سەراپای مانگی مەولوود بە گشتی و ڕۆژی دوانزدەی ڕەبیعولئەووەل بە تایبەتی، وەرزی گەشانەوەی ڕوح و بووژانەوەی دڵ و پتەوکردنی باوەڕ و خزمەتکردنی درەختی ئیمانە، وەرزی گەڕانەوەیە بۆ ڕۆژێکی گەشی بێوێنە لە لاپەڕە پڕ لە سەروەری و زێڕینەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. وەرزی زمان شیرنکردنە بە فەرموودەکان و خۆجوانکردن بە ئاکار و ڕەفتار و ڕەوشتە جوامێرەکانی مەولوودە نازدارەکەی مانگی ڕەبیعولئەووەل.

بەڵێ مانگی مەولوود، وەرزی هەڵدانەوەی لاپەڕە زێرینەکانی ژیانی کەسێتی پێغەمبەرێکەٍﷺ کە لێوانلێوە لە ڕەحم و ڕەحمەت و کەیلە لە خۆشەویستی و سۆز و بەزەیی نواندن، وەرزی دەربڕینی ترۆپکی خۆشەویستییە بۆ ئەو سەروەرە مەحبوبەی دڵی ئەویندارانی ڕاستەقینە، وەرزی شارەزابوونە لە سەربووردە و ناسینی کەسێتی و دوایین نێردراوی خوا و ئاگاداربوون لە ناوەڕۆکی دوایین پەیامی ئیلاهی و بەرنامەی ئینسانی.

دەشێ ئەوە بڵێین کە بۆ دەربڕینی عیشق و ئەوین و خۆشەویستی نواندن بۆ هەر کەسێک و نیشاندانی دڵوابەستەیی و پەیڕەویکردن لە ڕەوشت و ڕەفتارەکانی، پێویستە لە سەرەتادا و بەر لەهەر شتێکی دیکە کەسێتی و خەسڵەتەکانی ئەو کەسە بناسین و شارەزای ژیان و هەڵسووکەوت و بیر و بۆچوونەکانی ببین، ئەوجار بە ئەندازەی باشی و جوانی و ڕاستی بۆچوون و گوفتار و کردارەکانی و چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا، ئێوەش خۆشەویستی بۆ دەردەبڕن و پەیڕەوی لە داوا و ڕێنومایی و فەرمانەکانی دەکەن، بەمەش دەبنە شوێنکەوتەیەکی ڕاستەقینە و خۆشەویستی ئەو کەسێتییە.

یەکێک لە گرنگترین ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتە جوانانەی کەسێتی باڵای موحەممەد ٍﷺ کە زۆر پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکرێ و بایەخی بنچینەیی پێ بدرێ و بکرێتە کاڵای باڵای کەسەکان، چ وەک مرۆڤ و چ وەک پێغەمبەر و دوایین نێردراوی خوایی، بریتییە لە ڕەحمەتبوونی بۆ جیهانیان بەگشتی، بە مرۆڤ و یاندارەوە، بە سروشت و بێ گیانەوە، کە ئەم خەسڵەتە جوان و گرنگە لە بەشە مرۆییەکەیدا وەک مرۆڤێکی دیکە و لە بەشی پەیامداری و بانگەوازەکەیدا وەک پێغەمبەرێک بە تایبەتی، زۆر جوانی ڕەنگی داوەتەوە، بەتایبەت کاتێک کە تەماشای ئایەتەکانی قوڕئانی پیرۆز و فەرموودە شیرینەکان و ئاکارە جوانەکانی خودی خۆی دەکەین، زۆر بە ڕوونی ئەم ڕەحمەت و بەزەییەی تێدا دەبینین، بە تایبەت کاتێک کە زاتی خوای باڵادەست ئەم شایەتییە گەورە و گرنگەی بۆ داوە و فەرموویەتی: «وما ارسلناک الا رحمەللعالمین»

بەڵێ! ئەمڕۆ مرۆڤی باوەڕدار لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوە هەیە کە؛ بە گوێڕایەڵی و پەیڕەوی کردنی ڕاستەقینەی ڕەفتار و ڕەوشت و ئاکارەکانی پێغەمبەری ئازیز ٍﷺ، بازنەی دینداری فراوانتر بکات و لە بازنەی خزمەتکردن و ڕەحم و ڕەحمەت بەخشین تەنیا بە دینداران و موسڵمانانەوە بگوازێتەوە بۆ بازنەی مرۆڤەکان بە گشتی.