ئایین بە تێڕوانینێکی ژیرانە بۆ «داب و نەریت»، ئەم شەوە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و یادکردنەوەی تێپەڕبوونی کات، بە مەرجێک تێکەڵاوی زریقەوبریقەگەرێتی و پشتگوێخستنی بەدیهێنەری بێهاوتا و نادادپەروەری لە بژێوی خەڵکدا نەبێت. لە کۆتاییدا یەڵدا دەتوانرێت لەگەڵ ڕۆحی متمانەی ئیسلامیدا هاوتەریب بکرێت کاتێک لەبری پیرۆزکردنی کات دەبێتە سەکۆیەک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و هاوسۆزی و بەندایەتی دڵسۆزانە.
شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵ، لە مێژە جێگەی تایبەتی لە کولتووری خەڵکی ئەم نیشتمنەدا هەبووە؛ شەوێک کە سروشت دەگاتە لوتکەی بێدەنگی و تاریکی و دواتر ڕێگای ڕووناکی دەست پێ دەکاتەوە. ئەم تایبەتمەندییە سروشتییە، شەوچلەی لە دیاردەیەکی تەواو فەلەکییەوە گۆڕیوە بۆ چەمکێکی ڕەمزی لە بیرکردنەوە و کولتووری مرۆڤدا. بەڵام کاتێک باس لە ئایین دەکرێت، پرسیارەکان جددیتر دەبن: ئایا شەوچلە دەتوانرێت پەسەند بکرێت یان دەبێ لێی دوور بکەوینەوە؟ ئایا ئەم شەو ڕەگ و ڕیشەی لە خورافات و ڕێوڕەسمە کۆنەکاندا هەیە، یان دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ مانا و بیرکردنەوە و پەیوەندی مرۆڤایەتی؟ لە ڕوانگەی ئایینییەوە ئیسلام بۆ "کات" وەک دروستکراوێکی خودا دەڕوانێت، نەک بوونێکی پیرۆز یان نەگبەت. قوڕئانی پیرۆز شەو و ڕۆژی وەک "ئایەت"ی ئیلاهی دەناسێنێت؛ نیشانە بۆ تێڕامان، نەک پەرستن. لەم ڕوانگەیەوە هیچ شەوێک لە بنەڕەتدا پیرۆز و ناپیرۆز نییە، مەگەر خودا بەو شێوەیە نەیناساندبێت؛ وەک شەوی قەدر کە بەپێی قوڕئان فەزیلەتێکی تایبەتی هەیە. بۆیە نیگەرانی نەیارانی شەوچلە لەو ترسەوە دەست پێ دەکات کە نەوەک ئەم شەو بەبێ ئەوەی بزانن، ڕەنگێکی پیرۆزی بەخۆیەوە بگرێت، یان پەیوەست بێت بە بیروباوەڕی نایەکتاپەرستی و ڕێوڕەسمی کۆنی دژ بە ئیسلام.
ئەم نیگەرانییە، لە بنەڕەتدا، نیگەرانییەکی ڕەوایە. ئایین هەمیشە دژی هەر نەریتێک بووە کە ببێتە هۆی شیرک، کۆنەپەرستی، زێدەڕۆیی، پشتگوێخستنی خودا، یان لاساییکردنەوەی ئایینە درۆیینەکان. ئەگەر شەوچلە ببێتە بیانوویەک بۆ بێبەندوباری، زریقەوبریقەگەرێتی لەڕادەبەدەر، چاوەچاوی، یان زیندووکردنەوەی بیروباوەڕی فەلەکی دوور لە ویستی خودایی، بێگومان لە ڕوانگەی ئایینەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئیسلام ڕێگە نادات کات و سروشت لە دڵی مرۆڤدا جێگەی خالق بگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لایەنگران پێیان وایە کە شەوچلە ئەگەر لە خورافات ڕزگاری بێت، دەتوانێت تەنیا «داب و نەریتی کۆمەڵایەتی» بێت؛ داب و نەریتێک کە نە پەرستنە و نە باوەڕە، بەڵکوو دەرفەتێکی مرۆییە بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ و کۆبوونەوەی خێزانی و یادکردنەوەی تێپەڕبوونی کات. لەم ڕوانگەیەوە شەوچلە نە شەوێکی پیرۆزە و نە ڕێوڕەسمێکی ئایینییە، بەڵکوو پاساوێکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە ئایین خۆی پێشنیاری کردووە.
یەکێک لە ڕوونترین دەرکەوتەکانی ئەم مانایە میهرەبانییە لەگەڵ دایک و باوک. ئەگەر شەوچلە ببێتە دەرفەتێک بۆ سەردانی دایک و باوک و دڵنەواییکردن و گوێگرتن لە قسەکانیان و نیشاندانی ڕێزی کرداری بۆ ساڵانێک لە ئازار و ناخۆشییەکانیان، ئەم شەو لە دابونەریتی کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێت و ڕەنگێکی ئەخلاقی و ئیلاهی بەخۆیەوە دەگرێت.
ئایینێک کە دوای یەکتاپەرستی فەرمان بە میهرەبانی بۆ دایک و باوک دەکات، ڕێز لەو جۆرە ڕەفتارانە دەگرێت؛ نەک لەبەر ناوی شەوچلە، بەڵکوو بەهۆی ناوەڕۆکی مرۆیی و ڕۆحییەوە. جگە لەوەش پەیوەندی خزمایەتی لە چەمکەکانی ئیسلامیدا جێگەی تایبەتی هەیە.
ئەگەر یەڵدا ببێتە بیانوو بۆ سەردانی خزم و ئاشتکردنەوەی دڵەکان و تێکشکاندنی ناکۆکی و دڵتەنگییەکان و زیندووکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە لە پەلەقاژەی ژیاندا لەبیرکراون، ئەوا ئەم نەریتە باوە لە خزمەت یەکێک لە گرنگترین ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی ئاییندا دەبێت. لە حاڵەتێکی وادا شەوچلە نابێتە هۆکارێک بۆ پشتگوێخستن، بەڵکو پردێک دەبێت بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی بەردەوام و میهرەبان.
لە لایەکی ترەوە ڕوانگەی ئایینی وامان لێ دەکات ئاگاداری ڕەهەندی کۆمەڵایەتی دادپەروەری و هاوسۆزی ببینەوە. یەکێک لە زیانەکانی بۆنەکانی وەک شەوچلە پشتگوێخستنی هەژاران و کەمدەرامەتەکانە لە نێوان سفرە ڕەنگاوڕەنگەکاندا. خۆشییەکی کە لەگەڵ ئازاری ئەوانی تردا بێت، لە ڕوانگەی ئایینەوە شادومانی ڕاستەقینە نییە.
ئەگەر دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایە ئەم شەو بە دەرفەتێک ببینن بۆ یارمەتیدانی هەژاران، پڕکردنەوەی سفرە چۆڵەکان، یان کەمکردنەوەی خەم و پەژارەی خێزانێکی بێبەش، شەوچلە دەتوانێت ببێتە دەرکەوتەی خێرخوازی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی؛ شەوێک کە تیایدا ڕووناکی هاوسۆزی لەسەر تاریکی هەژاری دەدرەوشێتەوە.
هەمان لۆژیک بۆ ئابووری و بازاڕیش دەگونجێت. شەوانە کە خواستی گشتی زیاد دەکات، بازاڕ دەبێتە مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ ئەخلاق. زیادەڕۆیی لە فرۆشتن و کۆکردنەوە و خراپ بەکارهێنانی پێداویستییەکانی خەڵک نەک هەر ڕوویەکی ناخۆشی بازاڕە، بەڵکوو نیشانەی دوورکەوتنەوە لە بەها ئایینییەکانیشە. ئەگەر دوکاندار و بازرگانەکان شەوی یەڵدا وەک دەرفەتێک ببینن بۆ ڕەچاوکردنی دادپەروەری و داشکاندنی دادپەروەرانە و کەمکردنەوەی فشارەکانی بژێوی خەڵک، ئەوا کارەکەیان ڕەنگی پەرستن وەردەگرێت.
ئایینێک کە بە توندی ئیدانەی کەمفرۆشی دەکات، ئەو جۆرە ڕەفتارانە بە نموونەی تەقوای پراکتیکی دەزانێت. ئەگەر سەیری ژیانی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانی بکەین، دەبینین کە ئەوان ڕوانگەیەکی ژیرانەیان هەبووە بۆ "داب و نەریت". هەرشتێک کە لەگەڵ یەکتاپەرستی و ئەخلاقدا ناکۆکی نەبووایە، ڕەتیان نەدەکردەوە، بەڵکوو چاکسازی و ئاراستە دەکرا.
پێوەرەکە ناوەڕۆک بوو نەک ناو. بەم پێیە، ئەگەر خێزانەکان کۆ ببنەوە، خۆشەویستی بەهێز بکەن، دڵنەوایی یەکتر بدەن و بارێکی لە نیعمەتەکانی خودا بکەن، ئەگەر لە شێوەی شەوێکی وەک یەڵدا ڕوو بدات، ئەوە نەک هەر ناپەسند نییە، بەڵکوو دەتوانرێ بخرێتە سەر ڕێبازی بەها ئایینییەکانیش.
لە ڕوانگەی ئایینی هاوسەنگەوە، بابەتی سەرەکی شەوی یەڵدا نییە، بەڵکو چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەیەتی. ئایا ئەم شەو تێپەڕبوونی ژیان و کورتی دونیا و بەهای ساتەکانمان بیر دەخاتەوە؟ ئایا دەبێتە دەرفەتێک بۆ یادی خودا و گفتوگۆی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتن لە گەورەکان و گرنگیدان بە لاوازەکانی کۆمەڵگا؟ یان دەبێتە شەوێک بۆ زیادەڕەوی و پشتگوێخستن و لاساییکردنەوەی بێ بیرکردنەوە؟
حیکمەتی ئایینی فێرمان دەکات کە ڕووناکی دوای تاریکی دێت؛ نەک تەنها لە سروشتدا، بەڵکوو لە ژیانی مرۆڤیشدا. ئەگەر یەڵدا ڕەمزێک بێت بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییەمان بیر بخاتەوە کە هیچ تاریکییەک هەمیشەیی نییە و هیوا هەمیشە لە ڕێگادایە، ئەوا ئەم مانایە لەگەڵ ڕۆحی متمانە و هیوای ئیسلامیدا هاواهەنگ دەبێت؛ بە مەرجێک ئەم هێمایە جێگەی باوەڕ نەگرێتەوە، بەڵکوو خزمەت بەو باوەڕە بکات.
لە کۆتاییدا دەتوانرێت بڵێین شەوچلە نە لە بنەڕەتدا خوازراوە و نە لە بنەڕەتدا سەرزەنشت دەکرێت. ئەوەی بەها یان دژە بەهای پێدەبەخشێت، مەبەست و ڕەفتار و ناوەڕۆکەکانن. ئایین داواکانی لێ ناکات کوێرانە نەریتەکان ڕەد بکەینەوە، بەڵکوو پاڵاوتەیان دەکەین. ئەگەر یەڵدا ببێتە بیانوو بۆ ڕێزگرتن لە دایک و باوک و نیشاندانی میهرەبانی و نیشاندانی هاوسۆزی بۆ هەژاران و ڕەچاوکردنی دادپەروەری لە کۆمەڵگادا، دەتوانێت شەوێکی بەرهەمدار و بنیاتنەر بێت و ئەگەر بە ڕێگای دیکەدا بڕوات، ئەوا وەک هەر ڕەفتارێکی هەڵەی دیکە لۆمەی دەکرێت. حیکمەت ئەوەیە نە عاشقی ئەم نەریتە بیت و نە دژی؛ بەڵکوو بە چرای ئایین، ڕێگا ڕووناک بکەینەوە و لێکی جیا بکەینەوە.

بۆچوونهکان