لەدایکبوون وشەیەکی زۆر پیرۆزە، ئاھەنگ و نەوا و موسیقایەکی بە سۆزە، بەسەر زاری ھەموو کەسدا تێدەپەڕێ، بەناخ و بنچاخی دڵ و دەرو,نی ھەموو مرۆڤێکدا دەگەڕێ، ھەندێ جاریش ئەم وشەیە، مانای پڕبەپڕی خۆی ھەیە، جاروباری واشمان ھەیە، لەسەر ڕەوت و مانا zاستەقینەکەی خۆی لادەدا، بەملا و بەولا و پێچوپەنادا خۆی بادەدە.

زۆرجار لەدایکبوون، فریشتەی خێر و بێر و ڕەحمەتە، موژدەدەری پیت و فەڕ و بەرەکەتە، پەیامبەری ئازادییە، مزگێنی‌دەری شادییە، خۆشەویستی و یەکخستن و یەکگرتنە، ھاشاووڵ بۆ مردن بردنە، ژیانەوەی لە پاش مردنە، قەڵغانە، شیرە، تیرە، خەنجەرە، ئەڵماسە، تێغە، نەشتەرە، قوشونە، سوپایە، لەشکەرە، پشتیوانی ھەژارانە، پشتشکێنی داگیرکەر و چەوسێنەرە، ڕزگارکەری کۆیلە و ھەژار و فەقیرە، شکێنەری پێوەن و کۆت و زەنجیرە، ڕوخێنەر و تێکدەری قەڵای پڕ لە بەڵای ستەمکارانی ملھوڕە، لەغاوکەری ھەڵەوەڕ و دەم‌شڕ و لانگر و دڕە، زەردە خەنە و بزە و قاقای پێکەنینە، خۆشی و شادی و ھەڵپەڕینە، خباتە، ھەوڵە، شۆڕشە، پڕبەپڕ خۆی لەدایکبوونە ئەم وشە.

بەڵام جاری وەھاش ھەیە، وایە مانای ئەم وشەیە: لەدایکبوون، واتە: نەبوون، واتە: مردن و تیاچوون، لەدایکبوون، شەوەزەنگی ئەنگوستە چاو و ھەوری ڕەشە، دەنگی وێرانکەر و شومی بایەقوشە، نرکەو ناڵە و داخوڕینە، بگرە و بەردە و ئازاردان و ھەڵبڕینە، پێشیلکەری ھەق و مافە، ئەشکەنجە و ئازار و سێدارە و تەنافە، فیز و فەلاسقە و کەشخە و لافە، شایی و زەوقی داگیرکەر و خۆفروش و چەوت و لارە، شین و گریانی کرێکار و ھەژارە، لەدایکبوون لەم بەشەدا، واتە: نەبوون و تیاچوون.

ئەی پێغەمبەر! ئەی موژدەر و ترسێنەر! ئەی ڕابەری مرۆڤایەتی! دروودی خوای گەورەت لەسەر، لەدایک بوون، بەمانای پیرۆزی بوون، پڕبەپڕ خۆی، کاڵایەکی ئاڵوواڵ بوو، بە بژن باڵای تۆبڕا، پەردەی ڕەشی داپۆشەری ڕاستەقینە لەت بوو دڕا، زەنجیری ئەستووری ستەم، لەت بوو چڕا.

ئەی موژدەدەر و ترسێنەر! دروودی خوای گەورەت لەسەر، لەناو جەرگەی، تەنووری سووری زوڵم زۆر و لەھەق دووری عەڕەبسانا، لەناو ئەو گەلە نەفام و نەزانا، لەدایک بووی، بەڵام ھەرگیز وەک وان نەبووی، لەوان نەچووی، لەسەر لوتکەی بەرزی کێوی عه‌ڕه‌فات و ئەبوو قوبەیسا، بەدەنگێکی بەرز و ڕەسا، ھاوارت کرد: ئەی خەڵکینە! ئەوەی ھۆز و بەرە و چینە، کە دانیشتوی سەر زەمینە، تێکڕا ھەمووی وەک یەکوایە، لە باوە ئادەم و دایە ھەوایە، بڕیار بڕیاری خودایە، ڕەش و بۆر و ئاڵومۆر و زەرد و سپی، پۆشتە و پەرداخ و پێ‌پەتی، ڕەش و ڕوت و تێر و برسی، شایە شالیارە وەزیرە، شوانە ئاغایە گزیرە، لە لای خودا بێ تۆفیرە، کەس لە کەس گەورەتر نیە، سەنگ و ترازوو تەنیا تەقوا و خواپەرستییە.

ئەی سەرۆکی چینی ھەتیو! خەبات گێڕ و قەت نەبەزیو! ئاوی ئاژینی دەشتی ژین! ئەی دەس پاک و ڕاستگۆ و ئەمین! بەندەی ڕەشی بێبەشی حەبشیت کرد بەھاوبەشی گەورە پیاوانی قوڕەیشی، ئامادەبوی لەپێناو ئەو یەکسانیەدا، ھەزاران تاڵی بچێشی.

ئەی پڕشنگی دادپەروەری! ھەوری ڕەشی پڕلە جەوری، ستەمکاریت لە ئاسمانی زلھێزاندا داماڵی، تەپ و تۆز و تەم و مژی لەخۆبایی‌بوون و فەخر و شانازی چینایەتیت ڕاماڵی، فەرمووت بە ھیچ ملھوڕێک مل مەدەن، بەندایەتی بۆ کەس مەکەن، بۆ خودا نەبێ کڕنوش مەبەن.

ئەی تیشکی ئاسۆی ئازادی! مزگێنی‌ھێنەری شادی! بەم بانگەوازە ناوازە خۆش و سازەت، گوێی گوێنەگران و بێگوێیانت زرنگاندەوە، بیر و ھۆش و مێشک و دڵی بێ ھۆشان و سەرخۆشانت شەکاندەوە.

بەڵام... بەداخەوە... پاش ماوەیەک لەم جیھانا، ھەندێ قەبارەی دڵ مردووی بەلەش زیندوو،  لەدایکبوون، بەچەقی لەحنەتا ڕۆچوون، تەپوتۆز و تەم و مژی ھەناوی ڕەشی پڕ لەغەشیان، بوو بە ھەورێکی چڕوپڕی زۆر خەست و خۆڵ، ئاسمانی ژینی گرتە کۆڵ، تیشکی ھەتاوی بەتاوی پڕشنگداری، لەدایکبوونە نازدارەکەی تۆیان تاساند، خۆیان لەجێی خودای گەورە بەخەڵک ناساند، بانگەوازە بەھیز و بەسۆزەکەتیان کپ کردەوە، بەدەم بەدەس بە کردەوە، کەوتنە گیانی ھەژارانی ئەم جیھانە، بەتاک تاک و کۆمەڵ کۆمەڵ دەیان کوژن، خوێن و مۆخیان ھەڵدەمژن، خۆیان بە ئاغا و دەمراسی خەڵک دەزانن، نەجیب‌زادە و ماقوڵی ناو دیوەخانن، ھەموو مافێ ھەر ھی وانە، ھەر منی وان لە پێوانە، چ بێژن ھەر ئەوە ڕاسە، ھەق‌بێژ لایان کەڕ و کاسە، خەڵکی دەبێ دەس‌نەزەر بن، چ پیاو چ ژن.

بەڵێ ئەم جارەش، وەک جاری دی، چرای ھیوا کوژایەوە، ماقوڵ و ناماقوڵ ژیایەوە، دیلی کۆیلەیی و بەندایەتی، سەرۆکی و ئاغایی و پاشایەتی، بنج و بناغەی پتەوە، لەجاران پتر لە بڕەوە.

ئەی ھەڵگری ئاڵای ئاڵ و واڵی ئاشتی و خۆشبەختی! ئەی چێژەری تاڵی و سەختی! جارێكی دی ئەم مرۆیە، پێویستی بە لەدایکبوونەکەی تۆیە، خوێن مژان و پیلانگێڕان بتاسێنی، جارێکی تر ھەق و ڕاستی بەم جیھانە بناسێنی.

بۆیە ئێستە ئاوا ئێمەش، واتە: چینی ستەم‌لێکراوانی بێبەش، لەسەر کێوی عەڕەفات و ئەبوو قوبەیسی وڵاتەکەمان، بەرە و ڕووی مرۆخۆرانی گشت جیھان، ڕادەوەستین، کۆ دەبین و کۆڕ دەبەستین، یەک دەگرین بەڵێن دەدەین، بیر و یادی لەدایکبوونەکەی تۆ دەکەین، بەھەموو ھێز و وزە و توانا، لە شەقام و لە کۆڵانا، لە دەشت و چیا و بیابانا، لەناو ماڵا، لەسەربانا، لەسەر لوتکەی شاخەکانا، دەقیڕێنین، بانگەوازە ساز و ئازادیبەخشەکەت دەگەیەنین، گوێی زۆردار و داگیرکەرانی دڵ‌بۆگەن دەکاسێنین، بڕیار دەدەین لە بڕیار و بەڵێنیشماندا ڕاست دەکەین، وەک یارانی تێکۆشەر و خەباتگێڕ و کۆڵنەدەرت، وازنایەنین، تا پشت بەخودا، بانگەوازە ناوەزەکەت دەگەیەنین.