لەم ڕۆژانەدا لە ڕێگەی سۆشیال میدایەوە هەواڵێک بڵاو بوویەوە کە سەرۆکی فەڕەنسە، ماکڕۆن پشتیوانی لە ڕۆژنامەیەک کردووە بۆ بێ ڕێزیکردن بە پێغەمبەری موسوڵمانان. دیارە ئەم هەڵوێستە ناڕەوایەی ماکڕۆن، کاردانەوەی لێ کەوتەوە و هەستی موسوڵمانانی هەژاند و هەڵوێستی جۆراوجۆری بەدوادا هاتە ئاراوە. لەم پێناوەدا دەمهەوێ چەن خاڵێک پێشکەش بکەم:

بۆ سەرۆکی فەڕەنسە ماکڕۆن و تەواوی هاوبیرەکانی:

1- هەموو بێباوەڕان باش بزانن کە بێ ڕێزیکردن بە کەسایەتی پێغەمبەر لە پێگەی بەرفراوانی ئەو کەسایەتییە هیچ کە کەم ناکاتەوە، بگرە خۆشەویستی زیاتریشی لێ دەکەوێتەوە.

2- کوێرکوێرانە دژایەتی هیچ کەسایەتییەک مەکەن و هەوڵ بدەن دوای خوێندنەوەی تێروتەسەلی کاسایەتییەکان ڕاوبۆچوونی خۆتان بخەنە ئاراوە.

3- ورووژاندنی هەستی ناسکی مرۆڤ و پەنجە خستنە سەر خاڵی هەستیاری گەل و کۆمەڵگایەک، هیچ مرۆڤانه نییە و ئازایەتیشی پێ ناگوترێ.

4- لێتان ڕوون بێت گەر بەدواداچوون بکەن بۆ ناسینی ئاکار و پەیامی پێغەمبەر، شەر م دەتانگرێ لەوەی کە کەمترین وشەی ناڕەواتان لە زار بێتەدەر.

5- باش بزانن بە شکاندنی شکۆی پیاوە مەزنەکان، تەنیا بێ‌ڕێزی خۆتان دەخەنە ڕوو، نەک بڵێن دەگەنە تێکشکاندنی شکۆمەندی ئەو کەسایەتییە و دواجار مەزنایەتی بۆ خۆتان تۆمار دەکەن.

6- تکام ئەوەیە بۆ دۆزینەوەی کەسایەتی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی خۆتان و کۆمەڵگاکەتان بێن ژیرانە سەرنجی پەیامی ئەو پێغەمبەرە بدەن کە لێم ڕوونە دواجار هیچ کە بێ ڕێزی پێ ناکەن، بگرە شەیدای دەبن و هاندەری کۆمەڵگاکەتان دەبن بۆ شوێن پێ هەڵگرتنی.

7- لێتان ڕوون بێت دژایەتی ئێوە لە ڕووی بێ ئاگاییەوەیە و پێناسەی هەڵەی من و ئەو وای لە ئێوە کردووە کە ژیرانە مامەڵە نەکەن، جا تکایە سەرەتا ژیرانە سەرنجێکی پەیامی سەرەکی ئەو پێغەمبەرە بدەن و دواجار هەڵویستی خۆتان بنوێنن.

8- وانەزانن بێ‌ڕێزی کردنی ئێوە، ئێمە تووشی شۆک دەکات و بە کارەساتێکی نوێ و دوور لە ئاکارتان دێتە بەر گوێمان. نەخێر بێ ڕێزیکردن بە پێغەمبەران و پیاوچاکان مێژوویەکی درێژی هەیە و هەر لە کۆنەوە خوێنمژان و داگیرکەران و خۆبەزلزانەکان ئەم کردە قێزەونەیان پێڕەو کردووە و بەم شێوە گوێچکەی کۆمەڵگایان لە ئاست بیستنی ڕاستییەکان، کپ کردووە.

9- ئێمە بەپێی ئەرکی خۆمان، گەرچی دڵمان هەژا و برینمان کولایەوە، بەڵام پێ بە پێی ئاکاری پێغەمبەرەکەمان دەستی نزا بۆ لای زاتی یەزدان بەرز دەکەینەوە و دەپاڕێینەوە و دەڵێین: خوایە! ئەوانە نەزانن، لەو گێژاوی نەفامییە بیانترازێنە و بەرەو پیرۆزییەکان ڕێنماییان بکە و بیانکە بە شوێنکەوتەیەکی ڕاستەقینەی ئەو ناوازەیەی دنیای مرۆڤایەتییە.

10- لە کۆتا خاڵدا دەمهەوێ ڕوو بە برا ئیماندارەکانم بڵێم: برایان! جوامێری دانێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هەر تاکێکی موسوڵمان و بۆمان ڕەوا نییە کردەوەی چەپەڵی نەزانێک، تووشی هەڵوێستی توندئاژۆیانەمان بکات و ئەرکی بانگخوازی و خێرۆمەندیمان بۆ هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەبیر بکات.

- قورسە، بەڵێ زۆر قورس و گرانە کەسێک نەفامانە بکەوێتە نێو شکۆمەندی خۆشەویستەکەتەوە و بە بێ‌ڕێزییەوە شکۆی بزڕێنێت.

- ئاوڕدانەوە بۆ پێغەمبەر و دڵنیگەرانی موسوڵمانان لە ئاست ئەو بێ ڕێزییە، جێی دڵخۆشییە و بە ڕاستی دڵی دۆست دەلاوێنێ و دڵی نەیار دەتۆقێنێ.

- بۆ بەرپرچ‌دانەوەی بێ ڕێزی بە پێغەمبەر، پێویسته هەڵوێست و ئاکاری ئەو سەردارە مەزنە لەبەرچاو بگرین و هەرگیز توندتر لەو پێ نەخەینە بازنەکەوە.

دەی ئازیزمان کاتێک بێ ڕێزی پێ دەکرا، دوعای ڕێنمایی بۆ بەرامبەرەکەی دەکرد و ڕێگری لە یارەکانی دەکرد زیاتر لە خراپەی وان هەنگاو هەڵبنرێتەوە.

بە هیوای هەڵنانەوەی هەنگاوی ڕێنمایی‌کارانە و دووربوون لە هەڵوێستی توند‌ئاژۆیانە.

سه‌ردار شه‌مامی