باسی زمانی دایکی، پانتایەکی بەربڵاوی هەیە. دێارە ئەوە مافی هەر مرۆڤێکە کە بە زمانی زکماکی خۆی لە یەکەم پلەدا شارەزایی ببێ و بخوێنێ و بنووسێ. هاتنەکایەی زمانی دووهەم وەک دیاردەیەکی دەرەکی، لە کاتێکدا کە منداڵ هێشتا نەیتۆانیوە لە زمانی دایکی خۆی شارەزایی ببێ، دەتۆانی زۆر دەوری نەرێنی ببێ لە ژیانیدا. یەکێک لەوانە دواکەوتنی منداڵ لە خوێندن و خوێندنەوەیە، بە واتایەکی دیکە بە نەخوێندەواری مانەوەی منداڵەکانە. وەک ژیانی ئاسایی ڕەنگە زۆر کەس هەبێ لە دەوروبەرمان کە بەو هۆیەوە نەیتۆانیوە سەرکەوتنی ئەوتۆی لە ژێانی خۆێندەواریدا هەبێ.

وەک ئەزموونی‌ خۆم، دێارە لە منداڵیدا کەسی وام نەبووە یارمەتیم بدا بۆ خۆێندنی کوردی. منداڵی ئێمەش لە دەوری ڕژێمی پێشودا تێپەڕیوە و ئەو کات بۆ زمانی کوردی کێشە پتر لە ئێستادا بوو. هەوەڵ وانەکانی کوردیم لە سابڵاغ بە کتێبەکانی چاپەمەنی سەیدییان دەس پێ کرد. دۆای شۆڕشی گەلانی ئێران، دێارە هەلومەرج ڕەخسا بۆ ئەوەیکە پەرە بە تۆاناییەکانی کوردی خۆم بدەم. دەقەکان پەرەیان سەند و تۆاناییەکانیش بەرز بوونەوە. لە قوتابخانەشدا بە هۆی خۆاستی خۆم و یارمەتی یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانە تەواو سوور بووم لە سەر خۆیندن بە کوردی. 

لە زانستگای تاران لە ساڵەکانی شەستی هەتاوی، کەشێکی گەرموگو لە نێوان خۆێندکارانی کورددا بۆ خۆێندن به کوردی و قسەکردن بەم زمانە بوو. ئەو کات باو بوو کە لە دەرگای جێخەوەکانی زانستگا لاپەڕەیەک هەڵدەواسرا و ئەگەر خۆێندکاران لە وەتاغی خۆیان نەدەبوون، میوان پەیامیان دەنووسی. ئێمەش بڕیارمان دابوو کوردی بنووسین. لە بیرمە زۆر جار ئەو پەیامانەم دەخۆێندەوە و ئەگەر هەڵەێان بوایە ڕاستمان دەکردەوە. ئەوەش مەودایەک بوو بۆ تەجرەبەی زۆرتری فێربوونی زمانی دایکی.

لە قۆناخێکی دیکەی ژێانمدا ئەوکات کە لە زانستگای پەیامی نووری سه‌قز دەرسم دەوتەوە، ڕۆژێک خۆێندکاران داوایان کرد بە کوردی بابەتەکەیان بۆ بڵێمەوە. هەوەڵ پرسیارم ئەوە بوو کە ئایا کوردی دەزانن؟ هەموو بە خۆشێوە کوتێان بەڵێ. بەڵام دوای چەن خولەک، هەموو داوایان کرد بیکەمەوە فارسی!!!!

ڕۆژێکیش دۆستێک کە شارەزای زمانی کوردی بوو، پەیوەندی تەلەفوونی دەگەڵ گرتم. فەرمووی کە کتێبێکی کۆمەڵناسیم وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و بڕێارە لەودیو لە چاپ بدرێ، دەکرێ جارێک بیخۆێننەوە و ڕای خۆتانی لە سه‌ر بدەن؟ من کوتم دێارە ئەوە وا نابێ، دەکرێ لە پێشدا پێم بڵێن شارەزاییتان هەیە بەزمان و واتای کۆمەڵناسی؟ لە وڵامدا کوتێان نا. دێارە بۆمن ئاسایی بوو کە ڕەنگە دەقەکە بەکوردی کرابێ، بەڵان بە کوردی وەرنەگێڕدرابوو. بۆیە داوام کرد چەن ڕستەم بۆ بخۆێنێتەوە لە دەقە کوردییەکەی، دوای خۆێندنەوە کوتم تێگەیشتن دەقەکە مەبەستی چییە؟ وڵام دیار بوو کە نەخێرە. من کوتم کاتێک بۆخۆتان مەبەستی ئەو چەن دێڕە نازانن، چۆن پێتان وایە خۆێنەر تێدەگا و کەڵکی لێوەردەگرێ!؟

وەک ئاماژەی کۆتایی دەمهەوێ بڵێم تەنێا شارەزاییش لە زمانی کوردی ناتۆانێ کاریگەری بێ لەسەر گەشەسەندنی زمانی زانستی لە بوارە جۆراوجۆردا. ئەو کارە دیارە بەسراوەتەوە بە شارەزایی بە زمانی زانستەکانی جیاواز وەک کۆی زانستەکانی مرۆڤی، زانستەکانی تەجرەبی وەک کیمییا و هتد. لە ڕاستیدا پەیوەندییەکی زۆر پتەو دەبینم لە نێوان زمان و بیرکردنەوەدا. هەرچی ئەو توانایانە لە سەرێ بن، کێشە کەمترە و پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. کەوایە هەرچی پانتای بیرکردنەوە و بەکارھێنانی ئەو بیرانە وەک زمان زۆرتر بێ، دەکرێ داهێنانیش لە زماندا پەرە بگرێ و زمان دەوڵەمەند بکرێ. بەداخەوە یەکێک لە هۆیەکانی دواکەوتن و لاوازبوونی زمانی کوردی لە کوردستانی ئێمە، کەمتر بەکارهێنانی زمانی کوردی بووە یا ئەوەیکە ناڕێک بەکار هاتووە. پێویستە وەک کەسی بەرپرس، هەریەک لە ئێمە کاتێک بە کوردی دەنووسین، ئەگەر دەگەڵ وشەیەک یان دەستەواژەیەکی دژوار ڕووبەڕوو دەبینەوە لە جیاتی هەوڵی بێدەرەنجامی وەرگەڕاندنی خۆبەخۆی ئەوانە بە کوردی، باشتر وایە دەگەڵ زانایانی پسپۆر لە بواری تایبەت پەیوەندی بگرین و بە هاوبیری یەکتر کێشەکە چارەسەر کەین. ئەگەر چی بۆخۆم لە نوسینی کوردیدا توانایی خۆم لە ئاستێکدا هەیە، بەڵان زۆرتر بە داوای دەوروبەر کە باشتر لە زمانی فارسی تێدەگەن، چارەم نەبووە و بە فارسی نوسیوومە. هەوڵێکی بەبڕشت و بەربڵاوی دەوێ کە بڕێار بدەین بەکوردی بنووسین و بخۆێنینەوە. جا ئەوەیکە ئایا کێشەی زمانەکانی کوردی لەو نێوەدا چۆن دێتە ئاراوە و چۆن جێبەجێ دەکرێ، ئەوە باسێکی دیکەیە و پسپۆڕانی ئەو بوارە، دەبێ لێی بدوێن.