مەسەلە و پرسى دەعوە و بانگەواز و کارکردن بۆ ئیسلام و جوهد و خەبات لە پێناوى دەستخستنى ڕەزامەندى خوادا ـ کە لە ڕاستیدا کارکردنە بۆ خودى مرۆڤ خۆى، چونکە دواجار هەمووى لە بەرژەوەندى خودى مرۆڤەکە خۆیدایە و بە ئەنجامدان یاخود ئەنجامنەدان و کەمتەرخەمى کردن تێیدا هیچ سود و زیانێک بە خوا ناگەیەنێت ـ بابەت و پرس و ئەرکێکە پێویستە ماندوو نەبین لێى، چ لە باسکردن و دووبارەکردنەوەى،چ لە ئەنجامدانى ئەرکەکە، تا ئەو ڕادەیەى کە: "دەعوە و کارکردن بۆ ئاینى ئیسلام و گەیاندنى پەیامى خوا و هیدایەت و ڕێنومایى کردنى مرۆڤەکان دەبێ ببێتە مەلەکە و خوو تیاماندا، لە دڵ و دەروونماندا جێگیر ببێت، لە بیر و زەینماندا بچەسپێ و جێ بگرێ، لە سلوک و مامەڵە و هەڵسوکەوتماندا ڕەنگ بداتەوە"پێویستە هەمیشە و بەردەوام "هەستى هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى" لە ژیان و هەڵسوکەوتماندا ڕەنگ بداتەوە و لە ناخ و دڵ و دەروونماندا زیندوو بێت و لە هەوڵى گەشەپێدانیدا بین.

هەروەک پێویستە پرس و مەسەلەى دەعوە و بانگەواز و کارکردن بۆ ئیسلامیش، لە پێشینەترین و گرنگترین و گەرمترین باس و بابەت و خەم و هەممەکانمان بێت.

دەعوە و بانگەواز و کارکردن بۆ دین و لەبەر خاترى ڕازیکردنى خوا، نەک تەنها واجب و ئەرکێکى فەردى و تاکەکەسییە، بەڵکو ئەرکێکى جەماعییە، واتە ئەگەر ئێمە جەماعە و دەستە و گروپێکیش نەبێ کە کارى دەعوە و بانگەوازى تێدا ئەنجام بدەین، ئەوا وەک فەرزێکى عەینى پێویستە لەسەرمان دروستى بکەین، خۆ ئەگەر مومکین نەبوو یان لە شوێنێکدا بووین کەسى دیکەى لێ نەبوو کە ئامادەیى بانگەواز و دەعوەکردنى هەبێ، ئەوا پێویستە خۆمان بە تەنها ببینە گروپ و حیزب و جەماعەیەک و وەک حەزرەتى ئیبراهیم ـ سەلامى خواى لێبێت ـ ببینە "ڕُمَە"ێک و دەعوە و بانگەواز بکەین، [اِنَ اِبْراهِیمَ کانَ ڕُمَەً قانِتَاً.]

دەعوە و بانگەواز و کارکردن لە گروپ و جەمع و حیزبێکدا، بە ماناى دۆزینەوە و بەگەڕخستن و پەرەپێدانى ووزە و بەهرە و توانا پەرتەوازە و پەرش و بڵاوەکانە بۆ خزمەتکردنى زیاتر و باشترى دین و ژین و ئایینى ئیسلام و خەڵک.

بۆچى دەبێ دەعوە و کار بکەین بۆ ئیسلام؟

خواى گەورە دەفەرمووێََََََََََ: [ۆمَنْ ڕحْسَنُ قَوْلاً مِمَنْ دَعَا اِلى اللهِ ۆعَمِڵ ێالِحاً ۆقَاڵ اِنَنِى مِنَ الْمُسْلِمِین]

کەوابوو باشترین و جوانترین کار بەلاى خواوە دەعوەکردن و بانگەوازە بۆ لاى پەیامى خوا و شتێک کە بە لاى ئەوەوە چاک و جوان و پەسەندە، کارێکى ئێجگار گەورەیە، مادام کە دەعوەکردن گەورە و جوانترین و باشترین کار بێت، کەوابوو پێویستە ئەو کەسانەش کە بەو کارە هەڵدەسن باشترین و جوانترین کەس بن لە گوفتار و ڕەفتاردا.

لێرەدا با بە کەمێک تێڕامانەوە سەرنجێکى ئایەتەکە بدەین بزانین چى تێدایە و چیمان پێ دەڵێت:

1ـ دەفەرمووێ: [دَعَا اِلى اللهِ] دەعوە و بانگەواز بکات، بۆ کێ؟ بۆ لاى خوا؟ نەک بۆ کەس و شتێکى دیکە، بەڵام ئایا بانگەواز و دەعوەکردنەکە تەنها بە زمان و بە وتن بەسە؟ نەخێر.

2ـ بۆیە بە شوێنیدا دەفەرمووێ: [ۆعَمِڵ ێالِحاً] کردەوەى چاکە بکات، ئەبێ کار و ڕەفتارى کەسى پەیامدار و بانگخواز جێبەجێکار و نیشاندەرى قسەو گوفتارى بێ.

3ـ هەر ئەوەندەش بەس نییە کە دەعوە بکات و کارى چاکە ئەنجام بدات، بەڵکو دەبێ شانازى بەوەشەوە بکات کە دیندارە و پەیامدارە و دەعوە و بانگەواز دەکات بۆ لاى خوا، بۆیە دەبێ بڵێ: [ۆقَاڵ اِنَنِى مِنَ الْمُسْلِمِین] واتە ئازا و دلێر و بوێر بێت لە دەعوەکردن و دەربڕینى دینداریدا و شەرم نەکات لەوەى خەڵک پێى بزانن کە دیندار و خاوەن پەیامە و بڵێت من موسڵمان و باوەڕدارم.

پاش ئەم پێشەکییە، ئێستە بە کورتى و لە چەند خاڵێکدا وەڵامى ئەو پرسیارە دەدەینەوە کە: بۆچى دەبێ دەعوە و کار بکەین بۆ ئیسلام؟

1ـ لەبەر ئەوەى کە دەعوە و بانگەواز و کارکردن بۆ دین، هاوڕێ و لازیمەى ئینتیمایە بۆ دین، واتە تۆ کە ئینتیما و باوەڕت هەبوو بۆ دین و ئایینێک دەبێ کار و بانگەوازى بۆ بکەیت.

2ـ دەعوە و کارکردن بۆ دین ئەرکێکە بۆ درێژایى تەمەن، نەک قۆناغێک لە قۆناغەکانى تەمەن، گەنجى...پیرى..

3ـ دەعوە و کارکردن بۆ دین، وەقف و تایبەت نییە بە دەستە و گروپێکەوە و "فەرزى کیفایە" نییە، بەڵکو "فەرزى عەینە"و ئەرکى سەرشانى هەموو تاکێکە.

4ـ دەعوە و کارکردن بۆ ئیسلام، لە چەندین بوار و ڕەهەندى جیاوازدایە، پێویستە هەرکەسە و ـ لانى کەم ـ لە لایەن و بوارێکدا کار و خزمەت و دەعوە بکات.

داعى و بانگخواز دەبێ هەمیشە لە کاتى دەعوەکردندا بە شێوەیەک خەڵکى دڵخۆش بکات کە بە پەرۆشەوە گوێ لە قسە و وتارەکانى بگرن، بە گوفتار و ڕەفتارى جوان و شیرین و خۆ خۆشەویستکردنى، دین و پەیامەکەى لاى خەڵکى و گوێگرەکانى خۆشەویست بکات، بە مژدەى دڵخۆشکەر، نەک هەمیشە هەڕەشەى دۆزەخ بکات، بە دیندارى ئاسانکردن نەک قورس کردنى، یاخود ئاسانکارى دین بقۆزنەوە بۆ تەممەڵى کردن و پشتوێن شلکردن و پاڵدانەوە.

داعى بەرپرسیارە لە گەیاندنى پەیامى خوا، مادام تۆ دیندارى و ئیسلامەتیت قبوڵکردووە، دەبێ ئەوەش بزانیت کە بەشێک لە ئەرکى سەرەکیت کارکردن و بانگەواز و دەعوەیە بۆ ئەو دین و پەیامەى کە هەڵت بژاردووە.

سەرەتا و بەر لە هەر شتێک پێویستە ئەوە بزانین کە جیاوازى گوتارى خوا بۆ بەندەکان لەگەڵ جیاوازى گوتارى مرۆڤەکان ـ تەنانەت پێغەمبەرانیش سەلامى خوایان لێبێت ـ بۆ مرۆڤەکانى دیکە، جیاوازییەکى ڕیشەییە و هەرگیز وەک یەک نین و نابێ وەک یەک بن، کورتەى جیاوازییەکەش ئەوەیە کە: پێویستە خواى گەورە "خوایانە" مامەڵە بکات و گوتار ئاراستەى بەندەکانى بکات، هەروەها پێویستە مرۆڤەکان و پێغەمبەرانیش "مرۆڤانە" و داعیانە و بانگخوازانە گوتار ئاراستە بکەن و پەیامى خۆیان بگەیەنن.

خواى گەورە دەفەرموێ: [قُلْ یا ڕیُها الکافِرُون.] و [قُلْ لِلْمُشْڕکِینَ..قُلْ لِلْمُنافِقِینَ] بەس ئایا لە کوێ و لە چ شوێنێکى قورئان و ژیانى پێغەمبەراندا بینیومانە و بیستوومانە کە یەکێک لە پێغەمبەران فەرمووبێتیان: ئەى کافرەکان؟! ئەى مونافیقەکان؟! ئەى موشریکەکان؟!

بەڵکو هەموو پێغەمبەران ـ سەلامى خوایان لێبێت ـ چەند ووشەیەکى وەک [یا قومى..و.. یا ایهاالناس] یان بەکار هێناوە، ئێستە با بپرسین ئایا ئەگەر پێغەمبەران ـ سەلامى خوایان لێبێت ـ بیانووتایە: [یا ڕیُها الکافِرُون.. یا ڕیُها الْمُشْڕکِین.. یا ڕیُها الْمُنافِقِین] باوەڕ دەکەن کەس ئامادەبووایە گوێیان لێ بگرێت و شوێنیان بکەوتایە؟!

خاڵێکى دیکە کە زۆر گرنگە لە سەرى بوەستین و لەم بابەتەدا زۆر بە کورتى ئاماژەى بۆ دەکەین و دەیکەینە کۆتایى بابەتەکەمان، ئەوەیە کە: دژایەتى هەڵسوکەوت و ڕەوشت و بۆچوونە خراپەکان بکەین، نەک دوژمنایەتى خاوەنى هەڵسوکەوت و ڕەوشت و بۆچوونە خراپەکان، بۆیە پێویستە کە کەسى باوەڕدار بەگشتى و پەیامدار و بانگخواز و داعى بە تایبەتى کە بەو شێوەیە مامەڵە بکات و گوفتار و ڕەفتارى خراپ و ناشیرینى کەسێک واى لێنەکات کە لە لاى ناشیرین بێت و بیتۆرێنێت و ئامادەى ئەوە نەبێت کە گوێى لێبگرێت، یان قسەى بۆ بکات، یاخود مامەڵەى لەگەڵدا بکات.