لە‌ مێژووی ‌هزری کوردە‌واریدا، ئایینمە‌داری و نە‌تە‌وە‌پە‌روە‌ری، وە‌ک دوو بنە‌مای لێکدژ بناخە‌دارێژی رێکخستە‌ی مە‌عریفە‌ی کوردین کە‌ بە‌ وێنە‌ی دوو هێڵی هاوشان لە‌ تان و پۆی تێڕامان و تێفکرینی کوردیدا، هزرمە‌ندانیان بە‌ خۆوە‌ خە‌ریک کردووە‌.

بە‌ردە‌بناخە‌ی وشیاری کورد و خۆدە‌ربڕین وە‌ک نە‌تە‌وە‌ و جووڵە‌ی هزر و خدە‌ی کوردی لە‌ پاوان بیرمە‌ندیدا، سە‌دە‌یە‌ک پاش دا‌هێنانی چە‌مکی نە‌تە‌وە‌گە‌رێتی لە‌ خۆراوا، دە‌ستی پێکرد و نە‌تە‌وە‌پە‌روە‌ری لە‌ پاڵ بیرمە‌ندی خێڵە‌کی و ئایینیدا خۆی قوت کردە‌وە‌ و سە‌رنجی بیرمە‌ندانی ڕاکێشا. لە‌ پێناو ئە‌م بیرۆکە‌یە‌دا بوو کە‌ «ماکە‌ نە‌تە‌وییە‌»کان لە‌ بوارە‌ جۆراوجۆرە‌کانی ئە‌دە‌بی، فە‌رهەنگی، کۆمە‌ڵایە‌تی و رامیاری دا، دابە‌زینە‌ ناو لایە‌نە‌ بیرکارییە‌کان و ڕە‌نگی نە‌تە‌وە‌ لە‌ هوشیاریی کوردە‌واریدا لە‌ جاران تۆختر بوو.  

بە‌و هۆیە‌وە‌ کە‌ بیرمە‌ندی و هزری کوردی بە‌ پتە‌وی لە‌ خزمە‌ت ئاییندا بوو و بیر و بۆچوون و مە‌عریفە‌ی کوردی لە‌ مزگە‌وتدا، بە‌ شێوە‌یە‌کی ئایین‌ناوە‌ند، چە‌قی بە‌ستبوو، دیارە‌ هەر چە‌مکێکی تازە‌ کە‌ بزایێتە‌ ناو گوتاری کوردە‌واری، لە‌ مزگە‌وتە‌وە‌ دە‌ستی پێدە‌کرد و بە‌ هزرێکی ئایینیە‌وە‌ لێکئە‌درایە‌وە‌. 

ئایینمە‌داری بە‌ هەموو پێویستە‌ و لواوییە‌کانیە‌وە‌، گوتارێکی ئاسمانی و خاوە‌ن سە‌رچاوە‌یە‌کی وە‌حیانییە‌؛ لە‌ کاتێکدا کە‌ نە‌تە‌وە‌پە‌روە‌ری چە‌مکێکی زە‌وینی، خۆرئاوایی مۆدێرن و بە‌رهەمی هزری مرۆڤە‌. ئایین و نە‌تە‌وە‌ وە‌ک دوو چە‌مکی بە‌ بنە‌ڕە‌ت جیاواز، لە‌ پاوان راڤە‌ و ڕای کوردە‌واریدا ڕسکان و لێدوان و لێکدانە‌وە‌ی بابە‌تە‌کانیان خستە‌ گە‌ڕ. ئە‌م دوو چە‌مکە‌ رە‌نگە‌ وە‌ک دوو توخمی فکری، لە‌ جە‌وهەر و زاتی خۆیاندا، دژایهتییە‌کیان لە‌ هە‌مبە‌ر یە‌کدا نە‌بێت بە‌ڵام بێگومان لە‌ کاتی پۆلێنبە‌ندی و لە‌ رووی بیچم و شێواز و داڕشتندا، پێویستە‌ و هۆ و لواوی تایبە‌تی خۆیانیان هە‌یە‌. یان با بڵێین وە‌کوو گوتار، لە‌ زۆر باڵە‌وە‌، هەڤبە‌رایە‌تی، دژوازی و لێکسوونبیان خۆیا دە‌بێت و دوو جۆرە‌ شوناس، دوو جۆرە‌ دە‌رکە‌وتە‌ و ئامانجی مرۆڤپە‌روە‌ری و ژیانی کۆمە‌ڵایە‌تی و سیاسی، ئە‌هاوێنە‌ گۆڕە‌پانی کردار و ئاکارە‌وە‌. 

گوتاری ئایینی بە‌ پێی چە‌مکی ئۆممە‌تی واحدە‌،ئامانج و ئاسۆکان دە‌ناسێنێ و مرۆڤ لە‌ چوارچێوە‌یهکی چە‌قبە‌ستوو و دیاردا دە‌ستە‌بە‌ر دە‌کات و ئاوە‌ز و ئارە‌زووی ڕەها و وێکچوو، بۆ تاک و گشتایە‌تی ئۆممە‌ت پێک دێنێ. سنووری تێفکرین دیاری کراوە‌ و هەموو پرسیارە‌کان و‌ڵامی وێکچوو و لە‌پێشتابینکراویان هەیە‌. 

گوتاری نە‌تە‌ویی بە‌ پێی خسڵە‌تی مرۆڤ و گە‌وشین و دیاردە‌ سە‌ییالە‌کانی مێژوویی و بە‌رژە‌وە‌ندییە‌ کۆمە‌ڵایە‌تی و رامیارییە‌کان، چە‌مک و گوتاری تایبە‌ت بو لێکدانە‌وە‌ و بە‌مە‌عریفە‌ کردنی بارودوخە‌کان، بە‌رهەم دێنێ و لە‌ مسۆگە‌ری و زاتگە‌رێتی ئایینی پارێز ئە‌کات.

تاک و کۆمە‌ڵگا لە‌ ئوممە‌تی واحیدە‌دا، بە‌ شێوە‌یە‌کی رێبازمە‌ند، بە‌ ئاوە‌ز و هزرێکی گشتی و دیاریکراو، بە‌ داڵغە‌ی ئامانجە‌ پیرۆز و نە‌گۆە‌کانە‌وە‌ ژیان ئە‌باتە‌ سە‌ر و داڵغە‌کان ئە‌بنە‌ رێکخستە‌ی مە‌عریفە‌تی ئە‌بە‌دی بۆ لێکدانە‌وە‌ و تێگە‌یشتن لە‌ خودی مرۆڤ و جیهان و کۆمە‌ڵگا. 

مامۆستای بلیمە‌ت مە‌لا عە‌بدوڵڵا ئە‌حمە‌دیان، لە‌ ساحە‌ی مە‌عریفە‌ی کوردە‌واری، لە‌ پانتایی دوو گوتاری ئایینمە‌داری و نە‌تە‌وە‌پە‌روە‌ریدا، هەوڵێکی زۆری داوە‌ کە‌ بە‌ ئاشتە‌وایی ئە‌م دوو گوتارە‌، مە‌عریفە‌یهکی ئایین نە‌تە‌وە‌یی لە‌ دە‌ڤە‌ری تێگە‌یشتن و تێفکرینی کوردیدا بنیات بنێتە‌وە‌. زانایی و شارە‌زایی مامۆستا لە‌ بواری ئایین و زانستی ئایینی و هەروەها پسپۆڕی و سە‌رچا‌وە‌ناسی وی، سە‌بارە‌ت بە‌ بناخە‌ و بنە‌مای مە‌عریفە‌ی ئایینی، بووە‌تە‌ هۆی سازدانی گوتارێکی ئایینی کوردی. بە‌م پێیە‌ و بە‌ پێی گرینگایە‌تی و پێگە‌ی هەستیاریی پێکهاتە‌ی زمانی و هەر وە‌ها چە‌مکسازی لە‌ بە‌ستێنی مە‌عریفە‌ و تێفکریندا، ئە‌کرێ بلێین لە‌و ئاسە‌وارە‌ بڵاوکراوانە‌ی مامۆستا مە‌لا عە‌بدوڵڵا کە‌ بە‌ زمانی کوردی نووسراون، هەوڵێکی بایە‌خمە‌ند بۆ کورداندنی گوتار و بابە‌تە‌کان و هە‌ر وە‌ها پیتاندنی وشە‌ و رستە‌کان و تە‌یارکردنیان بۆ تێفکرین سە‌بارە‌ت بە‌ هەست و نە‌ست و نە‌ریتی فکری کوردی، هاتووە‌تە‌ گۆڕێ و لواوییە‌کانی زمانی کوردی بۆ دە‌ربڕین و تێگە‌یشتنی ئایینی لە‌ بوارە‌جۆراوجۆرە‌کانی ژیان و جیهانی کوردە‌واری تاقی کراوە‌تە‌وە‌. 

بە‌م پێشە‌کییە‌وە‌ جێی خۆیە‌تی کە‌ ڕا و بۆچوونە‌کانی مامۆستا ئە‌حمە‌دیان وە‌ک سیمایە‌کی ئایینی کە‌ دالغە‌ و هەزارە‌ی نە‌تە‌وە‌ییشی لە‌ بیر نە‌کردووە‌، بە‌ پێی کتێبی «خە‌زێنە‌»، بخە‌ینە‌ ژێر تیشکی رە‌خنە‌ و لێکۆڵینە‌وە‌: 

کتێبی «خە‌زێنە‌»، سە‌رجە‌م 27 وتاری لە‌ کۆمە‌ڵە‌ نووسراوە‌کانی مامۆستا وە‌خۆگرتووە‌ کە‌ تێکڕا ئە‌کرێ بە‌ سە‌ر سێ پاژدا دابە‌ش بکرێت:

یاد و یادە‌وە‌ری نووسینە‌وە‌ ؛

رە‌خنە‌ و لێکۆڵینە‌وە‌ی ئە‌دە‌بی؛

وتاری ئایینی.

 

ئە‌م وتارانە‌ لە‌ چاو ئە‌وە‌ی کە‌ بیر و بۆچونی خوالێخۆش بوو مە‌لا عە‌بدوڵڵا ئە‌حمە‌دیان سە‌بارت بە‌ بوارە‌ جۆراوجۆرە‌کان خۆیا ئە‌کاتن، بە‌ گشتی و بە‌ جۆرێک ئە‌کرێ بڵێین ژیاننامە‌ی فکری ومە‌عریفی بە‌رێزیانە‌. مە‌عریفە‌یە‌ک کە‌ بە‌ بە‌ردە‌بناخە‌یە‌کی ئایینی دانراوە‌ و هە‌موو بابە‌تە‌کان، بە‌و پێوانە‌وە‌ تاووتوێ ئە‌کرێت و بە‌ چاوی ئایینە‌وە‌ هەموو سووچە‌کانی فکری و ئە‌دە‌بی کوردە‌واری ئە‌خرێتە‌ ژێر سە‌رنجە‌وە‌. 

ئە‌گە‌ر بێتو پۆلێنبە‌ندییە‌کی زۆر گشتی لە‌ پێناو سە‌رچاوە‌ی راڤە‌ و تێفکرین لە‌ مێژوی هزری کوردە‌واریدا دابڕێژین، تە‌ریقە‌ت (رە‌وشتێکی ئایینی کە‌ تێکە‌ڵاوێکە‌ لە‌ ئاکار و ئاوە‌زی ئیسلامی و سۆزی سۆفیانە‌ لە‌ پێناو خودا و مرۆڤ و جیهاندا)، شە‌ریعە‌تی ئایینی ئیسلام (دە‌قی فە‌قێیانە‌ کە‌ بنە‌مایە‌کی نە‌زە‌رییە‌ بۆ ئاکار و هەڵس و کە‌وتی موسڵمانان لە‌ ئاراستە‌ی خودا و مرۆڤ و جیهاندا بە‌ پێی دە‌قی پیرۆزی قورئان و سوننە‌تی پێغە‌مبە‌ری ئیسلام) و کە‌لە‌پووری هزری مرۆڤانە‌ (تێکە‌ڵاوێکە‌ لە‌ مێژووی نە‌ریتی کوردە‌واری و ئاوە‌ز و تێگە‌یشتنی لە‌ هەمبە‌ر پرسە‌کانی)، وە‌کوو سێ کوچکە‌یە‌ کە‌ وجاخی ئە‌ندێشە‌ی کوردی لە‌ سە‌ری دامهزراوە‌. زمانی کوردیش وە‌ک مێدیا و شێوازی دە‌ربڕینی ئە‌م هزرە‌ سێ ئالیە‌، لە‌ تە‌نیشت زمانە‌ زاڵە‌کانی عە‌رە‌بێ و فارسیدا، هاتوە‌تە‌ گۆ و لە‌ قە‌وارە‌ی شێعر و پە‌خشان و گوتاری ئایینیدا، کۆئە‌ندامی هزری کوردی پێکهێناوە‌. بە‌ پێی ئە‌وە‌ی کە‌ حوجرە‌کانی مزگە‌وت و خانە‌قاکانی کوردستان سە‌رچاوە‌ی ئە‌م پێکهاتە‌ مە‌عریفییە‌ بوون، بە‌ کە‌مێک شلگیرییە‌وە‌، ئە‌کرێ تێکڕای مە‌عریفە‌ی کوردی بە‌ مە‌عریفە‌ یان «گوتاری حوجرە‌یی» ناوبە‌ردە‌ بکە‌ین. 

با لێرە‌دا کۆمە‌ڵە‌ وتاری توێی کتێبی «خە‌زێنە‌»، بە‌ نموونە‌یە‌کی گوتاری حوجرە‌یی لە‌ بە‌رچاو بگرین و لە‌ دە‌وامی وتارە‌کە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌کانی ئە‌م گوتارە‌ پولینبە‌ندی بکە‌ین: «بێینە‌وە‌ ماڵی خۆمان و مە‌ڵبە‌ندی خۆمان، بە‌ کوردی قسە‌ بکە‌ین و لە‌ کوردایە‌تی و ئیسلامە‌تی بدوێین. ... باس لە‌و چواردیوارانە‌ بکە‌ین بە‌ نێوی حوجرە‌ کە‌ لە‌ مە‌ڵبە‌ندی موکریان و لە‌ ناوچە‌کانی کوردە‌واری ئێمە‌ دیتوومانە‌ و دە‌یانبینین و تیشک و نووری زانستی و ئە‌دە‌ب و فەرهەنگ لە‌و چواردیوارانە‌ ڕا بە‌ هەموو وڵاتێکدا بڵاو بوە‌تە‌وە‌»(ئە‌حمە‌دیان، 1396، 157). 

ئ) بە‌شی یە‌کە‌می وتارە‌کان پە‌یوە‌ستە‌ بە‌ یادە‌وە‌ری نووسینە‌وە‌ کە‌ ئە‌پە‌رژێتە‌ سە‌ر زیارە‌ت و یادی گە‌ورە‌ پیاوان و بلیمە‌تە‌ ئایینە‌کان وە‌ک عە‌للامە‌ قزڵجی، عه للامه ئە‌بووبە‌کری موسە‌ننیف، عە‌للامە‌ مە‌لا عە‌لی، مە‌لا یۆسفی ئە‌سە‌م، مە‌لا جامی، عە‌للامە‌ بێتووشی، عە‌للامە‌ مە‌لا باقر، مامۆستا شاریکە‌ندی، مە‌لا کە‌ریم(فیدایی)، و چە‌ند شاعیر و ئە‌دیبی مە‌زن وە‌ک: وە‌فایی، مە‌ولە‌وی، هێمن و مامۆستا هەژار.

قە‌ڵە‌می مامۆستا لە‌م وتارانە‌دا، سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی کە‌ وشە‌ی ڕە‌سە‌ن و کە‌لیمە‌ی پە‌تی کوردی وە‌کارهێناوە‌ و لە‌ ڕازە‌ وێژە‌ییە‌کان وە‌ک: سە‌جع، شوبهاندن، تە‌مسیل و خوازە‌، کە‌لکی وە‌رگرتووە‌ بە‌ڵام زمانێکی پوخت و پاراوی هە‌یە‌ کە‌ توخمە‌ ئە‌دە‌بی و وشە‌ نامۆکان، نە‌بوونە‌تە‌ هۆی ئاڵۆزیی زمانی و               گرێوگۆڵ خستنە‌ ناو دە‌قی وتارە‌کان. بە‌ پێی ئە‌وە‌ی کە‌ یادە‌وە‌رییە‌کان بە‌ سۆزێکی حە‌سرە‌توارە‌وە‌ نووسراون، زمانێکی دڵنشین و هاودڵیان هەیە‌ کە‌ خوێنە‌ر ئە‌باتە‌ ناخی بابە‌تە‌کە‌وە‌ و چێژێکی ڕە‌وایی پێدە‌بە‌خشێ. 

یادە‌وە‌ری نووسینە‌وە‌ کە‌ یە‌کێکە‌ لە‌ چە‌شنە‌ رە‌واییە‌کان، سە‌ڕای ئە‌وە‌ی کە‌ زمانێکی ساکار دە‌خوازێ، شێوازێکی ڕە‌وایی پێویستە‌ تا خوێنە‌ر دڵ بدا بە‌ بابە‌تە‌کە‌وە‌. دیارە‌ خوێنە‌ر بابە‌تێک بە‌و هۆیە‌وە‌ ناخوێنێتە‌وە‌ کە‌ وشە‌ی ڕە‌سە‌نی تێدایە‌ یان بە‌ ڕازە‌ ئە‌دە‌بییە‌کان رازاوە‌تە‌وە‌، بە‌ ڵکوو زمانی دە‌قە‌کە‌ و شێوازی کە‌ڵک وە‌رگرتن لە‌ لواوییە‌ زمانی و ئە‌دە‌بییە‌کانە‌ کە‌ وە‌کوو تە‌کنیکێکی نووسین، سە‌رنجی خوێنە‌ر رادە‌کێشێ و ئامانج دە‌پێکێ. بابە‌تی وە‌ک یادە‌وە‌ری بە‌و هۆیە‌وە‌ کە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ بیرە‌وە‌ری، داوە‌ری و سۆزی تاکە‌کە‌سی لە‌ پێناو کە‌س و شوێن یان مژارێک، رە‌نگە‌ خۆی لە‌ خۆیدا، جە‌زە‌بە‌یە‌کی ئە‌وتۆی بۆ خوێنە‌ر نە‌بێت. بۆیە‌ شێوە‌ ڕە‌واییە‌کی بە‌ هێزی پێویستە‌ تا ببێتە‌ دنە‌ی خوێنە‌ر بۆ تاکۆتاییمانە‌وە‌ لە‌ گە‌ڵ بابە‌تە‌کە‌. بۆ ئە‌م مە‌بە‌ستە‌ مامۆستا ئە‌حمە‌دیان بێجگە‌ لە‌وە‌ی کە‌ زمان و پە‌خشانێکی لە‌زارخۆشی بە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌کانی دە‌قێکی ئە‌دە‌بی خوڵقاندوە‌، لە‌ باری ڕە‌وایی و بابە‌تگێڕانە‌وە‌شە‌وە‌، لایە‌نێکی نە‌زیلە‌ئاسا و داستانی بە‌ یاد و نووسراوە‌کانی داوە‌. ئە‌م گە‌مە‌ زمانی و ڕە‌واییە‌ بووە‌تە‌ هۆی ئە‌وە‌ی بیرە‌وە‌ریە‌کانی لە‌ ئاستی یادە‌وە‌رییە‌کی ساکاردا قە‌تیس نە‌بێت و لە‌ شێوە‌ ڕە‌واییە‌کی چیرۆکئاسا نزیک بێتە‌وە‌. 

رۆیشتن بو تورجان لە‌ گە‌ڵ چە‌ند مامۆستای ئایینی، دە‌بێتە‌ بیانوویە‌ک بۆ ناساندنی عە‌للامە‌ قزلجی. یادە‌وە‌رییە‌کە‌ بە‌ نێوی خودا و بە‌ ئاماژە‌یە‌کی ئە‌دە‌بی بە‌ کاتی وە‌رێکە‌وتن کە‌ کۆتایییە‌کانی خە‌رمانانە‌، دە‌س پێدە‌کات و سە‌رە‌تای سە‌فە‌ر و شوێنی مە‌بە‌ست بە‌ کورتی و بە‌ شێوە‌ی براعە‌تی ئێستیهلال  (دە‌سپێکی دە‌قێک کە‌ پێوە‌ندییە‌کی بابە‌تیانە‌ی لە‌ گە‌ڵ ناوە‌ڕۆکی سە‌رە‌کی دە‌قە‌کە‌دا هەبێت)، پێناسە‌ دە‌کرێت. تە‌نانە‌ت، بۆ ئە‌وە‌ی خوێنە‌ر بە‌ وردی لە‌ بارودۆخی بگێڕی یادە‌وە‌رییە‌کە‌ تێ بگات و هاوڕێیی لە‌ گە‌ڵ بکاتن، ماشێنە‌کە‌ و شۆفیرە‌کە‌شی بە‌ پێی پێویست باسی لێ دە‌کرێ. بگێڕ وە‌ک سووژە‌یە‌کی وردبین و سۆزمە‌ند، دە‌ڕوانێتە‌ دە‌ر و دە‌شت و دیاردە‌کان دە‌گێڕێتە‌وە‌: «هەر تازە‌ زە‌ردە‌ی گزینگ لە‌ سە‌ر کێوە‌کان هاڵا بوو، لە‌ نێو لق و پۆپ و گە‌ڵای شە‌قامە‌کاندا، دوندی بڵندی کێوە‌ بە‌رزە‌کان وە‌بە‌رچاودە‌هاتن، کە‌ دە‌تگووت حاجین و کە‌شیدە‌ی تازە‌ی زە‌ردیان لە‌ سە‌ری هاڵاندووە‌ و راوە‌ستاون و خە‌ڵک بە‌ پیریانە‌وە‌ دە‌چن و زیارە‌تیان دە‌کە‌ن. شنە‌بایە‌کیش لقی دارە‌کانی رادهژاند و پە‌لک و گە‌ڵاکانی پێکتر دادە‌دا و رە‌نگ زە‌رد و بێتینە‌کان دوای خۆبادانێکی ناقایلانە‌ دە‌کە‌وتنە‌ زە‌وی و دە‌یاندی کە‌ پووشە‌ڵە‌کان هەتا چاو هەتە‌ردە‌کا وە‌ حە‌وا کە‌وتوون: یانێ وێنە‌یە‌ک لە‌ ئابووریی جیهانی کاپیتالیستی!»(پێشوو، 23). ئە‌م وێنە‌یە‌ سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی کە‌ لایە‌نێکی ئە‌دە‌بێ و شاعیرانە‌ بە‌ دە‌قە‌کە‌ ئە‌بە‌خشێ، تاسە‌یێکیشە‌ لە‌ پێناو دە‌رکە‌وتنی هەناسە‌ی پاییزی و رە‌نگ داگۆڕینی وڵات. لە‌ لایە‌کیشە‌وە‌ دڵە‌ڕاوکێی سە‌فە‌ر و ڕێی هات و نە‌هات، لە‌ توێی وێنە‌کدا نە‌خشێندراوە‌. لە‌ ناکاو لە‌ دێڕی کۆتاییدا تە‌وسێک ئاراستە‌ی کاپێتالیسم ئە‌کرێ کە‌ هەم باسە‌کە‌ بگۆڕدرێ و هەم کە‌ش و هەوای بابە‌تە‌کە‌ تاڵ نە‌بێت. 

بگێڕی یادە‌وە‌رییە‌کە‌، بە‌ وردی دە‌بینێت و بە‌ وردی دە‌بیستێت. بە‌ چە‌شنێک کە‌ هەر دە‌رکە‌وتە‌ و بە‌رجە‌وە‌نێک یان هەر وشە‌ و قسە‌ و باسێک، بیرە‌وە‌رییە‌ک لە‌ رابردووی وە‌بیر دێنێتە‌وە‌ تا ببێتە‌ هەوێنێک بۆ دە‌ربڕینی هەست و زانست و لێکدانە‌وە‌ی خۆی سە‌بارە‌ت بە‌ بابە‌تی مە‌بە‌ست. «گوێم هەڵخستبوو لە‌ وت و وێژی مامۆستاکان ... و سیلە‌ی چاویشم دابووە‌ تە‌پک و تە‌پۆڵکە‌ نزیک و دوورە‌کانی پێش ماشێنە‌کە‌، کە‌ لە‌ نە‌کاو تە‌پکی فە‌قرە‌قای ئیندرقاش وە‌دە‌ر کە‌وت و خورپە‌یە‌کی هاویشتە‌ دڵم. وە‌بیری هێنامە‌وە‌ کە‌ سە‌د و بیست ساڵ لە‌وە‌ پێش، قادرئاغای ئیندرقاش لە‌و دێیە‌، هەواڵی تاڵی وە‌فاتی مە‌لای قزڵجی بە‌ مە‌لای خۆی یانێ مە‌لای پیرە‌باب ڕاگە‌یاند ... ئە‌وجار وە‌بیرهاتنەی مە‌لای قزڵجی، وە‌کوو راکێشانی سە‌ری هەودایە‌کی، گڵۆڵە‌ی بیری منی سە‌دان فرسە‌خ بۆ لای دوور و چە‌ند سە‌دە‌ بە‌رە‌و دوا، خلۆر کردە‌وە‌»(پێشوو، 24). لێرە‌وە‌ زە‌ینییە‌تی سە‌ییالی بگێر ئە‌ڕواتە‌ یە‌کسە‌د و نە‌وە‌د ساڵ پێش و سە‌ربهوردی مە‌لای قزلجی و ناوبانگی بلیمە‌تی و ئاستی خوێندە‌وارییە‌کە‌ی ئە‌گێڕێتە‌وە‌. بگێڕ لە‌ بیری ناکات کە‌ لە‌ ناو ماشێندایە‌ و خە‌ریکە‌ بە‌رە‌و تورجان ئە‌ڕوات. بۆیە‌ زۆر بە‌ ناسککارییە‌وە‌ باسە‌کە‌ دە‌بڕێت و بۆ ئە‌وە‌ی خوێنە‌ر لە‌ مژارە‌کە‌ جاڕز نە‌بێت دە‌یهێنێتە ناو جادە‌: «لە‌ نە‌کاو لە‌ندروێرە‌کە‌، چە‌ند جار هەڵبە‌زیە‌وە‌ و گۆشە‌ی کڵاوی یە‌ک دوویە‌کی گە‌یاندە‌ حە‌واو و خاوکی خە‌یاڵی منیشی پس پس کرد و خۆفێکیشی خستە‌ دڵم، چونکە‌ دیتم فە‌رمانە‌کە‌ی دە‌لە‌رزێ و دە‌ندە‌کانی وە‌کوو ددانی سە‌رمابردوو وە‌ شە‌ق شە‌ق کە‌وتوون ... »(پێشوو، 26). 

هەر شوێنێک لە‌ رێگای ئە‌و سە‌فە‌رە‌دا، یادە‌وە‌رییە‌کی بۆ نووسە‌ر لە‌ گە‌ڵە‌ تا خە‌یاڵی بفڕێنێ: «دیتم ماشینە‌کە‌مان بۆگە‌بە‌سی بە‌ جێ هێشتووە‌ و بە‌ قە‌راغ چۆمی تە‌تەهوودا بە‌رە‌و تورجان باڵی گرتوە‌. وە‌ک بیابان دە‌فڕێ و کە‌وتووینە‌تە‌ سە‌ر ئە‌و ڕێگایە‌ی کە‌ نزیک بە‌ یە‌کسە‌د و شێست ساڵ لە‌وە‌ پێش مامۆستا قزڵجی بە‌ دڵێکی دارماڵ لە‌ ئاوات، لە‌و رێگایە‌ بە‌رە‌و تورجان ئە‌ڕۆیشت» (پێشوو، 27). بە‌م چە‌شنە‌ خە‌یاڵی نووسە‌ر ئە‌چێتە‌ رابرددویە‌کی دوور و ئە‌وکاتە‌ی مامۆستا قزڵجی و بنە‌ماڵە‌کە‌ی ئە‌گێڕێتە‌وە‌. ئە‌مجار بۆ کۆتایی هێنان بە‌و بە‌شە‌، خە‌یاڵی تیژ و خولقێنە‌ری بگێڕ دیسان ئە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ ئێستای ناو ماشینە‌کە‌. ئە‌مجا بە‌ مە‌نتقێکی ڕە‌واییە‌وە‌ باسە‌کە‌ دە‌پچرێ و ئە‌پە‌رژێتە‌ بە‌شێکی دیکە‌ی بابە‌تە‌کە‌وە‌: «لە‌و کاتە‌دا کە‌ بیرم ڕۆیشتبووە‌ نێو ئە‌و شوێنە‌وارانە‌، لە‌ پڕ بۆ پێشە‌وە‌ ڕاتڵە‌کام و بیرم هاتە‌وە‌ لای خۆم و تە‌ماشام کرد ڕانە‌ندە‌کە‌ ماشینە‌کە‌ی لە‌ تە‌نیشت رێبوارێکی هوولی چوارشانە‌ ڕاگرتووە‌ ... »(پێشوو، 30). 

بە‌شی یە‌کە‌می کتێبی خە‌زێنە‌ کە‌ تایبە‌تە‌ بە‌ یادە‌وە‌ری پیاوە‌ ئایینیە‌کان، بێجگە‌ لە‌وە‌ی کە‌ سە‌فە‌رنامە‌یە‌کی تاکە‌کە‌سییە‌ و هەست و سۆزی نووسە‌ر لە‌ پێناو شوێن و شوێنە‌وارە‌کان دە‌رئە‌بڕێ و یادە‌وە‌ری کات و سات و ساڵە‌کانی مامۆستا ئە‌گێڕێتە‌وە‌، یادنامە‌یە‌کی مە‌عریفە‌تییە‌ سە‌بارە‌ت بە‌ خزمە‌تکارانی ئایین کە‌ خە‌یاڵی نووسە‌ر بە‌ رابردوو و ئێستادا دێتو‌ دە‌چێ و کۆڵێک زانیاری بە‌نرخی مێژوویی سە‌بارە‌ت بە‌ پیاو چاکانی ئایینی و ئاکار و ئاسە‌وار و تۆرمە‌ و نە‌ریتی ئە‌وان دە‌سنیشان ئە‌کات. 

پە‌خشانی ئە‌م بە‌شە‌ی «خە‌زێنە‌»، پە‌خشانێکی هونە‌ری و ئە‌دە‌بییە‌ کە‌ تایبە‌تمە‌ندییە‌کانی دە‌قێکی بە‌لاغی ئە‌گرێتە‌ خۆوە‌. زمان و شێوازی نووسین لە‌م بە‌شە‌دا توخمگە‌لێک هاوبە‌شیان هەس کە‌ ئە‌بێتە‌ هۆی پێناسە‌کردنی دە‌قێکی شێوازمە‌ندی هونە‌ری و بە‌لاغی. با لێرە‌دا ناوی بنێین پهخشانێکی ساکاری دیمە‌ندار. 

شێوازمە‌ندی ئە‌م یادە‌وە‌رییانە‌ بریتین لە‌: 

هاوبە‌شی لە‌ بابە‌تی سە‌رە‌کی باسە‌کە‌: لە‌ هەربابە‌تێکدا مێژووی ژیان و کە‌سایە‌تی زانا و بلیمە‌تێک لە‌ بواری ئاییندا ئە‌گێڕدرێتە‌وە‌ و زانست و توانست و خزمە‌تی ئایینی ئە‌و کە‌سانە‌ وە‌کوو بابە‌تێکی مێژوویی ئە‌خرێتە‌ ژێر باس و خواس؛

کە‌ڵک وە‌رگرتنی ناوە‌ ناوە‌ لە‌ هێمانە‌ ئە‌دە‌بییە‌کان و زمانی هونە‌ری و مە‌جازی وە‌ک دە‌قێکی ئە‌دە‌بی؛

 بە‌رجە‌وە‌نسازی: ڕوانین لە سروشت و کە‌ند و لە‌ندە‌کانی سە‌ر رێگای سە‌فە‌ر لە‌ گۆشە‌نیگایە‌کی سۆزمە‌ند و پە‌یوە‌ست بە‌ بابە‌تی سە‌رە‌کی باسە‌کە‌، دە‌بێتە‌ هۆی ئە‌وە‌ی کە‌ هەر شوێن و شوێنە‌وارێک کە‌ لە‌ بوار بە‌ بواری رێگادا دە‌رئە‌کە‌وێت ببێتە‌ بە‌رجە‌وە‌نێکی عاتفی و یاد و مێژوویە‌ک لە‌ گە‌ڵ خۆی بنە‌خشنێت؛

 

بە‌ دیاردە‌ بوونی شوێن و کات و کە‌سە‌کان: گە‌رچی هەر پە‌یار و دە‌رکە‌وتە‌یە‌کی وە‌ک کە‌ژ و کێو، یان شە‌قام و رێگا و بان، یان ماڵ و مە‌زار و دێهات و هەر شت و کە‌سێک لە‌م لە‌ونە‌ بە‌ یاد و یادە‌وە‌رییە‌کی ئایینیە‌وە‌ بارگاوی کراوە‌، بە‌ڵام لە‌ کاتی تە‌وسیف و گێڕانە‌وە‌دا، بە‌ شێوە‌یە‌کی دیاردە‌ناسانە‌، نووسە‌ر خۆی لە‌ هەر چە‌شنە‌ بڕیاردانێک لائە‌دا تا ئە‌و بابە‌تانە‌ وە‌ک پێویست خۆیان دە‌رببڕن و لە‌ گێڕانە‌وە‌ی باسە‌کە‌دا دە‌ورێک بگێڕن؛

کە‌ڵک وە‌رگرتن لە‌ زە‌مانی رە‌وایی: گۆڕینی کات و ساتی رووداوە‌کان لە‌ ئێستاوە‌ بۆ رابردوو و لە‌ ڕابردوە‌وە‌ بۆ ئێستا، جووڵە‌ و بزاڤێکی ڕە‌وایی بە‌ بیرە‌وە‌رییە‌کە‌ داوە‌ و پردێکی لە‌ نێوان ئێستا و مێژوودا چێ کردوە‌؛

بەهرە‌مە‌ندی لە‌ لواوییە‌کانی زمانی لە‌ پێناو گێڕانە‌وە‌دا بۆ نووسینە‌وە‌ی یادە‌وە‌رییە‌کی مە‌عریفی کە‌ وە‌ک جە‌مسە‌رێک مێژوو، سە‌فە‌رنامە‌، ژیاننامە‌ و پێناسە‌ی کە‌سە‌ ئایینیە‌کانی لێک هۆنیوە‌تە‌وە‌؛

وە‌کار هێنانی زمانی تە‌نز و تە‌وس لە‌ تۆی بابە‌تێکی قورس و جیددیدا وە‌ک جە‌سارە‌تێکی ئە‌دە‌بی بۆ نە‌رم و نیان بوون و سە‌رنجڕاکێش کردنە‌وە‌ی بابە‌تە‌کە‌. 

ئە‌م شێوازمە‌ندییە‌ بووە‌تە‌ هۆی ڕە‌خسانی هێمانگە‌لێکی ئە‌دە‌بی و هونە‌ری لە‌ ئاراستە‌ی دە‌قێکدا کە‌ بە‌ زمانێکی ساکار خوڵقاوە‌ و ئە‌کرێ وە‌ک پە‌خشانی پێوە‌ر، تایبە‌تمە‌ندییە‌ شێوازناسییە‌کانی لە‌ بواری پێکهاتە‌ و ناوە‌رۆکدا پۆلێنبە‌ندی بکرێت.

 

دوکتۆر محەممە‌د رە‌حیمیان، مامۆستای فە‌ لسفە‌ ی هونە‌ر و ڕە‌خنە‌گری ئە‌دە‌بی