مرۆڤەكان دوای لە دایك بوون و  پاشان گەورەبوون و پێگەیشتنیان،دیارە  هەر كەس بە ئەندازەی كاریگەریەكانی خۆی پێگەیەك لەناو كۆمەڵگا وەردەگرێ‌،زۆرێك لە خەڵك كاریگەریەكانیان لە چوار دەوری خۆیان دەرناچێ‌،بەڵام لێرە و لەوێ‌ جار جار كەسانێك بە ئەندازەیەك كاریگەری دەخنە سەر كۆمەڵگا و، هەزاران هەزار كەس سەرسامی دەبن،لەوەش دەگمەن تر ئەوەیە هەندێك جار كەسایەتی زۆر گەورە و مەزن دیێنە ئاراوە و تەنانەت نەك هەر سنوری وڵات، بەڵكو سنوری دەیان وڵات دەبڕن و سەدان میلۆن كەس بەخۆیانەوە سەرسام دەكەن. ئەوانە خەڵكانێكن كە وەرچەرخان لە مێژوودا دروست دەكەن و دوای مردنیشیان لە زهنی خەڵك و لاپەڕەكانی مێژوو هەمیشە زیندون و تا قیامەت نامرن.

لە مێژووی ئەم سەردەمە پیاوێكی وەك (ماندێلا) بە هۆی هەوڵ و كۆشش و ستەم لێكردن و بەند كردنی، دواجار بوو بە پاڵەوانی ئەفریقیا و توانی  واقیعی ژیانی وڵاتێك بگۆڕی،، ئەو بوو بە مامۆستای وانەی یەكتر قبوڵ كردن و وەلانانی بیری تەسكی یەكتر سڕینە و یەك رەنگ نەكردنی  كۆمەڵگا  بە یەك رەنگ و ریتم و ئایدیا.ئیتر تا دنیا ماوە ناوی چاكەخوازان وون نابێ‌ و، شوێن پەنجەی ئیصلاح خوازەكان لە مێژوودا وەك نەخشی سەربەرد هەتا هەتایە  لەناو ناچێ‌.

دوای ئینقیلابەكەی میسر و دەستبەسەركردنی (محمد مرسی)ی یەكەم سەرۆكی مەدەنی و هەڵبژێردراوی میسر،ئەوەبوو جەنەڕاڵە پۆستاڵ رەشەكان لە رۆژی 4/11/2013 لە دیمەنێكی پێكەنیناوی و، واقیعێكی گاڵە ئامێز دادگایەكی كۆمیدیان رێكخست بە سەرۆكایەتی دادوەرێكی مەسیحی كە هەموو ژیانی تەرخانكردوە بۆ دژایەتی رەوتی ئیسلامیی لە میسر و،  بابەتەكانی  پڕن لە رك و كینە، دوای ئەوەی ئینقیلابیەكان بە هەردوو باڵی عەسكەری و هێزە بەناو مەدەنیە عەسكەریەكان، چاوەڕێی ئەوە بوون كاتێك مرسی دەهێنرێتە بەردەم دادگای بێ‌ دادی ئەوان،ئیتر ئەژنۆی بلەرزێ‌ و وەك حوسنی موبارەكی سەرۆكیان بە (نەقەلا) بخرێتە نێو  قەفەسەوە،بەڵام  كودەتا چیەكان ئەم جارەش وەك باقی جارەكانی پێشوو خەوەكەیان بە هەڵە دەرچوو .

ئاخر مرۆڤە راست و بێ‌ تاوانەكان ئەسیری كردوە خراپەكانی خۆیان نین و، بەریئی  ومەزڵومیەت مرۆڤ دەكات بە شێر و داڵ و پۆستاڵ بە چۆكدا دێنێ‌. ئاخر كەسانێك بە بەندی كۆت و زنجیر شكست دەخۆن و دەڕوخێن كە رووبەڕووی  رابردووی پڕلەتاوانی خۆیان بێتەوە ،دەبێ‌ بشزانین كە مرۆڤە ئازا و ئازادەكەن بە كەلەپچە و بەندكرن ژێرباڵ ناكرێن و ئازایخوازان بەقەفەس كۆیلە ناكرێن.

لە دادگا گاڵتەجاڕیەكەی 4/11 فیرعەون زادە ئینقیلابیەكان هەموو كاهین و سەحەرەكانی خۆیان جۆشدابوو، لەم لاشەوە چەتە و چەك بە دەستەكانی هامانی بەناو  وەزیری  ناوخۆ، سەری هەموو كوچە و كۆڵانێكیان بە تانك و چەكی جۆراو جۆر تەنیی بوو!!!،لە كاتی بەڕێوە چوونی مەسخەرەی دادگاییەكە، لەترسی قسەكردن و سەرسام بوونی خەڵك بەقسەكانی فیرعەون زادەكان نەیان وێرا مایك بخەنە  بەردەم مورسی، ئینقیلابیەكان نەك هەر جورئەتیان نەكرد راستەوخۆ دیمەنەكان پەخش بكەن، بەڵكو لە (4)كاتژمێر دادگایی تەنها (30)چركەیان بڵاوكردەوە ئەویش بە ڤیدیۆیەكی بێ‌ دەنگ و سامت!!!، ،.

هەموو ئەوانە مشتێكن لە خەرمانێك، بەڵام بەڵگەن لەسەر تۆقینی ئینقیلابیەكان لە شەرعیەتی سەرۆكێكی هەڵبژێردرا و شەرعی،ئەوان باش دەزانن زوو  یان درەنگ، سزای كۆمەڵكوژی و لێدان ئەشكەنجە و، پڕكردنی زینداكانی لە خەڵكی بێ‌ تاوان، هەر وا سوك و ئاسان نیە و بە یاساو عەدالەتی ئەرز و ئاسمان هەر دەبێ‌ رۆژیك پاداشتی كردەوە دڕندانەكانیان وەرگرن، بۆیە ئەگەر لە رواڵەتیش واخۆیان دەرخەن بەڵام  ئەوان ئێستا لە سێبەری خۆشیان دەترسن و  لەو پەڕی بێ‌ ئومێدی و ترس و تۆقیندا دەژین.

ئەوان دەزانن داڵ و پۆستاڵ تا ئەبەد فریای كەس ناكەوێ‌ و دۆلاری كوڕەزاكانی ئەبوجەهلیش تا قیامەت بەردەوام نابێ‌،ئەوەتا دوای ئینقیلابەكەی پاكستان (موشەرەف)دوای (13)ساڵ كەوتە زیندانەوە، (ماندێلاش) دوای نزیگەی (سێ‌ دەیە)لە دەست بەسەری و كۆت و بەندی دواجار وڵاتێكی بۆ ئەفریقای باشور دروستكرد كە خوشگوزەرانی و پێشكەوتن سیمای ئەو وڵاتەیە، چونكە (ماندێلا) توانی  ئاشتی كۆمەڵایەت و یەكتر قبوڵ كردن و هاوبەش بوونی هەموان لە نیشتیمان لە خەیاڵەوە بكە بەواقیع،بۆیە بە رای زۆریك لە چاودێرانی خۆرهەڵات خۆرئاوا ،رۆژێك خەڵكی خەڵەتاوی میسر لە خەوی جەهل خەبەریان دەبێتەتەوە و دۆست و دوژمنی خۆیان جیا دەكەنەوە و هەرگیز حەقێكیش وون نابێ‌ كە خاوەن و داواكاری هەبێ‌.