ژمارەی دراوە ئەلێكترۆنییەكان تاکوو ئێستە گەییشتوونەتە نزیكی ٩٠٠٠ دراو. دووان لەوانەیش -بیت كۆین- و -وەن كۆین-ن، لە ڕاستیدا ئەو دراوەی كە تا ئێستە زۆر بەناووبانگە -بیت كۆین-ە. وەن كۆین ناوبانگێكی ئەوتۆی نییە، تەنها لە كوردستان ئەو ڕەواجە زۆرەی پێ‌ دراوە و هیچ وڵاتێك دانی بە وەن كۆیندا نەناوە، ئەوەی كە هەیە شتی پچڕ-پچڕ و متمانە پێ‌ نەكراون، بەڵام دەبێت ڕاستییەك بزانین، ئەمە بەشێكە لە دەرهاویشتەكانی سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری، ئەو لەسەر بنەمای قازانج مامەڵە دەكات، لەبەرئەوە گوێ‌ نادا بەوەی دراوەكە ددانی پێدا نراوە یان نا، ئەوان بەشوێن باجدا دەگەڕێن، مەبەستیان نییە ماهییەتی ئەو شتە چییە.

لە ساڵەكانی هەشتاكاندا option سەری هەڵدا، واتە تۆ مافی شتێك دەفرۆشی. سەرەتا كە سەری هەڵدا خەڵك زۆر حەزی لێ دەكرد، بەڵام بە ڕای هەموو توێژەرانی بواری ئابووری، ئەوە یەكێك بوو لە هۆكارەكانی ئەو قەیرانە ئابوورییەی كە جیهان لە ساڵی ٢٠٠٨ه‌وه‌ هەتا ئێسته‌ تێی كەوتووە، دەبێت ئەوە بزانین كە نابێت هەر شتێك سیسته‌می سەرمایەداری دای هێنا، ئێمەیش وەك عورف سەیری بكەین و مامەڵەی پێوە بكەین، ئێمە وەك موسوڵمان بۆچوونی ترمان هەیە كە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بنەماكانی ئابووریی ئیسلامی، ئابووریی ئیسلامی لەگەڵ موڵكایەتی و بووندا مامەڵە دەكات، مامەڵە لەگەڵ شتی وه‌همیدا ناكات.

لە ئابووریی ئیسلامیدا ڕەگەزەكانی چالاكیی ئابووری پشت به‌ پێنج بنه‌ما دەبەستێت: بەرهەمهێنان، خەرجكردن، ئاڵوگۆڕ، دابەشكردن و دووبارە دابەشكردن.

من دەڵێم دەبێت ڕەگەزی یەكەم موڵكایەتی بێت، لە موڵكایەتییەوە بەرهەم دروست دەبێت لە دوایشدا ئەوەكانی تر.

دەبێت هۆكارێك هەبێت كە تۆ شتێكت هەبێت وەك موڵكی تۆ بناسرێت جا ئەو شتە ماددی بێت یان مەعنەوی، دەبێت ئەو شتەش بوونێكی هەبێت، واتە بەرجەستە بێت بۆ ئەوەی پێوانە بكرێت، ئەوانەی ئێسته‌ ڕابەرایەتیی ئەو پرۆسەیە دەكەن زۆر ویستیان ڕای من بزانن، وەفدێكی ئەوانەی وەن كۆین هاتن بۆ قەتەر بەباشی گوێم لێ‌ گرتن، بەڵام من پەلەم نەكرد لە فەتواكەدا، من ماوەی شەش مانگ توێژینەوەم لەسەر كرد لە ئەنجامی ئەوەشدا پێنج پرسیاری گرینگم بۆ دروست بوو، من ئەو پێنج پرسیارەم ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، وتم ئێوە وەڵامی ئەو پرسیارانەم بدەنەوە دوایی هەڵوێستی خۆمتان پێ‌ دەڵێم.

یەكەم: ئایا ئەم پارە كە وەر دەگیرێت لە بەرانبەر وەن كۆین دەچێتە كوێ‌؟ بەپێی زانیاریی دروست، دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایەی كە سەرپەرشتیی ئەم پرۆسەیە دەكات و یەك فلس نامێنێتەوە بۆ بەشداربووان.

دووهەم: ئایا هیچ كۆمپانیایەك هەیە كە مافی مەعنەویی ئەمانە لەخۆ بگرێت؟

سێیەم: ئایا هیچ وڵاتێك هەیە گه‌ره‌نتیی ئەم وەین كۆین و بیت كۆینە بكات؟ بۆ نموونە دیناری ئێراقی، وڵاتی ئێراق پشتیوانیی دەكات، ئەی ئەم وەن كۆینە كێ‌ پشتیوانیی دەكات؟ واتە زەمانەتی نییە.

چوارەم: ئایا هیچ كۆمپانیایەكی پشكدار هەیە كە خۆی بكات بە خاوەنی ئەم دراوانە و وەك بەشێك لە خۆی حیسابی بۆ بكات؟ هه‌روه‌ها هەر كەسێك پشكێك بكڕێت و ببێت بە بەشدار لەو كۆمپانیایە؟

پێنجەم: چ گه‌ره‌نتییه‌ك هەیە بۆ ئەو خەڵكانەی كە بەشداریان كردووە لە كاتێكدا كە ئەو دراوە پووچەڵ بكرێتەوە؟

لەگەڵ چەند پرسیارێكی تردا كردمان بە ئینگلیزی و ناردمان بۆیان، بەڵام ئەوان لە جیاتیی ئەوەی كە وڵام بدەنەوە، وتیان ئەم پرسیارانە زۆر نهێنیان تێدایه‌؟ ئێمە ناتوانین بە تەلەفۆن یان ئێمەیڵ وڵام بدەینەوە. ئەوان وتیان ئێمە حەز دەكەین سەردانێكمان بكەیت، بەڵام من ئامانجی ئەوان تێگەییشتم، چونكە تەنها ئەگەر وێنەیەكم بگرن لای خۆیان سودی لێ‌ وەردەگرن بۆ شەرعییەت دان بە دراوەكەیان، من ڕازی نەبووم بەڵكوو داوام لێ كردن با ئەوان سەردانم بكەن لە قەتەر یان لە هەر وڵاتێكی تر، کەچی هەتا ئێستا وڵامیان نەبووە. لە دوای ئەوەوه‌ دوو چاوپێكەوتنم لەگەڵ –جەزیرە- ئەنجام دان، یەكەمیان بۆ تەئسیلی دراوی ئەلكترۆنی بوو كە دەبێت چۆن بێت، وتم دەبێت دراوی ئەلكترۆنی لە دوو شت پێك هاتبێت، یەكەم ئەوەی پێی دەڵێن زنجیرەی خوارزمی (بلۆك چین)، ئەمە شتێكی دروستە و نابێت ئەمە حەرام بكرێت، چونكە ئایندەی چارەنووسی دراوەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمە.

بەپێی زنجیرەی دراو دەبێت لە (ئاڵوگۆڕ)ەوە دەست پێ‌ بكات بۆ شمەك، پاشان بۆ دراو پاشان بۆ دراوی كاغەز پاشان بۆ دراوی ئەلیكترۆنی، ئەم دراوە ئەلكترۆنییانە هیچ بوونێكی بەرجەستەیان نییە، لە خەیاڵدا مامەڵەیان پێوە دەكرێت. وەك ئۆپشنی هەشتاكان وایە، یان وەك مارجن و فۆریكسی ئێستا.

ئەم دراوە مامەڵەپێكردنی لە بانك یان بۆ هەرشتێكی تر حەرامە، با ئەوەی كڕیوویەتی بیگەڕێنێتەوە و قازانجەكەشی بخاتە كاری خێرخوازییەوە.

من لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەسەر دراوی ئەلیكترۆنی بەشداریم كرد، چوار-پێنج پڕۆفیسۆری ئەمه‌ریكی بواری ئابووری بەشداریان كردبوو، ئەوان وتیان ئێمە پشتیوانی لە قسەكانی دوكتور عەلی دەكەین و هیچ قسەیەكمان لەسەر قسەكانی ئەو نییە، ئێمە ڕامان وایە هەموو ئەو دراوانە خەیاڵین، وەك دراو خراونەتە سەر بلۆك چین.

من دوو ڕێگه‌چاره‌م بۆ دانان:

یەكەم: دەوڵەتێك بیكات بە دراوی دووهەمی خۆی یان بیخاتە پاڵ نەوت و گاز، دراوەكە بەو شتانە پشتیوانی بكرێت لەسەر بنەمای زنجیرەی خواریزمی.

دووهەم:  كۆمپانیایەكی خاوەن پشك ڕابگەیەنن هەركەس بە چەند كۆین بەشداری كرد بۆی ببێ‌ بە پشك لە كۆمپانیاكە.

دەربارەی (كیو نێت)یش؛ ئەوە لەلایەن زانایانی كۆمەڵی فیقهیى ئیسلامی حەرام كراوە.

لە كۆتاییدا دەڵێم "مامەڵەكردن بە هەموو ئەو دراوانەوە ڕوویەكی شەرعیان نییە، چونكە خەڵك سەرقاڵ دەكه‌ن و پارەیەكی زۆری وڵات ڕوو دەكاتە دەرەوە، واتە پرۆسەیەكە بۆ خواردنی ماڵی خەڵك بە حەرام، كەمینەیەك قازانج دەكات لەسەر حیسابی زیانی زۆرینە."

عەلی قەرەداغی

ئەمینداری گشتیی یەكێـتییی جیهانیی زانایانی موسوڵما