ئەمە دووەم جارە پێشبینى لەناوچوونى ئایین دەکرێ: ئەویش لە لایەن فەیلەسووف و زاناکانەوە. جارێک لە سەرەتای رۆشنگەرییەوە تا کۆتایی سەدەی نۆزدە، کاتێک کەسێکى وەک شکسپێریش بابەتە ئایینییەکانى خۆی بە چەمکى نائایینى دەردەبری نەبادا گوێ لە شیعرەکانى نەگیرێت و شانۆنامەکانى نمایش نەکرێن. ئەو دەمەش لە کۆتایی سەدەى نوزدەدا کە ویسترا بە بەکارهێنانى زۆر کلیساکان بڕووخێنرێن و بۆ هەمیشە ئایین لە ژیانى مرۆڤایەتى بکرێتە دەرەوە، بەڵام زاناکان بە تایبەت فەیلەسووفەکان و کۆمەڵناسەکان وتیان  پێویست ناکات بە کاری لەو شێوەیە هەڵبسن چونکە ئایین خۆی بەرەو تێدا چوون دەروات، کەواتە لێی گەرێن!. ئیدى وتیان ئایین بۆ تاکە و پەیوەندى مرۆڤ و خوایە، لەوەش دڵنیا بوون کە لەو پەیوەندییەشدا نامێنێتەوە ئەگینا نەیاندەهێشت، بەو مانایەش بمێنێت. ئیدى هەموان دڵنیا بوون سەرەنجامى ئایین بەرەو تێداچوونە، تەنانەت فەیلەسووفێکى وەک هابرماسیش لەو ڕووەوە تێکەوت، ئەو کاتەى حکومەتى ئەڵمانى ویستى خەڵاتى ژنە فەیلەسووف و عیرفانناس و رۆژهەڵاتناس (ئانە ماری شمیل) بکات وتى: ئەو نابێت خەڵات بکرێت بەڵکوو دەبێت سزا بدرێت ئەو توندڕەوە. بەڵام هەموو پێشبینییەکان پێچەوانە بوونەوە ئایین گەورەترین ئامادەیی خۆی لەناو ژیان و جیهاندا پیشان دایەوە، هابرماسیش تێزە نوێکانى خۆی دەربارەى پێویستى حزووری ئایین لەناو فەزای گشتى و ژیاندا خستنە ڕوو.

هەنووکەش دوای دەرکەوتنى بابەتەکانى فەلسەفەى زەین و دەمارناسی نوێ لێرەو لەوێ لای هەندێک زانا و فەیلەسووف هەمان پێشبینى کۆتایی هاتنى ئایین دەوترێتەوە، بەڵام بۆ مرۆڤی حەکیم و عاقڵ روون و ئاشکرایە کە ئەم پێشبینییەشیان هەروەک ئەوەى پێشوو پێچەوانە دەبەنوە. ئایین ئەمرۆ ئەرکى گەورە بۆ مرۆڤایەتى جێبەجێ دەکات .. ئەرکانێک بە هیچ بابەتێکى دی بێجگە لەو نایەنە دی، لە کۆمەڵگەى ئەمرۆدا کە مرۆڤەکان لە پێناو چێژ و خۆشیدا (چاکە) دەکەنە قوربانى تەنانەت مرۆڤە سەرکرد ەو دەسەڵاتداران لە پێناو بەردەوامى چێژەکانیان و لە ترسی لەدەستدانى ئەو چێژانەدا شەڕی گەورە  گەورە دەنێنەوە و ملیۆنان مرۆڤ دەکەنە قوربانى!. تۆ سەیری کەسێکى وەک ترامپ بکە کە لە پێناو مانەوە و لە ترسی ئیسرائیلدا چۆن خەریکى نانەوەی شەڕ و ئاژاوەیە، ئەوە مرۆڤە ئاییندارەکانن لە پێناو چاکەی گشتیدا خەریکى قوربانىکردنى چێژەکانى خۆیانن ئەمەش ئەوپەڕی بوێری و خۆراگری دەوێت. تۆ سەیری کەسێکى وەک مورسی بکە(تەنانەت ئەگەر لە ئەزموونى سیاسیدا سەرنەکەوت) چۆن خۆڕاگرانە قوربانى بە خۆی دا!. هەر بۆیە مەرگى مورسی نیشانەى ئامادەیی ئایینە لەسەردەمى نوێ و پێویستى ئەو ئامادەبوونەیە. ئیقبال گوتەنى با ئیبراهیمییەکان لە نەمروودەکان نەترسن چونکە سووتان پیشاندەری بوخوردبوونى بوخورد و بڵاوبوونەوەى بۆنى خۆشیەتى!.