «بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری» و یا «بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری كوردی» ناو ده‌برێ، توانیبێتی كاریگه‌ری تێدا هه‌بێت یا له كارنامه‌ی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» دا قه‌راری گرتبێت یا لانی كه‌م گۆڤارێكی خوێندكاری بڵاو كردبێته‌وه كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیر و ڕای جه‌ماعه‌ت بێت، نا وا نییه. به‌ڕای من لانیكه‌م ئه‌یان توانی له گۆڤارێكدا چالاكییان هه‌بێت و به چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی ئاشكرا و باشتر بێنه كایه‌وه و خۆیان بناسێنن.
ئه‌ڵبه‌ت پێوه‌ندی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» له‌گه‌ڵ خوێندكاران و به‌تایبه‌ت خوێندكارانی كورد به‌و مه‌به‌سته‌وه نه‌بووه كه بزوتنه‌وه‌ی خوێندكاری وه‌ڕێ خا، به‌ڵكوو به‌و مه‌به‌سته‌وه بوه‌كه له خوێندكارانی كورد له ئاستی مه‌به‌سته‌كانی خۆیدا كه‌ڵك وه‌رگرێ و ڕاوه‌ستاویان بكات.
به‌ڕای جه‌نابت، جه‌ماعه‌ت سه‌باره‌ت به ڕێك و پێكی و ڕێنوێنی بیری گشتی تا چ ئاستێك سه‌ركه‌وتوو بووه؟ جا به پێی به‌شداری جه‌ماعه‌ت له هه‌ڵبژارنه‌كان و هه‌ندێ جاریش هاوبیری، هاوكاری و یارمه‌تیدانی بڕێ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا خۆیان ناوزه‌د كردبوو، جه‌ماعه‌ت له بانگه‌شه و ڕێنوێنی بیری گشتی بۆ ده‌نگ دان به ناوزه‌ده‌كه‌ی خۆیان چه‌نێك سه‌ركه‌وتوو بوون؟
به‌ر له وڵامدانه‌وه به‌م خاڵه، ده‌بێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه سه‌رنجدان و بایه‌خدانی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» به كێشه‌یه‌ك وه‌ك هه‌ڵبژاردن یا كێشه‌گه‌لی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دیكه‌و ئه‌وه‌ی كه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا بوونێكی زیندوو هه‌یه جێی باس و ماڵئاوایی كردنه.
به‌ڵام ڕه‌خنه‌یه‌ك كه ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بكرێ ئه‌وه‌یه كه چالاكی سیاسی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» به‌تایبه‌ت له‌م بوارانه‌دا له ئاستێك نه‌چووته پێشه‌وه و به‌ڕای من هێشتا ئیراده‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ چوونه ناو كێشه سیاسیه‌كان تێدا ڕچاو ناكرێ.
هه‌ندێ جار هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام دوایی به‌دویدا نه‌چوون، زۆرجار دوو هه‌نگاو چوونه‌ته پێش و هه‌نگاوێك هاتوونه‌ته دواوه، ئێستا زۆر له‌سه‌ر هۆش نییم، شایه‌د له‌م وتووێژه‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌بێت، به‌ڵام به‌ڕای من بوونی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، بوونێكی به‌ربڵاوو هه‌مه لایه‌نه نه‌بووه، و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ ریشه‌ی له‌وه‌دا بێت كه ئاڵوگۆری فیكری و سازمانی سه‌باره‌ت به كێشه سیاسیه‌كان هێشتا به ته‌واوی شقڵی نه‌گرتووه و جه‌ماعه‌ت له به‌رز و نزمی نێوان لایه‌نی بانگخوازی كه بنه‌مای سه‌ره‌تایی بوونی جه‌ماعه‌ته‌و كێشه‌ی به‌سیاسی بوون كه له ڕاده‌ی و پله‌ی دووهه‌م دایه، خۆی یه‌ك لایه‌نه نه‌كردووه. ئاستی سه‌ركه‌وتن له به‌شداری و هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌پێی بوونی ئه‌ندامانی جه‌ماعه‌ت له شاره‌كاندا جۆراوجۆر بووه.
به‌گوێره‌ی بوونی ڕێكخراوه‌كان بۆ به‌رانبه‌ری و ته‌وازون له ده‌سه‌ڵات و به‌رگری له مافی میلله‌ت، جه‌ماعه‌ت چه‌نێ توانیویه‌تی بۆ به‌رگری له مافی میللی و مه‌زهه‌بی ئه‌ۆ ناوچانه‌ی كه‌وا «ئه‌هلی سوننه‌ت»ی تێدان و هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌بردنی دروستی یاسا، ڕۆڵی هه‌بێ؟
پێم وایه «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» وه‌ك چرایه‌كی ڕۆشن، به‌ڵام كه‌م شه‌وق و ڕۆشنایی. «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه كه تا ئێستا نه‌یهێشتووه ئه‌و ڕۆشناییه بكوژێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌زانین له ئێران دا تابلۆیه‌كی هه‌ڵواسراو هه‌یه به‌ناو «ئه‌هلی سوننه‌ت» كه تا ئێستا «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» نه‌یهێشتووه داكه‌وێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه چه‌نێ له‌م بواره‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه و توانیویه‌تی له داواكاریه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌ت پشتیوانی بكا، جێگا باسه.
لام وایه ئه‌گه‌ر كارنامه‌ی جه‌ماعه‌ت چاو لێبكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م چرا ڕۆشن بمێنێته‌وه و تووشی زه‌ره‌ری قورس نه‌بێ، به شێوه‌ی ڕادیكاڵ ئیشی نه‌كردووه و زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. له ڕوانگه‌ی ئه‌ندامه ڕادیكاڵه‌كانی جه‌ماعه‌ته‌وه، جه‌ماعه‌ت حیزبێكه كه له گۆڕه‌پانی كێبه‌ركێی سووك و لانی زۆر، نیوه قورس‌دا ده‌توانێ خۆی ڕاگرێ.
هه‌ندێكی دیكه له هۆكاره‌كانی سه‌رنه‌كه‌وتنی جه‌ماعه‌ت، هه‌روا كه ئاماژه‌مان پێ كرد، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه هێشتا جه‌ماعه‌ت به ڕاوه‌ستاویه‌كی فیكری و سازمانی نه‌گه‌یشتووه و هه‌وڵی داوه له شێوازی «ڕاوێژ له تاریكی‌دا» و شێوازی مامناوه‌ندی، لانی كه‌می داخوازیه‌كانی هێنابێته جێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م شێوازه جێی ده‌ستخۆشیه نه‌ك ره‌خنه.
خودی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»یش، چ ناوه‌كه‌ی و چ ڕێبازه‌كه‌ی و چ مێژووه‌كه‌ی، هه‌ڵگری دوو په‌یامی جیاوازه. یه‌كێ بانگه‌واز و چاكسازی گشتی له نێوان خه‌ڵكدا و په‌روه‌رده‌یی ئه‌وان، و ئه‌و دیكه‌ش دیفاع و به‌رگری له داخوازیه‌كانی ئه‌هلی سوننه‌تی ئێرانه كه ئه‌م دوو په‌یامه ده‌بێ به‌رنامه‌ی و ئیستراتژیه‌تێكی تایبه‌تی هه‌بێت و ده‌بێ جۆرێك هه‌ڵسووكه‌تی هه‌بێ كه هه‌ڵگری هه‌ردوو په‌یامه‌كه بێت.
دانانی نوێژخانه یا نـۆ مزگه‌وت له تاران‌دا یه‌كێ له به‌رهه‌مه‌كانی به‌رچاوه‌كانی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»ی ئێرانه، به‌جۆرێك كه سه‌رنجی ته‌له‌فزیۆن و ده‌زگا ئیعلامیه‌كانی ده‌روه‌یی وڵاتی ئێرانیشی به‌ره‌ولای خۆی ڕاكێشاوه. «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» دوای ئه‌وه‌ی كه ئیجازه‌ی دروستكردنی مزگه‌وتی تایبه‌ت به ئه‌هلی سونه‌تی له تاران‌دا پێنه‌درا، به دامه‌زراندنی چه‌ن «نوێژگه» له چه‌ن شوێن‌دا، كه له‌لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵكه‌وه پێشوازی لێكرا، توانیویه‌تی ده‌وری ئه‌م به‌ره‌نگاریه بداته‌وه كه ئه‌مه له خاڵه به‌رچاوه‌كانی شێوازی مامناوه‌ندی و خۆڕاگرانه‌ی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» به ئه‌ژمار دێ.
ـ كارتێكردنی شۆڕشی وڵاته ئیسلامییه‌كان كه به «به‌هاری عه‌ره‌بی» ناسراوه، له‌سه‌ر «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»ی ئێران چۆن هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن؟
به‌شێوه‌ی گشتی، به‌لای منه‌وه «به‌هاری عه‌ره‌بی» به‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه به‌دستی هێنا، له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه كه ئه‌م شه‌پۆله تێیدا به‌دی هات، «ئیخوان ئه‌لموسلمین» بوو، ڕه‌نگه سووریاش ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی ئازادی تێدا به‌ڕێوه بچێ، هه‌ر «ئیخوان ئه‌لموسلمین» ڕای گشتی به‌ده‌ست بهێنێ ـ قورسایی لایه‌نی حیزب و ڕێكخراوانێكی وه‌ك «یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان» و «جه‌ماعه‌تی ده‌عوت و ئیسلاح» زیاد كردووه،
به‌ڵام به شێوه‌ی دیاری كراو‌و بڵێن هه‌ڵبژاردنی «محه‌مه‌د مورسی» به سه‌رۆكایه‌تی میسر چ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح هه‌بێت یا به شێوازێكی تر جێگای ئه‌و له ئێران‌دا و به تایبه‌ت تێڕوانینی حكومه‌ت بۆ ئه‌وان چۆن ده‌بێ، جێگای باس و لێكۆڵینه‌وه‌یه.
له پله‌ی یه‌كه‌م دا، ده‌توانین بڵێین كاریگه‌ریه‌كی وه‌های نه‌بووه، به‌ڵام چۆنیه‌تی پێوه‌ندی نێوان ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ «جه‌ماعه‌تی ده‌عوت و ئیسلاح» گرێدراوه به پێوه‌ندی نێوان «محه‌مه‌د مۆرسی» و ئێرانه‌وه، كه تا ئێستا هیچ ئاسه‌وار و نیشانه‌یه‌ك له پێوه‌ندی ئێران و «مورسی» به‌رچاو نه‌كه‌وتووه كه بتوانێ بێته هۆی پێوه‌ندی دووباره‌ی نێوان ئێران و میسر كه له مێژه پێوه‌ندیان نه‌ماوه. هێشتا دیار نییه كه «مورسی» ده‌یهه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێران، عه‌ره‌بستان یا توركیا پله‌ی ئه‌وه‌ڵی پێوه‌ندیه‌كانی دابمه‌زرێنێ. هه‌رچه‌ن وادیاره كه توركیا به‌هۆی نزیكی فیكری، و عه‌ره‌بستانیش به‌هۆی بارودۆخی باشی ئابووریه‌وه له پله‌ی ئه‌وه‌ڵی پێوه‌ندیه‌كانی ده‌وڵه‌تی میسر دابێت كه «ئیخوان ئه‌لموسلمین» سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی به‌ده‌سته. ته‌نیا سه‌رۆكایه‌تی ناتوانێ ڕۆڵی سه‌ره‌كی ببێت، به‌ڵكوو ئه‌رته‌شیش له‌م به‌ینه‌دا ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه. گریمان كه ئێران و میسر سه‌ر له‌نوێ به یه‌كه‌وه پێوه‌ندی بگرن، هێشتا ده‌یان گرفتی سه‌ره‌كی له‌نێوانیاندا هه‌یه كه گرفتی ئه‌هلی سوننه‌ت له پله خواروه‌كاندایه.
جه‌ماعه‌ت چه‌نێ بایه‌خی داوه و هه‌وڵیش ئه‌دا بۆ هاتنه جێی خواست و داواكاریه‌كانی خه‌ڵكی؟ یا به شێوازێكی دیكه بڵێین، داواكاریه‌كانی جه‌ماعه‌ت له ده‌سه‌ڵات، هه‌ر ئه‌و داواكاریانه‌ی خه‌ڵكییه یا جه‌ماعه‌ت ده‌یهه‌وێ داواكاریه‌كانی خۆی بكا به داواكاری خه‌ڵك و به شێوازێك ده‌سكاته ئه‌ندازیاری و موهه‌ندسی بیره گشتیه‌كان؟
پرسیارێكی جێی سه‌رنجه. به‌شێك له‌م پرسیاره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه چ كه‌سانێك «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» به‌ڕێوه ده‌به‌ن، «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» له 16 پارێزگای ئێران كه نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆری تێدایه، مه‌ڵبه‌ند و بنكه‌ی هه‌یه. ئه‌م نه‌ته‌وانه له‌بواری زوڵمی ئایینی و مه‌زهه‌بی خاڵانێكی هاوبه‌شیان هه‌یه، به‌ڵام له زۆربه‌ی خاڵه‌كانی دیكه‌دا، خواست و داواكاری جیاوازییان هه‌یه. ئه‌مه ده‌بێته هۆی په‌ره‌وازه‌بوونی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح»، 16 پارێزگا كه له بواری جوگرافیاییه‌وه له‌یه‌ك دوورن و مه‌ودایان زۆره، كلتووری و نه‌ریتی جیاوازیان هه‌یه و ... له‌ڕاستیدا جه‌ماعه‌ت كۆڵێكی قورسی هه‌ڵگرتووه. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ده‌بێ ناسنامه‌یه‌كی ئێرانی سوننی دابمه‌زرێ. ئه‌و شته‌ی كه‌وا پێش له ساڵی 1500 زایینی و هاتنه سه‌ر كاری سه‌فویه‌كان زۆر به‌رچاو نه‌بووه.
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شه له كوردستان له پێش چاو بگرین، داواكاریه‌كانی جه‌ماعه‌ت و خه‌ڵكی له یه‌ك ئاستدا نیین. له‌وه ناپرسین كه داواكاریه‌كانی خه‌ڵكی درووسته یا نا، ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره كه ئه‌م داواكاریانه چه‌نێ لێك نزیكن، هه‌ر ئه‌مه بووه‌ته له‌مپه‌رێك له به‌رده‌م خۆماڵی بوونی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحی ئێران». دووباره نموونه‌یه‌ك له «كۆمه‌ڵه» ئه‌هێنمه‌وه. ئایدیۆلۆجیای ئه‌م حیزبه له 60 و 70كاندا له داواكاریه‌كان و ته‌نانه‌ت بیری گشتی خه‌ڵكیش زۆر دوور بوو. ئێستاش هه‌وڵ و ته‌قه‌لایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه به‌پێی هه‌ڵوێستی ئێستایان بنووسنه‌وه.
جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح ئێستاش ده‌سته‌یه‌كی «نوخبه‌گه‌را»یه و نه‌بوه‌ته جه‌ماعه‌تێكی خۆماڵیانه. زۆربه‌ی هه‌واداره‌كانی یا خوێندكاری زانكۆن یا مامۆستای زانكۆ، یا فه‌قێ و مامۆستایانی ئایینی مزگه‌وته‌كانن. به‌گشتی نه‌بوون و تووده‌یی نه‌بوون بۆ گرووپێك كه‌وا 30 ساڵه ئیش ده‌كا، ته‌وه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ی زۆر گه‌وره‌یه. شایه‌د ئه‌م گرفته بگه‌ڕێته‌وه بۆ خوێنده‌ی ئایدیۆلۆجیایانه كه له شقڵ و شێوازی خۆی هه‌یه‌تی و ئه‌گه‌ر بیهه‌وێ به‌ناوی حیزبێكی سیاسی بڵاو بێته‌وه، ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌رله‌نوێی له‌سه‌ر بنه‌ماكانی هه‌بێت . به‌ڕای من له «كوردستانی ئێران»، «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» به‌شێكی بچووك له داواكاریه‌كانی خه‌ڵكی باس ده‌كا و له به‌رانبه‌ر خواست و داواكاریه‌كانی دیكه‌دا بێده‌نگ بووه.
«جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» دوو ڕێگای له‌پێشه، یا داواكارییه‌كانی خه‌ڵك له‌به‌ر چاو بگرێ یا ئه‌وه‌ی كه خواست و داواكارییه‌كانی خۆی بخاته نێو خه‌ڵكی، كه واده‌زانم ڕێگای ئه‌وه‌ڵی وه‌لا ناوه و تێده‌كۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی كه ڕێگای دووهه‌م له‌پێش بگرێ كه ئه‌مه‌ش له جێگای خۆیدا شایانی باسه.
له‌و وڵاتانه‌ی كه‌وا دوای «به‌هار عه‌ره‌بی» هه‌ڵبژاردنی تێدا به‌ڕێوه چووه، نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه. له هه‌موو وڵاته‌كاندا، ئیخوانیه‌كان یا ئه‌وانه‌ی كه له ئیخوانه‌كان نزیكن، ده‌نگی خه‌ڵكیان به‌ده‌ست هێناوه بێجگه له وڵاتی لیبیا كه سێكۆلاره‌كان ده‌نگیان به‌ده‌ست هێناوه، یه‌كه‌م هۆكه‌ی ئه‌وه‌ی بووه كه ئیسلامییه‌كان له‌وێ لاواز بوون و هۆكاری دیكه‌شی ئه‌وه بوو كه دیكتاتۆرێكی وه‌ك «قه‌ززافی» به پێچه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كانی وه‌ك به‌ششار ئه‌سه‌د، حوسنی موباره‌ك، سه‌ددام حسێن و ... كه سێكۆلار بوون، «قه‌ززافی» بانگه‌شه‌ی ئیسلامیی بوونی هه‌بوو و یه‌كێ له نازناوه‌كانی «امیر المۆمنین» بوو. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ كۆبوونه‌وه‌دا كه زانایانی هه‌ره گه‌وره‌شی لێ‌بوو، خۆی پێشنوێژی ده‌كرد، بۆیه تێڕوانینی خه‌ڵك ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتێكی سێكۆلار نه‌بوو بۆیه ئیسلامییه‌كان نه‌یان توانی ده‌نگی گشتی خه‌ڵك به‌ده‌ست بێنن. هه‌ر ئه‌م نموونه له‌پێش چاو بگرن بۆ وڵاتانێكی دیكه كه تێیدا ته‌واوی گه‌نده‌ڵی و .... به‌ناو ئایینه‌وه ده‌كرێ. ئێمه له دروستی و نادروستی ئه‌مه ناكۆڵینه‌وه، به‌ڵام به‌ستێن بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی كه پرۆژه و به‌رنامه‌یه‌كی ئایینی هه‌یه، ئاماده نییه. له میسر، توركیا، تونس، سووریا و ... ئه‌و به‌ستێنه‌یه ساز كراوه، به‌ڵام له ئێران و لیبیادا و هه‌ندێ وڵاتی دیكه ئاماده نییه.
شێوازی خزمه‌تگوزاری و ئیشی خزمه‌تكاریانه و خێرخوازانه له كۆمه‌ڵگادا كه به جۆرێك وه‌رگیراو له بیری ئیسلامی و فیكری ئیخوانیه، چ كاریگه‌ریه‌كی له سه‌ر خۆشه‌ویستن جه‌ماعه‌ت له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگای ئێرانیه‌وه هه‌بووه؟ هه‌ر وه‌ها ئه‌م ئیشه‌ی جه‌ماعه‌ت چ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران هه‌بووه؟
ئه‌مه یه‌كێ له خاڵه به‌رچاوه‌كانی «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» ده‌ژمێردرێ، به‌تایبه‌ت له «كوردستانی ئێران» كه حیزب و لایه‌نه‌كان فێرنه‌بوون له ئیشی كۆمه‌ڵایه‌تی دا به‌شداری بكه‌ن، ئه‌نجوومه‌نی خێرخوازانه و ڕێكخراوی یارمه‌تیدانی خه‌ڵك ڕێك بخه‌ن و ... «جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح» توانیویه‌تی له‌م به‌شه‌دا به‌باش چالاكی خۆی ده‌ربخا، به‌تایبه‌ت له وڵامی پرسیاره پێشووه‌كه‌دا كه وتمان داواكاریه‌كانی جه‌ماعه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی دا یه‌ك نیین یا مه‌ودایان زۆره. جه‌ماعه‌ت به ئه‌نجامی ئه‌م ئیشه ده‌توانێ به‌سه‌ر هه‌ندێك له‌و كۆتاییانه‌دا سه‌ر بكه‌وێ.
به‌شێوه‌ی گشتی له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌گه‌ر له كوردستانی عێراق، تاكوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، گۆڕان و چاكسازی له خۆیاندا به‌دی نه‌هێنن، و حیزبه ئیسلامییه‌كانی وه‌ك «یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان»یش له‌وه‌ی كه هه‌ن نه‌ته‌وه‌خوازتر بن، و ئه‌م خۆشه‌ویستی وڵاته له كرده‌وه‌دا پیشان بده‌ن، له‌به‌ر ده‌سپاكی و به‌دوور بوون له گه‌نده‌ڵی، ئه‌توانن ئه‌ڵته‌رناتیو و جێگرێكی باش بۆ ده‌سه‌ڵات بن. بڕواننه حه‌ماس، تا ئێستا تووشی گه‌نده‌ڵی ئیداری نه‌بووه و له كرده‌وه‌ش دا نوێنه‌ری به‌شی ڕادیكاڵی نه‌ته‌وه‌خوازه‌كانی فه‌له‌ستینه، هه‌رچه‌ن 30 ساڵ دوای بزوتنه‌وه‌ی «فتح» هاته گۆڕه‌پانی سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌له‌ستینه‌وه، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا ئه‌وانیان وه‌لا نا.
بۆچوونه‌کان