ئاماژە: لە رێکەوتی (22) خەرمانانی ئەمساڵ دا شەبەکەی سێی سیما لە تاران، ڕاپۆرتە هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە لەو دا گفت و گۆیەک دەگەڵ هەندێک لە زیندانیانی زیندانی ئەوین، پێک هێنابوو. بەڵام ئەمان نە لە سەرکاری سیاسی گیرا بوون و نە لەسەر دزی و خیری و شتی وا؛ بەڵکوو کەسانێک بوون کە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە لە سەر نەدانی هەقە مارەیی بەگرتن درابوون. دیتنی ئەو ڕاپۆرتە سەیرە هانی دام شتێک لەسەر باسی هەقە مارەیی لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە بنووسم:

بەداخەوە لەمرۆدا، لەبەر ئاوسانی ئابووری لە لایەکەوە و چوونە سەری خەرج و مەخاریجی ژن هێنان لەلایەکی ترەوە بەشێکی زۆر لە لاوەکانمان لە زەماوەند کردن بێ بەشن و ئیشکەیان لە قۆناغی لێ ڕوانینی و پەسند کردن بەلاوەتر ناچێت و ناوێرن بەدەستی بەتاڵەوە بەگژ کێوی ژن هێنان دابچن و خۆیان و بنەماڵەیان بخەنە ژێر هەرەسی قەرز و قۆڵە.

یەکێک لەوشتانەی کە زۆر چووەتە سەری هەقە مارەییە کە ئێستا، قسە لە تمەن و ملیۆن و شتی وا هەرنەماوە و ئەوەی کچ یان خوشکەکەی لە سەرسەتان سکەی تەواو بەهاری ئازادی مارەنەبڕێ ئیتر پێی وایە کە ئابڕووی خۆی بردووە و کچ یان خوشکەکەشی سووک کردووە!!

چەند شت بۆتە هۆی چوونە سەری هەقە مارەیی کە یەکەمیان چاولێکەری و لاساکردنەوەیە لە لایەک بەم شێوە کە خەڵکی وڵاتی ئێمە لاسای خەڵکی دوور و شارە گەورەکان دەکاتەوە، لەلایەکی تریش خەڵکی نەدارو کەم دەست چاو لە دەوڵەمەند و داراکان دەکەن لەڕاستی دا هەردوولای غەڵەتە و کارێکی بێ جێیە. چونکە یەکەم: داب و نەریتی ناحەز و نالەبار نابێ بە هیچ کلۆجێک پەیڕەوی لێ بکرێت و دووهەمیش بەو بەڵگە کە هەرکەس لاسای بەهێزتر لە خۆی بکاتەوە کورد گوتەنی پەندی مریشک و قازیان قەل و کەوی بە سەردێ.

هۆیەکی تری بەرەو سەرچوونی هەقە مارەیی ئەمەیە کە کەس و کاری کچ دەڵێن بە مارەیی زۆر زاواکەمان دەبەستینەوە و ئیتر ناتوانێ کچەکەمان تەڵاق بدات!! وەک ئەوە کە کچەکەیان هیچ هەوێن مایەیەکی بۆ مانەوە نەبێ پێویست بێ بە هەڕەشەی پووڵ ڕایگرن. ئەم جۆرە کەسانە بەداخەوە، نازانن کە ئەم فێڵە نەک هەرقازانجی نیە بگرە زیانیشی هەیە. لەبەر ئەوە، ئەگەر کابرا بیهەوێ تەڵاقی بدات دتوانێ وا لەو ژنە بکا، کە چش لە هەموو شتێک بکات و خۆی لێ بکڕێتەوە. زیانیشی لەوە دایە کە هەندێک ژن لەوانەیە بە هۆی شک بردنی ئەو پشتیوانە ماڵی یە، نالەباری بێننە پێش و لانە و کاشانەی خۆیان تێک بدەن.

لێرەدا پرسیاریش ئەمەیە، گریمان زۆری هەقە مارەیی بوو بە هۆی ئەمە کە مێرد لە ترسی مارەیی زۆر نەتوانێ زوڵم لە ژن بکات، ئەدی کەهات و ژن لاساری کرد ئەوکات پیاو چ بکات مەگەر بۆ ئەو حاڵەش نابێ مارەیی بە ئەندازەیەک بێت کە پیاو بتوانێ بیدات و ژنە کە لە مل خۆی بکاتەوە؟ ئایا ئەمە ناگەیێنی کە دەبێ هەقە مارەیی نەزۆر، زۆر بێ و نە زۆر کەم؟ جێی خۆیەتی بزانین هەقە مارەیی لە ئایینی ئیسلام دا چییە و چەندە:

بەر لە هاتنی ئایینی ئیسلام و لە دەوری نەفامی دا ژن هیچ داراییەکی تایبەت بە خۆی نەبوە و تەنانەت کەس و کاریشی ماڵی ئەویان بە هی خۆیان زانیوە و لێیان خەرج کردووە. لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دا ئەو زوڵمەی لەسەر لاچووە و هەروەک پیاو دەتوانی لە رێگای جۆراو جۆری وەک، کار و کاسپی و مامەڵە، پێ بەخشران، خەڵات پێ دران، میرات پێ بڕان و ئەوانەوە ببێتە خاوەنی ماڵ و هەر بۆ خۆشی چۆنی پێ خۆشە دەستی تێوەردات. ئەم بابەتە لە قورئانا بۆ نموونە لە ئایەتەکانی (7) و (32)ی سوڕەتی نیسا دا باسی لێ کراوە.

زیاد لە وانەش ژن بە تایبەت مافی هەقە مارەیی هەیە و بە پێی قوڕئان و حەدیس واجبە لەسەر پیاو بیداتی و خواردنی بۆ هەرکەس حەرام و ناڕەوایە.

هەقە مارەیی هەم بە پێی کتێبە شەرعییەکان و هەم بە پێی قانوونیش بەو ماڵە دەڵێن کە بە هۆی بڕینی مارەی و هەندی حاڵەتی تریش لە سەر پیاوە واجب دەبێ، بیدات بە ژن.

ئەندازەی مارەی لە کەم تا زۆر دیاری نەکراوە چونکە ئەو مەسەلە بە پێی دوولایەنی خوازبێنی و رۆژگار و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێ و کەم و زۆری دراوەتە دەستی دوولایەنەکە، تا بۆ خۆیان بە پێی دەست ڕۆیشتنی لەسەری پێک بینَن.

لەباری کەمییەوە کەمترین شت کە پێی بگوترێ ماڵ یان قازانج دروستە بکرێتە هەقە مارەیی. ئەوە نا بە ئاگاداری پێغەمبەر –د- ژن لەسەر جووتە کەوشێک مارە بڕاوە. بۆ ژنێکی تر پێغەمبەر داوای ئەنگوستیلەی ئاسن دەکا، کابرا نییەتی، پاشان لە سەر پێگوتنی دەرسی سۆڕەتێک لە قورئان پێک دێن و لەسەری مارە دەبڕن.

بۆلانی زۆریش قورئان باسی «قنگار» (ماڵی زۆر) دەکا. پێویستە ئەمەش وەبیر بێنینەوە کە ئەو مەبەستە لە ئایەتی ژماره (20)ی سورەتی نیسا دا هاتووە و بابەتەکەشی ئەوە نیە کە بڵێ ژن لە سەر ئەوەندە مارەیی، مارەببڕن، بەڵکوو دەڵێ ئەگەر وا هەڵکەوت ناچار بوون ژنێک تەڵاق بدەن و ژنێکیتر بێنن، مارەیی ژنە هەوەڵەکە، با زۆریش بێ وەری مەگرنەوە.

لە هەمان حاڵدا فەرموودەکانی پێغەمبەر –د- داکۆکی زۆر لەسەر مارەیی کەم دەکەن و مارەیی ژن بە ناپەسەند دەزانێ، بۆ نموونە پێغەمبەر –د- فەرمویەتی بە پیت و پێزترین ژن ئەو ژنەیە خەرجی کەم بوێت. هەروەها فەرموویەتی: باشترین ژن ئەو ژنەیە مارەیی کەم بێ.

لەتێکڕای سەرچاوەکان وا دەردەکەوێ، ژن لەسەر هەر ئەندازە ماڵێک مارە ببڕدرێ مارەی دێ بەومەرجەی پیاو چ ئێستا و چ لە داهاتوودا ئەگەر قەرز بێ، هەیبێ و بشی داتێ. چونکە قورئان کەباسی ماڵی زۆر بۆ مارەیی دەکات نافەرموێ ئەو ژنەی تەڵاقی دەدەن هەقە مارەییە قەرزەکەی بدەنێ. بەڵکە دەفەرموێ مالی زوریشتان وەک هەقە مارەیی پێدابن لێیان مەستێننەوە.

بەڵام بە داخەوە خەڵکی ئێستا، بەشی زۆری گرفتاری داوی چاولێکەری بووە و بە دەیان و سەتان سکەی بەهاری ئازادی بە عینوانی مارەیی دادەنێن و قبووڵیشی دەکەن. ئەگەر بیش لێیت ئاوا مەکەن خۆ بۆتان نادرێ. لە وەڵام دا دەڵێن جا بابە، کێ داویە تا ئێمە بیدەین. خۆیان پێ لەوە دەنێن کە نایانهەوێ بیدەن و مارەییان کردۆتە شتێکی فۆڕمالیتە و تەشریفاتی و پێیان وانیە هید بەر پرسایەتیەک پێک دێنی. لە حاڵێکا کە هەم یاساو هەم شەرعیش پشتیوانی لێدەکاو جابانی کوردی کە یاری پێغەمبەر بووە، لە پێغەمبەر دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: هەرکەس ژن مارە بکا لە سەر مەبلەغێک و بە نیازیش نەبێ بیدات، لە ڕۆژی قیامەتا بە زیناکار دێتە ئەژمار. لە دنیایەش ئەوانەی تێبینی و تێڕوانینی دوا رۆژ، هەقەمارەیی بە سەتان سکەی بەهاری ئازادی قبوول دەکەن یاسا دەیانگرێ و لە زیندانی ئەوینیان توند دەکا.

جا لەبەر ئەوە کە مارەیی زۆر، ئەوگیرو گرفتانەی بە دواوەیە، لەبەر ئەوە کە ژن بە مارەیی زۆر ماقوڵ نابێت، لەبەر ئەوە وە دوا کەوتنی سوننەتی پێغەمبەر –د- کە مارەیی ژن و کچەکانی لە (500)درەم زیاتر نەبووە- بە قازانجە و... با بە هەمولایەکمان وەک خوازبێنی کار، کەس و کاری کچ، شاهید و کەیخوداکان، مامۆستا ئایینیەکان بە تایبەت، سەردەفتەرەکان هەوڵ بدەین بۆ کەم کردنەوەی مارەیی و تێکڕا ئاسان کردنەوەی ژن هێنان و شوو کردن بۆ لاوە کانمان.

و لەو بارەشە باگوێ ڕاگرین بۆ وتاری حەزرەتی عومەر –خ- کەلەسەر مینبەری پێغەمبەر –د- لە مزگەوتی مەدینە فەرمووی: لە ئەندازەی هەقەمارەیی دا زۆر پێهەڵا مەڕۆن چوونکە ئەگەر مارەیی، لایەنی رێز و تەقوای ببوایە پێغەمبەر زووتر ئەو کارەی دەکرد لە حالێکا کە پێغەمبەر –د- بۆ هیچ کام لە ژن و کچەکانی پتر لە (12) هۆقە زێو واتە (480)درەم پوولی دانەناوە.